کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە

کەماڵ حەسەن‌پوور

کەماڵ حەسەن‌پوور
سەردەمێک بوو خانێکی بەهێز، میرێکی دەستڕۆیشتووی ناوچەیەک یا فەرماندەیەکی سەربازیی خاوەن هێز، خاوەن دەسەڵاتە پەرتەوازەکانی وڵاتەکەی لەناو دەبرد یا بەچۆکی دادەهێنان و سەربەخۆیی وڵاتی خۆی ڕادەگەیاند. لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا خەباتی جەماوەریی بە دژی داگیرکەرانی کۆلۆنیالیست سەربەخۆیی بۆ ڕێژەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی سەربەخۆی ئێستا بە دیاریی هێنا. بەداخەوە کاتێک کە ئێمە خانی خاوەن دەسەڵات، میری بەهێز و فەرماندەی سەربازیی خاوەن هێزمان هەبوو هێشتا بیری نەتەوە پەرستی یا نەبوو یا گەلێک کرچ و کاڵ بوو و هەوڵیکی جیددی و سەرکەوتوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدرا.
خەباتە جەماوەرییە یەک لە دوای یەکەکانی سەدەی ڕابردووش هەر یەکە بە شێوەیەک لەناو چوون کە خاڵی هاوبەشی سەرجەم ئەو هەوڵانە ناکۆکیی ناوخۆیی کورد بووە.
١٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٧ ڕۆژێکی ڕەشی دیکە لە زنجیرە نسکۆیەکانی خەباتی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی بوو و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە سۆشیال مێدیا خەڵکێکی زۆر بە شێوەی جۆراجۆر بیر و ڕای خۆیان لە بارەی ئەو کارەساتە دەربڕیوە. شتێکی هاوبەش لە نێوان زۆربەی ئەو بۆچوونانە بەداخبوون لە خیانەت لە لایەن تاقمێکەوە بووە.
ئێمەی کورد وەک زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە تاوانبار کردنی خەڵکی دیکە وەک هۆی سەرەکیی نسکۆکانی خۆمان زۆر ئازاین و کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبریش لەو نێوە دا ڕیزپەڕ نییە. ئەو لایەنانەی کە لە بیرۆڕا دەربڕینەکاندا وەک تاوانباری نسکۆی ١٦ی ئۆکتۆبر باسیان لێوە دەکرێ ئەوانەن:
• دەوڵەتی عێراق
• ڕێژیمی ئێران
• دەوڵەتی تورکیە
• زلهێزانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا
• بەشێک لە ڕێبەریی یەکیەتی
• پارتی دێموکڕاتی کوردستان
ئەوەی کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەوڵ بۆ نەزۆک کردنی هەر چەشنە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردان بدەن نە تەنیا سەیر نییە بەڵکو شتێکی چاوەڕوان کراوە، کەوابوو باسی دەوری تێکدەرانەی ئەو دەوڵەتانە لە نسکۆی ١٦ی ئۆکتۆبر شتێکی حاشا لێنەکراوە و لە داهاتووشدا ئەگەر ئەو دەوڵەتانە بۆیان بلوێ نە تەنیا پێش بە سەربەخۆیی کوردستان دەگرن بەڵکو سیاسەتی تواندنەوەی کوردان وەک سەدەی ڕابردوو درێژە پێدەدەن.
لە پەیونەدی لەگەڵ زلهێزە ڕۆژائاوییەکان، بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناکرێ ئەوان تاوانباری نسکۆی شازدەی ئۆکتۆبر بکەین بە دوو هۆی سەرەکیی: ١- کاتێک کە بەشێک لە لایەنی کوردی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەست تیکەڵ دەکا تا کەرکوک ڕادەستی عێراق بکرێتەوە، هیچ لایەنێکی دەرەکیی شتێکی بۆ پێشگرتن بەو کارە لەدەست نایە ٢- تا ئێستا هیچ کەس نەیتوانیوە بەڵگەیەک پێشکەش بکا کە لەویدا زلهێزانی ڕۆژئاوایی و لە ناویاندا ئامریکا بەڵێنی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانی دابێ، کەوابوو ناکرێ ئەوان بە پەیمان شکێنیی تاوانبار بکەین. نابێ لەبیرمان بچێ کە ئاکاری زلهێزەکان بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندیی ئەوان. ئەگەر کورد بەکار دێنن بۆ تێكشکاندنی داعش، هۆیەکەی ئەوەیە کە دەیانهەوێ پۆلوو بە دەستی خەڵکی دیکە بگرن. بە هەر هۆیەک بێ زلهێزەکان و یەکێک لەوان ئامریکا پێی وانییە کە پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئەوان دایە.
