کاتێک وەک هەمیشە ترسێک دەمکووژێ
ئەرخەیانم جەلالی مەلەکشا
دەمگێڕێتەوە، دەمهۆنێتەوە و دەمکاتە وانە بۆ قوتابخانەکانی هەموو دونیا…
مریەم قازی
ترس، کووشتن، گێڕانەوە، بوون بە وانە بۆ قووتابیان، ڕەگەکانی ژیان و مێژووی نەتەوەیەک بە ناوی کورد دەنوێنن، کە شاعیر نەک لێی تێگەیشتووە، بەڵکوو خۆی لەو مێژوو و چارەنووسەدا دیتۆتەوە.
چ ترسێک شاعیر دەکوژێ؟ گەر ترس شاعیری کووشت، بۆ دەبێ شاعیرێکی تر بیگێڕێتەوە، بیهۆنێتەوە، بیکا بە وانەی قوتابخانە؟ وانەکە چییە؟ مریەم قازی کە خۆی کەسانی بەر لە خۆی هۆندۆتەوە و بەسەرهاتیانی گێڕاوەتەوە، خۆی لەواندا و وەک ئەوان دووبارە دەبێتەوە و مێژوو دەگێڕێتەوە، مێژووی دووبارەبوونەوە، مێژووی دووبارەبووەکان!
مریەم قازی خۆی بۆتە ڕاوی، وەک ئەو کەسەی لە زێدی ئێمەوە، گەیشتە سەر چیای هیمالایا ، وەک ئەو کەسەی لە فرمێسیکی ڕنوو-وە گەیشتە بەهاری قەڵاتان، لە بەرەو موکریان، چووە سەر تەرەغە، لە شارەکەم سنە، بەرەو ئاویەر هەڵکشا، لە کرانشینی، گەیشتە تیمچە و چەنانی، لە غەزەلنامە، گەیشتە سەرچەفتەی ئەرکەوازی. هەر کام لەو کەسانە شتێکی ونبووی کوردیان لە گەڵ خۆیان گیڕا، شتێک لە چەشنی ناسنامە، شتێک لە چەشنی بوونی ونبوو!
وردبوونەوە لەخۆ، قووڵبوونەوە لە مێژوو، خۆدیتنەوە لە ناو مێژوو، کە مەبەست نەبووە، کوردی لە کارەساتدا کوڵاندووە و ئەو هەستەی لا درووست کردووین، کە پێویستمان بە قوڵتە قوڵتی هەستی دەروونی خۆمان هەبێ! خەیاڵی زێد و نیشتمان، هەستی کوردبوون، ئازاد نەبوون، خاوەنی خۆ نەبوون، گرێی زیهن و دەروونمان بووە و نەکراوەتەوە. هونەرمەند، نووسەر، شاعیر وەبیرمان دەهێننەوە کە ئێمە ئازاد و سەربەست نیین، زێد ونیشتمانمان دزراو و دۆڕاوە و خۆمان خۆمان چەواشە کردووە. ئێمە هەروەک چۆن پێویستان بە مەلا و خەلیفە و خاخام و کشیش و پیر وشێخ هەبووە بۆ ئەوەی جەزممان بکەن، هەروا پێویستمان بە کەسان بووە، بۆ ئەوەی بمانلاوێننەوە، تین و گوڕمان پێبخەشن.
ئێمە پێویستمان بە مریەمی قازی هەبوو بۆ ئەوەی لە ڕێگای گۆچانەکەی باپیرییەوە، مێژوومان وەبیر بهێنێتەوە، پێویستمان بە هێمن هەبوو بۆ ئەوەی هەڵمانگەڕێنێتەوە سەر کۆماری کوردستان، پێویستمان بە هەژار بوو بۆ ئەوەی وەبیرمان بهێنێتەوە کە هەلاکۆبەزێن بووین، پێویستمان بە حەقشناس بوو بۆ ئەوەی دوێنێ لە بیر نەکەین، پێویستمان بەشامی بوو بۆ ئەوەی ئازارەکان لە بیر نەکەین، پێویستمان بە غوڵامڕەزا ئەرکەوازی بوو بۆ ئەوەی کوردی چڕین لە یاد نەکەین. ئەوان سەری سەردارانیان بەرز ڕاگرت، کە نەیار هەڵیدەواسین! ئەوان ڕووحی نەتەوە یان زیندوو ڕاگرت، کە لە دەروونی مرۆڤی کورددا، دەکوژرا. ئەو ترسەیە، مریەم قازی دەکوژێ، بەڵام ئەو دەزانێ شاعیرێکی دیکە ئەو دەژێنێتەوە و ناهێڵێ ڕووحی نەتەوە بمرێ!
ئێمە پێویستمان بە جەلال مەلکشای زیندوو هەیە کە وەبیرمان بهێنێتەوە، کە کاروانچییەکان لاڕێ بوون، ئەوان کە لە شەوەزەنگی پایتەختی کوردستان هەڵیانکوتایە سەری. ئێمە پێویستمان بە پەشێوی زیندوو هەیە کە وێنەی گەڵی دوژمن و دەم وپلی بۆدلەکانی ئەم نیشتمانە بخاتە بەرچاو. ئێمە پێویستمان بەو کەسانە هەیە، کە قەڵەم بە ناو ڕۆخی قرتماغەی برینەکان و کێمی پڕ لە چڵک و خوێنی نەتەوەدا بکەن، ئێمە پێویستمان بە ڕۆماننووس، فیلم ساز، دڕاماتۆرگ، وێنەکێش، بیرمەند، فەیلەسووف هەیە کە لە ناو مێشکماندا پرسیار و دیسان پرسیار و پرسیار ساز بکەن، ئێمە بەرەو بیرکردنەوە بەرن. ئێمە پێویستمان بە بیر و بیرمەند هەیە، کە کەسایەتی بۆ مرۆڤی کورد بگەڕێننەوە و نەبنە دەستەچیلەی ڕاگرتنی کۆشک و تەلاری کیانخۆرەکانی کورد! ئێمە پێویستمان بە بۆدلە لە هەر چەشنێک نییە.
ئێمە پێویستمان بە قازی، مەلکشا، پەشێو، نەبەز و کەسانی پاک سرشت و پاک ڕەوشت هەیە. پێویستمان بە هونەرمەند، نووسەر، نوخبەی بیرمەند هەیە، کە خۆی بێت!
مێژووی ئێمە، تەژیی لە بێ هونەریی و نابیرمەندی و ناهۆشیارییە، تەژیی لە تێگەیشتنی چاخەکانی ناتێگەیشتنە، پڕ لە تێکشکان و کارەساتە، ئەم مێژووە نووسەر و هونەرمەند و شاعیری ناو تێکشکان و کارەساتی پەروەردە کردووە. ئەم خێڵە کە پڕ لە خۆشەویستی زێد و نیشتمان و خولیای ئازادی و ڕزگاری بوون، نەیانتوانی لە جەغزی قەزا و قەدەر، ئایین، چارەنووس دەرباز بن، وەک سیاسییەکان، کە نەیانتوانی نەتەوە و زێد ڕزگار کەن، ئەوان سێبەری سیاسییەکان و سیاسییەکان سێبەری ئەوان بوون و هەر دوو نوخبەی نەتەوەیەکی گرفتار، گرفتاری دیکتاتۆری سەر ئەرد و ئاسمان. ئەوان لە چنگ هیچیان ڕزگاریان نەبو، نەتەوەکەشیان لە گەڵ خۆیان گرفتار هێشتۆتەوە.
