چالاکیی پێشمەرگەکانی دیموکرات‌و پارێزه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ نێوشاری شنۆ

پێشمەرگەکانی دیموکرات بە هاوڕێیەتیی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو شاری شنۆ چالاکییان ئەنجام دا. دەسپێکی شەوی ٢٥ لە سەر ٢٦ی خەرمانان، لە ٢٣ ساڵەی تیرۆری ڕیبەری شەهید د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیان فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵا‌ن‌و نووری دێهکوردی، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و تیمێک لە پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکییەکی هاوبەشیان لە نێو شاری شنۆ ئەنجام دا.
ڕۆڵەکانی دیموکرات لە دەسپێکی چالاکییەکەیان‌دا نفووزیان کردە نێو ئاوایی تاچیناوێ کە ئێستا لەگەڵ شاری شنۆ تێکەڵ بووەتەوە. ئەوان وێڕای دیدار نوێکردنەوە لە گەڵ خەڵک، لە ڕێگای بڵیندگۆی مزگەوتەوە، سروودی ئەی ڕەقیب‌و کۆمەڵێک سروودی شۆڕشگێریی دیکەیان بڵاو کردەوە.
دەنگی سروودی شۆڕشگێرانە هاندەری خەڵک بوو بۆ ڕژانە نێو کۆڵانەکان‌و شادبوونەوە بە دیداری ڕۆڵەکانیان. نیشتمانپارێزانی دیموکرات دواتر لە نێو شادی‌و خۆشحاڵیی دەربڕینی هۆگرانیان‌دا، بە دانی درووشمی” سادقی شەرەفکەندی وەک چیا سەربڵیندی” چوونە نیو گەڕەکی” سەیدابات”لە نێو شاری شنۆ. خەڵکی ئەو گەڕەکەش کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی سروودی شۆڕشگێرانە لە بڵیندگۆی مزگەوتی تاچیناوێ‌و، نرکەی دروشمی ڕۆڵەکانیان لە ماڵەکانیان هاتبوونە دەر، بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە ڕۆڵەکانی خۆیان کرد و بە سەدان کەس لە خەڵکی ئەو گەڕەکە باوەشیان بۆ نیشتمانپارێزانی دیموکرات کردەوە و بە وتنەوەی “بژی دیموکرات”‌و دووپاتکردنەوەی درووشمی شۆڕشگێرانە، هەستی گەرم و هەڵویستی نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بەرامبەر ڕۆڵەکانیان پێشان دا.
نیشتمانپارێزانی دیموکرات، پێشمەرگەکانی شاخ‌و شار، بە دوای دیدارو پەیمان نوێکردنەوە لە گەڵ خەڵکی تامەزرۆی ئازادی لە گەڕەکەکانی تاچیناوێ‌و سەیدابات، کە نزیکەی سەعاتێکی خایاند بە خۆشی‌و بە سلامەت لە شوێنی چالاکی دوور کەوتنەوە.
پێویستە بگوترێ لە مەودای نێوان تاچیناوێ‌و گەڕەکی سەیدابات‌دا، کاتێک کە پێشمەرگەکان دەیانەویست نفووز بکەنە نێو گەڕەکی سەیدابات، چەند بەکرێگیراوێک هەوڵیان دا بە تەقەکردن ڕێگری لە پێشڕەویی پێشمەرگەکان بکەن کە لە گەڵ یەکەم دەسڕێژی ڕٶڵەکانی گەل، خۆیان نەگرت‌و نەیانوێرا سەر وەدەر بنێنەوە.
فەرماندەری پێشمەرگەکانی دیموکرات لە پێوەندییەک لە گەڵ ناوەندی هەواڵی کوردستانوکورددا، وێرای راگەیاندنی سوپاس و پێزانینی خۆی و هاوڕێیانی لە پێشوازیی خەڵکی سەربەرزی شنۆی دڵسۆز، وریاییشی بە بەکرێگیراوان و هاودەستانی دامو دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دا کە ڕێگر نەبن لە دیداری خەڵک و ڕۆڵەکانیان، ئەگینا بەرپرسایەتیی هەر ڕووداوێک دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.