له‌دەفتەری بیره‌وه‌ری‌یه‌کانی پێشمه‌رگه‌یه‌ک نانی تەنگانە و ئیمانی پێشمەرگە. عومەر باڵەکی

… هاوینی ساڵی ١٣٦٩ماوه‌ی حه‌وتوویه‌ک بوو هێزێکی زۆری سپای پاسداران که‌ به‌ چه‌کی قورس ته‌یار بوون بناری چیاکانی نێوان ناوچه‌کانی مه‌هاباد ـ ره‌به‌تیان هاڵۆز کردبوو و ئه‌وە له‌ حاڵێک‌دا بوو که‌ زۆربه‌ی گونده‌‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ مۆڵگه‌ی چەکدارەکانی خۆیانی لێ بوو. ئه‌و هێزه‌ی دوژمن زۆربه‌ی ئێواران له‌ مه‌سیری حه‌ره‌که‌تی پێشمه‌رگه‌دا ده‌جووڵان و دێیه‌کانیان ده‌گرت و که‌مینیان له‌ ده‌و وبه‌ری گونده‌کان دا ده‌نا.
کومیته‌ی شارستانی مه‌هاباد و هێزی پێشه‌وا له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ هه‌ر جۆرێک بووبێ، توانیبۆیان به‌شی حه‌وانەوە و له‌ سه‌ر پێ راوه‌ستان و خوارده‌مه‌نی پێدابکه‌ن به‌ڵام ئاساری بێ خوارده‌مه‌نی وشەکەتی له‌ سه‌ر روخساری پێشمه‌رگه‌کان بەدی دەکرا.
هێزه‌کانی دوژمن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاوایی‌یه‌کانیان ئابلووقه‌ ده‌دا، ئیزنیان به‌ که‌س ته‌نانه‌ت شوان و گاوانیش نه‌ ده‌دا که‌‌ له‌ چەند نانێک زیاتر له‌ ئاوایی به‌رنه‌ ده‌رێ ته‌نانه‌ت هه‌ربه‌وه‌ ڕانه‌ده‌وه‌ستان ، رۆژانه‌ بێ ئامانج و کوێرانه‌ شێوو دۆڵ و به‌رزایی‌یه‌کانی ئەوناوچانەیان تۆپ‌باران ده‌کرد که‌ وای لێ‌هاتبووخەلک لەترسی گیان ومالیان کەمتر لە دێیەکان دوور ده‌کەوتنەوە. هەربۆیە جۆرێک چۆڵی به‌ ناوچه‌که‌وه‌ دیار بوو.
ئێمه‌ ده‌بوو به‌ جۆرێک خۆمان له‌و وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ رزگار بکه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ بڕیارمان دا له‌ به‌ری ناوچەی مه‌نگوڕایه‌تی‌ڕا بپەرینەوە بۆناوچەی گه‌ورکایه‌تی و له‌ویش‌ڕا بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ره‌وناوچه‌کانی بانه‌ و سه‌قز بڕۆین. له‌و ڕا‌وڕاوێنه‌دا گه‌یشتینه‌ بناری چیای مه‌یدان‌چۆغه‌ به‌ رووکاری ئاوایی گردشیلان‌دا.
شەو درەنگانێک گەیشتینە ئەو شوێنەی مەبەستمان بوو، دۆڵەکە پۆلە سپیدارێکی تێدا بوو کە بۆ سێبەری سبەی بەیانی و شاردنەوەمان شتێکی باش بوون، بڕیارمان دا لە بن سێبەری ئەو پۆلە سپیدارە سبەی هەتا ئیوارێ تێپەڕ بکەین ‌و ئێوارێ بڕێک بە زوویی هەر جٶرێک بێ خۆمان بگەیەنینە نێو ئاوایی گردشیلان.
رۆژ سیوادی هەڵدا، دیدەبان پەیوەندی‌یان گرت و گوتیان وڵات ئارامە و هیچ جووڵەیەکی دوژمن هەست پێ ناکرێ. دەوروبەری سەعاتی ١٠ی بەیانی چەند کەس لە خەڵکی ئاوایی وەدیار کەوتن کە گوتیان هاتووین بۆ مووچەو مەزرا . پرسیاری جموجۆلی هێزی دوژمنمان لێ‌کردن،گوتیان سوێناس نیرووی زەربەتی لێیە، بەڵام گردشیلان بێجگە لە پایگا هیچ هێزێکی دوژمنی لێ نیە. چەند کەس لە کادر و پێشمەرگەکان گوتیان ده‌رفەتە با ئەوانە بچنەوە ئاوایی هێندێک نان و پێخۆرمان بۆ بێنن، هەرچەند بیرۆکەیەکی باش نەبوو بەڵام لە رووی ناچاری قەبووڵ کراو دەوروبەری سەعاتی ١٢ ئەو چەند کەسە بەرەو ئاوایی گردشیلان بوونەوە کە زۆرمان لێ دوور نەبوون تەنیا لێمان نەدیو بوون.
سەعات بوو بە ٢ی پاش‌نیوەرۆیەو ئەو کەسانە نەگەڕانەوە، وەشک که‌وتین، ڕەنگە هێزی دوژمن هاتبێ یان هەر پێشتر لێی بووبێ و ئەو کەسانە درۆیان لەگەڵ کردبین. لەو فکرانەدا بووین، دیدەبان ئاگاداری کردینەوە کە هێزێکی زۆری دوژمن هاتۆتە باسکی نێوان ئاوایی ماژگی و گردشیلان.
سەرپەلی ئەو پەلە پێشمەرگەیە کە نۆرە دیدەبانی‌یان بوو بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر وەزعییەتی هێزی دوژمن رەوانەی لای دیدەبانەکان کرا. کاکی سەرپەل خۆی پێشمەرگەیەکی بەئەزموون و ئازای مەیدانی شەڕ بوو هەر کە گەیشتنە شوێنی دیدەبانی لە رێگای پەیوەندی بێسیمەوە ،بێ مەعتەل‌بوون گوتی داوا دەکەم بۆخۆت بێیە سەرێ و کورەکانیش هێندێک خۆ کۆ بکەنەوە. لەسەر نەزەری ئەو وامان کرد و هەم ئه‌من چووم بۆلای دیدەبانی و هەمیش پێشمەرگەکان خۆیان کۆ کردەوە . شوێنی دیدەبانی زۆر دوور نەبوو، کاتێک گەیشتمە ئەوێ هێزێکی زۆری دوژمن تەیار بە چەکی قورس لە سەر باسکی نێوان ئاوایی ماژگەو گردشیلان مۆڵی خواردبوو، و لوولەی چەکە قورسەکانیان ئاراستەی ئەو دۆڵە کردبووکە ئێمەی تێدا مابووینەوە.
هەر بۆیە بڕیارمان دا پێشمەرگەکان یەک‌یەک و بە مەودای زۆر لە یەکتری بەرەو چیای مەیدان‌چۆغە وەسەر کەون. لە گەڵ یەکەم جووڵەی پێشمەرگەکان ئاوربارانی دوژمن دەستی پێ‌کرد. ئاوری چەکەکانیان بە ڕادەیەک توند بوو کە لەو دۆڵەدا تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتا و گڕی گرتبوو. لەو کاتەدا هیچ نەدەکرا و تەنیا خۆڕاگری و ورە و ئیمانی پێشمەرگانەی دەویست بەسەر ئەو وەزعەدا زاڵ بی. بە خۆشی‌یەوە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکی گرت که‌ هەموو پێشمەرگەکان لە حاڵیک‌دا برسی و هیلاک بوون و ماوەی حەوتوویەک بوو ئەو هێرشە بەربڵاوەیان لە سەر بوو، بە سەلامەت گەیشتنە بەرزایەکانی مەیدان‌چۆغە و بەسەر لوتکەکانی زاڵ بەسەر ناوچەکەدا دابەش بوون و سەنگەریان گرت ئەو جار ئەوە پێشمەرگەکان بوون بەسەر شوێنی دوژمن دا زاڵ بوون.
لەو وەزعە دا کە پێشمەرگەکان لە ژێر ئاوری توندی تۆپخانەی دوژمن‌دا سینگی هەورازیان دەبڕی، نەدەکرا شوێنی دیدەبانی کە لە چاو هەڵکەوتی خۆی شوێنێکی حەساس بوو چۆل بکرێ. هەر بۆیە لە گەڵ هاوڕێی سەر پەل و دوو پێشمەرگەی دیدەبان ماینەوە دوای تێپەڕبوونی پێشمەرگەکان لە ژێر ئاوری تۆپخانەی دوژمن‌دا و زاڵ بوون بە سەر بەرزایی‌یەکانی ناوچەکەدا، دوژمن لوولەی چەکە قورسەکانی بەرەو شوێنی دیدەبانیی ئێمە وەرسووڕاندو ئاوربارانێکی خەستی کردین کە هەموو جارێ پێم وابوو کەسمان دەر نەچووین. لەو وەزعەدا هاورێی بەرپرسی کومیتەی شارستان و کادر و پێشمەرگەکان نیگەرانی وەزعی ئێمە بوون هەر بۆیە لە فکری ئەوە دا بوون کە رێگایەک بدۆزنەوە پەلاماری دوژمن بدەن.
سێبەر شۆڕ بوونەوە و دیدی دوژمن کەم بۆوە و، ئێمەش لەو ده‌رفەتە کەڵکمان وەرگرت و شوێنی دیدەبانیمان چۆل کرد و بەرەو تەختایی دۆڵەکە داکشاین. تازە نەمان‌دەتوانی بە شوێنی پێشمەرگەکان‌دا وەسەر بکەوین. هەر بۆیە بڕیارمان دا بە هاورێی بەرپرسی کومیتەی شارستان بڵێین کە ئەوان بەرە وناوچەی بانە بڕۆن و ئێمەش هەتا بەیانی خۆمان دەگەیەنینە لای ئەوان. کاتێک داکشاینە خوارێ مەجبوور بووین هەتا نزیک ئاوایی گردشیلان برۆین کە هێزی دوژمنی لی بوو و لە دوایی‌دا بە دۆڵیکی دیکەدا بەرەو بەرزایی هەڵگەڕاین.
هەر چوارمان بە زەحمەت لاقمان بۆ هەڵ‌دەهاتەوە، هەورازیش هەر دەهات و خۆی لەبەر یەک دەکێشایەوە. سێبەر بەسەر هەموو ناوچەکەدا کشابوو و خۆر هێدی هێدی بەرەو ئاوابوون دەچوو. لەشمان ئارەقی ساردی پێدا دەهاتە خوارێ و لە برسان هەنگاوەکانمان چرکە بۆ چرکە شل و شلتر دەبوون. جار ناجارێک خشەی دەنگی بێسیم و ڕاوێژی هاورێیانمان لە هێز لە گەڵ یەکتری وەخۆی دێنامەوە و ئه‌منیش چەند شتێکم دەگوت و وام نیشان دەدا کە هیچ رووی نەداوە و ئەوە ورەی پێ‌دەدام کە پێ بەپێی هاوڕێ‌یانم بەگژ هەورازدا بچمەوە.
خۆر بە تەواوی ئاوا ببوو پێدەشتەکان لە تاریکی‌دا نوقم ببوون کە ئێمەش گەیشتینە بەرزایی سەرێ و شوێنێک بە ناوی سێ‌کانیان کە وەختی خۆی جێ‌هەواری مەڕداران بوو و گەلێک ئاوەدان و زۆر رێبواری هه‌ورازبڕی شه‌که‌ت و ماندوو له‌ سه‌ر ئه‌و کانیاوانه‌ لایان داوه‌و له‌ هۆبه‌و هه‌واری مه‌ڕداران حه‌ساونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌واری خاڵی بوو، بێجگه‌ له‌ تروسکایی ئاوی کانیاو هیچی دیکه‌ی لێ به‌دی نەکرا.
له‌سه‌ر یه‌که‌م کانیاو که‌ ده‌وری به‌ به‌رد گیرابوو دانیشتین بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک پشوو بده‌ین له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ورازدا وه‌سه‌ر که‌وتبووین و ئاره‌قی زۆرمان کردبوو و لێوه‌کانمان ویشک بوون بەڵام له‌ برسان هه‌ستمان به‌ تینووه‌تی نه‌ده‌کرد.
هه‌ر چوارمان له‌ ده‌روری کانیاوه‌که‌ ڕاکشاین و تۆزێک شه‌که‌تیمان له‌ له‌ش دەرکرد، ده‌بوایه‌ بڕۆین، گوتم کوڕینه‌ هه‌رچۆنێک بێ بزانین شوانێک نابینینه‌وه‌ نان و چایه‌کی له‌لا بخۆین. خۆ تازه‌ کومیتهی ‌شارستان و هێز رۆیشتوون و ئێمه‌ش هه‌تا به‌یانی پێیان ناگه‌ینه‌وه‌. له‌و قسانه‌دا بووم یەکێک لە پێشمەرگەکان “حەمەرەسووڵ” گوتی مادام لای شوانێک لادەدەین وەرن با یەکی پاروە نانێک بخۆین. وام‌زانی حەمەرەسووڵ گاڵتە دەکا و هەر وەک جاران لە کاتی تەنگانەدا بۆ بردنەسەری رووحییەی پێشمەرگەکان قسەی خۆش دەکا.
کاتێک هەرسێکمان روومان بۆ لای حەمەڕەسووڵ وەرگێڕا دیتمان کوڕە ئەوە بە ڕاستی خەریکە شتێک لە کۆڵەپشتی‌یەکەی دەردێنێ. سەری هەڵبڕی گوتی بۆ وا حەبەساون وەرن نانی ناخۆن؟ بەشێوەیەک وای گوت دەتگوت سفرەی راخستوە و پڵاو و گۆشتی لەسەر داناوە ئێمەش لێی چووینە پێشێ لە نێو نایلۆنێک دا نانێکی دەرهێنا لەگەڵ تۆزێک شیرێژ. گوتم حەمەرەسووڵ ئەوە ئه‌تۆ بۆ ئەو نانەت پێ‌ماوە و لە کوێت بووە، چۆنە نەتخواردوە. گوتی خاڵە ئەوە چوار رۆژە هەڵم‌گرتوە کە ئاخرجار نان و پێخۆرمان دابەش کرد دیتم وەزع خراپە گوتم با ئەو نانە هەڵگرم بۆ رۆژی تەنگانە و ئەو چەند رۆژە نەم‌خواردوە ئەگەر ئێستاش ئەتۆ نەت‌گوتبایە لای شوانێک لادەدەین ئاشکرام نەدەکرد،چونکە ئێستاش نەگەیشتووینە تەنگانە.
نانەکەی حەمەرەسووڵمان لەنێو خۆمان‌دا دابەش کرد و یەکی بڕێک شیرێژمان تێ‌هەڵسوو، بە ئیشتیا کەوتینە خواردنی. کاتێک لەو سێ هاورێ پێشمەرگەم روانی ئەوەندە بە ئارامی و شێنەیی ئەو پارووە نانەیان لە زاری دا دەهێناو دەبرد دەتگوت قەت ئارەزوو ناکەن بەو زووانە ئەو نان‌خواردنە تەواو بێ.
ئەو پارووە نانە هەرچەند زۆر کەم بوو بەڵام لەو کات و ساتەدا وەک ئەوە بوو لە سەر سفرەیەکی رەنگین نانمان خواردبێ و هەر ئەوە هێزێکی پێ بەخشیین و خۆمان توندوتۆڵ کردەوە بە نیازی گەیشتنەوە بە هاورێیانمان. دەەست خۆشیم لە حەمەرەسووڵ کرد و گوتم ئه‌تۆ هەر لە مەیدانی شەڕدا پێشمەرگەیەکی بە تەدبیر نی، بەڵکوو کار و کردەوەی دیکەش‌دا پوختی. لە کاتێک دا فیشەکدانی بی که‌ی سی لە خۆی توند دەکرد گوتی قسەی قەدیمیان راستە تەنگانە بەریان کورتە بەو شەرتە خۆی بۆ ئامادە بکه‌ی و ئومێدت هەبێ.
بەرەو دۆڵی نێوان ئاوایی‌یەکانی برایم خەسار و گەنمان شۆڕ بووینەوە. ڕیگامان گەلێک خیزک و هەڵدێر و سەره‌ولێژ بوو بەو حاڵەش خۆمان گەیاندە تەختایی دۆڵەکە. له‌کاتی داگەڕان‌دا ئاوری شوانێکمان هەڵنابوو کە لەو بەری ڕووبارەکە بوو. کاتێک گەیشتینە تەختایی دۆڵەکە بەرەو شوێنی شوانەکە تازە ئاوری دامرکاندبوو رۆیشتین، سەگەڵ هەستیان کردین و بەرەو پیرمان هاتن لەو دۆڵە دا چەق و لووری سەگان دەنگی دەدایەوە، شوانیش پێی وابوو سەگەڵ دەوری حەیوانی شاخیان داوە هەر تێیەوەی دەقوولاندن، لە سەەرەخۆ بانگی شوانمان کرد وەرە سەگەلمان لێ دەربکە؛ شوان کە گوێی لە دەنگمان بوو هات و سەگەلی دوور خستەوە. دوای پرسینی خەبەر و باس گوتمان نان و چایەک دەخۆین. شوان تەڕدەست ئاوری هەڵکردەوە هەرچەند لە پایگای برایم‌خەسار دەترسا کە نەکا تەقەی لێ بکەن چونکە تازە ئاورەکەی کووژاندبۆوە. گوتمان گوێ مەدەیە، هیچ نابێ.
