کەماڵ کەریمی: خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێ لە سووکایەتیی کۆماری ئیسلامی بە پێشمەرگەی کوردستان تێبپەڕن

کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەڵێ لێدوان‌و قسەکردنەکانی کاربەدەستانی نیزامیی وڵات سووکایەتی کردن بە کورد لە باشووری کوردستان‌و هێزی پێشمەرگەی کوردستانن‌و نابێ خەڵک لە تەنیشت ئەو جۆرە قسانە تێ‌بپەڕێ.

ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە میانەی بەشداری‌کردنی لە بەرنامەی “ڕووداوی ئەمڕۆ”ی کاناڵی ڕووداودا گوتی ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە هەموو کاتێک دەسپێشخەری شەڕ لە کوردستان بووەو ئێمە نامانەوێ لەو کاتەدا بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە دژی ڕێژیم بکەینەوە، بەڵام ئەوە خەڵکی کوردستانن کە بە هۆی سەرکوتی 35 ساڵەی خەڵک لەلایەن رێژیمەوە، ئەوە ئەوانن کە لە دژی ئەو رێژیمە هەستاون‌و بەرەنگاری بوونەتەوەو نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە جوولەی ئەو دەستە پێشمەرگەیانە نین، لە قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە.

کاک کەماڵ کەریمی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بیانوو دەداتە دەستی کۆماری ئیسلامی تا وەزعی باشوور تێک بدا، گوتی کۆماری ئیسلامی بۆ بیانووگرتن بە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی جووڵەی نیزامیی حیزبی دێموکڕات نییە، چەند مانگ لەوە پێش پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ئێران جموجۆڵیان نەبوو کە کۆماری ئیسلامی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لە حاجی ئۆمەران‌و باشماغی داخست، بەڵکوو ئەو ڕێژیمە هەموو کاتێ لە بەربەست دروستکردن بۆ پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بیانوو بین.

ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە چالاکیی چەکداری حیزبی دێموکڕات کاریگەری لە سەر سەپاندنی فەزای ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا دادەنێ، دەڵێ لەوە زیاتر کەشی ئەمنیەتی بە سەر کوردستاندا ناسەپێندڕێ، چونکی بواری دیکە بۆ ئەو کارە نەماوە، ئەمڕۆکە بە دەیان هەزار پاسدارو هێزی چەکدار لە کوردستان جێگر کراون، کوشتن‌و ئێعدام‌و گرتن‌و سزادانی قورس بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەردەوام بووە، کەواتە ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە کەشی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردوە نەک ئەوەی حیزبی دێموکرات ببێتە بیانووی ئەو کارە.

کاک کەماڵ کەریمی لەو وتووێژەدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەوە هێزە کوردییەکان‌و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا وازی لە زۆر چالاکییەکانی لە پێناو بەهێزکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و پاراستنی دەسکەوتەکانی ئەو حکومەتە هێناوە، بەڵام ئەگەر حکومەتی ئێران بیەوێ لەگەڵ کورد دابنیشێ‌و پرسی کورد لە ئێران چارەسەر بێ، ئەوا نە پێویست بە جموجۆڵی نیزامیی هێزی پێشمەرگە دەکاو نە بە جێگیرکردنی دەیان هەزار پاسدار، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران نیازێکی وای نییە.