سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکرات بۆ خەڵکی کوردستان
زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێزیان لەم بۆنە نەتەوەییە گرت و سەلماندیان کە بیرۆکە و داهێنانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بۆتە بەشێک لە شوناسی کلتووری و نەتەویی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵدا هاوشان و هاوبیروباوەڕ لە گەڵ ئەندامان و تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە داهێنان و ئیبتکاری جۆراوجۆر و دانانی بەرنامە بۆ دەرکەوتن لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز، خۆیان بۆ رێزگرتن لە “ئاڵا”ی پێرۆزی کوردستان و “پێشمەرگە” پارێزەری خۆنەویستی خاک و خەڵکی کوردستان ئامادە دەکرد. هاوکات لە گەڵ چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، بە سەدان کەس لە خەڵکی هوشیار و نیشتمانپەرەوەری کوردستان هەر لە ئیلامی دێرینی کوردانەوە تا دەڤەرە دەلالەکەی بادینان لە باکووری رۆژهەڵاتی کورستان بە زەبتکردنی فایلی دەنگ و ڕەنگی پڕنێوەرۆک بە پەیامی پیرۆزبایی رۆژی ئاڵای کوردستان و رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جارێکی دیکە ئەم پەیامەیان بە دوژمنانی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان دا کە، سیاسەتی سەرکوتکەرانە و دوژمنکارانەی ئەوان ناتوانێ ئەم میللەتە لە بزووتنەوەی شوناسخوازانەی خۆی بوەستێنی.
بۆیە رێزگرتن لە ئاڵا و پێشمەرگە ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو پڕشکۆتر بوو؛ چونکی چالاکانی فەرهەنگی، ژینگەپارێزی، تیمەکانی کەژەوانی و بە گشتی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵدا بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکی و رێوڕەسمی تایبەتییان بەڕێوەبرد؛ بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان لە رێگای پێوەندیگرتن بە ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پێرۆزبایی ئەم رۆژەیان لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب کرد و، بە هەزاران کەس لە کچان و کوڕانی دەروەستی نیشتمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دانانی وێنەی ئاڵا و پێشمەرگە و شێرکردنی تراکت و پۆستێرەکانی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب بە شێوەیەکی بەربەرین – سەربەرز بە ئاڵای پیرۆزی نیشتمان – رێزیان لە خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گرت و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەکان بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی لە نێو خەڵکدا، وەفاداریی خۆیان بە رێبازی شەهیدان و ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەربڕی.
ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەم بۆنە تایبەتییانەدا ئەرکی قورستریان دەکەوێتە سەر شان، بۆ بۆنەی رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەوە ئەمساڵ بە شیوەیەکی بێوێنە سەرەڕای فەزای میلیتاریستی و پۆلیسی کە بەسەر شار و ناوچەکانی کوردستاندا زاڵ بوو لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراک و پۆستێرەکانی تایبەت بەم یادە و بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە بەرزاییەکانی کوردستان، ئەرکی حیزبی و نیشتمانیی خۆیان بەڕێوەبرد.
گومانی تێدا نیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیڕان لە گەڵ کۆمەڵە قەیرانێکی جیدی رووبەروویە و ئەم رۆژانە قسەکردن لە ئاڵۆگۆڕی قوڵ و بنەڕەتی لە وڵاتدا لە ئارادایە، ئەم جۆرە لە چالاکیی جەماوەری و گشتی بە شێوەی یەکگرتووانە گرینگی و بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە. بەخۆشییەوە کۆمەڵگای کوردستان هەر لەم چەند مانگەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای هێرشی تێرۆریستیی رێژیم بۆ سەر قەڵای دێموکرات و بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەی وەرزانەی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵدا کە شەهیدبوونی ١٧ کەس و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری دیکەی لێ کەوتەوە، سەلماندوویەتی کە ئامادەی رووبەرووبوونەوەی هەر جۆرە پێشهاتێکە و دەتوانێ بە پاراستنی یەکگرتوویی و پێکەوەبوون لە پێناو بەرژەوەندیی کورد و کوردستاندا کەڵکی لێوەربگرێت.
بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزنرخاندنی بەرزیی ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، بە بۆنەی کار و چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و هەڵوێستی یەکبەیەکی ئەو کەسانەی لە رێگای جۆراوجۆرەوە بە بۆنەی رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەوە پەیامی پیرۆزباییان ناردوە و پەیامی ئەم بۆنە نەتەوەییەیان بڵاوکردوە و هەروەها بە نیسبەت کاروچالاکیی ئەنجومەن، ناوەند و رێکخراوە مەدەنییەکان لەم بۆنە نەتەوەییەدا، سپاس و پێزانینی خۆی ڕادەگەیەنێ و هەموو ئەم جموجۆڵانە لە خانەی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا دەبینێ.
سڵاو لە ئاڵای کوردستان