شاعیرێکی شاری سەردەشت بە هۆیەکی نادیار لە سولێمانی باشووری کوردستان دەکوژرێ.

بە پێی هەواڵ شەوی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ -١٠- ٢٠١٥ شاعیری گەنج و خۆشناوی شاری سەردەشت کاک حوسێن ڕەحیم‌ئەقدەم لە لایەن چەند کەسێکەوە بە چەقو هێرشی دەکرێتە سەر و دوای ئەوەی بە تووندی برینداری دەکەن، تەرمی نیوەگیان و خوێناوی ناوبراو لە شوێنی هێرشەکە بە جێ دێڵن.
ئەگەرچی تەرمی نیوەگیان و خوێناوی شاعیری گەنج بە هیممەتی هەندێک خەمخۆر دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەی سولێمانی، بەڵام مخابن بە هۆی کاریبوون و سەختی برینەکانی و وێرای هەوڵی دوکتورەکان لە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدا.
کاک حوسێن ڕەحیم ئەقدەم، ساڵی ١٩٦٤ ی زائینی لە بنەماڵەیەکی خۆشەویست و جێ باوەری شاری سەردەشت لە دایک بووە، ناوبراو مرۆڤێکی خۆشناوی شاری سەردەشت بوو، لە بوارەکانی وەرزش و کاری هونەری و فەرهەنگی شار دا مرۆڤێکی دڵسۆز بوو، بۆ کاری هەرەوەزی و گشتی هەمیشە وێرای لاوانی دیکە خەریکی ڕاپەراندنی ئەو کارانە دەبوو کە دەبوو بە گشتی بەرێوەیان بەرن، لە سەریەک سیمایەکی باش و دیاری سەردەشت و دەوروبەری بوو و وەک یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شار خەمی لە ژینگە و ئاژەڵ و مرۆڤەکان دەخوارد و هەوڵی بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی‌یەکان دەدا.
کاک حوسێن وێرای کاری ڕۆژانەی خۆی بەشێک لە کاتی خۆی بۆ نووسینی هۆنراوە و شێعر تەرخان کردبوو، بەشێک لە شێعرەکانی ناوی خۆی لە سەر نەنووسیوون و هەروا خوێندوونیەوە و یا لە لاپەرەی فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردوونەوە، هەر لەو پەیوەندی‌یەدا چەندین شێعر و هۆنراوەی جۆراوجۆری وەک بەرهەم لە دوای خۆی بەجێ هێشتوون و لە بەرنامە شێعری‌یەکانی شاعیرانی دیکەش دا بەشداری چالاکانەی دەکرد.
ئەگەرچی تاکوو ئێستا ڕوون نەبۆتەوە بۆچی لە لایەن چەند کەسێکەوە بە چەقو هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی سولێمانی “سەرکەوت ئەحمەد ڕایگەیاندوە کە تاوانبارەکان دەستبەسەر کراون و ئێستا لە گرتووخانەدا راگیراون و تا کاتی لێکۆلینەوەی گشتی دۆسیەی کوژرانی کاک حوسێن کراوەتە و هەوڵ دەدرێ بە زووترین کات هۆکاری کوشتنی شاعیری گەنجی شاری سەردەشت ڕوون بکرێتەوە.

بە بۆنەی کوژرانی و کۆچی ناوادەی ڕیزدار حوسێن ڕەحیم ئەقدەم لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان لە نیوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەموو بنەماڵەی بەریزیان دەکەین و ڕووحی شاد و لە دڵاندا هەردەم زیندوو بێ.

گیارەنگ