چاخی نوێ بۆ هونەرمەند و بیرمەندی کورد، چاخی کیانسازیی، بیرمەندیی و بیرکردنەوەیە، کە جیاوازە لە چاخی هەست و ڕۆمانسیسمی ئەدەبی و سیاسی سەدەکانی پێشوو، جیاوازە لە گەڵ پێداهەڵگوتن و لاواندنەوە و پاڵەوانبازیی، جیاوازە لە ئایین و ئایینخوازیی، جیاوازە لە خوداگەرایی و شاخوازیی، جیاوازە لە خونەویستن و خۆشکاندن، جیاوازە لە خۆ بەکەمزانی و ملکەچی، جیاوازە لە کڕووسانەوە لە بارگای خودا، بارگای شێخ، سوڵتان، بەگ و بەگخوازیی. چاخی نوێ لە جیلی نوێی نیشتمان مندا بەدی دەکرێ. ئەوان خۆیان لە خۆناسین و خۆناسینەوە و خۆدەرخستنی گەورەترین نەتەوەی بێ کیانی سەر گۆی زەویی دەبیننەوە، کە هێشتا ڕەگەکانی کۆنی چاخی پێشووی لە جەستە و بیر و هزر و فەرهەنگ دوور نەخستۆتەوە، بەڵام زیندووە و بەڕێوەیە، وەک مریەم، سمکۆ، بەیان، تریفە، لەیلا، ئەییوب، جەمال، حامد و گەلێکی تر کە لە ڕۆژهەڵاتی من دەدرەوشێنەوە.
چاخی نوێی جیهان کە بەرەو ئۆتۆماسیۆنی سەتا سەت و گۆڕینی چۆنیەتی ئینسان و سرووشتی ژیان، کۆمەڵگا، زمان، فەرهەنگ، هەست و نەست ملی ناوە، دەتوانێ کورد بهاڕێ و بیتوێنێتەوە. کورد ئەو کاتە داهاتووی لە چاخی نوێ، مسۆگەر دەبێ کە خاوەنی خۆی، کیان، دەستەڵات و دەنگ بێ، ئەوە ئەرکی هونەرمەند، نووسەر، نوخبە و هەر مرۆڤێکی چاخی نوێیە، کە لە سەردەم و لە ویستی لە مێژینەی نەتەوە و خەڵکەکەی تێگەیشتبێت.
نوخبەی کورد لە خۆی و چاخی نوێ و مەترسێیەکانی داهاتووی نەتەوەکەی تێگەیشتووە؟
ئێگۆئیسمی دواکەوتووانەی خۆی لە کۆلێکتیویسمی زیهنی، هزریی، فەلسەفی، زانستی، هونەریی، کاریی و فەرهەنگی نوێدا دیتۆتەوە، یا لە گێژاویی هەژارانەی گرووپی، ناوچەیی، ئایینی، ئیدئۆلژیکی نوقم بووە و کوێرکوێرانە نەتەوەیەک بەرەو هەڵدێر ڕادەکێشێ؟
نوخبەی حەوت ڕەنگی کورد، پلان و پرۆژە و ستراتێژی بۆ چاخی نوێی نەتەوەکەی دیاری کردووە، یان بە کەسایەتی تێکشکاوی سەدەکانی ڕابووردووە، خۆی گەیاندۆتە چاخی نوێ؟
سەردەمی هەست و ڕۆمانسیسمی کورد بەسەر چووە، سەردەمی تێگەیشتن کە لە سەرەتای خۆیدایە گەر قووڵتر نەبێتەوە و جەغز و پەرژینە کۆنەکان نەدڕێ و کۆن ڕانەدا، داهاتوو لە بلقی ڕابووردودا دەتەقێتەوە!
سەری خۆم هەڵدەگرم و ڕەدووی بایەکی بێوادە دەکەوم!
ئیشم زۆرە
دەبێ زەوی لەوەی کە هەیە هەراوتر بکەم!
پارچەیەک ئاسمانی بۆ ڕاگوێزم و خۆر و مانگ و باران!
ئاااااای ئەی ئەوینی بزر بووم
لەوانەیە لەوێ
بە کاتی روژهەڵات بتدۆزمەوە…
چاوەڕێم بن
ئەی شنە
ئەی هەناسە
ئەی نێو نیگای پڕ لە ئارامی! “مریەم قازی”