یەکەم نیگارکێشی کورد لە ئەنجوومەنی سینەمای ئێران کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی نیگارکێش و هونەرمەندی دەست ڕەنگین و بە توانای کوردستان کاک مەنسوور قازی‌زادە.
زۆر بەداخەوە یەکێک لە هونەرمەندە بە تواناکانی بواری نیگارکێشی بەرێز کاک مەنسوور قازی‌زادە بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆرای خزم و دۆست و ئاشنایانی دا لە گۆرستانی هونەرمەندانی تاران دا بە خاک سپێردرا.
بەرێز مەنسوور قازی‌زادە لە ٠١ -٠١-١٣٣٢ ی هەتاوی لەگەڵ کاک مەنووچێهری برای وەک دووانە لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی دەست ڕۆیشتوو دا و لە ئامێزی دایک و باوکێکی نیشتمان‌پەورەر و خۆشەویست دا لە دایک دەبن. باوکی ناوی خالید قازی‌زادە کوری قازی سەعید، خەڵکی شاری سەردەشت و دایکی ناوی خاتوو ستارە حەددادی خەڵکی شاری سەقز بووە. بەهۆی ئەوە ماڵی باب و باپیرانی کاک مەنسوور لە شاری سەردەشت دەژیان زۆربەی خەڵکی سەردەشت و بە تایبەت ئەو کوردانەی کە لە تاران دەژیان لە نزیکەوە دەیانناسی. کاک مەنسوور بەشێک لە ژیانی لە شاری سەردەشت، لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی تێپەر کردووە و خوێندن و خۆپێگەیاندیشی هەر لەو شارە بووە و دواتر ماڵیان دەچێتە شاری مەهاباد و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدات. باوکی کاک مەنسوور کاک “خالید قازی‌زادە” لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی دەکات .
دوای کۆچی دوایی باوکیان کاک مەنسوور و کاک مەنووچێهر و خوشکەکانی هەموویان لە ژێر سێبەری خاتوو ستارە حەددادی و هەروەها مامۆستای پایەبەرز و دەست ڕەنگینی بواری نیگار کێشی کاک ناسر قازی‌زادە دا گەورە دەبن. مامۆستا ناسر ئەرکی باوکی‌یەتی و پێگەیاندنی مەنسوور و برا و خوشکەکانی دەگرێتە ئەستۆ و بە دڵئاواڵەیەوە ژیانی خۆی بۆ گەشە کردنی خوشک و براکانی تەرخان دەکات و ئەوەش دەبێتە سەرفەسڵی ژیانێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیە.
کاک مەنسوور هیوا و ئارەزوەکانی بۆ درێژەدان بە ژیانێکی باشتر دێنێتەوە شاری سەردەشت و هەر لەوێ لەگەڵ پۆلێک لە گەنجانی ئەو شارە خەریکی کاری هونەری خۆی دەبێ و بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی دەبێتە مامۆستای پۆلێک لەو گەنجانەی خوازیاری نیگارکێشین و خۆبەخشانە و لە ڕیگا پەرە پێدانی بواری نیگارکێشی کۆمەڵێک گەنج و لاوی سەردەشتی فێری نیگارکێشی دەکات و ناو و ناوبانگ دەردەکات و بە هۆی کارەکانی‌یەوە، هێندەی دیکە لە نێو خەڵک دا خۆی خۆشەویست دەکات.
کاک مەنسوور مرۆڤێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و لە هەمان کاتدا مامۆستایەکی زانا و دەست ڕەنگین و خۆشناو بوو. لە دووکانە بچکۆلانەکەی خۆیدا خەڵکی فێری وانەکێشانەوە و فێری ژیبگەپارێزی و جوانی دەکرد. بەرێزیان زۆرجار لەگەڵ هاورێکانی سەردانی باخ و باخاتی دەوری شاریان دەکرد و بە چاوی دڵ وێنەی سرووشتی دەگرت و دوای گەرانەوەیان بۆ نێو شار، کاک مەنسووری دەست ڕەنگین وێنەکانی ناو دڵی کە پێکهاتبوون لە سرووشتی جوان و ڕازاوەی سەردەشت، دەهێنانە سەر تابلۆ و بەم شیوەیە هەم ڕێزی لە جوانی سرووشت و دەوربەری دەگرت و هەمیش ئارەزوو و خولیای نیگارکێشی خۆی لە قالبی تابلۆدا دەردەخست و دڵی کەسێک و یا بنەماڵەیەکەی پێ شاد دەکردن.
