گریانی نیوەشەو و ژانی بەیانی بۆ هەواڵی شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی حدک

ژیانی مرۆڤ پڕە لە کەوتن و هەستانەوە و پڕە لە گریان و خەندە و پڕە لە هەست و سۆز و نامێهرەبانی.
بۆ مرۆڤی ئاسایی و ئەوانەی لە ماڵ و حاڵی خۆیان، دانەبڕاون و تەنیا ڕێگای هاتووچۆ و ژیانیان، بەیانی چوون بۆ شوێنی کار و ئێوارە گەرانەوە بۆ نێو باوەشی بنەماڵەیە، زۆر ئاسای‌یە کە هەست بە گریانی نیوەشەو و ژانی بەیانی کەسانی دیکە نەکەن.
بۆ مرۆڤی تێکۆشەری چەک لە شان و پارێزەری خاک و نیشتمان و بۆ پێشمەرگە، کە دابڕاوی بنەماڵەی خۆیەتی و بەیانی لە سەنگەر دا و شەو لە لووتکەی چیا و کەژدا ڕۆژ دەکاتەوە، ئاسایی نییە کە هەست بە گریانی نیوەشەو و ژانی بەیانی خەڵکانی دیکە نەکا. جیاوازی نێوان ژیانی ئاسایی و ژیانی پێشمەرگایەتی لەو هەستە دا دەر دەکەوێ.
کاتژمێر یەک و بیست و دوو خولەکی نیوەشەوی ٠٧ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٦ ی زایینی، بەرامبەر بە ١٧ ـ ٠٦ ـ ١٣٩٥ ی هەتاویی، لە نێوخۆی وڵاتەوە، ئاگادار کرامەوە کە پێشمەرگەکانی حدک لە نزیک گوندی کانی‌زەرد وەسەر مەیدانی مین و تەڵەی بە بۆمب چێندراوی دوژمن پەریون و دواتریش کەوتوونە بەر ڕێژنەی چەکی دوژمنی هاڕ و گورگ سفەتی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەو نیوەشەوەدا ئارامم لێ بڕا و دەبوو وەدوای سەرەداوی ئەو هەواڵە ناخۆش و جەرگبڕە بکەوم.
هەر بۆیە لە فەیسبووک دا کاک هاوڕێم دۆزیەوە و بە خۆشیەوە بەخەبەر بوو و نەخەوت بوو. بە گورج و گۆڵی پرسیارێکم بۆ نووسی و داوای وەڵامم لێکرد.
ـ سڵاو کاک هاوڕێی تێکۆشەر!
وەڵام: سڵاو کاکە گیان ئەو کاتەت باش!
ـ لە بنەوخەڵێف دەرگیری بووە، کوڕەکانی ئێمەن؟ ئایا سەلامەتن؟
وەڵام: گیان! بەڵێ لەوێ تووشی دەرگیری بوونە، بە خۆشیەوە ساخ و سەلامەتن، ئێستاش لەو شوێنە نەماون و دەربازی باشوور بوونە.
ـ دەستەکانت خۆش بێ و سوپاس بۆ جەنابت و هەر بژی. شەو شاد
ئەم چەند وتەیەی هاوڕێ تا رادەیەک ئارامی کردمەوە و ئەوجار دەستم وەبن سەرم دا و لە میچ و سەقفی ماڵێ ڕامام، بە هیچ خەوم لێ نەدەکەوت، ئەو کەسەی لە نێوخۆی وڵاتەوە منی ئاگادار کردبۆوە لەوە دڵنیا بوو کە زۆر بە گەرمی و بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگی تەقە و تەقینەوە هەروا بەردەوام بووە و ئەو بارودۆخەش بۆ منی کۆنە پێشمەرگە ئاشنا بوو و ئەو ناوچەیەش وەک لەپی دەستی خۆم شارەزا بووم و تەنانەت لاقێکم لەم شوێنەی ئاماژەی پێکرا بوو، بۆ هۆی تەقینەوەی مین لە دەست دابوو و گریانی نیوەشەوی چەند پێشمەرگەی هاوڕێی خۆمم لەو شوێنە دیت بوو و ژانی بەیانی دوای تەقینەوەی مینی ژێر لاقیشم هەست پێکرد بوو.
خەوم لێ نەدەکەوت و شەویش کۆتایی نەدەهات، هەودای خەیاڵم هەر جارەی بۆ شوێنێک دەرۆیشت و دەروونم پڕ لە گڕکان بوو، سەرەئەنجام شەوقی بەیانی دڕی بە تاریکی شەودا و دەرویەکی ڕوونم لێ بۆوە و هەستام و خۆم پێچایەوە. تازە خەریکبوو دەست ببزێۆم کە تەلەفوونەکەم زەنگی لێدا و گورج هەڵم گرت و چاوم لە شاشەی تەلەفونەکە کرد بزانم کێ‌یە بەم بەیانی‌یە تەلەفوونی بۆ کردم. شاشەی تەلەفونەکەم وێنەی هاوڕێی تێکۆشەر و خۆشەویستم کاک مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی نیشان دا و هەموو لەشم جارێکی دیکە ژانی تێگەڕا.
ئەلۆ، بەیانی باش کاک مستەفا!
وەڵام: سڵاو کاکە گیان! هەستاوی لە سەر کار نی خۆ؟ کارێکی زۆر گرینگم پێتە و بە پەلە وەڵامم بۆ وەربگرەوە.
هەواڵەکەی نیوەشەوی پشت ڕاست کردەوە و گووتی دوو پێشمەرگەمان شەهید بوون!
ـ وەدڵە خورپە کەوت بووم و فەوری گوتم کێن؟
وەڵام: وەڵڵا کاکە گیان زۆر زۆر بەداخەوە، ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی وەسەر مەیدانی مین و تەڵەی ئینفجاری پەریوون و شەهید بوون ، بە هۆی نالەباری ڕێگا و لە کەمین کەوتن تەرمەکانیان لە شوێنێک بە ئەمانەت داناون و بە هۆی مەیدانی مینەوە نەیانتوانیوە بۆیان بگەرێنەوە. ئێستاش دەمهەوێ بزانم لە لای خۆت را چیت لەگەڵ دۆستانی نێوخۆ بۆ دەکرێ؟ ئەوە ئێمەش لێرە هەروا خەریکین و تا ڕادەیەکی زۆر زانیاری تەواومان وەرگرتووە، بەڵام دیسان هەر پێویستە!
– ئەی بەداخەوە، سەرەخۆشیتان لێدەکەم و هاوخەمتانم و بە سەر چاوان هەر ئێستا خەریک دەبم و ئاگادارت دەکەمەوە.
دوای ئەو چەند قسەیە هەموو لەشم داهێزا و بۆ ساتێک نوقمی خەم و پەژارە بووم و کەوتمەوە بیری ژانی بەیانی و ئەمجارەش بە دڵ هەستم بەو ژانە قوڵ و ناخۆشە کردەوە.
نەچوومە سەرکار و لە پێشدا هەوڵم دا هەواڵ و چەواشەکاری جاش و خۆفرۆش و دواتریش فەرمانداری سەردەشت وەدرۆ بخەمەوە و ڕاستی‌یەکان بگەیێنمە دەستی هەموو ئەو کەسانەی بەم ژانەوە دەتلێنەوە و دوای ماوەیەک بەدواداچوون پەیوەندیم بە کۆیە گرتەوە و ڕاستی‌یەکانی کە بیستبوومن بە هاوڕێیان گوتەوە.
