دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان و “حەڵاڵ” یە مێژوویەکەی تەنیا مافی سیاسی حدکایە!, محەممەد سڵیمانی

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی سیاسی و خەباتی نەتەوایەتی خۆی لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا روبەرێکی گەلێك فراوانی لەسەر نەخشەی سیاسی و رووداوەکانی کوردستان و ئێران بۆ خۆی گرتووە و کاتێك باس لە سەر شێوەی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دێتە ئاراوە هەموو ئاڕاستەکان روو لە حیزبی دێمۆکڕات دەکەن. حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکی زۆر ناسك و دژواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بە هۆی بیرمەندی تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد پێشەوا” قازی محمد” لە سەر بنەما و میکانیزم و میتۆدی پێشکەتوو دادەمەزرێ و ئامانج لە پێك هێنانی حیزب لە سەردەمی پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا، بەدڵنیایەوە حیکمەتی سیاسی و نەتەوایەتی تایبەت بەخۆی هەیە و ژینگەی خەباتی سیاسی گەلی کورد پێویستی بە هێزێکی ئەتۆ مۆدێڕن و شۆڕشگێربوو کە بەرنامە و ئامانجی ڕزگاری نەتەوەی هەبێت. ئامانجە سیاسی و نیشتیمانیەکانی حیزب بەشێكی گرینگبووون لە خواست و داخوازی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمەدا و ئەوکات زۆر بەخێرای ئەو تیگەیشتنە دروستبوو کە هێزێکی بەتەواوی دێمۆکڕات و پێشکەوتنخوازی جەوهەری دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاو لە خەباتی سیاسی و نەتەوایەتیدا بە ئەستۆبگرێ و ئازادیخوازانی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان بەرەو هەنگاوی گەورەو گرینگی بزووتنەوەی نەتەوەی ڕێبەری بکات. ئەو کارە باش و خزمەت بە گەل و نیشتیمانیەش کاڵایەكبوو بۆ بەژنی لار و بەرزی حدکا بڕابوو. حیزبی دێمۆکڕات لە قۆناخە جیا جیاکانی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامیدا، دەست خۆشی گەلێك سەرکەوتن و گەشەکردنی سیاسی و فیکری بووە و هەر لەو پەیوەندیەشدا وشیاری نەتەوەی وەك تەنیا ڕێگای ڕزگاری گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا تەماشاکردوە و کاتێك کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد لەسەرئەساسی بنەمایەکی بەتەواوی نەتەوەی دادەمەزرێت و لە ماوەی تەمەنی کورتی حکوومەتی کوردستاندا، کۆمەڵێك دەسکەوت و شانازی زۆر گەورە و گرینگ بەدی دێن. ڕوانینی سیاسی حیزب بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان لەسەر ئەساسی پشتیووانی ماددی و مەعنەوەی خاسبووە و هیچ کاتێك بۆ قازانجی خۆی زیانی بە شۆڕشی کوردستان نەگەیاندوە و زۆر جار لەو پەیوەندیەدا زوڵمی زۆریشی لێکراوە، بەڵام لە” پێناوی ئامانجی ڕزگاری نەتەوەی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد دا، ددان بەخۆداگرتنی هەڵبژرادوە”.

شانازی دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان لەشاری مەهاباد تەنیا بەهاوکاری و پشتیووانی خەڵکەکەی بوو و ئەو رووداوە سیاسی و نەتەوەیەش بێگوومان بەرهەمی وشیاری نەتەوەی ئەو بەشەی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستانبوو کە ئەو زەمینەی پێك هێنا هەتا حکوومەتی کوردستانی تێدا ڕابگەیەندرێت و “حەڵاڵیە” مێژوویەکەی و دەسکەوتەکانی تەنیا مافی سیاسی حدکایە و ناکرێت” تاپۆی” ئەو سەروەریە گەورە و مێژوویە بەناوی کەسێك و حیزبێکی دیکەوە بکرێت. حیزبی دێمۆکڕات و ڕێبەرانی تێکۆشەر و کوردپەروەری هەر لەسەردەمی ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان و شاکانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر بارەگا و دامودەزگای حکوومەتی کوردستاندا، توانی بۆ یەكمجار لە مێژوودا ژنان بەشداری خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی وێرای پیاوان پێبکات و هەرلەو ڕاستایەشدا لاوان وەك توێژێکی گرینگی کۆمەڵگای کوردستان دەرەتانی خەباتی سیاسی و مەدەنیان بۆ پێك هات. ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی لەو سەردەەمەدا چاپ و بڵاوکرانەوە و کەش و هەوایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بازرگانی گۆنجاو بۆ دانیشتووانی ئەو هەرێمەی دەسەڵاتی کۆماری گەیشتبوویە پێك هاتبوو. سوپای میللی کە بەهێزی پارێزەری کۆمار و دەسکەوتە بەدەستهاتووەکان لە مێژوودا ناسراوە، بە بڕیاری سەرۆك کۆماری کوردستان” پێشەوا قازی محمد ” دامەزرا. ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە بەشداری نوێنەری هەرچوار بەشی کوردستان لە چوارچرای شاری مەهاباد دەست نیشانکرا و شانازی دیاری کردنی نێوی پیرۆزی پێشمەرگەیش لەو سەردەمەدا تۆمارکرا. هەر چەندە ماوەی حوکمڕانی کۆمار کەمتر لە ساڵێك بوو، بەڵام ئەگەر لە گەڵ دەسکەوتەکانی مقایسەی بکرێت هەرگیز باوەرناکرێت لەو ماوەکورتەدا ئەو هەموو کارە بکرێ و وەك دەسکەوت و هەوێنی خەباتی سەردەمیانە لاپەرەکانی مێژوویان پێ بڕازێنرێتەوە. ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی زۆر باشەی پەرەی پێدرابوو و دۆستایەتی کۆمار لە گەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانی لەسەر بناخەی بەژەوەندی سیاسی و نەتەوەی هاوبەش دامەزرابوو و لە پێناوی خوانێکی بچکۆڵەدا، ئامانجە سیاسی و نەتەوەیەکان پشتگوێ نەخرابوون. سنووری حوکمڕانی حکوومەتی کوردستان بە هۆی هەولومەرجی سیاسی و بەردەوامی شەڕی دووهەمی جیهانی و باروزروفی ژینگەی سیاسی و ئەمینەتی کوردستان، نەیتوانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو کوردستاندا فراوان بکات. لە ماوەی دەسەڵاتی حکوومەتی کوردستاندا ئابووری و بازرگانی بەشێوەیەکی زۆر درەوشاوە گەشیان پەیداکرد و دزی و قات و قوڕی نەمابوو و لە دامودەزگای حوکـرانیشدا گەندەڵی بە هیچ جۆرێك بوونی نەبووە و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی نیشتیمانی بە خڕاپەیەکی گەورە دانراوە. پێك هێنانی وەزارەت و داموودەزگای نوێی ئیداری نەموونەیەكی روونی بە دەوڵەت بوونی کورد دەگەیەنێت، هەربۆیەش دوژمنانی حیزبی دێمۆکڕات بە درێژای مێژوو هەوڵی لەسەردانی سەری بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دراوە و بەداخەوە ڕێبەرانی کراونەتە ئامانج و لە نوێبراون. دامەرزانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە گەرمەی شەری دوو هەمی جیهانیدا، لە مێژووی نوێی گەلەکەماندا بەسەرەتای نوختە کۆڕانێکی زۆر گەورە و گرینگ لە مێژووی سیاسی کورددا سەیردەکڕیت. پێشەوای نەمر بە هۆی هەبوونی کەسایەتی دیار و ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەرلەوکاتەیشدا پەرۆشی بۆ ئەوەی کورد لە سەرخاكی خۆیدا بەئازادی و بەدوور لە دەست تێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان، بڕیار لەسەر شێوەی ژیان و ئیدارەدانیخۆیبدات و، بەرفراوانی خواست و ئامانجی قازی محمد توانی ببێتە هەوێنی ئەو قۆناخەی کە پاشان کۆماری کوردستانی تێدا دادەمەزرێت. هەتا ئێرە زۆر توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەسەر زەمینەی پێك هاتنی کۆمار کراوە و لە پەراوێزی ئەو باسانەیشدا، ئاماژە بە هۆیەکانی تێکچوونی دەوڵەتی کوردستان دراوە کە دیارترین کتێب و لێکۆڵینەوەیش کە بەتەواوی “ئۆبژیکتیڤ” بوونی تێدا ڕەچاوکرابێت،” چڵ ساڵ خەبات لە پێناو ئازادیدا” لە نووسینی ڕێبەری میژووی نوێی گەلەکەمان دکتۆر قاسملووی نەمرە. حیزبی دێمۆکرات زۆر کەندوکۆسپی گەورەی لە رەوتی خەباتی سیاسیدا هاتونە سەر ڕێگا و هەموو جارێك زۆر حەکیمانە لیان دەربازبووە و هەرگیز لە رەوتی خەباتی سیاسیدا بە هۆی هەڵوێستێکی سیاسی زیانی بە بزووتنەوەی سیاسی بەشەکانی دیکەی کوردستان نەگەیاندوە کە وەیش شانازیەکی دیکەی حیزبە خۆشەویستەکەمانە. هەرچەندە لەو ساڵانەی دوایدا هێندێك لایەنی سیاسی کوردستانی هەوڵدەدەن بەزۆر حیزبی دێمۆکڕات بەرەو ئاقارێکی تر بەرن و بەدەلیلی بێبنەما لەسەر ڕێچکەی راست و دروستی خۆی بە لاڕێیدا بەرن.

بەڵام بە خۆشیەوە ڕێبەری حیزب بە هەستکردنی بە بەرپرسیارەتی مێژووی خۆی زۆر بەسەرنج و ورد بینیەوە لە گەڵ هاوکێشە سیاسی و رووداوەکاندا چۆتە پێشەوە و سەربەخۆی سیاسی و بڕیاردانی هەتا ئێستایش بەرنەداوە و لە سەر ڕێچکە و فیکری دکتۆر قاسملوو بەڕێوەدەبرێت. حیزب بە دڵنیایەوە لەسەر ئەزموون و خۆڕاگری و پشوو درێژی خۆی ئەوەندە ساڵانە خۆی گرتووە و هەتا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگرەوەی بۆ دروست نەکراوە و، هەر چەندە لێرە و لەوێ کاری زۆر کرا و پارەی زۆریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە و ڕێژیمی ئاخوندی وەك سەرەکیترین بەشەمارەکە ئەو پیلانەی بەدژی حیزب و بزووتنەوەی سیاسی گێڕاوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدیل وجێگرەوەی تەزویر لە جیاتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بێنێتە ئاراوە و، مەبەستەکانیان بەدی بێنن، بەڵام تێدا سەرنەکەوتوون. کاتێك باس لە شۆڕشی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت، بەخێرای چاوەکان دەچنەوە سەر ئەو مێژوویە کە حیزب لەمێژووی کوردستاندا زۆر بەسەربەرزی و رووسوری تۆماریکردون. دونیا بینی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبی دێمۆکڕات، هەڵقۆڵاوی بیر و هزری دکتۆر قاسملووی نەمران بەدوای هەستانەوەی حیزب لە پاش تێكچوونی کۆماری کوردستاندا. حیزبی دێمۆکرات لە رابردوودا بەهۆی شێلگیربوونی لەسەر خەباتی نەتەوایەتی زۆر جار لەلایەن هێندێك هیزی مارکسی و لینیزمیەوە سەرکۆنەدەکرا و مافی نەتەوەی و خەباتی نەتەوایەتی حیزبیان بەشتێکی بەسەرچوو و پاشکەتوو لێكدەدایەوە و خۆیان لە گەڵ حیزب نەدەگۆڕیەوە. بەڵام ئەو جۆرە بیرکردنەوە و روانینەی ئەو هێزانەی کوردستان، خۆدزینەوەیەك بوو لە چالاکی خەباتی نەتەوایەتیان .

رۆژی ٢ی ڕێبەندان لە خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات پیرۆزبێت.