خالید عەزیزی: سیاسەتمان ئەوەیە خەڵک بێ تەفاوت نەبێ لە رەوتی چارەنووس‌و مافەکانی

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک یادو بیرەوەریی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانی بەرز ڕاگرت. لەو ڕێوڕەسمەدا کە کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتاری حیزبی بەو بۆنەیە پێشکێش کرد، لەگەڵ یادو بیرەوەریی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان‌و لە سەروو هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەدو رێبەرانی دیکەی حیزبی دێموکڕات‌و کۆماری کوردستان‌و؛ ئامانج‌و هیواکانیان بەڵێن نوێ کرایەوە.

یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١ ی ڕێبەندان‌و، بە بەشداریی سەدان کەس لە کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزب، لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بۆنەو رێوڕەسمەکان‌داو بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب‌و ڕاوەستان‌و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ‌کرد.
پاشان کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات وتاری حیزبی بەو بۆنەیەوە پێشکێش کرد.
کاک خالید عەزیزی لە سەرەتای قسەکانی‌دا باسێکی لە دۆخی کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەگەڵ ئێستادا کردو گوتی بەراوردی ئەو دوو هەلەمەرجەو دەرکەوتەکانی ئەو دوو دۆخەیە کە گرینگیی کۆماری کوردستان‌و ژیریی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات‌و لە سەروو هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەدمان پتر بۆ دەردەخا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو بەشەی قسەکانی‌دا گوتی ئەو کاتیش ناوچەکە ئاڵۆز ببوو، بۆشایی دەسەڵات پێک‌هاتبوو، دەرفەتێک بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵ‌کەوتبوو؛ قۆستنەوەی ئەو هەل‌و دەرفەتەش ژیری‌و تێگەیشتوویی سیاسی‌ دەویست‌و رێبەرانی حیزبی دێموکڕات‌و پێشەوا قازی محەممەد دەرفەتەکەیان قۆستەوەو کۆماری کوردستان‌یان دامەزراند. ئێستاش دوای ٧٠ ساڵ وەها هەل‌و دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە پێشێ‌و کورد بە ئیعتباری خەباتی دوورو درێژی لە هاوکێشە سیاسی‌یە ناوچەیی‌و جیهانی‌یەکان دایەو هیوادارم کە بە تێگەیشتوویی سیاسی ئەو هەلە بقۆزێتەوەو ئەزموون‌و عەقڵییەتی سیاسیی پێشەوا قازی محەممەدو چۆنیەتیی ئیدارەی کۆماری کوردستان بکاتە هەوێنی چارەسەرو پێش خستنی دۆزی کورد لە ئێستادا.
کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بە ٧٠ ساڵ خەباتی حیزبی دێموکڕات دوای دامەزرانی کۆمار کردو گوتی: ئەگەر ئەو کۆمارە شانازییەکە بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ئەوا نەتەوەی کوردیشی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی ئەرکدار کرد؛ جۆرێک ئەرکداربوون کە لەو کاتەوە هیچ سەرکوت‌و ئەشکەنجەو گرتن‌و تۆقاندنێک کۆڵی بە کورد نەداوەو ئەو خەباتە تا سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی دەبێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا باسی لە فەلسەفەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کردو گوتی ئەو فەلسەفەیە بۆ شەڕ نەبوو، بەڵام شەڕیان بەسەردا سەپاند؛ فەلسەفەی سیاسی‌و مەدەنیی کۆماری کوردستان بەشداری لە ئیدارەی وڵات‌و وەرگرتنی مافی ئیدارەی ناوچەکانی خۆی بوو. ئەو فەلسەفەیە ئێستاش پاش ٧٠ ساڵ فەلسەفە، تایبەتمەندیی‌و نێوەڕۆکی خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانە.
کاک خالید عەزیزی هەر لەو بەشەی قسەکانی‌دا ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوای کرد کە کەلک لە دەرفەتەکان وەربگیرێ‌و کورد هیچ هەل‌و دەرفەتێک بۆ هێنانە بەرباسی ویست‌و داواکانی‌و وەدهیهێنانی مافەکانی بەفیڕۆ نەدا. بەڕێزیان گوتی: خەڵکی کوردستان نابێ لەهەمبەر چارەنووس‌و مافەکانی بێ‌تەفاوت بن‌و لەو پێوەندی‌یەش‌دا دەکرێ شێوازی جۆراوجۆر تاقی بکرێتەوە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا باسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیس لە ئێرانی کردو گوتی: کێشەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وا چارەسەر نابێ کە ئێمە بکەوینە خانەی قەزاوەت لەسەر ئەوەی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی باشە یان خراپە، بە دڵنیاییە کە ماهییەتەکەی خراپە؛ وەنابێ حیزبە سیاسی‌یەکان لە کێشە لەگەڵ یەکتردا ئەوە بۆ یەکتر سابیت بکەن کە کۆماری ئیسلامی خراپەو لایەنێک پێی باشە؛ دڵنیام هیچ لایەک لە ئێمە پێمان باش نییە‌و هیچمان لەوەدا تەوەهوممان نییە؛ بەڵام ئەوە بەشێکی بابەتەکەو بەشی سەرەکیی باسەکەو هونەرەکە لەوەدایە کە چۆن حیزبێکی سیاسی مەیدانەکە بۆ کۆماری ئیسلامی جێ نەهێڵێ.
