پەیامی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بۆ ڕێوڕەسمی پرسەی ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا

بەشدارانی بەڕێزی مەڕاسیمی بەخاکسپاردن و پرسەی نووسەر و تێکۆشەری گەورەی کورد ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا
سڵاوێکی گەرمتان لێبێ!
خۆزگە بۆم ڕەخسابایە لەگەڵ ئێوە بەشداری ئەو مەڕاسیمە بم. سەرم لە بەرامبەر گڵکۆکەیدا دانەواندبا، سڵاوی نەمریم بۆ گیانی پاکی ئاشقەکوردستانی ناردبا و ئەمجار بەئەمانەت هەتا ڕۆژی خۆی کە بەئاواتم دوور نەبێ، بە خاکی غەریبایەتیم سپاردبا.

ئەنوەرخان هەر لەوکاتەدا گەورەتر لە دەستەبەندی و ناوچەپەرستی بوو. بەجۆرێک کە دیاردەی دزێوی دووبەرەکی و لەتلەتبوونیش نەیتوانی ئەو خەسڵەتە جوانە ئینسانییەی تێدا لاواز بکا.

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بۆ ڕێوڕەسمی پرسەی ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا

تەمەنی درێژ دەگەڵ هەموو کەم و کەسری و ئێش و ئازارەکانی ئەو قازانجەشی هەیە کە زۆر دەرفەتی زێڕین بۆ مرۆڤ دەخوڵقێنێ و لەبەر دەست و لە تەنیشت زۆر بەهرەمەندی گەورەی دادەنیشێنێ. بۆمن یەکێک لە دەرفەتە زێڕینەکانی ژیان ئاشنایەتی دەگەڵ ئەنوەرخانی سوڵتانپەنای ئەدیب و شاعیر و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر بوو. هەرچەند پێشتر کەم و زۆر یەکترمان دەناسی بەڵام تەنیا لە دەیەی شەستی هەتاویدا بوو کە ئەو شانسەم پەیدا کرد لە نزیکەوە لەخزمەتیدا بم و لە هاونشینی لەگەڵ ئەو مرۆڤە چێژ و لە توانا ئەدەبی و ڕووناکبیرییەکانی بەهرە وەربگرم. تا دڵت بخوازێ سەنگین و قەڵەمڕەنگین و چەندی بیر بکەیەوە خۆشمەجلیس بوو.
شاهیدی هەموو ئەم قسانەم دیوانە شێعرەکەیەتی کە هەمووی حەوتوویەک پێش مەرگی لە چاپ هاتە دەر و بەداخەوە نەگەیشت ئافەرین و دەستخۆشیی خوێنەرانی ببینێ. چاوگێڕانێک بە دیوانە بەنرخەکەیدا بۆمان دەر دەخا کە ئەو ئینسانە چ بەهرەیەکی لە ئیلهامی شێعری پێبڕاوە و چ توانایەکی لە دەربڕینی ئیلهامی دەروونیدا لە خۆی نیشان داوە. دیوانی “زایەڵەی خەیاڵ”ی ئەنوەرخان لە یەک کاتدا فەرهەنگێکە بۆ ناسینی خەرمانێک لە وشە و زاراوەی ڕەسەنی زمانی کوردی، سەرمەشقێکە بۆ وەفا و ئەخلاق، دینەمۆیەکە بۆ بزواندن و پەروەردەکردنی هەستی نەتەوایەتی و نیشتماندۆستی و پوختە پانۆڕامایەکە بۆ نیشاندانی هێندێ گۆشەی گرینگی جوگڕافیا و مێژووی کوردی.
ئەنوەرخان هەر لەوکاتەدا گەورەتر لە دەستەبەندی و ناوچەپەرستی بوو. بەجۆرێک کە دیاردەی دزێوی دووبەرەکی و لەتلەتبوونیش نەیتوانی ئەو خەسڵەتە جوانە ئینسانییەی تێدا لاواز بکا. بۆیە دەگەڵ هەموو ئاکامە نیگەتیڤەکانی دیاردەی لێکترازان و دووبەرەکی هەتاسەر پێوەندیی دۆستایەتی و سۆزداریی دەگەڵ هەمووان پاراست.
ئەو ماوەیە کە ئەنوەرخان دەگەڵ دێوەزمەی مەرگ و نەخۆشیی بێئەمان لە ململانەدا بوو، ئەگەر شانسی ئەوەم نەبوو لە نزیکەوە دەگەڵی بدوێم، زۆرجار بە تەلەفۆن قسەمان دەکرد، قەت گوێم لێنەبوو دەردی دڵ بکا یان ترس و نیگەرانی لە مردن لە خۆی نیشان بدا. تا ئاخر ڕۆژەکان هەر بەئومێد بوو، هەر بۆ ئایندەی دەڕوانی و تەنانەت هەر لە فەزای شێعر و ئەدەبدا دەژیا. هەربۆیە بیرەوەریی ئەو ئاخر ڕۆژانەی ژیانی هەرچەندیش ڕۆژانێکی ناخۆش و خەماوی و تەماوی بوون یەکێک لە نەمرترین یادگارەکانی ژیانمە.
لەم بۆنە خەماوییەدا هەر ئەوەندەم لەدەست دێ سڵاو لەگیانی نەمری ئەو گەورەپیاوەی مەیدانی ئەدەب و خەبات بکەم، بۆ وی بەهەشتی بەرین و باوەشی بەزەیی خوا و بۆ کەسوکار و ئازیزانی و بۆ هەمووی ئێوە بەڕێزان تەمەندرێژی و سڵامەتی و سەرکەوتن بە ئاوات بخوازم. بەئاواتی وەدیهاتنی ئاواتەکانی.
دەگەڵ ڕێزی دووبارە

عەبدوڵڵا حەسەنزادە
کوردستان، کۆیە، ٢٣/٠٩/١٣٩٧

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت