ڕەوتێکی نوێ بە ناوی ناوەندی بڕیاڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نێو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا ڕاگەیاندراوی بڵاو کردەوە.
بە پێی هەواڵەکان کاک کۆسرەت ڕەسووڵ و کاک دوکتور بەرهەم ساڵح جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی ڕاگەیاندراوێکیان بە مەبەستی چاکسازی و بەخۆداچوونەوە و کۆکردنەوەی یەکێتیییەکانی کۆن و گەراندنەوەی هەیبەتی یەکێیتی و ڕزگاربوون لە چەقبەستوویی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
هەڤاڵانی دڵسۆزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان،
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان،
لە كاتێكدا كوردستان گیرۆدەی قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابووری و هەڕەشەی داعش و ئەگەرەكانی گۆڕانكاری ڕۆژهەڵات بۆتەوە، هاوڵاتیان بەدەست بێ مووچەیی و برسیكردن و باری گرانی ژیان و گوزەران دەناڵێنن، لەم كاتەدا و لە بری تەكبیر و هاوكاری بۆ چاكسازی و چارەسەری كێشەكان، یەكێتی لەسایەی گروپێكی پاوانكارەوە لەهێزی تیكۆشەری خاوەن بەرنامەی ئاوەدانی و دادپەروەری كراوەتە هێزێكی پەراوێزخراو و بێباك لەخواستی هاوڵاتیان، بێباك لەتێكۆشەرانی خۆی و هاوپەیمانێتیەكانی لەتاریكی و سەفقەی ژێربەژێر بۆ تاڵانی نەوت و هەڵوشینی سەروەت و سامانی خەڵك و برسیكردنیان ئەنجام دەدرێن. بۆ رایكردنی بەرژەوندیەكانی ئەم گروپە یەكێتی خویندنگەی جەنابی مامجەلال و بەهای وەرگرتنی بڕیاری سیاسی لەهیچ ئۆرگانێكیدا بەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیشەوە نەهێڵراوە.
تا ئێستا لەبەرحورمەتی جەنابی مامجەلال و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و ڕێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی، خۆڕاگڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەپەرۆشیمان بۆ ئایندەی یەكێتیی و ڕەچاوكردنی دۆخی سیاسی كوردستان بەگشتی، نەمانویستووە ناكۆكیەكان تەشەنە بكەن و هەوڵمانداوە بەهێمنی و دوور لەگرژی و دابڕان كاربكەین بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام مەخابن لەدوای ئەم هەموو پشوودرێژی و خۆڕاگرتنە، سەرباری هەوڵی دۆستانی ناوخۆ و دەرەوەش، دەبینین هەتا دێت ئەم گروپە پاوانكارەی یەكێتی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، بەشداری زیاتر دەكەن لەكۆمەڵێ سیاسەتی چەوت، بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و بڕینی مووچەی فەرانبەران و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە ئیزدواجیەتەوە هەوڵی چەواشەكردنی خەڵك و ڕای گشتی دەدەن، لەهەولێر بەشداری حكومەت و سیاسەت و “شیرینی” نەوت و بڕیارەكانن، لەسلێمانیش ناڕازی و ڕەخنەگڕن!
لەئاستی نێوخۆی حیزبیش هەتا دێت شیرازەی ئۆرگانەكان دەپچڕێ و پشێوی و بێسەروبەری و بێدادی و دەستەمۆكردنی كادیر و پەراوێزخستنی ئۆرگانەكانی یەكێتیی و پێشێلكردنی پەیڕەو و پیلانگێڕی بۆ تەزویركرنی كۆنگرەو زەوتكردنی ئیرادەی ئەندامی ڕەسەنی یەكێتی فراوانتر دەبێ، و خزم و كەسوكاری خۆیان بێ رەچاوكردنی سروشت و شوناسی یەكێتی دەخزێننە ناو كایەی كاری حزبی و حكومڕانی و هەوڵی دەرپەراندنی كادیرە دڵسۆزەكان دەدەن. بۆ جێبەجێكردنی ئەو مەرامە چەوت و بەرژوەندخوازەشیان بەبێباكی ناوی مامجەلال و پێگەو رێزی ئەو بەكاردێنن.
سەرباری هەموو ئەمانەش، لەوەڵامی پشوودرێژی و هەوڵی بێ پسانەوەی ئێمەدا، گروپی پاوانكار لە ماوەی ڕابردوودا سەركردایەتی و ئۆرگانی سێبەریان لەسەرجەم ناوچەكان دروستكردووە بۆ بەڕێوەبردن و ئاراستەكردنی یەكێتیی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و پیلانگێڕی بۆ لەباربردنی ئیرادەی ئەندامانی ڕەسەن و پەراوێزخستنی پێگە شەرعیەكانی یەكێتیی.
بۆیە، ئێمەی پەیڕەوانی ڕێبازی مامجەلال، دڵسۆزانی یەكێتی، چیتر ناكرێ بێدەنگ بین لە پەیڕەوشكێنی و بنكۆڵكردنی حیزبی و پەراوێزخستنی یەكێتی لە ئاستی ناوچەكەو پەردەپۆشكردنی قەیرانەكانی، ناكرێ چیتر لێگەڕێین خەباتی 41 ساڵەی یەكێتی ئاوا بەدەستی ئەم گروپە دژ بەئاراستەی چەپكە گوڵەكەی مامجەلال بەرن و یەكێتی لەهێزێكی شۆڕشگێڕی داكۆكیكاری بەرژەوەندی خەڵكەوە بكەنە حیزبی بنەماڵە و بەشداربووی تاڵانی سامانی وڵات وبڕینی مووچەو نانی خەڵك.
ئَێستاش ئێمە هەر لایەنگیری چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی یەكێتین بەئاڕاستەی بەرژەوەندی یەكڕیزی یەكێتی و خۆسازدانەوەی بەتێزی چەپكەگوڵەكەی جەنابی مامجەلال و كاراكردنی بڕیاڕی بوێر و دڵسۆزانەی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بژێوی خەڵك و دابینكردنی مووچە و ڕێگرتن لە بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاوانكردنی بازاڕ، بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی باری چەقبەستووی سیاسی هەرێم، بەكێشەی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێمیشەوە، بەڕێزگرتن لەدامەزراوە دیموكراسی و شەرعیەكان، و بەتایبەتیش پەرلەمانی كوردستان، هەر لێرەشەوە دوپاتی دەكەینەوە كەئێمە خۆمان لەهەڵەو كەموكورتیەكان بێبەریناكەین، بەڵكو هەر یەكەمان بەپێگەو كرداری خۆمان زۆر یان كەم پشكی بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەمان لەسەرشانە و خۆمانی لی بەری ناكەین، بەلام لێرەدا مەبەستمانە تەكبیر لە ئێستا و ئایندە بكەین بە دامەزراندنی ناوەندی شەرعی بریاری یەكیتی و بەشداری كارا لە چارەسەركردنی كیشەكانی خەلك.
لەپێناوی یەكێتی و پارێزگاری لە سەروەرییەكانی، و لە پەرۆشیمان بۆ پیشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، و بۆ هاوكاری لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك، بریاڕمان دا ئەم ئەركانەی خوارەوە جێبەجێ ئەكەین:
1. تا یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی بەڕێوەبردنی یەكێتی، لەڕێگەی كۆنگرەیەكی شەرعی دوور لە تەزویر و دەستێوەردانی دەزگا ئەمنیەكان، ئێمە ناوەندی بڕیاری نێو یەكێتی ڕادەگەیەنین. بۆیە لێرە بەدواوە، هیچ بڕیاڕێك، چ لەناوخۆی حیزب یا بۆ دەرەوەی حیزب، بەبڕیاری گشتگیری یەكێتیی نازانرێت گەربێتوو بەئاگاداری و پەسەندكردنی ئەم ناوەندەی بڕیارەی یەكێتی نەبێت، بەپێچەوانەوە بۆ ناوخۆی یەكێتیی و دەرەوە و بۆ ڕای گشتی ناشەرعیبوونی ئەو بڕیارو سیاسەتانە ڕائەگەیەنین.
2. تا یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لەهێزی نیشتیمانی حكومەتی هەرێم، تەواوی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی دەخرێنەوە سەر فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەو لەلایەن ئەو فەرماندەییەوە سەركردایەتی دەكرێن. لە سایەی خەبات و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ كەرامەت و ئاسایشی گەلی كوردستان پارێزراوە، بۆیە ئەركی سەرشانمانە بە هەموو توانامانەوە هاوكاری چاككردنی باری گوزەرانی هیزی پیشمەرگە بین.
3. زەمینەسازی بۆ كۆنگرەیەكی شەرعی و بێخەوش و دوور لە تەزویر، هەروەها ڕەتكردنەوەی ئەو بڕیاڕو ڕێوشوێنانەی كەبونەتە مایەی شێواندن و قۆرخكردنی ئۆرگانەكانی یەكێتی و دەستەمۆكردنی كادیر و پەراوێزخستنی تێكۆشەرانی ڕەسەنی یەكێتی، و بە ئامانجی سازدانی یەكێتی بۆ ئایندە و نویبوونەوەی و بەشدارپێكردنی كارای ژنان و لاوان لە ناوەندەكانی بڕیاڕ.
4. دارایی یەكێتی، لەهەركوێیەك بێت لەدامەزراوەی شەرعی خۆی، كەمەكتەبی داراییە كۆدەكەینەوە بەشێوەیەكی شەفافانە لەپێناوی بەرژەوەندییە گشتیەكانی یەكێتی و ئۆرگانەكانی بە كاردەهێنرێت.
5. پابەندبوون بە جێبەجیكردنی ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پەرەپێدانی ئەو ڕێكەوتنە بە كردار و بە ئاڕاستەی یەكخستنەوە و یەكگرتنەوە لەكەل هاوسەنگەرانی رابووردومان و سازدانی تواناكانمان بۆ چاكسازی و یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد.
6. ڕێكەوتنی یەكێتی و پارتی دیمكراتی كوردستان هۆكاری تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕی ناوخۆ بوو، و هەوێنی دەستكەوتی گەورە بوو بۆ گەلی كوردستان. ئەمڕۆش بێگومان پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی گرنگە و كاریگەری لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئەمنی كوردستان هەیە. بۆیە لە پێناوی پاراستنی یەكڕیزی گەل و یەكبوونی حوكمڕانی كوردستان، لە پێناوی ئارامی و ئاسایشی گشتی، پیویستە پیاچوونەوە بەم پەیوەندیە بكەین بە ئاڕاستەی هاوسەنگی و دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی ئێستای هەرێم و پێكهاتنی هێزە سەرەكیەكانی كوردستان.
7. حكومەتی هەریم ئێستا گیرۆدەی قەیران بە دووای قەیرانە، بۆیە پێویستە پێداچونەوەی بنەڕەتی بەپێكهاتە و سیاسەتەكانیدا بكرێت بكرێت بۆ چارەسەری كیشەی گوزەران و مووچەی خەڵك و گێڕانەوەی متمانەی هاولاتیان، و ڕەچاوكردنی شەفافیەتی ڕاستەقینە لەبواری داهات و خەرجیدا، بەتایبەتی لە بواری نەوت بەهەموو قۆناغەكانیەوە.
8. پابەندبوون بە مافی چارەی خۆنوسین و ڕێز گرتن لە بڕیاڕی گەل و بە ئاڕاستەی بە دیهینانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دوور لە كێبڕكێی حزبی و سیاسی.
9. هەوڵی جیدی بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداو گێڕانەوەی ناوچەدابڕێنراوەكان و دوركەوتنەوە لەسیاسەتی دابەشكردنی كوردستان بەسەر ئەجێنداو بەرنامەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیدا.
لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كە لەم ناوەندەوە كار دەكەین لەگەڵ لایەن و كەسایەتیە سیاسیەكانی كوردستان بۆ بەدیهێنانی هاوپەیمانیەكی فراوان لە پێناوی دیموكراسی و دادپەروەری، و لە پێناوی برەودان بە بەرنامەیەكی چاكسازی هەمەلایەن بۆ چارەسەری بنەڕەتی قەیرانەكانی سیستمی سیاسی و حوكمڕانی و ئابووری هەرێم.
پەیاممان ئاڕاستەی ئەندام و جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی و سەرجەم ئۆرگانەكانی، لە مەكتەب و مەڵبەند و دەزگاكانی یەكێتی، فراكسیونەكانی یەكیتی لە پەرلەمانی كوردستان و عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان، كەسوكاری شەهیدان، كە دوور لە گرژی پشتیوانی دیمكراسی و رێكخڕاوەیی ئەم ناوەندە بكەن بۆ یەكێتی، بۆ بوژاندنەوەی یەكێتی، بۆ پارێزگاری چەپكەگوڵەكەی جەنابی مامجەلال، و چارەسەركردنی قەیران و ئاریشەكان كەبونەتە مایەی بارگرانی بۆ سەر شانی ئێوەو تەواوی هاوڵاتیان. دووپاتی دەكەینەوە، ئەم كارو بەرنامەیەمان بۆ ناو یەكێتیە، لە پێناوی یەكێتیە بەرەو كۆنگرەیەكی شەرعی دوور لە تەزویر، كۆنگرەی نوێنەرایەتی یەكێتیە ڕەسەنەكان، پەیڕەوانی ڕێبازەكەی مامجەلال.
هاوڵاتیانی كوردستان،
لەپێناو چارەسەری بنەڕەتی قەیران و كێشەكانی ئێوە پشتیوانی ئەم هەنگاوەی ئێمە بكەن، ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە كەجگە لەبەرژوەندی ئێوەو قوتی ماڵ و منداڵ و گوزەران و كەرامەتی ئێوە هیچ مەبەست و ویستێكی ترمان نییە، كەبەهۆی سیاسەتی هەڵە و چەواشەكاری و پەردەپۆشی قەیران لەدوای قەیران، ئێوە نەك هەر لەئایندە، بەڵكو لەمووچەی مانگانەی خۆشتان دوو دڵن، لە سایەی ئەم سیاسەت و سیستمە حوكمڕانیە كەلەگەندەڵی و خراپەكاری بەرونی تێوەگڵاوە، نەك خەریكە دەرفەتەكان، بەڵكو دەسكەوتەكانی ئێستاشمان دەكەونە بەردەم مەترسی، بۆ كۆتایی هێنان بەم ناعەدالەتی و دڵەراوكێییە پشتیوانی بەرنامەو پڕۆژەی ئێمەبن.
ناوەندی بڕیاڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
1\9\2016