شەڕی ئێران سعوودیە لە سەرپشتی دیموكرات. هاواربازیان

تۆمەتەكانی جمهوری ئیسلامی دژی حیزبی دیموكرات بە تێوەگلان وپەیوەندیی لە گەڵ سعوودیە بووەتە پرسێك كە خەریكە بەسەر جووڵانەی تازەی دیموكراتەكان و كوردی رۆژهەڵات بە گشتی دا بچەسپێ و بكرێتە بەڵگەی تاوانباری و تاوانكاری كوردانی ئێران!
بەڵام با بزانین مێژووی پێوەندییەكانی ئێران و سعوودیە چۆن بووە و چی بە سەرهاتووە و ئایا پەیوەندییەكانی كورد و سعوودیە پتەوترن یان فارس وسعوودی؟
كورتەیەكی پێوەندییەكان
یەكەم گۆڕینەوەی باڵوێزی نێوان هەر دوو وڵاتی سعوودیا و ئێران بۆ ساڵی 1929 دەگەڕێتەوە و دواتر یەكەم قوناخی تاریكی پێوەندییەكانی نێوانیان ساڵی 1943 دەستیپێكرد پاش ئەوەی بەرپرسانی سعوودی سەری حاجییەكی ئێرانییان پەڕاند كە تۆمەتبار بوو بە “كاری تێكدەرانە” و دواتر هەڵگیرسانی شەڕی بەناوبانگی نێوان حاجیانی شیعە و سووننەی لێكەوتەوە. ئەو پێوەندییانە هەروا ئاڵۆز و لاواز مانەوە تا هاتنە سەركاری “جمهوری ئیسلامی” لە ئێران كە سەرەتا لە لایەن ریازەوە پێشوازی لە دەسەڵاتی نوێی تاران كرا كە زۆری نەخایاند پاش ئەوەی حاجیانی ئێرانی رێوڕەسمەكانی حەجیان وەك دەرفەتی سیاسی بەكارهێنا و لە سعوودیە دژی رۆژئاوا و دوژمنانی دەسەڵاتی نوێی ئێران درووشمیان داو چالاكییان بەڕێوەبرد. ئەو پێوەندی یان بەرزی و نزمی زۆریان بە خۆیەوە بینی، بەڵام هەرگیز متمانەیان بە یەكتری نەبوو و نەكردو مێژووی دیپلۆماسیی ئەو دوو وڵاتە پڕە لە كرانەوە و داخرانی باڵوێزخانەكانیان!
هەر چەندە بە رواڵەت هەوڵی زۆر دراوە دۆخەكەیان بە ئاسایی پێشان بدەن و هەمیشە ئەگەر هاتوچۆیەك هەبووبێ لە لایەن هەر دوو لاوە لە سەر ئاستی باڵا بووە و گرینگی زۆری پێدراوە.
كێشەكان چین؟
ئايين / جیاوازییە ئاینیی‌یەكانی هەر دوو وڵات وایكردووە كێشەكانیان زیاتر رەنگی ئاینی بەخۆوە بگرێ. لایەنی سعوودی تۆمەتبارە بەوەی بەنیازە “قەڵای سووننە دژی ئێرانی شیعی” بەرپا بكا كە لایەنی ئێرانی پێی قبووڵ نابی. لە بەرامبەر دا سعوودییەكان ئێران تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەوڵیئ دامەزراندنی “ئیمپراتۆریەتی شیعە دژی سووننە” دەدەن كە بەردەوام خەریكی درووستكردن و پشتگیری كردنە لە هەر جووڵە و رێكخراوێك كە دژی سعوودیی سوونە كار بكا. ئەو ناكۆكییانە لە ئاستێك دان كە ئەمساڵ لایەنی ئێرانی رایگەیاند چوونە كەربەلا زۆر “پیرۆز و واجبتر و باشترە” لە چوونە كەعبە و ماڵی خودا لە سعوودیا.
نەوت / كارتی نەوت لە دەستی سعوودیەكان دا بەهێزە و بەردەوام دژی ئابووریی ئێران كاری پێ دەكەن. تاران هەمیشە وەك دوژمنی ئابووریش سەیری ریازی كردووە، چونكە لایەنی سعوودی هەمیشە هەوڵی داوە تەنیا لە پێناو لاواز كردنی توانای كەرتی نەوتی ئێران، بەرهەم هێنانی نەوتی خۆی بەرز بكاتەوە و رێگە نەدا دابەزینی ئاستی خستنە ڕوو لە بازاڕی وزە دا ببێتە هۆكاری بەرز بوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی.
ئەمریكا / واشنتگۆن هاوپەیمانی ستراتیژیی ریازە و بەردەوام رەچاوی بەرژەوەندییەكانی سعوودیەی لە ناوچەكە و جیهان دا دەكات.
ئەو دۆخە ئێرانی نیگەران كردووە و گومانی ئەوە لە ریاز دەكرێت كە وەك چاوساخی ئەمریكا لە ناوچەكە دژی ئێران كار بكا و هاوكات ئەمریكا بە هۆی بەرژەوەندییە كورت و درێژخایەنەكانی پشتی هاوپەیمانە “پڕ لە سەر ئێشەكە”ی خۆی بەر نادات، هەر چەندە لایەنی رۆژئاوایی كۆمەڵێك رەخنەی زۆری باری مافی مرۆڤ و سیستەمی وڵاتداری لە بەرپرسانی سعوودیا هەیە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێك كە وڵاتان بەرژەوەندییەكانیان پشتگوێ بخەن.
نیگەرانییەكانی سعوودیە و ئێران لە ئەمەریكا هاوشێوەی یەكترییە، بەجۆرێك كە لایەنی تارانی ترسی هەیە لە لایەن ئەمریكاوە سعوودیە وەك كارتێكی بەهێزی ئابووری و ئایینی دژی ئێران بەكار بهێنرێ و هاوكات لایەنی سعوودی لە دڵەڕاوكێی ئەوە دایە نەكا ترێك كەوتن و لێك نێزیك بوونەوەی تاران و رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریكا كار بكاتە سەر پێگەی هاوپەیمانیی ریاز لە گەڵ واشنتۆن و پێگەی ئێران لە رۆژئاوا بە گشتی.
هەروەها كۆمەڵێك كێشە و ناكۆكیی‌تری وەك بۆچوونی جیاوازای دو و وڵات لە بارەی ئیسرائیل و ناوی كەنداو “كەنداوی عەرەب”، جیابوونەی بەحرێن لە ئێران و دوورگەكانی ناسراو بە “سێدو ورگەكە”، رووداوەكانی پاش بەهاری عەرەبی و شەڕی سووریا و لێكەوتەكان و بەرنامە ئەتۆمی‌یەكەی ئێران و … كەوتوونەتە پاڵ گرفتەكانی‌تری نێوان ریاز و تاران.
ئەو كۆمەڵە كێشەیەی لە سەرەوە باسكران و ژمارێكی‌تریش وایان كردووە ئەو دوو وڵاتە هەر لە سەرەتاوە نەیار بن، ئێستە پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی هەوڵی تێوەگلاندی حیزبی دیموكرات لەو ئاڵۆزییە زەبەلاحە مێژووییە دا دەدرێ؟ مەبەست چییە و چۆن دەكرێ؟ ئایا هەموو شتێك دیارە؟ لە چەند خاڵی كورتدا وەڵام یان دەدەینەوە:
1. شتێكی نوێ و نامۆ نییە كە خەباتی كورد لە رۆژهەڵات دەبەسترێتەوە بە هۆكاری دەرەكی. تا ئەو كاتەی دەوڵەتی ئێرانی دژی یەكێتیی سۆڤییەت بوو سەرجەم نەیارانی دەسەڵاتی ئێرانی تۆمەتی ئەوەیان لە سەر بوو كە “سەر بە مۆسكۆن”، تا ئەو كاتەی ئێران خۆی لە گەڵ رووسیا رێككەوت و ئەمجارەیان “تاران خۆی سەر بە مۆسكۆ” بوو!
2. دواتر هەوڵی بەستنەوەی بزووتنەوەی كوردی رۆژهەڵات بە ئەمریكا درا كە سەری نەگرت، بە حوكمی ئەوەی هێزە كوردییەكانی ئەو پارچەیە بە رەسمی درووشمی “دژە ئیمپریالیزمیان” دەدا و ئاسان نەبوو رایگشتی ناچار بكرێ بەوەی كوردەكانی ئێرانی سەر بە ئەمریكای ئیمپریالیستن!
3. ئیسرائیل بژاردەیەكی باش بوو تا بەرپرسانی ئێرانی هەوڵ بدەن خەباتی كوردانی پێ ببەستنەوە و هاوكات وا نیشان بدەن كورد دوژمنێكی زۆر مەترسیدارە و دەبێ بە هەموو شێوەیەك رووبەڕوویان ببینەوە! ئەو هەوڵانە كاری زۆریان لە سەر كراو بە ڕەسمی و ناڕەسمی وا بڵاو كرایەوە كە كوردانی ئێران و ئیسرائیلی دژە ئێرانی دەستیان گەیشتووەتە یەكتری و پیلانی “نەهێشتنی ئێران و ئیسلامیان” هەیە، هەر بۆیە نابی جیاوازی بكەین لە كورد وجوو! ئەوهەوڵانەش دواتر كاڵ بوونەوە چوون كە بنەمایەكی وایان نەبوو!
