کۆڕی ڕیزلێنان لە نوێترین شەهیدانی حدک لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسی حدک

خالید عەزیزی: پێشمەرگە نێو خەڵکی دەوێ و خەڵکیش بەبێ پێشمەرگە ناژی
کاک خالید عەزیزی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی‌دا ڕایگەیاند ڕێگای شەهیدانمان درێژەی هەیە.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی کە لە تێکهەڵچوونەکەی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەرمانان لە ناوچەی سەردەشت لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا چوونە کاروانی نەمرانەوە، ڕێوڕەسمێکی پێکهێنا.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی خەرمانان بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو، لە نیزیکەوە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی تازەی حیزب هاوخەمی کرا و یاد و بیرەوەریی ئەو شەهیدانە بەرز ڕاگیرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە خوێندنەوەی سروودی ” ئەی شەهیدان” دەستی پێکرد، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتارێکی پێشکێش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا بە ئاماژە بە مێژووی قوربانیدانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کاروانی دوور و درێژی شەهیدانی حیزب گوتی: هەر وەک ڕێبەرانی شەهید و لەسەروو هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەد هیوای دەخواست کە ئێمە بە شێوەیەکی دیموکڕاتیک و بێ خوێنڕشتن و خوێنڕژان بە مافەکانمان بگەین، ئێستاش من ئارەزوو دەکەم هەرگیز شەهیدمان نەبێ، بەڵام کاروانی خەبات و تێکۆشانی ئێمە بۆ جێخستنی مافەکانمان و شەڕ و کێشەمان لەگەڵ رێژیمێکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامییە و بەداخەوە ڕەنگبێ لە داهاتووشدا ئەو کاروانە درێژەی هەبێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕێگای شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی درێژەی دەبێ، بەڵام رێبوارانی ڕێگای ئەو دوو شەهیدە تازەیەمان هەر هاوسەنگەرانیان لە نێو حیزبی دێموکڕات نین کە جموجۆڵی نیزامییان دەبێ یان لە نێوخۆی وڵاتدا حزووریان دەبێ و شەهید دەبن، ڕێبوارانی ئەو شەهیدانە لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دان، هەموو ئەوانەی ڕۆژانە لە نێو خۆی وڵات خەبات و چالاکیی مەدەنی دەکەن و مل بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دانانەوێنن، لە زیندانەکاندا لە بەرامبەر فشار و ئەشکەنجەدا خۆڕاگرن و سەربەرزانە بەرگری لە حیزبەکەی پێشوا و ماف و داوای نەتەوەکەیان دەکەن، هەموو ئەو تێکۆشەرانەی وڵات کە هەوڵ دەدەن لە دەرفەتەکان کەلک وەربگرن و لە کۆماری ئیسلامیی قەبووڵ نەکەن؛ هەموو ئەوانە ڕێبوارانی ڕێگای ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی و شەهیدانی دیکەی کوردستانن.
کاک خالید عەزیزی گوتی خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان فرە چەشن و فرە ڕەهەندە، ئێمە دەتوانین پێکەوە بە چالاکیی پێشمەرگانەمان تێکەڵ بە چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ ئەو تێکۆشەرانەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبنە دەنگی خەڵکی ڕژهەڵاتی کوردستان؛ بە هەموومان کاروانی خەباتمان بەهێزتر بکەین و بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵێین هەتا زوڵم لە دژی ئێمە مابێ خەباتی ئێمەش بەردەوامە.
بەڕێزیان گوتی دەتوانین بە هاوکاری و هاوپێوەندیی هەموومان زیانەکانی ئەو تێچووە کەم بکەینەوە و هەموو ئەوانە بکەین بە ورەیەکی لە بن نەهاتوو لە خەباتێکی جەماوەرێی بەهێز لە نێوخۆی وڵات، بۆ ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتدا کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بێنین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو ناو و ناتۆرانەی لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکڕاتی دەدەن. کاک خالید عەزیزی گوتی دەمێک ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ خەڵک و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە یەک داببرێ، بەڵام کاتێ دەبینێ خەڵکی کوردستان هەموو کاتێ پێشمەرگەیان دەوێ و پێشمەرگەش بەبێ خەڵکەکەی ناژی، هەوڵی داوە خەباتی کورد و حیزبی دێموکڕات چەواشە بکا.
