له‌م نووسینه دا باسی زه‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌ی دێرینه و به هوێ بازرگانی و گه‌نده‌ڵییه‌وه پێشمه‌رگه‌ى دێرینكراوه به دوو به‌ش، به‌شێكیان بێبه‌شن و
زەوییان نییه و ئه‌و به‌شه‌كه‌ى تریان شانسى هه‌یه له جیاتى یه‌ك پارچه زه‌وى، دوو پارچه زه‌ویان پێدراوه.
كاتێك رۆڵه‌كانی گه‌ڵ وازیان له خۆشی ژیانی لاوێتی و، كار‌و بژێوی خێزانه‌كانیان هه‌ڵگرت و، روویانكرده شاخه سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان و، بوونه پێشمه‌رگه‌و چه‌كیان دژ به رژیمه دیكتاتۆرییه خوێنمژه‌كان كرده شان، به هیچ شێوه‌یه‌ك بیری ئه‌وه‌یان نه‌كرد پاشه‌رۆژ به بۆنه‌ی ئه‌م چه‌ك هه‌ڵگرتنه ببنه خاوه‌ن موچه‌و زه‌وی و ته‌لارو باخ و تۆتۆمبێل.
پێشمه‌رگه: ناوێكی به‌رزو پێرۆزه‌و، هه‌موو كات له پێناو بیروباوه‌ر و نیشتمان و گه‌لدا خۆى به‌ختكردووه‌و، دژ به رژێمه دیكتاتۆرییه‌كان و بیرى شۆڤه‌نیستى و ره‌گه‌زپه‌رستى ده‌سه‌لاته داگیركه‌ره‌كانى نیشتمان جه‌نگاوه و، به‌وه‌ش سه‌ربه‌رزى بۆ خاك و گه‌له‌كه‌ى تۆمار كردووه و، رۆژانه ناوى پێشمه‌رگه ئه‌بیسترێت و، زۆربه‌ى خه‌ڵكى زه‌حمه‌تكێشی كوردستان و ئه‌و كه‌سانه‌ى له پێناو ئازادی و ئاواته پیرۆزه‌كانى گه‌لدا تێكۆشاون باسى پێشمه‌رگه و رۆژانى سه‌ختى پێشمه‌رگایه‌تى ئه‌كه‌ن و، به‌چاوى رێز و شانازییه‌وه ئه‌رواننه ئه‌و مێژووه پر سه‌روه‌رییه، ئه‌مه له لایه‌كه‌وه و، له لایه‌كى تره‌وه هه‌ندێ له به‌رپرسانى ده‌سه‌لاتى كوردستان پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌ته وێردی سه‌ر زبانیان و، له به‌شه‌كانى راگه‌یاندن ئه‌وه ده‌رئه‌خه‌ن كه (هه‌موو) داخوازییه‌كانى پێشمه‌رگه‌یان دابینكردووه و، هیچی تر نه‌ماوه بۆیان بكه‌ن و، بۆ چه‌واشه‌كردنى جه‌ماوه‌رى گه‌ل و بۆ داپۆشینى تاوان و گه‌نده‌ڵییه‌كانیان، ، ده‌ست ئه‌كه‌نه لاف وگه‌زافى درۆ‌و ده‌له‌سه.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه، تاكه‌ى پێشمه‌رگه دێرینه‌كان بێده‌نگبن، تاكه‌ى مافه‌كانیان زه‌وت بكرێن، تاكه‌ى مافه‌كانیان بدرێن به كه‌سانى تر، تاكه‌ى به‌رپرسانى كوردستان ته‌نها خۆیان به پێشمه‌رگه بزانن و مافه‌كانی پێشمه‌رگه پێشێل بكه‌ن و، بۆ خۆیان و كه‌س و كار و خزم و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانیان هه‌موو شتێك دابین بكه‌ن و، وه‌ك بڵێت كوردستان ته‌نها و ته‌نها ولاتى ئه‌وانه و، ئه‌بێ هه‌موو (خه‌یرو به‌ركه‌تى) هه‌ر بۆ ئه‌وان بێت، تاكه‌ى گه‌نده‌ڵى ریسوا نه‌كرێت، تاكه‌ى رێزی جاش بگیرێت و، پێشمه‌رگه فه‌رامۆش بكرێت، تاكه‌ى رێز له راپۆرت نووسه‌كانى رژێمی به‌عسى فاشى بگیرێت.