4. كوردانی ئێران و سعوودیەی عەرەبی كە هەر دووكیان بەنەیاری خۆی دەزانێ، بخاتە ناو یەك بەرەوە تا باشتر بتوانێ پاساو بۆ شەڕی هەر دووكیان بهێنێتەوە.
5. لایەنی ئێرانی هەوڵێكی زۆری وەگەڕ خستووە تا بە بیانووی تێكەڵبوونی كورد و سعوودیا دەست بۆ گرتن و سێدارەدانی گشت ئەوانە ببات كە بە جۆرێك وەك نەیاری خۆی سەیریان دەكا و زۆرینەیان كورد وعەرەب و بەلووچن و گشتیان سووننەن!
6. بە حوكمی ئەوەی لە ئاستی ناوەخۆی ئێران دا فەزایەكی دژە سعوودی درووست بووە، هەر كەس و لایەنێك كە تێكەڵ بەو كێشەیە بكرێت وەك “تاوانبار” سەیری دەكرێ و بە گشتی پاساوێكی باش بۆ دەسەڵاتی ئێرانی درووست بووە تا دەستێكی كراوەی هەبی لەوەی هەموو نەیار و دژبەرانی بخاتە ناو سەبەتەی “ئالیسعوودی” كە ئەمڕۆ لە دنیای شیعە دا وەك “دوژمنێكی نەگریسی ئیسلام” وێنای بۆ دەكرێ!
7. هەروەها لە بیرمان نەچێ، ئێران پێیوایە پارتی دیموكرات لە پشت ئەو رووداوانەیە كە پێوەستن بە بەستنەوەی كورد بە سعوودیە، ئەویش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی گەورەتر دا كە پێكهاتنی دوو بەرەی گەورەی شیعی و سوننی لە ناوچەكە دایە. حكوومەتی ئێرانی پێی وایە لە قاودانی شتێكی لەو بابەتە ئاشكرا كردنی “پیلانێكی پێشوەختەی” پارتی ـ توركیا ـ سعوودییە!
بەكورتی
وەك بینیمان هەر دوو لایەنی شیعی ئێرانی و سوننەی سعوودی ماوەیەكی زۆرە بە یەكەوە كێشەیان هەیە و شتێكی تازە نییە تا كوردی تێدا قوربانی بكرێ، بۆیە هەر جۆرە بەستنەوەیەكی حیزبی دیموكرات بەو كێشانە ئەنجام و كاریگەریی نابێ، حیزبێك كە خاوەن مەبەست و كاری سیاسیی خۆیەتی و زیاترلە 71 ساڵەی بەڕێوەی دەبات و لە پێناو سەربەخۆ مانەوەی دا باجی زۆر گەورەی داون. هەر بۆیە پێویستە ئەو هەوڵانەی جمهوری ئیسلامیش بخرێنە چوارچێوەی سەرجەم هەوڵە ناڕەواكانی‌تری دژی خەباتی رەوای كورد و تەواو وەك پروپاگەندەیەكی سیاسی سەیری بكەین كە بۆ ئێستا نیشانەی لاوازییە نەك فێڵبازی!
سەرچاوەكان:
http://andisheh-kermanshah.ir/index.php/report/520-%D8%B1%D9%88%D8%A7%D8%A8%D8%B7-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%B9%D8%B1%D8%A8%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D8%B2-%D8%A7%D9%86%D9%82%D9%84%D8%A7%D8%A8-%D8%AA%D8%A7-%DA%A9%D9%86%D9%88%D9%86
http://www.pajoohe.com/fa/index.php?Page=definition&UID=43606
http://www.mashreghnews.ir/fa/news/562767/%D8%B1%D9%88%D8%A7%D8%A8%D8%B7-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%B9%D8%B1%D8%A8%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%DA%AF%D8%B0%D8%B1%DB%8C-%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AE%DB%8C-%D8%A8%D8%B1-%D8%B3%D8%A7%D8%A8%D9%82%D9%87-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D9%87-%D8%B3%D8%B9%D9%88%D8%AF%DB%8C
http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/25408
http://www.awene.com/2016/09/06/23135/
https://www.giareng.com/giarengs-map/baiannama-ragaiandraw/1874