شەهید بوونی رەزای برام. خالید حەسەن‌پوور

لە یەکەم شەوی زستانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە گوندی قۆزلوێی بچووک میوانی ماڵە دۆستێک بە نێوی عەزیز حوسێنی بووم . ئەو شەوە هەتا درەنگانێکی بەقسەی خۆش و جەفەنگ و بەسەرهات گێرانەوە تێپەری .

لای نێوە شەو بوو کە یەکێک لە نیزیک ئەو وەتاغەی کە من لێی نوستبووم، بەدەنگێکی نە زۆر بەرز گووتی، ئەرێ خالید حەسەنپور لێرەیە ؟
بە بیستنی ئەو دەنگە وەخەبەر هاتم و لە حاڵێکدا دڵم بەتووندی لێیدەدا و لەشم وەسەر ئارەقە گەڕا بوو، پرسیم کێی جەنابت؟ ساحەبی دەنگەکە غەڵبەغەلبێکی لێهات، بەڵام لێی حاڵی نەبووم . گورچ خۆم کۆکردەوە و رەخت و فیشەکدانەکەم لەخۆ بەست و تفەنگەکەم دەشانی کرد و وەدەر کەوتم. کە چوومە دەرێ لە نێو تاریکاییداچاوم بە کەسێک کەوت کە لەغاوی ئەسپێکی بە دەستەوە بوو . بەنیگەرانیەوە لێی چوومە پێشێ و سڵاوم کرد، کە وڵامی دامەوە ناسیمەوە. کاک رەحمان جەناح پێشمەرگەی لکی ٣ی هێزی پێشەوا بوو. گووتی فڵانەکەس! من کاک بازیدی نەبەردی زاوات ( کە پێشمەرگەیەکی نێوبەدەروە و فیداکار بوو، دواتر لە شەری ساردە کوێستان شەهید بوو) لە دووی تۆی ناردووم و پێی گووتوم کە هەر ئەمشۆ لەگەڵ خۆم بتبەمە لای ئەوان .
منیش کە نیگەرانی هەموو وجوودی داگرتبووم، پێمگووت خێرە بەو نێوەشەوە؟ لە وڵامدا گووتی ئیشاڵڵا خێر دبێ، پێموایە خوشکت نەخۆشە. کە گەیشتینە قۆزلوێی گەورە سەعات دەوری سێ و نیوی شەو دەبوو . گەیشتینە بەردەرگای کاک بازیدی نەبەردی زاوام و لە دەرگاماندا . بازید بە گەرمی بەخێرهاتنی کردم و وەپێش خۆی دام، کە چوینە ژوورێ، خوشکیشم بە دەنگەدەنگی ئێمە وەخەبەر هات، کە چاوم پێی کەوت وەک نەخۆش نەدەچوو، لێم پرسی خوشکێ ئەتۆ نەخۆشی ؟ گووتی نەوەڵڵا کاکە من شوکر باشم . ئیدی بەبیستنی ئەو هەواڵە یەکسەر بیرو فکرم چۆوە سەر رەزای برام کە پێشمەرگە بوو. دەویدابوو کە بازیدی نەبەردی کە هەتا ئەودەم خۆی دەبوارد شتێکم پێ بڵێ، رووی تێکردم و پێی گووتم، فڵانکەس! بە داخەوە رەزای برات لە عەمەلیاتێکدا کە لکی سێی هێزی پێشەوا لە نێو گوندی زێوەی مەنگورایەتی بەریوەی بردوە، شەهید بووە و خدرە سووریش کە فەرماندەی ئەو عەمەلیاتە بووە، بریندارە .
ئەو شەوە نەمزانی چۆن رۆژ بۆوە، بەیانی کە هاتمە دەرێ، بەفرێکی زۆر باریبوو . لای سەعات ١٠ی بەیانی کاروانێک لە ئاسۆگی نێوان ئاغاسوور و قۆزلوێی گەورە وەدەر کەوت و بەدیوی قۆزلوێی گەورەدا شۆڕ بۆوە . کارون کە نیزیک بۆوە، لە سەر پشتی ئەسپەکەی پێشێ، تابووتێکیان دابەستبوو، ئەسپەکان یەکسەر روویان لە نێو ئاپۆڕای خەڵکەکە کرد کە بۆ پێشوازی لە تەرمی رەزا ئامادە ببوون. من کە لەپێش جەماعەتەکە بووم، تەکانیکم لەخۆمدا کە برێک زیاتر بچمە پێشێ، ئەسپەکە یەکسەر وەکوو ئەوەی پێی بڵێن راوەستە، راوەستا. دەتگووت دەزانێ کە ئەو تەرمەی کە بە پشتیەوەیەتی، برای منە .
تابووتەکەیان داگرت و رەزای برامیان لە نێوو تابووتەکە هێنایە دەرێ و لەسەر تاتەبەردە ساردوسرەکانی حەوزی مزگوتی قۆزلوێ گەوریان دانا . رەزای گەنم رەنگ و شۆخ و شەنگ و لێو بەبزە، بەبێ نازی لەسەر تاتەبەردە سرەکان درێژکرا بوو. لەودەمەدا بوو دایکم کە پێشتر لە دوایان ناربوو، گەیشتەجێ . من هەمیشە لەو رۆژە دەترسام دایکم پێش دوومانگ بابیشمی لە دەستدابوو، تەرمی کورەکەشی بۆ بێتەوە . هەست بە گوناح لەوەی کە ئەو دایک و باوکە بەهۆی من و رەزای برامەوە، ئازارو عەزابێکی زۆریان چێشتبوو، هەموو وجوودی داگرتبووم .
دایکم لە تەرمی رەزا نیزیک بۆوە، چەند کەسێک کە لە دەوری تەرمەکە بوون، ویستیان پێشی بگرن . بەڵام دایکم بە قسەی نەکردن و گووتی ئەوە کوری منە و لە باوەشی مندا گەورە بووە، بەر لەوەی گڵەبانی بکەن، دەبێ لە ئامیزی بگرم، ئەگینا فرامۆشێم نایەتێ . دایکم خۆی بەسەر تەرمی رەزا دا کێشا و دەمی دەدەمی نا، هەستا سەرپێ و گووتی ئەوجار ئۆخەم هاتێ برۆن بینێژن، بەقوربانی ئەو کوردستانە بێ .
نووسینی خالید حەسەن‌پوور