ڕاست‌کردنەوەی هەواڵێکی “ئاوا توودەی” لە پێوەندیی لەگەل “کورد کاناڵ”دا

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
بینەران و بیسەرانی کورد کاناڵ، ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات!

ئەم ئێوارەیە کاناڵی تێلێگرامیی “ئاوا توودەی”ی هەواڵێکی لەمەڕ نیازی کۆماری ئیسلامی بۆ تەقاندنەوەی “کورد کاناڵ”، یەکێک لە دەزگا مێدیاییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بڵاو کردەوە. بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە شەپۆلێکی بەرینی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی کوردستان دروست کردووە کە ئەوە نیشانەی سۆز و خۆشەویستی، متمانە و ئێعتباری ئەم تریبونەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. بەڵام لەو پێوەندییەدا پێویستە ڕوونی بکەینەوە:
ڕاستە کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە بەردەوامی هەوڵی داوە دەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان کپ بکا و، بە پلان و پیلانی جۆراوجۆر تێکۆشاوە کۆسپ و تەگەرە بخاتە بەردەم گەیشتنی پەیام و گوتاری ئەم حیزبە و، هەروەها ڕێژیم لە دوای دامەزرانی “کورد کاناڵی”یش قەت ترس و ناڕەحەتیی خۆی لە چالاکیی ئەم کاناڵە خۆشناو و خۆشەویستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەشاردۆتەوە؛ بەڵام هەواڵی پێوەندیدار بە هەوڵی تەقاندنەوە کوردکاناڵ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە.
“کورد کاناڵ” بە هیممەتی پێرسۆنێڵ و کادر و پێشمەرگە خۆنەویستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کار و چالاکیی مێدیایی خۆیان و بەرنامەکانی خۆی بۆ لەقاودانی سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە.
وێڕای سپاس و ڕێز لەو هەمووە پەیامی هاوسۆزییەی لەو ماوەدا بۆ بەڕێوەبەریی کورد کاناڵ هاتووە، کە دەزانین لە سۆز و خۆشەیستیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرچاوە دەگرێ؛ ڕادەگەیەنین کە ئەم هەواڵە ڕاست نییە و ڕوون نییە”ئاوا تودەی” بە چ نیاز و مەبەستێک ئەم بابەتەی ورووژاندووە.

بەڕێوەبەریی کوردکاناڵ ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٩