پارتی گەل (فۆلک پارتی) پێشنیار دەکا کەرەسە و پێویستیی تەیارکردنی سەربازی بدرێ بە کوردەکانی عێڕاقێ.

پارتی گەل دەیەوێ کە سوێد وەک یارمەتیکردن بە خەبات دژی ڕایەڵکەی ڕەشەکوژیی داعش، کەرەسە و پێویستیی سەربازی بنێرێ بۆ هەرێمی کوردستانی عێڕاق.

دوێنێ سوێد و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، لە بەرامبەر داوای فەڕانسە سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی بەو وڵاتە، لە خەبات دژی داعش دا، وەڵامی “بەڵی”یان دایەوە.
سەرۆک وەزیر “ستێفان لوێفڤێن” و وەزیری بەرگری “پێتر هاڵتکڤیست” گوتیان کە جارێ زووە ئەو بەراوەرد بکرێ کە سوێد چ چەشنە یارمەتییەکی لەو بوارە دا پێ دەکرێ.
ئەمڕۆ پارتی گەل پێشنیاری کرد کە سوێد کەرەسە و پێویستیی سەربازیی وەک زرێپۆشی زنجیردار و تفەنگی نارنجۆکهاوێژ بدا بە حوکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق.
ئەو کارەش بە شێوەک بکرێ کە کەرەسە و پێویستییەکان، نەک لە ڕێگای حوکومەتی بەغداوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بۆ کوردەکان بنێردرێ. پارتی گەل هەروەها دەیەوێ کەرەسەی خۆپاراستن لە بەرامبەر چەکی کوشتاری بەکۆمەڵ، کەرەسەی مین هەڵگرتنەوە و پێویستییە پزیشکییەکانیش بۆ حوکومەتی نێوخۆیی کوردەکان بنێردرێن.
یان بیۆرکلووند، سەرۆکی ئەو پارتە بە بەشی هەواڵی تەلەویزیۆنی سوێد دەڵێ کە پێشترپارلمانی سوێد 35 ڕاهێنەری سەربازیی ناردۆتە باکووری عێڕاق و بەو شێوەیە یارمەتییەکی بە (شەڕی) دژی داعش کردوە، بەڵام پارتی گەل دەیەوێ بێجگە لە درێژەدانی یارمەتی لەبواری ڕاهێنان دا، سوێد بە کەرەسە و پێویستیییەکانی دیکەش یارمەتی بکا.
ئەو دەڵێ دیارە کە ناردنی ئەو چەشنە یارمەتییانە دەبێ دوای پەسندکردنی بڕیاری ناردنیان لە لایەن پاڕلمانەوە بێ.
• ڕاپۆرت لە: ئاندریاس ئوێبرینک. تەلەویزیۆنی سوێد
Andreas Öbrink andreas.obrink@svt.se
وەرگێران لە سوێدییەوە: ئاشق