کاک خالید عەزیزی هەر لەو بەشە لە قسەکانی‌دا گوتی هەڵبژاردن لە ڕوانگەی ئێمەوە بە مانای ئەوە نییە بچینە تەفسیرو تەعبیری ئەوەی کە ئاخۆ دێموکراتیکەو لەگەڵ پڕەنسیپە جیهانی‌یەکان دێتەوە یان نا؛ وەڵامەکەی ڕوونە کە هەڵبژاردن لە ئێران نادێموکڕاتیکە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمەو خەڵکەکەمان لێی بێ تەفاوت بین. بەڵکوو دەبێ تێ‌بکۆشین لەو فەزایەدا کە دروست دەبێ خەڵک ویست‌و داواو پرسەکانی خۆیان بێننە گۆڕێ‌و خەڵک لە کوردستان عادەت بگرن بە هێنانە گۆرێی پرسەکانی خۆیان‌و لە ئێرانیش بزانن کە کوردستان پرس‌و داوای تایبەتیی خۆی هەیە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی خۆی‌دا ئاماژەی بە شوناسی نەتەوەیی‌و کوردی وەک یەکێک لە بنەماکانی دامەزرانی کۆماری کوردستانی کردو بە ئاماژە بە ئاڵۆزی‌یەکان لە ناوچەکەو، شەڕی شیعەو سوننەو ناکۆکیی ئایینزاکان لەگەڵ یەکتری؛ بە سەرنجدان بە جۆراوجۆریی ئایین‌و ئایینزاکان لە نێو کورددا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە لە گەرمەی ئەو کێشەو ئاڵۆزییەدا باشترین خزمەت بە ئامانجەکانمان ئەوەیە جۆراوجۆرییەکان دابەشمان نەکەن‌و یەکیەتی‌و یەکبوون‌و شوناسی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین‌و ئەوەیە یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی کۆماری کوردستانە.
کاک خالید عەزیزی هەر لەو بەشە لە قسەکانی‌دا ئاماژەی بە بابەتی پرسی کوردو ئازەری‌یەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچانە‌دا کرد کە کوردو ئازەری پێکەوە دەژین. کاک خالید عەزیزی پێداگری کرد کە تەنیا قەبووڵی واقعییەتەکانە ئێمە بە چارەسەر دەگەیەنێ‌و لە مێژووش‌دا نموونەی ئەو لێک‌تێگەیشتن‌و قەبوڵکردنی ڕاستی‌یەکان هەیەو ئەویش ئەزموونی هاوپەیمانیی کۆماری کوردستان‌و فیرقەی دێموکڕاتی ئازەربایجانە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات گوتی پەیامی ئێمە هەمیشە ئاشتی، دانوستان‌و چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای وتووێژو رێزگرتن‌و وێکهەڵکردنە؛ بەڵام جێگای خۆیەتی ڕوو لە ئازەری‌یەکان بکەین‌و پێیان بڵێین کە ئەگەر ئەوانیش وەک ئێمە بە دووی مافەکانی خۆیان‌دا دەڕۆن، نابێ لەو شوێنانەی کوردو ئازەری پێکەوە دەژین بیانەوێ کوردەکان بێ ماف بکەن.
کاک خالید عەزیزی گوتی ئازەری‌یەکان بە حاشاکردن لە مافەکانی کورد بە مافەکانی خۆیان ناگەن، بەڵکوو بە داننان بە مافی کوردەکانە دەتوانن مافەکانی خۆیان سەقامگیر بکەن‌و داواشمان لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە لە سەر بنەماکانی ڕێزو حورمەت‌گرتنی یەکتر، هەرگیز بێ‌مافیی خۆیان لە هیچ کەس‌و لایەنێک قەبووڵ نەکەن؛ ئەوە دەرسەکانی کۆماری کوردستانەو ئەوە مێژووی خەبات‌و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتە.
خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان‌و هەروەها کێشەی دێموکڕاتەکان چەند تەوەرێکی دیکەی قسەکانی کاک خالید عەزیزی لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو.
لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی دێموکراتەکان کاک خالید عەزیزی باسی ئەوەی کرد کە ئەگەر تا ئێستا ئەو دوو لایەنە لە پرسی یەک‌خستنەوەی حیزبی دێموکڕات‌دا بە ئاکام نەگەیشتوون، ئەوە بەو مانایە نییە لە داهاتوودا کاری لەسەر ناکەین، بەڵکوو هیوادارین ئەزموونی ئەو چەند ساڵ دانیشتن‌و وتووێژە بەرچاوڕوونیی زیاترمان لە بابەت یەک‌خستنەوەی حیزبی دێموکڕات بداتێ.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو یادەدا کاک حەسەن دانشفەر شێعرێکی حەماسی بۆ یادی کۆماری کوردستان خوێندەوەو لە درێژەدا خاتوو شیرین شەریفی، گۆرانی‌یەکی پێشکێش بە ئامادەبووانی یادەکە کرد.
خوێندنەوەی پەیامی هاوبەشی یەکیەتی‌یەکانی ژنان‌و لاوانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن سۆهەیلا قادری، سکرتێری یەکیەتیی ژنان‌و؛ هەروەها چەند گۆرانی‌یەک بە دەنگی سەرکەوت مرادی‌و سەردار کرماشانی چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕیادە بوون.
یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌ بە پیرۆزبایی ئامادەبووان لە یەکترو شادی‌و شایی ئەوان بەو بۆنەیەو لەگەڵ گۆرانی‌یە شادەکانی پێشمەرگەی هونەرمەند سەلاح هەورامی تا کاتی تەواوبوونی درێژەی پێ‌درا.