کاک مەنسوور مامۆستای نیگار کێشی کۆمەڵێک لە گەنجانی شاری سەردەشت و شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران بوو، مامۆستای ناسر و عەبدوڵلای کەریمی بووە، هەر ئەوەش وایکردبوو کە بەردەوام ئاگام لە کارەکانی بێ.
نیگارکێشانەوە و تابلۆ نەخشاندن بە فڵچە کاری سەرەکی کاک مەنسوور بوو، ئەگەر دەستی بە کاری نیگار کێشانەوە دەکرد ڕووح و هەستی خۆی تێکەڵ بە کارەکەی دەکرد و بە دەم ڕەنگاندن و کێشانەوەی تابلۆکان دا گوێی لە دەنگی گۆرانیبێژانی دەنگخۆش و ڕەسەنی کورد دەگرت و بەدەم کێشانەوەی تابلۆکان دا لێیان دەکشایەوە لە دوورەوە بە چاوی دڵ سەیری تابلۆکانی دەکرد و کەم و کوری و ناڕێکیەکانی بە زووترین کات چاک دەکردن و دوای ئیشک بوونەوە لەبەردەم دوکانە بچکۆلانەکەی دادەنان و دیمەنێکی جوانی بە دووکانەکەی و سەرشەقامی نزیک دووکانەکە دەبەخشی.
مامۆستا ناسر ئەوەندە خولیا و حەزی لە سەر نیگارکێشانەوە هەبوو کە هیچ بەربەستێک نەیدەتوانی پێش بە کارەکەی بگرێ. ناوبراو لە ژێر تەوژمی گەرما و سەرما دا و لە کاتی نەبوونی بەرق و ڕووناکی دا و بە تایبەت سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ و دواتریش لە ژێر بۆمباران و تۆپبارانی ڕژێمی ئێران و ڕژێمی بەعس دا دەستی لە کارەکەی هەڵنەدەگرت و زۆر وەستایانە و شارەزایانە و خۆشەویستانە، درێژەی بە کارەکەی خۆی دەدا، دوای ئەوە لە لایەن ئیتلاعاتەوە دووکانە بچکۆلانەکەی داخرا، لە یەکێک لە ژوورەکانی ماڵەکەمان دا لەگەڵ کاک ناسر و کاک عەبدوڵڵا کاری نیگارکێشی خۆیان درێژە دەدا و بە دەستی بە توانای خۆیان زۆر تابلۆی جوانیان کێشاونەوە. هەڵبەت کاری نیگارکێشی و جوانکاری‌یەکەی کاک مەنسووری قازی‌زادە دەیکرد و هاوکاتیش ئەوانی ڕادەهێنا کە چۆن کاری نیگارکێشی بە دڵ و بە گیان بکەن.
سەبارەت بە لێزانی و شارەزایی و بلیمەتی دا دەبێ کەسانێک لە سەر ئەو هونەرمەندە بنووسن کە شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بەڵام وەک خۆم هەمیشە کارەکانی کاک مەنسوورم لە نزیکەوە دیتوون و ئەوەش بۆ من جوانترین دیاری و خەڵات بوون هەر بۆیە ئۆگری دەست ڕەنگینی و شاکارەکانی بووم.
نەمر مامۆستا مەنسوور زۆر ئۆگری بە خاکی نیشتمان و خەڵک و دانیشتووانی زێدەکەی و وڵاتەکەی بوو، ئەو لەگەڵ ئەوە دا دوو جار توانیبووی بچێتە فەرانسە و بۆ ماوەیەک لە نزیک مامۆستای بەرێز کاک ناسر قازی‌زادە بێ، بەڵام هەر دوو جار لەبەر ئۆگری تایبەت بە خاک و نیشتمان گەرایەوە کوردستان. دیارە لە ماوەی مانەوەی لە فەرانسە دا چەند تابلۆی بەنرخ و جوانی وەک یادگاری بۆ برای گەورە و مامۆستای بە توانا کاک ناسر قازی‌زادە نەخشاندوون و هەر لەوێ وەک بیرەوەری بەجێی هێشتوون و ئێستا لە نێو تابلۆکانی مامۆستا ناسر دا دەدرەوشێنەوە.
