پێنج ئەندامی بنەماڵەیەک سەردەشتی لە ئاوەکانی فەرانسە دا خنکان

بە پێی گەواڵی گەیشتوو، بنەماڵەیەکی پێنج“ کەسی شاری سەردەشت و خەڵکی گوندی گووڵێنێ“بە ھۆی نووقم بوونی بەلەمەکەیان لە کاناڵی مانش لە نێوان فەرانسە و بریتانیا دا گیانیان لە دەست داوە.
بنەماڵەی کاک ڕەسووڵ ئیران‌نژاد کە خەڵکی گوڵێنێی سەر بە شاری سەردەشتن بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتی بریتانیا لەگەڵ کۆمەلێک لە کۆچبەری دیکە لە ئاوەکانی نێوان فەرانسە و بریتانیا بە هۆی وەرگەرانی بەلەمەکەیان گیانیان لە دەست دا ئەو بنەماڵەیە بریتی بوون لە پێنج کەس کە بەداخەوە هەر پێنج کەسیان نووقم بوون و گیانیان لە دەست دا، شایانی باسە کە ساڵانە هەزاران کەس لە نێو شەپۆلە سەرکێشەکانی دەریا دا بۆ گەیشتن بە بەهەشتی خەیاڵی و حەسانەوە لە یەکێک لە وڵاتانی ئوروپایی گیان لە دەستدەدەن.
کۆچبەرەکان زۆرتر قوربانی دەستی قاچاغچیە بێ ویژدانەکانی پووڵ و مافیا دیارەکانی کاری کۆچبەرانن و زۆربەی قوربانی‌یەکانیش ژن و منداڵن.
باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ئێران و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست هەر دێت و بەرەو خەراپی دەروا و دانیشتووانی ئەو وڵاتانە و بە تایبەت کوردستان لە هەر ڕێگایەکەوە کە بۆیان بکرێ دەیانهەوێ خۆیان لە دەست سیستەمی داخراو و زۆرەملی ئێران و ناخۆشی‌یەکانی ژیان ڕزگار بکەن. هۆکاری سەرەکی ڕۆیشتنی لاوەکان و بنەماڵەکان دەگەرێتەوە بۆ ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی، بێکاری و هەژاری و نەبوونی ئازادی و سیستەمی دیکتاتۆری ئێران و وڵاتانی زاڵ بە سەر ناوچەکەدا.
بەهۆی نەبوونی ئازادی و کار و کاسبی و ئەمنییەتی ڕووحی و ڕەوانی، ساڵانە بە دەیان هەزار مرۆڤ شوێنی لە دایکبوونی خۆیان بە مەبەستی دابین کردنی داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بەجێ دێڵن و زۆربەی کاتەکانیش بەداخەوە بە هۆی قاچاغچی و مافیاکانی سەر سنوورەکان فێڵیان لێدەکرێ و دەبنە قوربانی و زۆرجاریش بە هۆی بوونی کەش و هەوا و سرووشتی نالەباری نێوان وڵاتەکان تووشی کارەساتی گەورەی لە چەشنی ئەم تراژیدیایە دەبن و زۆرجار بەداخەوە تەرمەکانیشیان بۆ ئەبەد وون دەبن و کەس و کاریان تووشی خەمۆکی و غەمباری و نارەحەتی یەکجاری دەبن.
بەداخەوە تاکوو ئێستا تەرمی ئارتین کە ١٥ مانگ تەمەنی‌یەتی لە ئاوەکانی مانش دا نەدۆزراوەتەوە و بە پێێ هەواڵ جیا لەو پێنج کەسە سەردەشتی‌یە چەند کەسی دیکەش لەم بەلەمە دا خنکاون.
قوربانیانی ئەمجارە کە بەداخەوە یەک بنەماڵەی پێنج کەسی بوون ناوەکانیان بریتی‌یە لە:
ــ ڕەسووڵ ئیران‌نژاد تەمەن ٣٥ ساڵ
ــ شیوا محەممەد پەناهی تەمەن ٣٥ ساڵ
ــ ئانیتا ئێران ‌نژاد تەمەن ٩ ساڵ
ــ ئارمین ئیران‌نژاد تەمەن ٦ ساڵ
ــ ئارتین ئێران‌نژاد تەمەن ١٥ مانگ