زمان له‌ پێگه‌یاندنەوە هه‌تا تێگه‌یاندن!، برایم فه‌ڕشی

گه‌ر مرۆڤ، خاوه‌نی زمان نه‌بوایه‌، له‌ دارستان و ئه‌شکه‌وته‌کان ده‌رباز نه‌ده‌بوو! پێشکه‌وتنی مرۆڤ و جیهان، بوونی فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵگا، گرێدراوی بوونی زمانه‌.
مرۆڤ به‌ بێ زمان، بێدەستەڵاتە و دەستەڵاتی لە مێشک و زماندا کۆ بووتەوە! کۆمەڵگای ئێنسانی بە بێ زمان، کۆمە کۆمەی زیندەوەرانە و هیچی تر!

هه‌موو زینده‌وه‌رانی سه‌ر گۆی زه‌وی جه‌سته‌ و مێشک و چه‌شنێک زمان بۆ پێوه‌ندیگرتن له‌ گه‌ڵ یه‌کتریان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ زمان و مێشک نه‌بوون، که بتوانن خۆیان‌ بپارێزن و ژیانیان به‌ره‌و گۆران بەرن. وه‌ک دایناسۆره‌کان که‌ مه‌زنترین زینده‌وه‌ری سه‌ر وشکانی بوون. ئه‌وان و بێژمار باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ر له‌ ناوچوون، له‌ به‌ر نه‌بوونی ئیمکانی بیرکردنه‌وه‌، تاقیکردنه‌وه‌ و ده‌ربڕین له‌ ڕێگای زمان! مرۆڤ گه‌ر ئه‌و ئیمکانه‌ی نه‌بایه‌، به‌ جه‌سته‌ی بچکۆلانه‌یه‌وه،‌ به‌ر له‌ دایناسۆره‌کان له‌ ناو ده‌چوو.

له‌ناوبردنی زمانی هه‌ر زینده‌وه‌رێک، کاره‌ساتێکی به‌رده‌وامه‌ له‌ ژیانی زینده‌وه‌ره‌که‌‌. مرۆڤ که‌ نه‌توانێ به‌ زمانی دایکی خۆی‌، بیرو هزر و هه‌ست و تێگه‌یشتنی خۆی بهێنێته‌ سه‌ر زمان، ئه‌و مرۆڤه له‌ زاتی سرووشتی خۆی داده‌بڕێ‌ و‌ تا کۆتایی ژیان‌ له‌ گه‌ڵ که‌سایه‌تی سرووشتی خۆی جووت نابێت. زمان پێناسه‌ی که‌سایه‌تی و هۆی سه‌رهه‌ڵدانی که‌سایه‌تییه‌. بوون به‌ مانای ئینسانی بیرکه‌ره‌وه‌، گرێدراوی بوونی زمانه‌!

مرۆڤی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، زیاد له‌ سه‌د ساڵه‌، به‌ هۆی سیسته‌می فێرکردن و بارهێنان، مێدیایی زاڵ، سیسته‌می سیاسی- حکوومه‌تی- ئیداریی و داسه‌پاندنی زمانێکی تر، دوور له‌ سرووشتی که‌سایه‌تی خۆی، دوور له‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆی، بۆ مه‌به‌ستی دوور له‌ ویست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و نیشتمانه‌که‌ی، بارهێندراوه‌ و بۆ مه‌به‌ستی دڵخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر ئادابته‌ کراوه‌، گۆڕدراوه‌ و تێکدراوه‌.

مرۆڤی کورد له‌ ڕێگای زمانێکی تر، که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و خوو ڕه‌فتاری کۆمه‌ڵه‌ که‌سێکی تره‌، له‌ گه‌ڵ خۆی و زمانەکەی بێگانه‌ کراوه‌. کەم نیین ئەو کوردانەی لە ژیانی ڕۆژانە و لە هەموو ژیانیاندا، ئەو پێویستییە نابینن بە زمانی خۆیان بنووسن، بخوێننەوە و بیروهزر و تێگەیشتنیان لە ڕێگای زمانی خۆیانەوە دەرببڕن. گەلێکی زۆر لە کارمەندان لە سەر هەتا خوار، دەرسوێژی فێرگە و زانستگا، هونەرمەند، پسپۆڕی بوارەکان، خوێندن و نووسینی زمانی خۆیان نازانن و هەست بەوە ناکەن، کەمایەسییەکی زمانی و کەسایەتیان هەیە. زۆرن ئەو کەسانەی کە “زمان” تەنیا لە وشە و ڕستەدا دەبینن و گەر گۆڕدرا و زمانێکی تر لە جێگای داندرا بۆ یان ئاساییە.

