ڕاگەیەندراو پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت کەمینێکی هێزەکانی ڕێژیمیان تێک شکاند

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەی سەردەشتەوە بە کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزب گەیشتوون، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕەواڵی ساڵانی پێشوو لەم ناوچەیە خەریکی تیكۆشان بوون ، ئێوارەی دوێنێ ١٦ی خەرمانان(٦ی سێپتامبری ٢٠١٦) لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند لە گەڵ تەڵەی ئینفیجاری و کەمین بەرەوڕوو بوون.
بە دوای تەقینەوەی تەڵە ئینفیجارییەکە کە لە ژمارەیەک مین‌و گوللە تۆپ پێک هاتبوو، هێزەکانی ڕێژیم لە پێگە نیزامییەکان‌و ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان جێگیر ببوون، شوێنی ڕووداوەکە و مەسیرەکانی دەور‌و بەریان دایە بەر دەسڕێژ و تۆپ و خومپارە باران. پێشمەرگەکان لە مەسیری دوورکەوتنەوە لە شوێنی تەقینەوەکە، لە هێزەکانی ڕیژیم وەدەست هاتن‌و، بەرپەرچی دەسڕێژ‌و تەقەی ئەوانیان دایەوە.
بە هۆی تەقینەوەی تەڵەی ئینفیجاری، بە داخێکی گرانەوە، دوو پێشمەرگەی بەوەج و لێهاتوو بە ناوەکانی ئازاد ئاڵی خەڵکی گوندی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و ئەمیر قادریان ناسراو بە ئەمیر نەستانی خەڵکی نەستانی ناوچەی ڕەبەت، گیانیان لە دەست دا و چوونە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدان. پێشمەرگەکان لە کاتی دوورکەوتنەوە لە شوێنی
ڕووداوەکە، کەوتنە ژێر تەعقیب و ئاگربارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی‌و لە گەڵیان تووشی تێکهەڵچوون بوون. لە ژمارەی کوژراو و برینداری دوژمن لەم تێکهەڵچوونانەدا، هەتا ئێستا زانیارییەکی ڕوونمان پێ نەگەیشتوە.
کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وێڕای بەداخبوون لە شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆز و ماندوویی نەناس ئازاد ئاڵی‌و ئەمیر نەستانی، سەرەخۆشی‌و هاودەردیی قووڵی خۆی بە بنەماڵەکانیان، هاوسەنگەرانیان‌و خەڵکی ناوچەی سەردەشت ڕادەگەیەنێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٥
٧ی سێپتامبری ٢٠١٦