حاشای لێناکرێ کە بەشێک لە ڕێبەریی یەکیەتی نیشتمانی هاوکاری حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق بۆ ڕادەستکردنەوەی کەرکوک بوون. بەڵام تەنیا مەحکوم کردن و ناودێر کردنی وەک خیانەت چارەی دەرد نییەبەڵکو لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە. بە بۆچوونی من دەبوو ڕۆژی دوای ١٦ی ئوکتۆبر کۆمیسیۆنێک پێکهاتوو لە کەسانی پسپۆڕ و لێهاتوو کاری لێکۆڵینەوە لە هۆی ڕەفتاری جیاوازی بەشێک لە ڕێبەریی یەکیەتی نیشتمانی بگرنە ئەستۆ و ئاکامەکەی بۆ بیروڕای گشتیی جەماوەری کوردستان بڵاو بکەنەوە. ئەوە دەبوو لانیکەمی داوای خەڵکی کوردستان بایە.
من وەک خۆم وا بیر دەکەمەوە کە هۆی ئاکاری ئەو بەشە لە دەسەڵاتدارانی باشوور کە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ڕیفراندۆم و ئاکامەکەیان دا بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە ئەوان پێیان وابوو ڕێفراندۆم و ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی ئەوان دانییە.
پرسیارەکانی کە بە مێشکی من دادێن ئەوانەن: بۆ دەبێ ئەو لایەنانە ڕێفراندۆم و ئاکامەکەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان دا نەدیتووە؟
چ شتێک دەبوو بکرابا تا ئەوانیش هەست بکەن کە ڕێفراندۆم و ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی ئەوانیش دا دەبێ؟
ئاخۆ لایەنی لایەنگری ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی پێش ڕێفراندۆم هەموو هەوڵی خۆیان بەکار هێنا تا قەناعەت بە لایەنی ئەوبەری بێنن کە سەربەخۆیی کوردستان لە بەرەژەوەندیی ئەوانیش دایە؟
خۆ ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە ناکرێ تاک تاکی کۆمەڵگای کوردەواری یەکدەست و هاوڕا، ببنە لایەنگری سەربەخۆیی. کەوابوو کام ئامادەکاریی کرابوو تا لایەنی نەیاری سەربەخۆیی نەتوانن ئەو هەوڵە لەبار بەرن؟
مژاری سەربەخۆیی وڵاتێک شتێکە کە دەبوو زۆرترین ئامادەکاریی بۆ کرابا. پەندێکی پێشینیانی ڕۆژئاوایی هەیە کە دەڵێ هیچ زنجیرێک لە لاوازترین ئاڵقەکەی بەهێزتر نییە، واتە ئەگەر بەهێزترین زنجیرت هەبێ و تەنیا یەکێک لە ئاڵقەکانی ئەو زنجیرە لاواز بێ، لە کاتی زەختی ڕاستەقینەدا ئاستی بەهێزیی ئەو زنجیرە، ڕێژەی خۆڕاگریی ئەو ئاڵقەیە دیاریی دەکا. ئەگەر ئەو ئاڵقەیە لە ژێر زەختدا پسا بەو مانایەیە کە زنجیرەکە پساوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ دەوری پارتی دێموکڕاتی کوردستان لە نسکۆی ١٦ ئۆکتۆبر ڕا بۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێک کەس پێیان وایە کە ڕیفراندۆم نەدەبوو کرابا . بە بۆچوونی من بڕیاری بەڕیوە بردنی ڕێفراندۆم بڕیارێکی دروست بوو. هەندێک خەڵکی دیکە کە من لام وایە پارانۆیایان هەیە لەوەش تێدەپەڕن و دەڵێن پرۆژەی ڕێفراندۆم کاری تورکیە بوو، بە بیستنی ئەو قسەیە شتێکم وەبیر دێتەوە کە کاتێک کە منداڵ بووم لە هەندێک لە بەساڵداچووانەوە بیستوومە. ئەوان دەیانگوت لە ئاخری زەمان دەججال دێ کە سواری گوێدرێژێک دەبێ، ئەو تەرسی گویدرێژەکە دەدا بەخەڵک و دەڵی ئەوە خورمایە و هەندێک کەس باوەڕی پێدەکەن و تەرسەکە دەخۆن. ئیددیعای هەبوونی دەستی تورکیە لە پرۆژەی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانم وەک کاری دەججال دێتە بەرچاو کە بەداخەوە هەندێک کەس باوەڕیان پێی کردووە.
