وەدرۆخستنەوەی درۆ‌ و چەواشەکارییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات‌و سوپای پاسداران

بە دوای تێکهەڵچوونی ئێوارەی سێشەممەی ڕابردووی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت، ماڵپەرەکانی سەر بە سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی درۆ‌و چەواشەکاری لە پێوەندی لە گەڵ زیانەکانی پێشمەرگەکان لەم ڕووداوە دا. دواجار وەزارەتی ئیتلاعات بۆ خۆشی لە ڕاگەیەندراوێکی ڕەسمی‌دا، وێڕای بەستنەوەی جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەی حیزبی ئێمە بە عەرەبستانی سەعوودی و وڵاتانی دیکە، ڕای گەیاند کە هەموو ئەندامانی “تیمی ١٢ کەسییەکە”ی لە نێوبردوون و تێکی شکاندوون!
هەر وەک لە ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی سیاسیی نیزامیی حیزبی ئێمە دا هاتبوو، پێشمەرگەکان دوای کەوتنە نێو کەمین‌و تەڵەی ئینفیجاریی هێزەکانی سوپای پاسداران، لە چەندین شوێنەوە کەوتنە بەر دەسڕێژ‌و ئاگری چەکی هێزەکانی ڕێژیم. بەڵام سەرەڕای شەهیدبوونی دوو کەس لە هاوڕێیانیان بە هۆی تەقینەوەکەو، برینداربوونی کەسێکی دیکە، بە خێرایی لە هێزەکانی ڕێژیم وەدەست هاتن‌و لە ماوەی نزیک بە ٢٠ دەقیقە تەقە‌و تێکهەڵچوونی دوو لایەنەدا، توانیان هەم کەمینەکە تێک بشکێنن‌و سەنگەر‌و شوێنی دامەزرانی هێزەکانی سوپا بە توندی ئاگرباران بکەن، هەم بریندارەکەو، تەرمی دوو شەهیدەکەش لە شوێنی تەقینەوەکە دوور بخەنەوە. فیلمی بەشێک لە دیمەنەکانی وەدەستهاتنی قارەمانانەی پێشمەرگەکان لە هێزی دوژمن، کە لە لایەن کامێرای تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵەوە گیراوە، لە دەستمان دایە. ئەگەر چی ئاگربارانی مەسیری دوورکەوتنەوەی پێشمەرگەکان بە چەکی قورس بۆ ماوەی چەند سەعات دواتریش درێژەی هەبوو و هەر وەها ڕۆژی چوارشەممەش جاش وپاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زەبر وەشاندن لە پێشمەرگەکانی دیموکرات، بە ناوچەکە دا بڵاو ببوونەوە و تۆپ و خومپارەبارانیش هەر وا درێژەی هەبوو، بەڵام بە خۆشییەوە پێشمەرگەکان تووشی زیانی تازە نەبوون‌و زیانی گیانیی هاوڕێیانمان هەر ئەو دوو کەسە بوو کە ڕۆژێک پێشتر بە هۆی تەقینەوەی تەلەی ئینفیجاری گیانیان لە دەست دابوو.
کە چی هەر لە یەکەم سەعاتەکانی چوارشەممە١٨ی خەرمانان، ماڵپەڕە زنجیرەییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات‌و سوپای پاسداران لێکدا لێکدا هەواڵی تێک شکاندن‌و لێک بڵاوکردنی تیمی پێشمەرگەکانیان بڵاو دەکردەوەو وێرای دووپاتکردنەوەی ناوی چەند کوژراوێکی خەیاڵیی هێزی پێشمەرگە، ئاماری شەهیدەکانی ئێمە‌و ئەو تەرمانەی کەوتووەتە دەستیان، زیادیان دەکرد. فەرمانداری سەردەشتیش درۆی ماڵپەرەکانی سوپا‌و وەزارەتی ئیتلاعاتی دووپات کردەوە. هەر دوێنێش وەزارەتی ئیتلاعات هەمان ئیددیعای ماڵپەڕەکانی خۆی لە ڕاگەیەندراوێکی ڕەسمی دا دووپات کردەوە.
لێرە دا بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی دیموکراتدۆست‌و پێشمەرگەپەروەری کوردستان‌و رەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان، ڕادەگەیەنین کە لە تێکهەڵچوون‌و ئاگربارانی ڕۆژەکانی سێشەممە‌و چوارشەممەی ڕابردووی ناوچەی سەردەشت‌دا، وەک پێشتریش ڕامان گەیاندبوو، بێجگە لە هاوڕێیان ئازاد ئاڵی‌و ئەمیر نەستانی، هیچ کەسێکی دیکە شەهید نەبووە و ئیددیعاکانی سوپای پاسداران‌و وەزارەتی ئیتلاعات بە تەواوی درۆن. دیارە ماڵپەرەکانی سوپا‌و وەزارەتی ئیتلاعات باسی هێنانەوەی تەرمی ٦تا٨ کەس بۆ نەخۆشخانەی سەردەشتیان کردوە‌و هەوڵیان داوە وا بنوێنن کە ئەمانە تەرمی پێشمەرگە شەهیدەکان بوون. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بە ئێمەش گەیشتوون بێجگە لە تەرمی شەهیدان ئازاد ئاڵی‌و ئەمیر نەستانی، چەند تەرمی دیکە لە مەیدانی شەڕەکە ڕا بردراونەوە بۆ سەردەشت. هەر بە پێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، ئەوانە تەرمی ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیمن کە لە تێکهەڵچوون لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی سەردەشت دا کوژراون‌و ئێستا بۆ ئەوەی درۆ و بانگەشەکانی خۆیان لە بارەی زەبروەشاندن لە هێزی پێشمەرگەی دیموکرات وەک ڕاستی نیشان بدەن، کوژراوەکانی خۆشیان وەک تەلەفاتی پێشمەرگە ناو دەبەن.
ئەوەندەش کە پێوەندیی بە ئامانجی تێکۆشانی‌و چالاکیی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، ئیددیعای دامەزراوەکانی ئەو ڕێژیمە لە پێوەندی لە گەڵ بەستراوەیی حیزبی دیموکرات بە عەرەبستان و ولاتانی دیکەوە، هەر بۆ گاڵتە پێکردن دەبێ. چونکە بەر لە وەی کێشە‌و ململانێی ناوچەیی بکەوێتە نێوان ئەو ڕێژیمە‌و وڵاتانی ناوچە‌و تەنانەت بەر لەوەی کۆماری ئیسلامی بێتە سەر کار، تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەگەر لە دوورە وڵاتییش بووبن، پێیان لە نیو خەڵک‌و نیشتمانی خۆیان نەبڕاوە‌و هەر کات ئیرادەیان کردبێ، چوونەوە نێو خەڵکی خۆیان. ئەگەر گیرسانەوە‌و ژیانی ڕێبەرانی سیاسیی حیزبێک یا جەریانێک لە دەرەوەی وڵات، بەڵگەی بەستراوەیی بەم یا ئەو وڵات بێ، خومەینی، ڕیبەر‌و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کە بەشی زۆری تەمەنی خۆی لە عێراق و فەرانسە تێپەڕ کرد ولەو وڵاتانەوە ڕێوشوێنی بۆ لایەنگرەکانی لە نێوخۆی ئێران دیاری دەکرد، لە هەموان زیاتر دەکەوێتە ژێر پرسیار. جگە لەمەش ڕێژیمێک کە دروستکردنی گرووپ و تاقمی جۆراوجۆری بەستراوە بە خۆی بۆ کاری تیرۆریستی و دەستێوەردان لە کاروباری نیوخۆی ولاتانی دیکەی کردوە بە بەشێکی جیانەبۆوە لە نێوەرۆک و سیاسەتی خۆی، بەرامبەر جوولانەوەیەکی رەسەنی نەتەوەیی‌ لە ڕۆژهەلاتی کوردستان‌و هێزێکی سیاسیی ناسراوی وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان ، جگە لە دووپاتکردنەوەی ئەم جۆرە بوختانە سواوانە، شتێکی دیکەی لێ چاوەروان ناکرێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی
١٨/٦/١٣٩٥
٨/٩/٢٠١٦