ئه‌مرۆ له سایه‌ى ناوى پێشمه‌رگه چه‌ندان تاقم و ده‌یان هه‌زار كه‌س بوونه‌ته خاوه‌ن موچه‌ى به‌رزو، خاوه‌ن ئه‌رزو كۆشك و ته‌لارو، دیاره ته‌نها پێشمه‌رگه مافى خۆیه‌تى به ناوى پێشمه‌رگه‌ى دێرینه‌وه خانه‌نشینى بكرێت و، زه‌وى وه‌ر بگرێت، به‌لام ئه‌مرۆ له سایه‌ى میره‌كانی كوردستان گاڵته به ناوى پیرۆزى پێشمه‌رگه‌وه ئه‌كه‌ن و، پاره و ئه‌رزه ئه‌بارێن و ئه‌یبه‌خشن و ئه‌یده‌ن به باوك و دایك و خوشك و برا و خزم و، دراوسێی و كاسه‌لێس و ده‌ست و په‌یونده‌كانیان و، له كوردستان ژماره‌یه‌ك له پیشمه‌رگه زه‌وى وه‌رگرتووه و، ژماره‌كه‌ی تر چاوه‌روانه به‌ڵام سه‌رۆك جاش و جه‌یش شه‌عبى و موختارى راپۆرت نووس و خاوه‌ن فایله‌كان كه سیخورییان بۆ حزبى به‌عس و رژێمه‌كه‌ى به‌غدا ئه‌كرد زه‌وییان وه‌ر ده‌گرتووه و، كار به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه هه‌ندێك له‌و سه‌رۆك جاش و موختار راپۆرت نووسانه بوونه‌ته ده‌مراستى به‌رپرسه گه‌وره‌كان و، سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه له بنچینه‌وه زه‌وییان هه‌یه، زه‌ویتریشیان وه‌رگرتووه ، دیاره كوردستان تاپۆى ئه‌و جۆره كه‌سانه‌یه و، تا سه‌رۆك جاش و خاوه‌ن فایه‌ل ماوه پێشمه‌رگه‌ى دێرین بێبه‌شه..
هێز و پارته كوردستانییه‌كان و حزبى شیوعى پێشمه‌رگه‌یان هه‌بوو، هه‌ر یه‌ك له‌مانه له سه‌نگه‌رى گه‌لدا دژ به‌داگیركه‌رانى كوردستان خه‌باتیان ئه‌كردو، هیچ كات به‌رامبه‌ر به دوژمنى دیكتاتورى فاشى سارد نه‌بووه و، پێشمه‌رگه‌كانى زۆر كارامه و گورج و گۆڵ بوون له په‌لامارداندان دژ به دوژمنیان و، ئه‌گه‌ر له پێشمه‌رگه‌ى لایه‌نه‌كانى‌تریان زۆرتر نه‌كرد بێت، قه‌ت كه‌متریان نه‌كردووه. خۆێنى پێشمه‌رگه شیوعییه‌كان له گه‌ڵ خۆێنى پیشمه‌رگه‌ى لایه‌نه‌كانىترى سه‌رگۆره‌پانى تێكۆشان له چه‌ندان شه‌ر و داستاندا ئاوێته و تێكلاوى یه‌كتر بوو، بۆ نموونه له داستانى سۆێله‌میشدا خۆێنى پێشمه‌رگه‌ى حزبى سۆشیالیستى كوردستان تێكلاوى خۆێنى پێشمه‌رگه نه‌مره‌كانى حزبى شیوعى بوو، هه‌روا له گه‌ڵ پێشمه‌رگه دلێره‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له گرتنى شارۆچكه‌ى قه‌ره‌داغ و، پێشمه‌رگه ئازاكانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له داكۆكى كردن له خاكى پیرۆزى كوردستان له دێی تازه‌شار و و ئاوایى شێخ حه‌مید و بنارى گلدا دژ به پرۆسه‌ى چه‌په‌ڵى ئه‌نفال و، له ده‌یان شه‌ر و داستانى‌تر دا.
له سلیمانى به هه‌وڵ و كۆششى هاورێیانى حزبى شیوعى و براده‌رانى یه‌كێتى نیشتمانى كۆمه‌ڵه‌ى پێشمه‌رگه دێرینه‌كان دامه‌زرا و دیاره ئه‌و كاره‌ش، كارێكى باش و پۆزه‌تیڤانه‌یه بۆ داكۆكى كردن له مافى ره‌واى پێشمه‌رگه دێرینه‌كان و، هه‌وڵیان داوه پێشمه‌رگه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌كان له ده‌ورى خۆیاندا كۆبكه‌نه‌وه و، به‌لام خواستیان تا ئێستا نه‌هاتو‌ته دى و، پێشمه‌رگه‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان دووره په‌رێزن و، نایانه‌وێ خۆیان به‌و كۆمه‌ڵه‌یه گرێ بده‌ن.
من وه‌ك سه‌دان و هه‌زاران پێشمه‌رگه له ولاته‌كه‌م مافم خوراوه و، بستێك (زه‌وى) یم پێنه‌دراوه و، زۆربه‌ى ناسیاوه‌كانم باوه‌ر ناكه‌ن و، هه‌ندێكیان سویند به خوا و به پێغه‌مبه‌ر و به (موقه‌ده‌سات) و ته‌لاق ئه‌خۆن كه زه‌ویم وه‌رگرتووه و، بۆیه بێده‌نگم..
من تا ئێستا (یه‌ك بست زه‌وى) یم وه‌ر نه‌گرتووه و، هیچ كات بێده‌نگ نه‌بووم و، له زۆر بواردا باسم لێی كردووه و، هه‌میشه وتوومه ناسیاوه‌كانم (هه‌قیان) ه باوه‌رم پێ ناكه‌ن و، رووبه‌روو پێم ئه‌ڵێن : ئه‌گه‌ر زه‌ویبه (تۆ) ی خاوه‌ن تێكۆشانێكی زۆر نه‌درابێت، ئه‌ى به‌كێ دراوه و، به‌كێى ئه‌ده‌ن؟؟
ولامدانه‌وه‌ى ئه‌و به‌رێزانه ئاسان نییه و، بگره زۆر سه‌خته و، ئه‌بی بڵێم : راسته زه‌وى به به‌شێك پێشمه‌رگه دراوه و، ئه‌وه‌ش مافی خۆیانه و، جێى دڵخۆشى ئێمه‌ى پێشمه‌رگه و ئه‌و كه‌سانه‌یه كه دڵسۆزى گه‌ل و نیشتمانن و، من لێره‌دا ناچارم به (راشكاوى) ئاماژه به‌و كه‌سانه بده‌م كه له ریزى به‌عسى دیكتاتۆری كاریان كردووه وه‌ك سیخور، راپۆرتنووس، جاش و موسته‌شار و كارمه‌ندى پایه‌به‌رزى دام و ده‌زگاكانى رژێمى گۆربه‌گۆر و، ئه‌مرۆش هه‌ر ئه‌وان له ریزى پێشه‌وه‌ن و، بوونه‌ته خاوه‌ن ماف له ئه‌رز وه‌رگرتن، مووچه‌ى باش و پله‌وپایه‌ى به‌رز و نایاب و ئه‌ندامى پارله‌مان و موسته‌شارى سه‌روكه‌كان و هتـــــد..
من داوا له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و، وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌كه‌م مافى هه‌موو لایه‌ك وه‌ك یه‌ك بپارێزن و، جیاوازى له نێوان پێشمه‌رگه‌كانى حزبى شیوعی و پارتى و یه‌كیتى و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكیشان نه‌كرێت و، به یه‌ك چاو سه‌یرى هه‌مووان بكرێت و، هه‌وڵ بدرێت یارمه‌تی ته‌نها بۆ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت و، بچن به هانای پێشمه‌رگه دێرینه‌كان كه ساڵانه ژماره‌یه‌كیان كۆچ ئه‌كه‌ن.
20/12/2018