کچانی شیناوێ و برینی ساڕێژ نەکراویان

کچانی شیناوێ لە گەڵ دەردو ئازارەکانیان گەورە دەبن و تا ئێستاش بەرپرسانی حکومەتی ئێران وادەکانی خۆیان جێ بە جێ نەکردوە.

لە پانزدەی سەرماوەزی ١٣٩١ ھیجری شەمسی لە دێھاتی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشارلەڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ئێستادا سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی کۆماری ئیسلامیە، لە ڕۆژێکی ساردی پاییزی دا ٢٨ دانە لە مناڵانی چاوگەشی شیناوێ لە قوتابخانە کە بە کوورەی نەوتی ژورەکەیان گەرم دەکرد، ئاور کەوتە گیانیان و گیانی دو دانەیانی ستاندو ١٥ کەسی کەشیان بە قوورسی سووتان.

سووتانی جەستەی کچانی شیناوێ لە زەمانی سەرۆک کۆمار مەحموودی ئەحمەدی نژاد دا رویدا و حەمید رەزا بابایی وەزیری ئەو کاتی تەربیە باسی لە دانی ھەمو پێداویستیەک بۆ دەرمانی کچانی شیناوێ کرد. دوای ڕۆیشتنی وەزیر و ھاتنە سەر کاری وەزیری تازە تا ماوەیێک پروسەی دەرمان بە باشی دەڕۆیشتە پێش بەڵام ھێدی ھێدی لە گەڵ خەراب بوونی ئابوری ئێران پرۆسەی دەرمان لە نەخۆشخانەی تایبەت بۆ نەخۆشخانەی حکومی گوازرایەوە و وەکو پێویست پێڕاگەیشتنیان بۆ نەکرا.
پێڕانەگەیشتن و چارەسەرنەکردنی کچانی لێقەوماوی شیناوێ دەگەرێتەوە بۆ گرینگی نەدانی بەرپرسان و ئەوەیکە ئەوان کووردن و لە کۆماری ئیسلامی دا بە شارنشینی دەرجە دو دێنە ھەژمار.

ژانی سووتان و ئازاری دەرونی کە بۆتە میوانی ھەتا ھەتاییان بە جێگای خۆی، نەبوونی پێداویستی و ترسی ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ژیان وکوو ئاواتی ھەمو کچێک لە لایێکی تر، مردنی ئارەزوەکانیان لە گەل سووتانی دەموچاویان ھەمو ڕۆژێک وەکو مۆتەیێکی مەرگ لە سەر سەریانە.
پروسەی دەرمانی کچانی شیناوێ لەگەڵ بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا راوەستاوە و برینی جەستەی چەند دانەیێکیشیان چڵکی کردوە.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی حەزرەتی فاتم کە شوێنی دەرمان کردنی کچەکانە لە بەفرانباری پارەکەوە تا ئێستا بە بیانوی نەخۆشی کۆرۆناوە دەورەی دەرمانەکانیان راگرتوون و گوتویانە لەم بارودۆخەدا ناتوانین بەردەوام بین و تا ئێستا زیاتر لە ٩ مانگە کە ھیچ دەرمانێکیان وەرنەگرتوە.

ئەو کچانە بە ڕۆژنامەی ھاوشاریان گوتوە کە لەو کاتەوەی کۆرۆنا ھاتوە ھیچ کەس بە ھانایانەوە نەچوە و تەنانەت دەرونناسێکیشیان نەدیوە.
لاوازی بیر و نەبوونی متمانە و فش بوونەوەی بۆری دڵیان و ھەوڵی خۆکوشتنیان بۆ رزگاربوونیان لەو ژیانە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئاوات و ئارەزویان کەمدەکاتەوە و ھەمو ڕۆژ ئاواتی مردن و ڕزگار بوون لەو ژیانە پێش ناوی خۆیان دێتە بیر و ھزریان.

گەندەڵی و نەبوونی سیستێمێکی باش لە کۆماری ئیسلامیدا بەرۆکی کچانی شیناوێشی گرتۆتەوە و تەنیا ڕێگا، نە تەنیا بۆ ئەو کچە زوڵم لێکراوانە بەڵکو بۆ ھەموو خەڵک، ڕزگاربوون لە دەست ئەو زاڵمانەیە.

ڕەحمەت مەحموودپوور