کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، شاعیری نەتەوەیی و ئەدەبی بەرگریی کورد

جەلال مەلەکشا، شاعیری ناودار و یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی شێعری بەرگریی کورد کۆچی دوایی کرد.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٠ی خەزەڵوەر لە تەمەنی ٦٩ساڵیدا دڵە پڕ سۆز و ئەوینەکەی جەلال مەلەکشا بەهۆی جەڵتەی دڵ ڕاوەستا و کوردستانی نوقمی ماتەم کرد.

جەلال مەلەکشا ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە لە دایک بووە. ھەر لەو شارە خوێندوویەتی پێ‌گەیشتوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە. مەلەکشا مروڤێکی ئازادیخواز، قەڵەمێکی دەروەست و ئاشتیخوازێکی خەباتکار بوو کە ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو دەدا. جەلال مەلەکشا پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ئەندامی «کانوونی نووسەرانی ئێران» بوو، دواتر و لە سەردەمی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی حکوومەتی شادا، بە شیعری پڕ لە حەماسە و ورە و وزەی شۆڕشگێڕانە ناوبانگی دەرکرد.

جەلال مەلەکشا ماوەی ١٤ ساڵ ئەندامی کارای گۆڤاری “سروە” بوو، و لەو سەنگەرەی خەباتی نەتەوەییدا پەرەی بە زمان و ئەدەبی کوردی دا. ئەو دواتریش بە بیری بوێر و قەڵەمی بەبڕشتی خۆی وەک خاوەنداری لە شێعری بەرگری و خۆڕاگری کرد و لە سۆنگەی بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەرییەوە زۆری چاشت. بەڵام ورەی بەر نەدا و بە شێعر و پەیڤەکانی بەردەوام ورەی دەخستە بەر دڵی ڕێبوارانی ڕێی عیشق و ئازادی؛ ئەو عیشقەی لە شیعری مەلەکشادا لە خزمەتی بیری ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی ‌دابوو.

جەلال مەلەکشا هیچ کات شیعر و نووسین و قەڵەمەکەی نەکردە قوربانیی ناو و نیشان و پلە و پایە و توانی پاش خۆی “زڕەی زنجیری وشە دیلەکان (کۆشێعر)” و “کارەسات (کۆمەڵە چیرۆک)” بە یادگار بۆ نەتەوەکەی بەجێ بێڵێ. ئەو شاعیرە مەزنە لە ماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و وشەی کوردی کرد و خەرمانێکی گەورەی لە شێعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی وەسەر یەک خست و ئەدەبی کوردیی پێ دەوڵەمەندکرد. مەلەکشا تا دواهەناسە پێشمەرگانە ژیا، ئازایانە بوێرانە نووسی و پەیڤ و شێعرەکانی دەبوونە چقڵی چاوی نەیاران.

مەرگی جەلال مەلەکشا خەسارێکی گەورەیە بۆ ئەدەبی بەرگریی کورد.

جەلال مەلەکشا دوای تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو بەو شێعرە دڵە زامارەکەی نیشتمان دەلاوێنێتەوە:

کاتێ زانییان،
دڵت پاپۆڕی ئەوینە و
بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی
دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …

کاتێ زانیان،
دڵت پردێکە پان و پۆڕ
بەرەو ناخی مێژووی جیهان
دەستی کوێستانت گرتووە و
لە قووڵایی مەرگ و خوێنا
ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان
پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …

کاتێ زانیان،
بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی
بوومەلەرزە خنکاوەکان،
لەناو خوێنا ئەجوولێنەوە
نەخشەی جیهان ئەشێوێنی
سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە
وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر،
لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …

کاتێ زانیان،
ئاوت بووه بە جوانترین وشەی ئەوین
دڵدارەکان ئەبزوێنی
دەنگت بووە بەچەپکە تیشک
شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی
شانت داوە بەژێر خەمی نیشتمانا و
فرمێسک لەچاو هەژار ئەسڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …

کاتێ زانیان،
کوێستانت کردووە هێلانە
بەشمشاڵی لوولەی تفەنگ،
دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …