پێشمەرگە ئازاکەی کە شکۆی دەولەتی تارانی شکاند.

سەرەتای دەیەی هەشتای زایینی، لەناو جەرگەی شەری ساردی نیوان ناتۆ و پەیمانی وەرشۆ ودوابەدوای چوونی سۆڤیەت بۆ ناو ئەفغانستان، شۆرشی گەلانی ئێران سەرکەوت و ئەوەش بوو بە هۆی گەشەسەندنی هوشیاریی سیاسی و کۆمەڵانی خەلک .
مەشرووعیەتی رژیم یان نیزامی سیاسی ئێران چ لەبواری فکری و چ لە بواری پراکتیکیەوە تووشی ڕمان ببو و بە هۆی پابەند نەبوونی دەولەت بە ناوەرۆکی گریبەست و ریککەوتن ومادەکانی جارنامە گەردوونیەکان و وەخۆنەگرتنی بەرپرسایەتی لە مەر ئاسایش و تەناهی دانیشتوانی وڵات و دواجار بە زۆر بە یەکەوە لکاندن و ئاسیمیلەکردنی پێکهاتەکانی تر، سیستەم و گرێچن و دەولەتی ناوەندی خرابوو ژێر پرسیارەوە.
هاوکات لە گەڵ تێکچوون و نەمانی بنکە و بونیاد و هێماکانی دەولەت و بەشداریکردنی خەلک لە کاروبار و چارەنووسی رۆژانەی خۆیان، بیری سەرلەنوێ خۆپێناسەکردنەوە لە کوردستان چەکەرەی کردبوو هوشیاریی نەتەوەیی سەری لە سوێ هێنابوو دەروکوردبوون ببوو بە دینامی شکانی سامی سەپاوی دەولەت و لە دایکبوونی هۆوییەتخوازی نەتەوەیی بۆ بونیادنانی ولاتیکی سەربەخۆ.
شەری سێ‌مانگە لە سالی ٥٨ بە دەسپێکردنی وتووێژ لە نیوان نەتەوەی کورد و کاربەدەستانی تاران کۆتایی هاتبوو بەلام وتووێژ نیازپاکی دەولەتی لە پشت نەبوو و سەری نەگرت بۆیە هاوینی سالی ٥٩ی هەتاویی پێشمەرگە و حیزب و ریکخراوە سیاسیەکان شاریان چۆلکرد و چوونە شاخ.
پێشمەرگە لە شار نەماوە و تەنیا جارجار تاک تاک یان دوو دووبە پارێز سەردانی شاردەکەن و خۆ لە هەرچەشنە ئالۆزیی و تیوەگلان دەپارێزن.
سەرهەنگ “کشاورزی”، پیاویکی ڕاهاتووی زانکۆی ئەفسەری زەمانی شا، لووت‌بەرز و لە خۆرادیو، تینووی دەسەلات و زالم و فێلەباز، لە ناو شاری سەردەشت بە جیبیکی ئەرتەشی هاورێ دەگەڵ چەند سەربازلە هاتووچودایە و دەیەویت هەیبەت و سام و دەسەڵاتی شکاوی دەولەت بە سەر شارو خەلکدا بسەپێنێتەوە. لووت بەرزانە بە شەوڕنی سامان و دەستچنی لاوانی شارەوە خەریکە و ئەمەری تاج و فتوای مەندیل بەریوە دەبات.
رۆژێکی دلگیر و سازگاری هاوینی سەردەشتە، خۆر بە تەنیشت گردەسووردا راخوشیوە و لە پشت بەرزاییەکانی شێوەبرایمەدا نەدیو بوە. شار لە هیجرانی خۆشەویستان و چارەنووسی نادیاریدا خەمبارە. دوو پێشمەرگەی گەنجی ئالانی، لە واوانەوە بەرەو ئالان کە شوینی پێشمەرگایەتیانە،شایی بەخۆ و پۆشتە بەرێوەن. ئامەزرۆیی شار ڕاکیشیان دەکات و بە مینی‌بووسی واوان- سەردەشت دەچنەوە شار تا سبەی بەرەو ئالان بکەونە رێ.