کاک خالید عەزیزی گوتی ڕێژیم لە زوودا حیزبی دێموکراتی سەر بە ئەمریکا و سەر بە ڕۆژاوا دەناساند، ئێستاش کە پێشمەرگەکانی دێموکڕات بە حزووری خۆیان لە نێو خەڵکدا کۆماری ئیسلامییان نیگەران کردوە و هیوا و هۆمێدیان لە دڵی خەڵک هاویشتۆتەوە، تۆمەتی بەسراوەیی بە عەڕەبستان و ئێرە و ئەوێمان لێدەدا.
بەڕێزیان لە درێژەدا گوتی هۆی سەرەکیی خەبات و حزووری پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات ڕاست کۆماری ئیسلامییە، نەک عەڕەبستان و ئەمریکا و ئیسڕائیل. ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە بارودۆخێک پێکدێنێ کە خەڵک خەبات و تێکۆشانیان هەبێ و تێچووی قورسی چالاکییەکانیان بە دژی ئەو رێژیمە بدەن، نەک دەوڵەتانی دەرەوە. خەباتی کورد لە ئێران بۆ مافەکانی و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان مێژوویەکی ٧١ ساڵەی هەیە و ئەو ڕۆژەی کە حیزبی دێموکرات دامەزرا هەندێ لەو وڵاتانەی ناوچە هەر بوونیشیان نەبوو، بۆیە مێژووی حیزبی دێموکڕات، نفووزی ئەو حیزبە و جێگە و پێگەی لە کۆمەلگای جیهانیدا هەمیشە بۆ کۆماری ئیسلامی جێی نیگەرانی بووە.
کاک خالید عەزیزی هەر لەو بەشە لە قسەکانیدا پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە هەتا کۆماری ئیسلامیی ئێران بمێنێ و ئەو سیاسەتانەی لە کوردستان بباتە پێش و ئێمەی کورد لە مافەکانمان بێبەش بکا و بیهەوێ لە پەراوێزمان بخا، خەباتی ئێمە و حزووری پێشمەرگانەکان و تێکۆشانی مەدەنیمان دەمێنن و هەموو ئەوانەش لە سەر کۆماری ئیسلامی دەبن بە ماڵ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی ئێمە بەپێی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە لە نێو ئێمەدا بوونەتە بنەما، بایەخ و باوەڕ؛ بە نیسبەتی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی دەکەین، سەرکەوتنی خەبات لێرە و گەیشتنی هەرێی کوردستان بە لوتکەی جێخستنی مافەکانیان بەشێکە لە پڕۆژە و بەرنامەی حیزبی دێموکڕات و پێی توانای خۆی کاری بۆ کردوە و کاری بۆ دەکا، بۆیە بۆ جارێکی دیکەش پێداگری دەکەینەوە کە هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشەکان لە نێوخۆی وڵات و لە سنوورەکان کۆماری ئیسلامییە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
کاک خالید گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە دووی ئەوەدا دەگەڕێ کە ئەو کێشانەی لەسەر نەمێنێ، تەنیا رێگای ئەوەیە گوێ بداتە داخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پێوەندییەدا پڕۆژەکانی حیزبی دێموکرات ببینێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەرکەوتنی دوژمنانی ئێمە، سەرکەوتنی پڕۆژەکانی ئەوان لە دژی کورد لە نەبوونی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و هەروەها نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردە. بۆیە دڵنیام ئێمە حیزبە سیاسییەکان ئەگەر هەماهەنگی و هاودەنگی و هاوخەباتیمان لەگەڵ یەکتر هەبێ، دەتوانین ئادرەسێکی بەهێز لە پرسی کورد لە ئێراندا دروست بکەین.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کاک حەسەن خۆشکەلام ژیاننامەی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانیی خوێندەوە و کاک ئەحمەد قادری، پێشمەرگەی شاعیر لە وەسفی پێشمەرگەدا شێعرێکی پێشکێشی بەشداربووان کرد.