بەرژەوەندی نەتەوەی کورد لە دۆخی هەنووکەییدا. جەماڵ عەڵیاڵی

دەمێکە نەتەوەی کورد سەرقاڵی خەبات و تێکۆشانە. لەو پێناوەدا فرچکی بە زیندان، سێدارە، بە دوور خستنەوە، ڕاوودوونان و فەرمان گرتووە، بە کوورتی ئەوەی چەرمەسەرییە بە سەری هاتووە.

لەو ناوەدا زۆر خەڵکانێک هەن کە هەوڵی نوسخە پێچینەوەیان بۆ نەتەوەی کورد داوە بۆ ئەوەی کە لەو چەرمەسەریانە رزگاری بێت. سەیر ئەوەیە کە زۆربەی ئەو خەڵکانە لە خۆشەویستی کورد بەو ئەرکە هەڵنەستاون بەڵکوو بە فرمێسکی تیمساح نەتەوەی کوردیان فریوداوە و لە ڕاستییدا جگە لە بوغزی کورد نەبووە. ئەو خەڵکانە یان زلهێزەکان بوونە، یان ناسیۆنالیستەکانی داگیرکەر بوونە، یان لایەنەکانی جیاوازی داگیرکەر بە پشت بستن بە ناسیۆنالیزمی داگیرکەر بوونە یان دین و ئایینە جیاوازەکانی مێزۆپوتامیا بوونە. هەر یەک لەو خەڵکانە هەرگیز جگە لە بەرژەوەندی خۆیان لە ڕێگەی بە کەم گرتن و داپڵۆسینی کورد مەبەستێکیتریان نەبووە. مەبەست لەو کوورتە نووسراوەیە خستنە بەر چاوی ئەو خاڵەیە کە تا ئێستا لە لایەن خەڵکانی لە شێوازی سەرەوە، وەکوو پرینسیپێکی سرووشتی، نەکەوتۆتە بەر دەم نەتەوەی کورد.
لە سەدەکانی زۆر کۆنەوە تاوەکوو ئێستا زڵهێزەکان، شا و میرنشینەکانی مێزۆپوتامیا لە سەر ئەو فەرهەنگە خۆ بە زڵزانینە کە پێی ڕاهاتوون، لە ڕێگەی جیاواز هەوڵی بە چۆکداهێنانی نەتەوەی کوردیان داوە. یەکەم جار کە لە ئایینی ئیسلام کەلکیان وەرگرت ئەو کاتە بوو کە سەلاحەدینی ئەییوبیان وەچەنگ کەوت و بە کاریان هێنا بێ ئەوەی فلسێکی ڕەش بۆ کورد بینێ. پاشان لە ڕێگەی میر و شێخەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەر بە ناوی ئیسلام نەتەوەی کوردیان لە ناو برد. پاش ماوەیەک، کە بیرۆکەی نۆێتر وەکوو ناسیۆنالیزم هاتبوونە ئاراوە، ئەوسا لە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست کەلکیان ورگرت بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد بچەوسێننەوە. کاتێک کە ئەوەش بڕەوی نەما، ئەوسا بە پێی بارودۆخی نۆێ لە ناوچەکەدا دیسانەکە لە ئیسلام کەلکیان وەرگرتەوە. ناوەرۆکی گشتی ئەو ڕێگە چارانە بەرەو یەک مەبەست ئاماژەی پێدرا، ئەویش چەوسانەوەی زیاتری کورد بەرەو هەڵدێری بەرەو تواندنەوە.
هیچ کام لە ڕێگە چارەکانی نەیاران، هەرگیز باسی ناسیۆنالیزمی کوردی نەکردبوو و ئێستاشی دەگەڵ بێت باسی ناکات. ئەرێ ئەوە سرنج ڕاکێشەر نیە؟ هەر وا بە هەڵکەوتە؟ یا خود مەبەستێکی تایبەتی لە پشتە؟ بە بڕوای نووسەر ئەوە لە فەرهەنگی داگیرکەر و خزمەتگوزارانی داگیرکەردا نیە کە باسی ناسیۆنالیزمی کورد بکەن بۆ ئەوەی کە ئەو نەتەوەیە خاوەنی کیانی خۆی بێت و ئەوەش زۆر سرووشتییە. بە بڕوای نووسەر داگیرکەر و ناحەزانی نەتەوەی کورد هەرگیز شتێک بۆ کورد داوا ناکەن کە لە قازانجی ئەو نەتەوەیە بێت. ئایا ئەوە مەنتیقییە کە داگیرکەر بەرژەوەندی نەتەوەی کوردی لە بەرچاو بێت؟
کێشەکە ئەوەیە کە زۆر شت دەتوانێ بۆ کورد سەربەست بێت بەڵام هەرگیز ناسیۆنالیزم بۆ کورد سەربەست نابێت! کورد مافی ئەوەی نیە کە ناسیۆنالیست بێت چونکە کورد وەکوو نەتەوە بوونی نیە! کە ئەو ڕوانگەی داگیرکەر سەیر دەکەین، بە بڕوای نووسەر تەنیا یەک خۆێندنەوە بۆمان دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا جگە لە ناسیۆنالیزم هیچ ڕێگە چارەیەکیتر نەماوە کە کورد تاقی نەکردبێتەوە. کە واتە، بۆچی کورد دەبێ لە تاقی کردنەوەی ئەو ڕیگەیە سڵ بکاتەوە؟ لێکدانەوەیەکی سەردەستی و بە پەلە ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەوەی بۆ کورد قازانجە لەو نەتەوەیە قەدەخەیە و ناکرێ و نابێ! ئایا ئەوە تێڕا ناکات بۆ ئەوەی بڵێین تەنیا ڕێگەی چارەسەری بۆ نەتەوەی کورد هەڵبژاردنی ناسیۆنالیزمە؟
دەوری ٨٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەوکات دەوڵەتی ئیسرائیل پێکهات، ئەگەر عەرەبەکان بیانویستبا دەیانتوانی لە سەر سنووری ئیسرائیل هەر یەکەو پەرداخێکی هەڵڕشتبا، ئەوکات ئیسرائیل سێڵاو دەیبرد، بەڵام ئەوەی توانی ئەو دەوڵەتە تازەیە لە سەر پێ ڕاگرێ، هەستی نەتەوەیی بوو نەک پووڵ و سەرمایە.
ئەگەر بخوازین کورتەیەک لە و دێڕانەی سەرەوە بخەینە بیرمان، پێویستە بڵێین: نەک دین و ئایین، نە کۆمۆنیسم و سۆسیالیسم، نە سەرمایەداری و ئیمپریالیسم و نە هیچ ئیسمێکی تر لە لایەن زڵهێزەکان و داگیرکەران چاوی بەرایی ئەوە نادات کە نەتەوەی کورد ببینێ و دانی پێدانێ. تەنیا ناسیۆنالیزمە کە دەتوانێ نەتەوەی کورد لە گێژاوی چەرمەسەرییەکانی مێژوویی رزگار بکات. پێویستە نەتەوەی کورد، سەرەڕای جیاوازی لە بیر و بۆچووندا لە سەر “بوونی” کورد هاو ڕا و هاو دەنگ بێت! نابێ لە تاقیکردنەوەی ئەو ڕێگەیە ترسێک هەبێ، خۆ لەوەی کە هەیە تاڵتر و ڕەشتر نابی!
جەماڵی عەڵیاڵی ١٣/١٠/٢٠١٤