مام عەزیزی ئازیز، باوکی هەمووان ئۆغرت خێر بێ

زیاتر لە ٤٥ ساڵە دەتناسم، پیش ئەوەی شا بروخێ هاتووچۆی لای باوکمت دەکرد و بە دڵەوە هەموومان گوێمان بۆ قسە بەنرخەکانت ڕادەگرت.
مامی هەمووان، باوکی گشتمان، تاجی سەرمان!!
تۆ نامری و هەر لە یادمان دای، تۆ گەورەو سەروەرمان بووی، مامۆستا و فەرماندە و پێشرەومان بووی، تۆ ساحەب ئیرادە و گەورە و باب و ماممان بووی، بە دڵنیایەوە لە بیر و هزرمان دا هەروا دەمێنیەوە.
لە کۆمارەوە دەستت پێکرد و تا ئێستاش هەروا بەو ڕێچکەیە دا بێ ماندوو بوون هەنگاو دەنێی و ئێمەش هان دەدەی کە بەو ڕێگایەدا هەنگاو بنێین.
گەورەم، مامۆستام، هێزی باوەر و ئیمانمان!١
خەمی کۆچت، خەمی ڕۆیشتنت، بۆ ئێمە هێندە گرانە کە لە نووسین و باس کردن نایە.
١٥ ساڵ پێش ئێستا نووسینێکی ١٠ لاپەرەییم لە سەر ژیان و بە سەر هاتی گەورەمان مام عەزیز نووسی. ئەو نووسینەم بۆ دوایین منداڵی مام عەزیز، کاکە برایم خوێندەوە و بە یەکەوە هێندێک ئاڵۆگۆری بیرورامان کرد.
نووسینەکە ئامادەی بڵاو کردنەوەیە، بەڵام دیسان دەست رادەگرم چوونکە پێم وایە نووسینەکەم کڕچ و کاڵی پێوە دیارە و دەبێ دەوڵەمدندتر و پڕ نیوەرۆکتر بکرێ.
رووحت شاد گەورە پیاوی ناوچەکەمان، ڕووحت شاد بابی هەموومان.
ڕەوانت شاد کێوی ورە و ئیمان، رووحت شاد مەزهەری وەفا و ئەمەگ و تێکۆشان، تۆ نامری و هەردەم لە یادمان دا پێشەنگ و پێشرەو و گەورەمانی.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی مام عەزیز عەزیزی و دانیشتوانی بێوران و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمتان دەزانم و ئێوە تەمەن درێژ بن.
باوکی ئێوە سەروەر و گەورە و پێشەنگی کاروانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوو.
ئەو مەزهەری خۆشەویستی و وەفا بوو.
کاتێک لە سەر تەختی نەخۆشخانە بووم و لاقێکم بڕا بۆوە، مام عەزیز لە تەنیشتم بوو، گووتی: حەمە گیان، ڕۆڵە شیرینەکەم، خۆزگە حەمە عەزیز و کاکە ڕەسوول و هەموو شەهیدان وەک تۆ زیندوو دەبوون و بە جێیان نەدەهێشتین و بە ڕۆیشتنیان ئەو خەمە گەورەیان لە سەر دڵمان جێ نەدەهێشتین، ئەو قسەیە منی ڕاستکردەوە و بریارم دا گۆچانی دەست مام عەزیزەکان بم.
ئەوەیە گەورەیی مام عەزیز و هەر بۆیەش هەموومان بە کۆچی غەمبار دەبین.
لە ڕێگەی ئەم کورتە نووسینە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی مام عەزیز و هەموو خزمان و کە س و کاری لە نێوخۆی کوردستان و دەروەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمتان دەزام و ئێوە تەمەن درێژ و ساخ و سەلامەت بن. مام عەزیز باوکی هەموو لایەکمان بوو و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.