بە بەشداری سەدان کەس لە کوردستانیانی تاراوگە، ڕێز لە ٧٠ ساڵ مێژوویی پڕ سەروەری حدک گیرا

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥/٨/٢٠١٥ی زایینی بەرامبەر بە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧١٥ی کوردی، بە بەشداری نوێنەرایەتی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و سویدییەکان، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامان، لایانگران و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و سەدان کەس لە کوردستانیانی تاراوگە، کە بەشێکی بەرچاویان لە وڵاتانی نۆروێژ، فینلاند و دانمارکەوە، ڕوویان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کردبوو، ڕێز لە ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان گیران.
ئەو ڕێوڕەسمە پڕ شکۆیە کە لە ژێر چاوەدێری کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هاوکاری کومیتەکانی حیزب لە وڵاتانی سوید، نۆروێژ، دانمارک و فینلاند و یەکێتییەکانی ژنان و لاوان ڕێکخرابوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن کۆڕی سروودی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە وڵاتانی فینلاند و نۆروێژ ئامادە کرابوو و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە، خاتوو سکاڵا حەکیمزادە و هاوڕێ ئازاد بانەیی، بە پێشکەش کردنی وتەی سەرەتا و پارچە هۆنراوەیەک بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد. بە چەند وتەیەکی تێکۆشەری دێرین بەڕێز کاک حەسەن ڕەستگار، وەک بە تەمەنترین ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب، ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژی ٧٠ ساڵە بە فەرمی کرایەوە. بەدوای ئەو دا سروودی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٤ لە لایەن کۆڕی موسیکی لاوانەوە پێشکەش کرا. ئینجا پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەو بۆنە پیرۆزەوە لە لایەن هاوڕێ ئەسعەد خزری، بەرپرسی کومیتەی کومیتەی نۆروێژ،ی حیزب پێشکەش کرا. پاشان پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانییەکان لە سوید پێشکەش کرا. دوابەدوای ئەو هاوڕێ تێکۆشەر کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی بە نرخی سەبارەت بە مێژووی پڕ لە شانازی حیزب پێشکەش کرد. بەڕێز شەڵماشی لە وتەکانی دا وێڕای ئاماژە بە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ٧٠ ساڵ خەباتی بێوچانی حیزبی دیموکرات، ئاوڕێکی خێرا لەو مێژوو پرشنگدارە دایەوە کە حەوت دەیە لەمەوبەر بە دەستپێشخەری و سەرۆکایەتی پێشەوای مەزنمان قازی محەمەد دەستی پێکرد و تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت، سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپەی کە هاتووەتە سەر ڕێگای، بەڵام بێ پشوودان بەردەوامە لە خەبات و بە بەخشینی هەزاران ڕۆڵەی تێکۆشەری، لە ڕێبەرانییەوە بگرە تا هەزاران کادر و پێشمەرگە و ئەندامی، درێژەی بەو ڕێگە دژوارە داوە و دڵنیایە لە سەرکەوتن و دەستەبەر کردنی ماف و ئازادی بۆ گەلەکەی. بەڕێز شەڵماشی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بەو دەستکەوت و شانازییە دا کە لە کاتی درووست بوونی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە تا ئێستا وەک دیاری پێشکەشی گەلی کورد کراون، کە دەکرێ ئاماژە بە ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بکرێ. بەڕێزیان باسی نەتەوەیی بوونی حیزبی دیموکراتی کرد و بۆ ئەوەش ئاماژەی بە هاریکاری ئەو حیزبە بە درێژایی تەمەنی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد. پاشان هاتە سەر باسی کارو دەستکەوتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٧٠ ساڵی رابردوو و دا ئەو هەل و دەرفەتانەی کە بۆ خوڵقاون. لەو پەیوەندییەش دا ئاماژەی بە کۆماری کوردستان وەک نموونەیەکی درەوشا لە دەسەلاتدارییەتی کورد کرد. هاوکات ئاوڕێکی قووڵی لەو هەلە لەدەستچووانە دا کە لە ماوەی تەمەنی ئەو حیزبە دا هاتوونە پێش. بەڕیز شەڵماشی بە چاوێکی ڕخنە گرانەوە باسی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزب کرد و کێشە و دووبەرکی و لەت بوونەکانی بە خۆرە بۆ جەستەی داری تەمەنی ٧٠ ساڵەی حیزب زانی. لە کۆتایی قسەکانی دا بەڕێز مستەفا شەڵماشی هیوای خواست کە بنەماڵەی گەورەی دیموکرات بۆ جارێکی دیکە سەریەک کەوێتەوە و ئەو ناکۆکی و دووبەرکییە لە نێو ڕیزەکانی ئەو حیزب دا نەمێنێ. بە دوای ئەو دا پشوو ڕاگەییندرا، کە لەو ماوەیە بە پێشکەش کردنی شیرینی و ساردەمەنی ڕێز لە ٧٠ ساڵ خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان گیرا. ئینجا کیژۆڵەی دەنگخۆشی دیموکرات خاتوو باوانی کەریمی، بە هاوکاری موسیک ژەنی بە توانا ڕەهیڵ، چەندین سروود و گۆرانی خۆش و ناوازەیان پێشکەش کرد و کۆڕەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا پەیامی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتییەکانی ژنان و لاوان لە لایەن خاتوو مەحبووبە ڕەحیمی و کاک شاخەوان عەبدی پوور،وە پێشکەش کرا. بەشی کۆتایی ڕێورەسمەکە بە دەنگی خۆش زوڵالی هونەرمەندی شۆڕشگێڕ کاک جەمال فەتحیان ڕازایەوە، کە ئەویش بە پێشکەش کردنی چەندین سروود و گۆرانی ڕەسەنی کورد، دڵی ئامادە بووانی خۆش کرد و بزەی شادی خستە سەر لێوی بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمە. پێویست بە ئاماژەیە کە کوڕی هەڵپەڕکێی لاوانی دیموکرات دیمەنێکی جوانی بەخشیبووە شانۆی هۆڵی ڕێوڕەسمەکە.
کۆمەڵێکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرەڕای بەشدارییان، بە ناردنی برووسکە پیرۆزبایی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبیان کربوو کە بریتی بوون لە:
– نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
– فیدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانییەکان لە سوید
– پارتی دیموکراتی کوردستان
– یەکێتی نیشتمانی کوردستان
– کۆمەلەی شٶڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان
– کومەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
– پارتی ئازادی کوردستان
– بزووتنەوەی گۆڕان
– پارتی سەربەخۆیی کوردستان
– کومیتەی کەمپێنی یەکبوون
– کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتییەکانی ژنان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

کومیتەی ئامادەکاری ڕێوڕەسمی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان