کورد و نەتەوەپەرەستی. جەماڵ عەڵیاڵی

چڕوپڕ بوونی هێرشەکانی داگیرکەر لە لایەک و هەڵکشانی پشتیوانی ناودەوڵەتی لە سەر پرسی کورد لەلایەکیترەوە و بە گشتی ئاڵوگۆڕەکانی ئەو ماوە کورتەی رابوردوو کۆمەڵێک پرسیار دەخوڵقێنێ کە مرۆڤ بە سانایی ناتوانێ خۆی لێ کڕ بکات. هێندێک لەو ئاڵوگۆڕانە پێویستی بە شیکاری نیە بەڵام بەشێک هەن کە جێگەی تێڕامانە. ئەو کورتە نووسراوە بابەتێکە لەسەر هێندێک پرسیار لە ڕوانگەی نووسەرەوە لە دۆخی هەنووکەییدا.
سەرکەوتنەکانی گەل لە باکوور لە ئاستی سیاسییەوە، چاوپێکەوتنەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش دەگەڵ ئامریکاییەکان و ڕووسەکان، سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاستی سوپاییەوە لەهەمبەر چەپەڵترین و گڵاوترین دووژمنانی کورد، چەپەڵتر و گڵاوتر لە داگیرکەرانی کوردستان، واتە داعەش، بۆردوومانی گوند و باژێر لە باکووری کوردستان و دەسپێکردنی شەڕێکی جەبهەیی نابەرابەر لە لایەن داگیرکەری تورک و نەتەوەکەمان لە باکوور گوزارە لە ئاڵوگۆڕی جیدی لە ناوچەکە دەدەن. داگیرکەری تورک هەوڵەکانی خۆی بە داگیرکردنی بە ئاشکرایی باشوور زیاتر کردووە، ناردنی زیاتر لە چەند هەزار چەکداری تورک بۆ یارمەتی و راهێنانی پێشمەرگە نیە و هەر کەس تێدەگات کە تورکەکان چ مەبەستێکیان لەوە هەیە. ئەگەر بێتوو لەوناوەدا کە پشتی کورد لە باری سیاسییەوە قایمتر دەبێت، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان تێکبخرێنەوە ئەوە داکەوتنێکی مێژوویی دەبێت بۆ داگیرکەر. لە کاتێکدا کە زڵهێزەکان داوا لە داگیرکەری تورک دەکەن کە شەڕ ڕاگرێ، لە تورکەکان ئەوە داوا دەکەن نەک لە کورد. لە هەمان کاتدا مراد قەرەیلان بە ئاشکرایی دەڵێ کە ئەگەر تورکەکان داخوازی سەربەخۆیی کوردان قەبووڵ نەکەن ئەوکات چ ڕێگەیەکیتر جگە لە سەربەستی و جیابوونەوە نامێنێتەوە. ئەوانە و کۆمەڵێک ڕووداویتر لەو ڕۆژانەی دواییدا نەک هەر مینای سەقامگیربوونی ئاڵوگۆڕی جیدین بەڵکوو جێگەی تێڕامانن.
هەروەها دەبینین کە دەنگ و رەنگەکانی ناوخۆیی داگیرکەران کە زۆر بە ڕووداوەکانی باکوور و ڕۆژئاوا تەنگاو نەبوون هەر ئەو ڕۆژانە دەنگ و رەنگی داگیرکەران ڕاستەوخۆ لە بڵینگۆکانی خۆیان بڵاو دەکەنەوە. داگیرکەر دەخوازی بەر چاوی گەلەکەمان بگرێ و بە “شتێک” سەرقاڵیان بکات. باشترین ئاتۆ لەو ڕۆژانەدا جگە لە ئالای کوردستان، چیتر نیە، ئەوە دەتوانی لە ڕادەیەکی زۆر لە هەستی نەتەوەیەتی گەلەکەمان کەم بکاتەوە، کێ لەوە زەرەرمەند دەبێت؟ وەکوو ئامادەکاری بۆ وڵامێکی دەقاو دەق، پێویستە بێتەوە بیرمان کە ئەو ئاڵا سێ رەنگە، یەکەم وەک ئاڵای کۆماری سابڵاخ دەچێت و ئاڵای کۆماری سابڵاخ نیە. دووهەم، تا ئێستا نۆێنەرایەتی گشتی نەتەوەی کورد وەکوو ئالای کوردستان هەڵی نەبژاردووە. فەرموون کۆنگرەیەکی نیشتمانی، نەتەویی… هەر ناوێکی دەبێت با ببێت بەڵام گشت لایەنێک لەخۆوە بگرێتەوە(گشت لایەنێکی چاک و خراپ بە ڕای خۆێنەری بەرێزەوە)، ئەو کۆنگرەیە ئەگەر نەک هەر ئەو ئاڵایە، تەنانەت ئەگەر تیتۆڵە جاوێکی هەڵبژارت با ئەوە ببێتە بە ئاڵای کوردستان، خۆ لەوە زەحمەتتر نیە! کاتێک لە بەر شەڕی ئاڵا یاخود هەر ئاتۆیەکی لەو سات و کاتەدا لاوەکی، ئاگامان لە شەڕی مان و نەمانی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژئاوا نیە، کێ لەوە زەرەرمەند دەبێت؟ کێ لە یەکگرتنەوەی ژێئۆپۆلیتیکی باشوور و ڕۆژئاوا زەرەرمەند دەبێت؟
مێژوو چاک و خراپ لێک هەڵداوێرێ، کردەوەی باش و خەراپیش هەر لەو شێوازە. ئەگەر هەرێمەکانی هەولێر و سولەیمانی لە باشوور نەتوانن ئەوڕۆ دەگەڵ ئەو ئاڵوگۆرانە خۆیان تەبا بکەن ئەوکات بە یەکجاری حوکمی سیاسی لەسێدارەدانی خۆیان مۆر کردووە! ڕۆژهەڵاتی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، یەک لەو تایبەتمەندییانە ئەوەیە کە سازەکانی سیاسی سەلماندوویانە کە تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان لە گیژئاوی ڕاستییەکاندا ببیننەوە و هەر ئەوەش ئەوانی بۆ داگیرکەر “بێ زەرە” کردووە، ئەی نابینن کە داگیرکەری ئێرانی لە ئاستی وان بێ دەنگە؟ بۆ ئەوەی کە کۆمەڵی گەنج و نیشتمانپەروەری ناو ریزی ئەوان لە خۆی ئاڵۆز نەکات. کێ لەوە زەرەرمەند دەبێت؟
ئەوەی کە خۆێنەری بەرێز بارزانی بە سەرۆکی خۆی قەبووڵە یاخود نا، ئەوەی کە خۆێنەری بەرێز ئۆجەلانی بە سەرۆکی خۆی قەبووڵە یاخود نا، ئەوە کێشەی خۆێنەری بەرێزە. بەڵام هەر کوردێکی خاوەن هەستی نەتەوەپەرەستی مافی خۆیەتی کە کورد بوونی کەسایەتی و سازەی کوردی بخاتە ژێر پرسیار کاتێک کەسایەتی و سازە بە بلۆێری داگیرکەران داوەت بگێڕێ. پێویستە لە دۆخی هەستیاری هەنووکەییدا دەنگ و هەستی گشتمان بخەینە پاڵ باکور و ڕۆژئاوا. ئەمڕۆ ئیتر کاتی ئەوەیە کە ئاوازەی “یان کوردستان یان نەمان” لە گۆێچکەی نەتەوەکەماندا چپە بکات و لایەلایەی سەر بێشکە بۆ ڕۆڵەکانی بن گڵکۆ بخۆێنێتەوە.
جەماڵ عەڵیاڵی