كام هیزی نادیار یان کام قەدەر وا دەکات تا حەسەن و هاوری پێشمەرگەکەی لە پیش بنکەی ئێستا چۆلکراوی پێشمەرگە لە تەنیشت شیخ‌مەولانا دابەزن نازانم بەلام لە گەل دابەزینی ئەوان سەرهەنگ و سێ سەرباز بە سواری جیبەوە لە “کانیەمەری “ەوە بەرەو شار دینەوە. سەرهەنگ لە راوە و لە ناو ئاپۆرای خەلکدا نێچیری خۆی بە دی دەکات.
” حسن” ئەو لاوە پێشمەرگەی گەزیزەی ژێررنووی ” هۆمل” لەبەر پشتێندایە وبە بەفراوی ئەودەڤەرە بەڵای کردوە و ئەسپی خۆناسینی بەناو باهۆزی ون‌بووندا تاوداوە، کاتی دابەزین عەجەم و شەبکە و جیب دەبینێ. چوست و چالاک کەلاشینکۆف لەناو لەپی دەست‌دا، وەک برووسکە رادەخوشی. چاوێکی لە دار و پەردووی مەقەرە چۆلکراوەکە دەکات وئاخێک بە پانتایی سینە هەلدەکێشێ و لە سیلەی دیواریکدا رادەوەستێ و دەبیتە پشتیوانی هاورێکەی کە تا ئێستاش لە ناو خۆشەویستی جەماوەردا راوەستاوە و ئاگاداری هاتنی سەرهەنگ نیە.
جیبەکە لە خەلکەکە نزیک بۆتەوە و سەرهەنگ دیتەخوار و دەمانچەی رادەکیشێ و لە ناکاو ئامبازی پێشمەرگەی هاورێ دەبێ و چەکی لە شان دادەرنێ و بە فیزێکی زۆرەوە چاوێک لە جەماوەر دەکات و دەروانێتە قوبە و دەگمە و ئەستیرەی سەرشانی کە پێشتر رەمزی تاج بوون و ئێستا نوێنەرایەتی مەندیل دەکەن و سینگی دێنیتە پێش و بە زمانی جەستە رایگەیاند: دەولەت دەولەتە و بە تاقە سەربازێکیش بیت حوکمرانی خۆی دەکات.
پێشمەرگەی لاو “حسن”‌ی چالاک کە وای بینی چەخماخی کەلاشینکۆفی راکیشا و قۆنداغی لە سینگی قایمکرد و سێرەی لە تەختی ناوچاوانی سەرهەنگی هەیکەل پتەوی بە ئەزموون و لە خۆبایی گرت و تێیەوە خوری:
ئەو چەکەی دانێ!
سەرهەنگ بە دەستی راستی دەمانچە و بە هی چۆپەی کەلاشینکۆفی هاوریی پێشمەرگەی پیبوو و واق ما وچاوێکی لە “حسن”ی کەلاشینکۆف‌سوارکرد. ئەولە نیوان خەون و واقیع، غرور و حەقیقەتدا تێ‌مابوو. دەیزانی بە پێی یاساکانی سەربازی و هەلکەوتەی وەزعەکە ئەگەری ئەوەی کە پێشمەرگە لاوەکە دەسرێژیان لێ بکات و لە پیش هەموواندا سەرهەنگ تێدا بچیت زۆرە. بۆیە کەوتە سازکردنی شەریکی دەروونی و لە دەروازەی پێگە و شان و شەوکەتی خەیالی خۆیەوە هاتە ناو دیالۆگەوە.
من سەرهەنگی دەولەتم و بە ناوی نوینەری دەولەت ئەمرت پیدەکەم تۆ چەکەکەت دانێ و تەسلیم بە!
ئێستا حسن تەنیایە، تەنیا وەک کوردستان، پێشمەرگەیەکی هەلبراو لە بەرامبەر دەولەت و سەرباز و نیزام‌دا سەنگەری گرتوە. کۆمەلێک گەنج و خەلکی شار چاویان بریوەتە ئەو دیمەنە. هێندێک خۆ مەڵۆس کردوو و بەرژەوەندی تێک‌نەدەر، باریکە دەکەن و دەرباز دەبن. هێندێک تف لەزاردا وشک بوو بە پەرۆشەوە دەرواننە ئەو تاقە پێشمەرگەیە و نیگەرانی چارەنووسی ئەون. هێندیکیش دەروونیان لە جۆشە و لە گەل خۆیان شەریانە و لیو دەکرۆژن کە بۆ پێشمەرگە نین تا پشتیوانی حسن بن.
حسن خۆی نە شڵەژاند و سوورتر و بە برواتر رووی لە سەرهەنگ کرد و وتی:
من پێشمەرگەم ونوێنەری خەلکی خۆمم. لە ئاست کورد و کوردستاندا بەرپرسیارم بۆیە وەک پێشمەرگە ئەمرت پێدەکەم تا دامنەبێژتوون چەکی هاورێی پێشمەرگەم دانێ!
سەرهەنگ فکری شۆوینیستی پەهلەوی لە دەماراندا بزوێن، خڵتەی باڵادەست بوون لە خانەکانی مێشکیدا مەییو، لە چرکە ساتێکدا سەیرێکی قوبە و شەبکە و ئەستێرەی سەر شانی دەکات وئەوان دەگەڵ ٢١ی ئازەر و ٢٨ی مورداد ئاویتە دەکا و ئەولاپەرانە هەلدەداتەوە کە رووتەلە عەجەمێکی ژاندارم بە زەبری چەک بە سەر کوردستاندا خۆی سەپاندوە، بۆیە ئەو دیمەنەی زۆرلا سەیرو بەژان بوو و نەیدەتوانی لێی تێبگات.
حسن‌یش هێز و ئیرادەی لە رووخانی تاچ و تەخت و لە دایک بوونەوەی هەستی خەستی کوردایەتی هەڵدێنجا و ئایەتی بروای لە سوورەتی “کوردبوون”ی لە لاپەرەکانی دەفتەری میژووی ” ئەمەر حەمە سوور” و کۆماری کوردستان و پەیامی” مەلا ئاوارە” و دواجار شەری” تەق‌تەقی گرژال” و ئەرکی پێشمەرگایەتی دەخویندەوە و دەیکرد بە ئیسپاتی حەقانیەتی خۆی و نەمانی مەشرووعیەتی دەولەتی عەجەم.
سەرهەنگ کەلاشینکۆفەکەی بۆ سەربازەکان هاویشت چاوی لە حسن بریبوو. حسن جاریکیتر هاواری کرد بۆ دواجار پێتان دەلێم چەکی برای پێشمەرگەم دانێن!
سەرهەنگی دەولەتی داگیرکەر بە ناچاری و نا بەدلی ئیشارەی دا بە سەربازەکان کە ئەمری پێشمەرگەکە بەریوە بەرن. لە چاوجووقانیکدا تەفەنگی پیشمەرگە لە سەر ئەرز دانرا و سەرهەنگ سینگی خستەوە ناوەوە ودەگەڵ سەربازان سواری جیب بوونەوە و سەنگەریان چۆلکرد.
ماشینی هەلگری نوینەری زولم و فشەی دەولەت لە پیچی شەقامی کەمەربەندی هێشتا ئاوا نەببوو کە حسن لە سەر دەستی لاوانی شار وەک قارەمانێک کە شکۆی دەولەتی شکاندوە و پێشمەرگایەتی ئیسپات کردوە، ماچ باران دەکرا.
٢٠٢٠-١٢-٢٩
سەید ئەحمەد حوسێنی
لە فەیسبووکی ناوبراو وەرگیراوە