بە ئەمنیەتیکردنی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان بە چ مەبەستێک؟!

سمایل شەرەفی

سمایل شەرەفی
رۆژانی ١٩ و ٢٠ی ڕەزبەری ئەمساڵ (حەوتووی ڕابردوو) بۆ بەڕێوەچوونی “کۆنگرەی ئەزموونی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی ” لەشاری شنۆ تەرخان کرابوو. بۆ ئەم کۆنگرەیە کە لە لایەن ئەنجوومەنی ئەدەبیی شاری شنۆ(پرشنگی گەلاوێژ)ەوە رێک خرابوو، بە دەیان کەس لە ئەدیبان و خاوەن قەڵەم و خاوەن نەزەرانی کورد لە هەرچوار پاڕێزگای ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ، بۆ ئەم کۆنگرەیە بانگهێشت کرابوون. چەند کاتژمێر پێش لە کردنەوەی کۆنگرەکە، سپای پاسداران بە هەڵواسینی کۆمەڵێک وێنە و پۆستێری تایبەت بە ڕیبەرانی کورد بە تایبەت شەهیدان؛ پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور عەبدولڕحمان قاسملوو و هەروەها نووسینی کۆمەڵێک ئیدیعای دوور لە ڕاستی لەسەر بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ڕێبەرانی لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرە، هەوڵی بەلارێدابردن و مودیرییەتی کۆنگرەکەی بە مەیل و ئامانجی دژی‌گەلیانەی خۆی دا. دوای ئەوەی بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە و بەتایبەت میوانەکان بەم کارە پڕ لە تەوهین و بێ‌ڕیزییەی سپایان زانی، بەشی هەرەزۆریان وازیان لە بەشداریکردن لە کۆنگرە هێنا و شوێنەکەیان بەجێهێشت.

ئەگەر لە ئامانجی دەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی رێژیم لەم کارەیان بکۆڵینەوە، پێویستە لە دەلاقەی گرینگی و جۆری کاریگەریی ئەم جموجۆڵە فەرهەنگی و ئەدەبیانە لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەیری پیلانەکە بکرێ. ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان لە شارو ناوچەکانی کوردستان‌دا کە لە نیوەی دەیەی حەفتای هەتاوی بەملاوە دامەزران و بە چڕی دەستیان بە خزمەت و تێكۆشان کرد، جیا لەوەیکە شوێنێک بوون بۆ کۆبوونەوەی ئەدیبان، نووسەران و خاوەن نەزەرانی ئەم بوارە لە دەوری یەکتری، بەڵکوو ناوەندی پەروەردە و ڕاهێنانی چەند نەسڵێک بوون بۆ فێربوونی زمانی زگماکی، فێربوونی نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی و، زانکۆگەلێکی پڕ لە هزر و ئەندێشە بوون بۆ گەشەی بیری نەتەوەیی. هەر ئەم ئەنجوومەنانە بوون کە ساڵانە بە بەڕێوەبردنی کۆنگرە و کەرنەڤاڵی جۆراوجۆری ئەدەبی و فەرهەنگی، بە سەدان کەس لە کەسایەتییەکانی هەموو شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە لوڕستان و خۆراسانیشیان لە دەوری یەک کۆدەکردەوە و جۆرێک لە کلتووری یەکتر ناسین، چێ‌بوونی هەمگەرایی زمانی و فەرهەنگی و لە کۆتایی‌دا نەتەوەییان بنیات دەنا. ئەو بژاڤە مەدەنییەی کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارا دایە و رۆخسارێکی جەماوەری – مەدەنی بە بزووتنەوەی ناوخۆی وڵات بەرانبەر بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشێوە، یەکەم هەنگاوەکانی مەدیونی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکانی کوردستان و کۆمەڵگای ئەدەبییە.

پیلانگێڕییەکانی رێژیم و دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی و لەسەرووی هەموانەوە باندی مافیای سپای پاسداران بۆ لێدان لە ئێعتباری ئەم پاشخانە دەوڵەمەندەی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەمان کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانە، دەقیقەن دەگەڕێتەوە بۆ مەترسیی ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییەی کە ئەم ناوەند و ئەنجومەنانە لە بیری و زەینی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا بنیاتیان ناوە. ئەوان بەم کارانەیان دەیانهەوێ فەزایەکی قورسی ئەمنیەتی بەسەر ئەم جموجۆڵ و چالاکیانەدا فەرز بکەن کە چیدیکە خەڵک بە ئاسانی بەلایان‌دا نەڕوات و لەم جۆرە کۆنگرە و کۆبوونەوانە بپرینگێنەوە.

شێواندنی کۆبوونەوەی نووسەران و ئەدیبانی کورد پێش دوو مانگ بەر ئێستا لە شاری ئیلام و، لە کۆتایی‌دا پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی و هەڵوەشانەوە بە بیانووی ئەوەیکە حیزبێکی دیاریکراوی لە پشتە، سەرەتای بەڕێوەچوونی ئەم پیلانەی دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی کوردستان بوو کە ئەوەی لەم رۆژانەدا لە شاری شنۆ رووی دا بێ‌گومان کۆتایی ئەم پیلانگێڕیە نابێت.

هەڵوەشانەوە یان بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرە و کۆبوونەوانە بە مەیلی دام‌ودەزگاکانی ڕێژیم و بەتاڵکردنەوەی ناوەرۆکی ئەم کۆبوونەوانە لە پەیامی چالاکانی دەروەست و خاوەن هەڵوێست و دڵسۆزی زمان و کلتووری کورد و لە کۆتایی‌دا کۆتایی‌‌هێنان بەم کۆنگرە و کۆبوونەوە ئەدەبیانە، ئامانجی سەرەکیی رێژیم و دەزگا ئەمنیەتییەکانیەتی. بۆیە جێی خۆیەتی وێڕای لە‌قاودانی ئەم پیلانە، کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەت کۆمەڵگای مەدەنی قورس و قایم لە پشت ئەم توێژە لە چالاکانی کۆمەڵگا ڕاوەستن و ئیزن نەدەن بە ڕوانین و مێتۆدی ئەمنیەتییەوە بەرخود بە چالاکییەکانیان بکرێ

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت