پێشمەرگەکانی دیموکرات لە ناوچەی نەغەدە لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بوون

(ڕاپۆرتی مەیدانیی هەواڵنێری کوردستان وکورد لە ناوچەی نەغەدە لە دیداری خەڵک و هێزی پێشمەرگەی دیموکرات) … کوردستان وکورد: پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەر گەشت و هەڵسووڕانیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و هەر جارەی دانیشتوانی گوندێک و ناوچەیەک بە دیداری خۆیان خۆشحاڵ دەکەن.
لە پێوەندییەک لە گەڵ ناوەندی هەواڵی کوردستان وکورددا، پەیامنێرمان لە ناوچەی نەغەدە و لە ئاوایی گەرگوولی خوارێ، پێی ڕاگەیاندین: کاتژمێر ٨ی ئەمشەو( دووشەمە لە سەر سێشەمە) ٢١ لە سەر ٢٢ی سێپتامبر(٣٠ خەرمانانی ٢٠١٥)،هێزێک پێکهاتوو لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چوونە نێو ئاوایی گەرگوولی خوارێ لە ناوچەی لاجان هەڵکەوتوو لە نیوان شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و مەهاباد. خەڵکی گەرگوولی خوارێ کە ماوەیەکی زۆر بوو تامەزرۆی دیداری ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان بوون بە ئاگادار بوون لە حزووری هێزی پێشمەرگە لە نێو دێیەکەیان، بۆپێشوازی لە ڕۆڵەکانیان لە ماڵیان هاتنە دەر. بە هۆی زۆریی ژمارەی ئەو ژن و پیاوانەی هاتبوونە پێشوازی، هاوڕێی بەرپرس و فەرماندەری ئەم هێزەی دیموکرات لە بڵیندگۆی ئاوایی، قسەی بۆ خەڵکەکە کرد. ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای راگەیاندنی سپاسی خۆی و هاوڕێیانی لە پێشوازی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەی خەڵک، دڵنیایی پێدان کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لێ بڕاوە جار بە جار و ساڵ بە ساڵ حوزوورێکی کاریگەرتریان لە نیو خەڵک و نیشتمانی خۆیان دا هەبێ. ئەم ئاواتە دێرینەی خەڵک و پێشمەرگەش تەنیا بە هاوکاری و پشتیوانیی هەر چی بوێرانەتری خەڵک لە ڕۆلەکانی خۆیان، مسۆگەر دەبێ. بەرپرسی ئەو هێزەی دیموکرات،لە سەر سیاسەتەکان و کۆمەڵێک هەڵوێست و بڕیاری حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ خەڵکەکە دوا و بۆی ڕوون کردنەوە کە حیزبی دیموکرات، خەبات لە پێناوی ئامانجەکانی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرانە و بە هەموو شێوەیەکی مومکین بەرەو پێش دەبات. بە دوای دیدارنوێکردنەوەی خەڵک وپێشمەرگە لە کەشوهەوایەکی حەماسی و شۆڕشگێڕانە دا نیشتمانپاریزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگەکانی دیموکرات بە خۆشی و سڵامەتی ماڵاواییان لە خەڵكی بەڕیزی گەرگوولی خوارێ کرد.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە هێزی پێشمەرگەی دیموکرات، ئەمساڵیش بە هاوڕێیەتی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەندین ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ وێنەی ناوچەکانی سەردەشت، رەبەت،شنۆ، بانە، مەهاباد، پیرانشار، نەغەدە، هەورامان، مەریوان و سەقز دیداریان لە گەڵ خەڵک نوێ کردەوە. چوونی پێشمەرگەکانی دیموکرات بۆ نێو شاری شنۆ لە ٢٣ساڵەی شەهیدکرانی د.سادق شەرەفکەندی لە حەوتووی ڕابردوودا، بووە هۆی جێژن و شادمانیی خەڵکی ئەو شارە، و ترس و نیگەرانییەکی زۆریشی خستە دڵی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.