شایانی باسە کە کاک مەنسوور یەکەم کورد بوو کە توانیبووی بچێتە نێو ئەنجوومەنی سینەماکارانی ئێران بۆ کێشانەوەی پەردە و پلاکاردی گەورەی سینەما. مێژووی ئەم بەشە قەرزداری کوردێکی دەست ڕەنگینی وەک کاک مەنسوور قازی‌زادەیە. نەمر کاک مەنسوور مامۆستای کێشانەوەی پلاکاردی سینمایی بوو، لە نیگارکێشی دا دەستێکی باڵای لە کێشانەوەی پەردەی سینەما دا هەبوو، پەردە گەورەکانی سەر دیواری سینەماکانی ئێران بەشێکی بەرچاویان لە لایەن کاک مەنسوورە دەکێشرانەوە و دواتر لە هەموو شارەکانی ئێراندا بڵاو دەبوونەوە، کەم کەس هەیە پەردە کێشراوە چەند میتری‌یەکانی کاک مەنسووریان لە یەکێک لە شارەکانی ئێران نەدیت بێ، کەم کەس هەیە کە کارە هونەری‌یەکانی ئەو نەمرەیان وەک شاکارێکی جوان چاو پێ نەکەوت بێ، مخابن کاک مەنسووری دڵ پڕ لە هیوا بە نەخۆشیەکی کوت‌وپڕ بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین و دڵی هەموو ئەویندارانی بواری نیگارکێشی و خزم و دۆست و ئاشنایانی غەمبار کرد.
کاک مەنسوور بە جەستە لە نێومان دا نەماوە، بەڵام بە خۆشیەوە بە سەدان و بگرە بە هەزاران وێنە و تابلۆ و پەردەی سینەمایی و شاکاری جوانی لە دوای خۆی بەجێ هێشتوون و بە دار و دیوار و تاقەی ماڵەکان و شوێنە گشتی‌یەکانەوە هەڵاوەسروان و ئاواتەخوازم کە دڵسۆزانی ئەو بوارە بتوانن بەرهەمەکانی کۆبکەنەوە و لە توێی کتێبێک دا وەک هونەرمەندە بە تواناکانی جیهانی نیگارکێشی بکەیتە دەستی نەوەی داهاتووی گەلەکەمان و کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەندتر بکرێ.
وەک دەگوترێ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بە هۆی ئەوە کە لەگەڵ ئەنجوومەنی سینەماکاران هاورێ بووە، چەند جارێک وەک ئەکتەری سینەمایی لە چەند فیلمێک دا ئەرکی ئەکتەری وەئەستۆ گرتووە کە هیوادارم لە داهاتوو دا لە فیلمەکان دا وەک ئەکتەریش یادی بکرێتەوە و نیشان بدرێ.
کاک مەنسوور هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئاواتم ئەوەیە کە هونەرمەندانی کورد، نووسەر و وەرگێرانی کورد، وەرزشوانان، ئەدیبان و توێژە دیارەکانی کوردستان لە کاتی زیندووبوون دا ڕێزیان لێ بگیرێ و چیدی دوای مەرگی ئەو ئازیزە خۆشەویستانە ئێمە یادیان نەکەینەوە، بەڵکوو هەر بە زیندوویی و لە کاتی خۆیدا ڕێز و قەدریان بگرین و بەرهەمەکانیان لێ بکرێن و نەهێڵین بەرهەمی دەستی ئەوان تۆزیان لێ بنیشێ و بەڵکوو بەکرینی بەرهەمەکانیان داهات بۆ کاری دیکەی ئەو بەرێزانە دابین بکەین.
ئەم کورتە نووسینە تایبەتە بە کاری نیگارکێشی مامۆستا مەنسوور قازی‌زادە، ئەگینا مامۆستا مەنسوور جیا لە کاری نیگارکێشی، مرۆڤێکی وەرزشکار، خەتات، مێهرەبان و دلسۆز بوو، لەگەڵ خەمی هەژارەکان و لەگەڵ ژیانی هاوسێ و جیرانەکانی دەژیا و لە کاتی لێقەومان دا بە گورج و گۆڵی وەک کەسێکی یارمەتیدەر بە هانای کەسی لێقەوماوەوە دەچوو، لە خەم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکرد و ئەوەش زیاتر ئەو نەمرەی خۆشەویستر و ڕێزدارتر کردبوو.
لە کۆتایی دا سەری ڕیز و خۆشەویستی بۆ کاک مەنسوور قازی‌زادە، ئەو کەڵەپیاوەی بواری نیگارکێشی دادەنوێنم، خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری سەردەشت بە تایبەتی مامۆستایەکی بەلیمەت و شارەزای بواری نیگارکێشی و مرۆڤێکی خزمەتکار بە گەل و نیشتمانی لە دەست دا و ئاواتەخوازم کە نموونەی وەک کاک مەنسوور قازی‌زادە و هەروەها نموونەی وەک مامۆستا ناسر قازی‌زادەمان زۆر بن.
لێرەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی قازی‌زادە و بنەماڵەی حەددادی شاری سەقز و بەگشتی خزم و دۆستان و ئەویندارانی ئەو بوارە دەکەم. رووحی شاد
حەمەرەسووڵ کەریمی