حاشای لێناکرێ کە وەک خۆم هەندێک ڕەخنەم لە پارتی دێموکڕاتی کوردستان هەیە کە گرینگترینییان ئەوانەن:
• نەبوونی ئامادەکاریی پێویست بۆ ڕێفراندۆم و کاتی دوای ڕێفراندۆم
• پێشبینی نەکردنی ئەگەری خیانەت بەلەبەرچاو گرتنی مێژوو دێرینی بەکرە شۆفارەکان لە مێژووی کورددا
• نەبوونی پلانی جێگرەوە لە ئەگەری ڕووداوی وەک ١٦ی ئۆکتۆبر
• چۆل کردنی شنگال لە کاتێکدا کە دەکرا چۆل نەکرێ
بە بۆچوونی من ٢٥ی سێپتامبر ڕۆژێکی مێژوویی لە خەباتی پتر لە سەد ساڵەی گەلی کورد بۆ مافە ڕەواکانییەتی و ئەو شانازییە بە پارتی دێموکڕاتی کوردستان و بەڕێز مەسعود بارزانی بڕاوە. ئێستا هیچ کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکا کە ٩٣٪ دەنگدەران لەو ڕۆژەدا دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. سەرەڕای ڕەخنەکانم بەرامبەر بە پارتی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن لەوە خۆشحاڵم کە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبر شەڕی براکوژیی دەستی پێنەکرد. مێژووی کورد پڕە لە برینی خۆخۆریی کورد بەڵام لەو ڕۆژەدا یەکێک لە پیلانە چەند لایەنەکانی کۆماری سێدارە کە هەڵایساندنی شەڕی براکوژیی و سەپاندنی دوو ئیدارەیی لە باشووری کوردستان بوو پووچەڵکرایەوە.
دۆست و دوژمن دەزانن کە لە ناخی تاکی کورددا خەونی سەربەخۆیی هەبووە و لە داهاتووش دا تا ودیهاتنی ئەو ئاواتە هەر دەمێنێ. داوایەکی کە لە کۆتایی ئەو وتارە دا دەمهەوێ ئاراستەی هەموو ئەو کەسانەی بکەم کە وتارەکە دەخوێننەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان لە تاک پێکهاتوون و هەرکام لە ئێمە تاکێکی کۆمەڵگای کوردەوارین. لە جیاتی چاوەڕوانیی لە خەڵکی دیکە بۆ ڕزگار کردنی ئێمە وەرن هەر کەسە لە لای خۆی بەڵێنییەک بدەین و بۆ وەدیهاتنی ئەو بەڵێنییە ئەوپەڕی هەولی خۆمان بدەین. بەڵێنییەکەش ئەوەیە کە هەر کەس لە لای خۆی ببڕیار بدا کە خۆی نەفرۆشێ و بۆ ڕزگاریی نیشتمان تا ئەو جێیەی لەدەستی دێ خەبات بکا. دڵنیا بن کە ئەگەر هەر کەس لە لای خۆی ئەو بەڵێنییە بباتە سەر، هیچ نەیارێک ناتوانێ پێش بە ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمانمان بگرێ.
بە هیوای ئەو ڕۆژە.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت