گەورە هونەرمەندی کورد مامۆستا کەریم کابان کۆچی دوایی کرد.

سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٤ ـ ٠١ ـ ٢٠١٦ هونەرمەندی بە توانا و دەنگخۆشی گەلەکەمان کاک کەریم کابان لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا و دوای ماوەیەک نەخۆشی لە شاری سولێمانی کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا کەریم کابان یەکێک لەو هونەرمەندە دەنگخۆشە دەگمەنانەی گەلەکەمان بوو کە لە ساڵی ١٩٤١ دا یەکەم گۆرانی خۆی پێشکەش کردووە و دواتر لە ساڵی ١٩٤٥ دا یەکەم ئاڵبۆمی گۆرانی خۆی کە لە ٨ گۆرانی پێک هاتبوون تۆمار کردوە و لەو کاتەوە ئەو گۆرانیانە بوونە بەشێک لە ژیانی ئەویندارانی گۆرانی ڕەسەنی کوردی، هونەرمەند مامۆستا کەریم کابان زیاتر لە ٢٠ گۆرانی جۆراوجۆری پێشکەش کردوون، کە دیاری‌ترینیان گۆرانی‌یەکانی ” یاران وەسیەتم، قەت نەدی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو، ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم” ە ، کە لەسەریەک لە دڵی بەشی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دا جێگای خۆیان کردۆتەوە و ساڵانێکی زۆرە لە لایەن خەڵکەوە دەگوترێنەوە.
مامۆستا کەریم کابان ساڵی ١٩٢٧ ی زایینی لە سولێمانی لە دایکبووە و وێرای کارو کاسبی خۆی هاوکات وەک هونەرمەندیکی گەلەکەمان لە بواری گۆرانی و ئاوازەوە بە هەزاران کەسی شەیدای دەنگە سێحراویەکەی خۆی کردووە، مامۆستا کەریم کابان جیا لە گۆرانی گوتن چەندین ئاوازی بۆ هونەرمەندانی دیکەی گەلەکەمان داناون و یەکێک لەو هونەرمەندانەش کە دەنگێکی ئەفسووناوی و سرنج ڕاکێشی هەبوو، کاک قادر کابانی برای بوو، کە بەداخەوە بێ سەروشوێن کرا و ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ کەس نازانێ گۆڕی ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشەی گەلەکەمان لە کوێ‌یە.
مامۆستا کەریم کابان مرۆڤێکی هەست ناسک و بە هەڵوێست و نیشتمانپەروەر بوو، هونەرمەند کەریم کابان ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٦٩ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ناوچەکانی ناوەراست عێراق دوور خراوەتەوە و هەروەها ساڵی ١٩٧٤ یش جارێکی دیکە بە هۆی هەڵوێستی سیاسیەوە بۆ جاری دووهەم دوور خراوەتەوە بۆ ناوەراستیی عیراق. هونەرمەند لە زۆربەی کۆڕو کۆبوونەوەکانی خەڵک دا بەشداری دەکرد و خەڵکیش بە ڕیزەوە سەیری مامۆستا کەریم کابان‌یان دەکرد، لە باری نیشتمان‌پەروەریشەوە کەسێکی دیار و جێگای متمانەی گەلەکەی بووە و هەمیشە هەوڵی بۆ برایەتی و یەکریزی داوە و ساڵانێکیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە و لە خەم و ئازارەکانی ئەو بەشەش دا بەشداری کردووە.

سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و گشت خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ئەوینداران و ئۆگرانی دەنگی ئەفسووناوی ئەو هونەرمەندە بەرزەی گەلەکەمان دەکەم.
ڕووحی شاد