هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر داعش. جەماڵ عەڵیاڵی

پاش تەقینەوەکانی پاریس هاوپەیمانان گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە پێویستە بە هێرشی هەمەلایەنە هەنگاو بۆ لەناوبردنی داعش هەڵبگیردرێ. بڕیارێکی بەجێ و ڕێ هەرچەندە زۆر درەنگ.

قۆناخێکی ئەوبڕیارە پانتای ئێکۆنۆمی گرینگی هەیە کە زۆر لە دەستی نەتەوەی کورددا نیە، ئەوە زڵهێزەکانن کە تێوەگلاوی ئەو پانتایەن بەڵام لەناو کوردیشدا لایەن هەیە کە بەرژەوەندی خۆی لە پانتایی ئێکۆنۆمی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەبینێ. دەردی هەرەگران ئەوەیە کە ئەو کۆسپە دەتوانێ وەرچەرخێتە سەر کاراکتەری “هۆرە” بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد. ئاڵووگۆڕەکانی پاریس دەتوانێ شەڕێکی نەخوازراوی گشت لایەنە بەسەر ناوچەکەدا داسەپێنێ، هەر ئەو ناوچەیەی کە بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی کوردن، دەکرێ بڵێین کوردستان لە ناوەندی ئەو ناوچەیەدایە. بابەتی بەر چاوی خۆێنەری بەرێز تەرخانی ئەو مەبەستەیە.
ئێران و توورکیا (عێراق و سووریاش هەر ئێرانە) ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن کە بە شێوەی “ماقووڵ”ی ئەو سەردەمە کورد بخنکێنن. ئەگەر بۆیان نەلوا، ئەوکات نەک هەر داعش بەڵکوو حیزبوللا و حەشدی شەعبی بۆ پێک دێنن، بگرە زۆر پێکهاتەیتریشیان لە بن شاقەل دایە کە بە کاتی خۆی دەری دەخەن. یەک لەو شێوە ماقووڵانە ئەوەیە کە بتوانن بە بیانووی یارمەتی “دۆست”ی خۆیان، دەگەڵ دۆستی خۆیان هەڵکووتێنە سەر لایەنەکانیتر. ئەوەی کە ئێستا زۆر مەترسی هەیە، ڕێک ئەو هەڵوێستەیە. هەر بەو بیانوویە و بە مەبەستی بە ئەنجام گەیاندنی ئەو هیوایە هەر ئێستا چەک و چۆڵێکی زۆر دەگەڵ بەکرێگیراوی بێ هەژمار ئامادەکراوە کە لە کاتی پێویستدا بخرێتە گەڕ. بڕیاری لێدانی داعش لە لایەن هاوپەیمانانەوە ئەو مەترسییە زیاتر دەکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەک لە هاوپەیمانان، توورکیایە. ئێرانیش خەریکە بە خشکە دێتە ناو هاوپەیمانانەوە. لە کاتی دابەش کردنی ئەرکەکان، بەشی ئەو دوو داگیرکەرە دەبێتە رێگەی زەوی، واتە پێویستە سنوورە دەستکردەکان بەرەو ناوەندی داعش ببەزێنن. هەڵبەت خۆێنەری بەرێز خۆی هەست بەوە دەکات کە لە کاتی ئەوتۆدا، داگیرکەر بە بێ بەزەیی ئەوەی پێوەندی بە کەیانی کوردی هەیە بە ناوی داعش لەناو دەبات. ئیزنی فەرمی ناودەوڵەتی هەیە و بە ناوی مڕۆڤایەتی کارێکی باش بۆ مڕۆڤایەتی دەکات!!!
لە ئاستی ناودەوڵەتییەوە و لە دۆخی هەنووکەییدا ناوی کوردوکوردوستان باش زڕڕاوە، کەم سەرۆک وڵاتی گرینگ هەیە کە باسی کورد نەکات، هێندێکیان بڕیار دەردەکەن کە پێویستە کورد پڕ چەک بکرێ! پرسیار ئەوەیە کە ئایا کورد خۆی لەو دۆخە ئاگادارە؟ کارسازی بۆ کردووە؟ بیری لەوە کردۆتەوە کە ئەگەر هاتوو ڕووداوەکان ڕێچکەی جیاوازیان گرتەبەر، ئەوکات چ دەبێ بکات؟ … زۆر کەس هەڵوەدای وڵامی ئەو پرسیارانەو کۆمەڵێک پرسیاریتری لەو شێوازەن بەڵام ڕووداوەکانی پاش رزگاری پیرۆزی شنگاڵ گوزارە لە وڵامی ئەرێنی ئەو پرسیارانە نادەن و مخابن ئەوەش یەکیتر لە دەردە گرینگەکانە! شەڕی میدیایی ناوبەین پەکەکە و پارتی، بۆمباران و شەڕی جەبهەیی داگیرکەری توورک لە باکوور، بێ ڕێزی بە باشوور و بێ ڕێزی بە ئالای کوردستان لەلایەن ئێرانەوە و ئێستاش تێوەگلانی داگیرکەران لە هێرش بردنە سەر داعش، گوزارە لە دۆخێکی ناخۆش بۆ کورد دەدەن. بە گۆێرەی ئەو دۆخە، کورد کە تا ئێستا براوەی سەرەکی ئەو ئاڵووگۆڕانە بووە، لەوانەیە ببیتە بە دۆڕاوی کۆتایی!
مێژووی ڕابووردوو لە لایەن مێژوونووسانی دەسەڵات نووسراوە، ئەو کات خێرایی ڕاگەیاندنی دەسەڵات لە وێنەی خێرایی کیسەڵ دەچوو، هەر بۆیە مێژوونووسانی دەسەڵات لە گۆڕانی راستییەکاندا کەم یان زۆر، سەرکەوتن. بە پێچەوانە سەردەمی نۆێ، جیاواز لە سەردەمی ڕابووردوویە. ڕۆڵی ڕاگەیاندن زیاتر لەوەیە کە دێتە خەیاڵی مرۆڤەکان، هەر بۆیە نەک هەر مێژوونووسانی دەسەڵات، بەڵکوو دەسەڵاتیش ناتوانێ ڕاستییەکان ئەوجۆری کە دەخوازێ بگۆڕێ. سەلاحەدین، خەیام و ئەوانیتر کورد بوون و چیان بۆ کورد نەکرد، لیستەکە بەداخەوە لەوبارەوە زۆر درێژە، تۆ بڵێی پاش ماوەیەکیتر ئەو لیستەیە درێژتر ببێت؟
جەماڵ عەڵیاڵی