خەریکی ئەوە بووین کە بەئیشتیا لە دەوری ئاوری شوان و لە بازنەی چیا بەرزەکان و لە ژێر درەوشانی ئاسمانی پڕ ئەستێرەدا نانێک بخۆین لە پڕدا قرمەو رێژنەی تفەنگ لە دۆڵەکەدا دەنگی دایەوە و ئارامیی شەوی تێک دا. کەریم هەستا سەر پێ بزانێ ئەو دەنگە لە کام لاوە دێ، تۆزێک دوور کەوتینەوە گەڕایەوە گوتی ئەو تەقەیە لە دۆڵی گەنمان‌ڕا دێ، خوا بکا هاورێیانمان تووشی کەمین نەبووبن هەر چوارمان نیگەران بووین. گوتم هەوڵ بدەن پەیوەندیی بێسیمی کۆنترۆڵ بکەن بزانن دەنگی هاورێیانی خۆمان دێ. “سەید کەریم” لە جێی خۆی هەستاوکەمێک دوور کەوتەوە و هێندەی پێ نەچوو گەڕایەوە ، گوتی وا باشە بڕۆین. لای کابرای شوان هیچی نەدەگوت سەر و بابۆڵەمان هەڵگرت و لەو کاتەدا حەمەرەسووڵ گوتی بابۆڵەی تەنگانەش هەڵگرن . لەشوانەکە دوور کەوتینەوە “سەید کەریم” گوتی تیمی پێشڕەوی هێز لە سێ رێیانی گەنمان ـ موسێ ـ برایم‌خەسار لە کەمین کەوتوون و یەکێک لە پێشمەرگەکان لە شوێنی کەمین ماوەتەوە و دەرناچێ.
بە دۆڵەکەدا بەره‌و دەراوی گەنمان هەڵکشاین هەتا دەهاتین نزیک دەبووینەوە دەنگی بێسیمی هاورێیانمان چاکتر دەبیست. شوێنی کەمینەکه‌مان بە دروستی پرسی و هاورێیانمان لە هێز گوتیان ئێمە بەسەر شوێنی کەمینەکەدا زاڵین و خەریکین دەستەیەک ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی لە کەمینی دوژمن بدەین و ئەو هاورێیەمان ڕزگار بکەین. گوتمان دەست ڕاگرن، ئێوە پشتگیریمان بکەن، ئێمە لە پشتەوە را لێیان دەدەین ، چونکو ئێمە دەکەوینە نێوان پایه‌گای دوژمن لە مووسێ و شوێنی کەمینەکە و ئەفرادی دوژمن بە خەیاڵیان‌دا نایە لەوێ‌ڕا لێیان بدرێ.
چوار پێشمەرگەی ماندوو، شەکەت و برسی چەند سەعات پێشتر، ئێستا دەبووایە گیانی هاوسەنگەرێکیان لە مردن ڕزگار بکەن. هێدی هێدی و بە ئەسپایی بە بن رەوەز و تاشە بەردەکانی شاخەڕەشی مووسێ دا خۆیان گەیاندە پشتی کەمینەکەی دوژمن. ئێستا کەمینەکەی دوژمن لە ئابلۆقەی هێزی پێشمەرگەدا بوو، هاورێیانمان لەو بەری بەرزایی‌یەکەی زاڵ بەسەر دۆڵەکەدا دامەزرابوون و ئێمەش لە سەر پشتی کەمینەکە. ئەفرادی کەمینەکەی دوژمن بە خاترجەمی خەریکی جێ‌خۆش‌کردن بوون کە هەتا بەیانی لەوێ لێی بخەون، لەپڕدا کەوتنە بەر هێرشی هەردوولای پێشمەرگەکان و لە چەند چرکەیەک دا کەمینی دوژمن هەڵقەندرا و هێندێک کیسەخەو و کەلوپەلیان لێ بەجێ ما، پێشمەرگەکان خۆیان گەیاندە ئەو هاوڕێ پێشمەرگەیه‌ کە کەمینی دوژمن ئابلۆقەی دابوو، دیسان تۆپ‌باران دەستی پێ کردەوە. بەڵام هەموو کادر و پێشمەرگەکانی کومیتەی مهاباد و هێزی پێشەوا بە سڵامەت یەکتریان گرتەوە و بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێ کەوتین و دیسان رۆژێکی دیکە و ئومێدێکی دیکە بە سەرکەوتن….
*******************

تێبینی: حەمەرەسووڵ قادرزادە ناسراو بە حەمەرەسووڵ دارەلەکی لە دەروازەی کۆیە لەگەڵ چەندهاوڕێی دیکە بەدەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو.
سیدکەریم مستەفازادە لە شەرێکی قارەمانانە لە دۆلی شێخانی ناوچەی مەهاباد شەهید بوو.

لە ژماره‌ ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