ڕژێم وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی و بە بڵاو کردنەوەی درۆ و ناراستی‌یەکان شەڕێکی رەوانی لەگەڵ شۆڕشگێران و دژبەرانی خۆی دەکا، هەر بۆیە ئەمجارەش ڕژێم و دارو دەستەکەی تۆوی نائومێدیان بڵاو کردبۆوە و هاوکاتیش درۆ و چەواشەکاری زۆریان بەو تێکهەڵچوونەوە کرد بوو، لە سەریەک رژێم بڵاویان کردبۆوە کە تەرمی ٨ پێشمەرگەی شەهیدیان بە دەستەوەیە و ئەوەش هێندەی دیکەی هەموو لایەکی تووشی خەمباری کردبوو و جارێکی دیکە خەمی لە دەست دانی شەهیدانی وەبیر هەمووان دێنایەوە.
ئەگەرچی شەهید بوونی ئازاد و ئەمیر یەکجار قورس و بە ژان و گەورەیە، ئەگەرچی هەواڵی بە درۆ و بڵاو کراوەی رژێم لە مەڕ شەهید بوونی ٨ پێشمەرگە هەموومانی تووشی شۆک و نارەحەتی و خەمباری کردبوو، بەڵام لە پڕ هەواڵی ساخی و سەلامەتی و دەربازبوونی ئەو پۆلە پێشمەرگە چاونەترس و بوێرە لە بۆسەی دوور و درێژ و لە مەیدانی بە مین و بۆمب چێندراوی ڕژێم دا، تامی بە ژانی ئەو هەواڵەی لە سەر کەمتر کردینەوە و لە هەمان کاتیش دا بەرگری و قرمژنی چەکی گەرمی دەستی کوڕانی دێموکرات، ئەمجاریش لمبۆزی دوژمنان و سوپای جەهل و نەزانی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لە عەرز دا و پیلانی لە پێش دا دارێژراوی رژێمی نزیک بە تەواوی پووچەڵ کردەوە.
گریانی نیوەشەوی پێشمەرگەکانی هاوڕێم لە کاتی لاق پڕینی خۆم دا وەبیر هاتەوە، ئاخر هەر ئەمساڵە کوڕێکی مێرمنداڵی ڕەش ئەسمەر و دەست قەڵشیو، کوڕێکی دەم و چاو بە تاو سوتاومان پێوە زیاد بوو و بە هەموومان هەوڵمان دەدا لەبەر کەم تەمەنی، پەشیوانی بکەینەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئاوایی خۆیان.
ئەو کوڕە مێرمنداڵە ئازاد ئاڵی بوو، ساردی و سەرمای کوێستانەکانی دەوروبەری ئاوایی دۆڵەگەرمی بۆ بژیوی ژیانی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی تا سەر ئێسقان هەست پێکرد بوو. هاتن بۆ پێشمەرگایەتی یەکەم هەنگاو و بڕیار بوو بۆ ئازادی شلک و مێرمنداڵ کە ئەمجار لە جیاتی شوانی و چوون بۆ کوێستانەکان بۆ پەیدا کردنی لەوەڕگەی باشتر، بە هەستێکی پاک و خالیسانەوە، ڕوو لە پێشمەرگایەتی بکات و ئەمجار لە کوێستانەکان بە دوای ئازادی گەلەکەی دا بگەرێ و ببێتە سەوداسەری ئازادی و ڕاونەری دوژمن و هەروەها بە چەکی شانی و بە ئیرادەی پۆڵایینی کوێستان و پێدەشتەکان بکاتە مەکۆی مانەوە پێشمەرگە و سەنگەری بە گژداچوونەوەی دوژمن.
لەو کاتەوە ٢٣ ساڵ تیدەپەرێ و ئازاد دوو لە سەر سێی تەمەنی خۆی وەک پێشمەرگە و وەک سیمبوولی فیداکاری لە ریزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە شانازی‌یەوە تێپەر کرد. ئازادی شلک و مێرمنداڵ کە وەک نەونەماێکی تازە پێگەیشتوو دەچوو، دوای خزمەتی سەربەرزانەی، ببوو بە گەنجێکی باڵابەرزی چنار ئاسا و ڕیشەی لە ناخی زەوی دا و جێگەی لە دڵی هاوڕێیانی دا چێ کرد.
ئازاد کوڕێکی بەهەست و سۆز و وەفادار، پێشمەرگەیەکی تا بڵێی سادق و پاک و بێگەرد، پێشمەرگەیەکی ئامادە و بە دەستەوە بۆ هەمو قۆناخەکانی خەبات و پارێزەرێکی جێگای متمانەی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات و کەسێکی خاوەن ئیرادە و بە ئیمان و پێشمەرگەی لە مەرگ نەترس و بوێر و هەڵگری بیری ئازادی لێ دەرهات و بوو بە جێگای شانازی خۆی و حیزب و بنەماڵەکەی.
ئازاد کەسێکی وەفادار بە هاوڕێیەتی و کەسێکی وەفادار بە شەهیدان و خۆشەویستی هەموو لایەک بوو، سادە و ساکار و خاکەرایی، دەم بە خەندە و تێکەڵ و کۆمەڵایەتی بوو، ئەوەی بۆ گرینگ نەبوو سەروەت و سامان بوو و ئەوەی لە لای شەهید ئازاد شیرین و گرینگ بوو ڕێزگرتن لە هاوڕێ و کادرو پێشمەرگە و درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان بوو.
پێنووس لە ئاست وەفاداری و ئیرادە و هیممەتی شەهید ئازاد دا وشەی پڕ باڵا شک نابا و تەنیا بە دووپات کردنەوەی وشە کۆنەکانی باس لە گەورەیی و دڵفراوانی و خەندە پڕ لە قاقا شیرینەکەی دەکا و چەند ڕەستەیەک بە دوای یەک دا ریز دەکا و سەر بۆ شەهید ئازاد نەوی دەکا. ڕووحت شاد کوڕە باڵا بەرز و بە ئیمانەکەی دێموکرات.
شەهید ئەمیر نستانیم لە پێش شەهید ئازاد دا دەناسی، بەڵام بە قەد ئازاد لەگەڵی نەژیام، ئەوەندەی بە یەکەوە بووین، بەسە بۆ ئەوەی چەند وشەیەک بۆ مەرگی پڕ لە شانازی ئەمیر بنووسم.
ئەمیر کوڕی چیای نستان و پەروەردەی گوندێکی پێشمەرگە پەروەر بوو و هەر لەم گوندەش دا و لە ئامیزی سرووشتی ئەو ناوچە دڵڕفێنەدا لە تەنیشت شۆڕەسوارانی دێموکرات دا گەورە بوو. شەهید ئەمیر دوای ئەوە هەستی بە زوڵم و زۆری ڕژێم کرد، ڕێگای نەبەزین و فیداکاری دێموکراتی هەڵبژارد و بوو بە ئەندامی هەڵسوور و چالاکی دێموکرات.
شەهید ئەمیر کوڕی ڕۆژی تەنگانە و پێشەنگی چاوکراوەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بوو، بوێر و چاونەترس و خۆراگر، بە چەشنی چیای سەرکەش و سەر بە تەمی نستان، خەمخۆر بە وێنەی کۆتری سەوداسەری ئازادی و خۆنەویست وەک پەپوولەی ئاشقی ڕووناکی سەر شەم.
شەهید بوونی ئەو دوو هاوڕێیە لەم قۆناخە ناسکەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا ، خەسارێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی.
هەر بۆیە وێرای بەداخ بوون بۆ شەهید بوونی ئەو دوو پێشمەرگە تێکۆشەرەی کوردستان، سەری ڕێز بۆ گەورەیی و خەبات و تێکۆشانی شەهید ئازاد و شەهید ئەمیر و هەموو شەهیدانی ڕیگای ڕزگاری کوردستان دادەنوێنم و دەڵێم ئێوە بوونە میداڵی سەر شانی هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەموو ئەو کەسانەی بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی شەهیدان هەوڵ دەدەن.
ڕووحتان شاد و ڕێگای خەباتتان پڕ ڕێبوار و لە دلان دا هەردەم زیندوون.
حەمەرەسووڵ کەریمی