کۆچی دوایی دایە ئامینە قادری دایکی تێکۆشەر کاک قادر مەکڵاوەیی

بە پێی هەواڵی گەیشتوو سەر لە بەیانی ڕۆژی ٣٠ ـ ١٠ ـ ٢٠١٤ دایە ئامینە قادری دایکی پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەر کاک قادر مەکڵاوەیی پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی و بە ساڵداچوویی لە تەمەنی ٩٠ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.

دایە ئامینە قادری لە ساڵی ١٣٠٣ ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی وەرزێری گوندی نەمشیری بانە لە دایک دەبێ و وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەم بە نەخوێندەواری گەورە دەبێ و بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵە لەگەڵ کەس و کاری دەست دەکا بە کاری کشت و کاڵ و کارە قورس و سووکەکانی بنەماڵەکەی. لە هەرەتی لاوەتی ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و دەچێتە گوندی مەکڵاوێ لە ناوچەی ڕەبەت و لەوێ دەست دەکا بە ژیانی ئاسایی خۆی و دەبێتە هاوکار و پشتیوانی مێردەکەی و لە کار و ژیاندا ماندوونەناسانە هەنگاو هەڵدێنێتەوە.

دایە ئامینە ژنێکی ڕووخۆش و خۆشەویست و مێهرەبان بوو، خەمخۆری گشت لایەک بوو، لە شین و شایی و لە خەم و شادی گشت لایەک دا بەشدار بوو، بەردەوام کاری بۆ تەبایی و بە یەکەوە ژیان دەکرد و کەسێکی جێگای باوەر و متمانەی خەڵک و خۆشەویستی گشت لایەک بوو، خەڵکی خۆشدەویست و ئەوانیش ڕیزیان لێدەگرت.

مرۆڤێکی ڕووح سووک و دەست ڕەنگین و بە دەستەوە بوو، دایە ئامینە بە دڵ و بە کردەوە کورد و نیشتمانپەروەر بوو، ڕێزی زۆری بۆ خەباتکاران و شۆرشگێرانی گەلەکەمان هەبوو، هەموو پێشمەرگەکانی حدک و بە تایبەت هێزی زمزیرانی بە کوڕی خۆی دەزانین، بە هۆی ئەوە کاک قادر وەک پێشمەرگە و فەرماندە و کادر جێ دەستی بە کاری پێشمەرگانەوە دیار بوو، بەردەوام رژێم بنەماڵەکەی و بە تایبەت دایە ئامینەی دەخستە ژێر گوشار و بێ ڕیزی و بێ و حورمەتیان پێدەکرد. چەندین جار وێرای دایک و باوکی چەند پێشمەرگەیەکی دیکە لە گوند دەریان دەکردن و ئاودیوی سنووری باشووریان دەکرد، چەندین جار لە لایەن ئیتلاعات و جاش و سیخورانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕاکێشی ئیتلاعات و سوپا کراوە، بەڵام دایە ئامینە کەسێک نەبوو کە بە هەڕەشەی ئەوان بترسێ و واز لە کوردایەتی و خۆشەویسی خۆی بە حیزب بێنێ. لە ماوەی نزیک بە ٣٥ ساڵ دووری لە کوری پێشمەرگەی بە دەیان جار ڕێگای گەرمێن و کوێستانی بڕی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە قادری کوڕی و هاوسەنگەرانی لە ئامێز بگرێ هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک نەیتوانی پێش بە دیدارەکانی بگرێ، دایە ئامینە ژنێکی دڵسۆز و بە هەست و سۆز بوو، بەداخەوە ئەو ماوەیە بە هۆی نەخۆشی کەم تاقەت ببوو، لەگەڵ ئەوەدا چەندین جار سەردانی نەخۆشخانە و دوکتوری کردبوو بەڵام بەداخەوە سەردان و دەرمانەکان نەیانتوانی چارەسەری نەخۆشی‌یەکەی بکات و سەرئەنجام لە ئامیزی گەرمی بنەماڵەدا کۆچی دوایی کرد و هەموو لایەکی خەفەت بار کرد.

بەم بۆنەوە لە لایەن بنەماڵەی کاک قادر مەکڵاوەیی لە شاری تۆرکۆی فینلاند کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بەرێوە دەچی و دۆستانی نزیک دەتوانن سەردانی بکەن. لەگەڵ ئەوەدا هەموو لایەک خەمخۆرن و لەگەڵ کاک قادر برا و هاورێ و هاوسەنگەرن، تکا دەکەین ئەوانەی ڕیگایان دوورە بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتووچۆ زەحمەتی هاتن بۆ پرسەکە نەکێشن و لە ڕیگای تەلەفوونەوە دەتوانن هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆیان دەر ببرن.

کات: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١ ـ ١٠ ـ ٢٠١٤

کاتژمێر ١٦:٣٠ تا ١٩:٣٠ ئێوارە

شوئن keskstie 9

21420 lieto

Liedon kirkonkulman koulu.

ژمارە تەلەفوون بۆ پەیوەندی گرتن: ٠٠٣٥٨٤٤٢٥٩٥٥٩٥

بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە ئامینە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە برا و هاورێ و هاوسەنگەری ڕۆژە سەختەکانی خەبات و ئێستام کاک قادر مەکڵاوەیی و بنەماڵەی بەرێزیان لە دەرەوەی وڵات و لە ناوخۆی کوردستان دەکەم و هیوادارم کە ڕووحی دایە ئامینەی شۆرشگێر هەردەم شاد بێ و بەهەشتی بەرین جێگا و مەکانی بێ. تەمەن درێژی بۆ کاک قادر و ئەندامانی بنەماڵەکەی بە ئاوات دەخوازم.

حەمەرەسووڵ کەریمی