کۆچی دوایی خاتوو مریەم قازی، ژنە ئەدیب و چیرۆکنووسی کورد
خاتوو مریەم قازی چالاکی بواری مافەکانی ژنان و خەباتی یەکسانیخوازی و ژنە چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و ئەدیبی کورد، رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە خزم و کەس و کار و بنەماڵەی گەورەی قازی و ئەدەب دۆستان و گەلدۆستانی کرد.
خاتوو مریەم یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەی گەلەکەمان بوو کە لە بواری فەرهەنگ و ئەدەب و چالاکی فەرهەنگی دا لە ژنە دیار و بەرچاوەکانی گەلەکەمان بوو و لە ئەنجوومەنی ئەدەبی شاری مەهاباد دا جێگەی تایبەت بە خۆی هەبوو.
لە ماوەی ژیانی کورتی دا چەندین بەرهەمی ئەدەبی و هەروەها چەندین چیرۆک و نووسراوەی وەک یادگاری بۆ کتێبخانەی کوردی بەجێهێشتوون.
……………………………………………….
بۆ بەرێزان بنەماڵەی کاک مستەفا قازی
بە بۆنەی کۆچی ژنە ئەدیبی کورد و ژنە تێکۆشەری کورد ، خاتوو مریەم قازی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی کاک مستەفا قازی و خوشک و براکانی و هەروەها تێکرای بنەماڵەی گەورەی قازی و هەموو ئەدیب دۆستان و قەڵەم بەدەستانی کورد و خزم و ئاشنیانی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو خاتوونە گەورەیەی گەلەکەمان دەزانم.
رووحی خاتوو مریەم شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
هیوادارم کە نموونەی خاتوونی لە چەشنی مریەم قازی لە نێو گەلەکەمان دا هەر لە زیادبوون دابن.
ئێوە تەمەن درێژ بن.
حەمەرەسووڵ کەریمی