کەم نیین ئەو کەسانەی کە پێیانوایە زمانی دایکی ئەوان، زمانی هونەر و زانست و سیاسەت و پسپۆڕی نییە، هەر بۆیە زمانی دووهەم و سێهەم بە قەرز وەردەگرن و جێی زمانی خۆیانی پێ پڕ دەکەنەوە. ئەم پرۆسەیە قووڵایی ئاسیمیلاسیۆن بە دەستی کورد خۆی دەردەخات. ئەو موهەندیس و دوکتور و پرۆفیسۆر و شارەزا و هونەرمەندەی بێگانە لە خۆی، بێگانە لە هەست و سرووشتی خۆی دەبێتە پەیژەی زمان و فەرهەنگ و زانست و شارستانیەت و شانازی ئەو میللەت و کیانەی، کە ئەوی توواندۆتەوە و کەسایەتی لێ زەوت کردووە، دەبێ لە تەنیایی خۆیدا چ وڵامێک بداتەوە کە ناتوانێ هەست و بیر وهزری خۆی لە زمانی خۆیدا هەڵڕێژێ؟!

نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ وەک شانۆپێداگۆگ و داڕێژەری سیستەمی فێربوون و فێرکار، زیاتر له‌ سی ساڵه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ناو منداڵ و لاوان و بنه‌ماڵه‌کانیان سه‌یر ده‌کات و لایه‌نه‌کانی زیانمه‌ندی دیارده‌که‌ له‌ پرۆسه‌ی فێربوون تاوتۆ ده‌کات و لایه‌نه‌کانی زانستی له‌ پراکتیکدا له‌ ناو میلله‌تانی هه‌مه‌ڕه‌نگی چوارقوڕنه‌ی جیهان، که‌ له‌ ئاڵمان ده‌ژیین هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ‌. به‌ ئه‌رخایه‌نی ده‌سه‌لمێندرێ، ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌ک له‌ فێربوونی زمانی دایک، له‌ خوێندن و نووسین به‌ زمانی دایک، بێ به‌ری ده‌کرێن، تووشی کێشه‌ له‌ پرۆسه‌ی فێربوونی زمان، تووشی کیشه‌ له‌ خۆ ده‌رخستن له‌ ڕێگای زمان، تووشی کێشه‌ له‌ پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، تووشی کێشه‌ له‌ گه‌ڵ ‌خۆیان و هەست و بیروتێگەیشتنیان ده‌بن. زمانی دووهه‌م و سێهه‌م و چه‌نده‌م هیچکات جێگای هه‌مه‌لایه‌نی زمانی دایک ناگرنه‌وه‌، نه‌ له‌ ڕووی ده‌ره‌وه‌، نه‌ له‌ ڕووی ناو و دەروونەوە!

له‌ حاڵه‌تی دابڕان له‌ پرۆسه‌ی زمانی دایک، ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌روونییه‌، مرۆڤ تووشی زیانی جیددی ده‌کات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌که‌ هه‌ست به‌و نوقسانه‌ ده‌روونیه‌ بکات. ئه‌و دایک و باب و بنه‌ماڵانه‌ی خۆیان ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی مندال فێری زمانی فارسی ببن له‌ جیاتی زمانی دایک، زیان به‌ منداڵه‌که‌یان ده‌گه‌ینن. حکوومه‌تی ڕه‌زاشا و که‌سانی وه‌ک محه‌ممه‌د عه‌لی فرووغی و سیسته‌می شاهه‌نشاهی و سیسته‌می حکوومه‌تی ئیسلامی و موسته‌شاره‌کانی کوردی بواره‌کانی فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر، زانست، فێرکاریی له‌ ده‌رێژه‌ی 100 ساڵی ڕابووردو، زیانی ده‌روونیان به‌ که‌سایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و ئینسانی مرۆڤی کورد گه‌یاندووه‌‌، که‌ ئێستاش به‌رده‌وامە.

ئه‌وه‌ی زمان یاساخ بکرێ، گوتن، نووسین، خوێندنەوە بەم زمان و ئەو زمان، لێرە و لەوێ بەربەست بکرێ، کەس و کەسان تاوانبار بکرێن لە بەر ئەوەی زمانی دایکی خۆیان فێربوون، یان فێر دەکەن، لە مێشکی مرۆڤی تەندرووستدا ناگونجێ، لە مێشکی مرۆڤی ئاسایی، پایبەند بە مافی ئینسان و لە پلاتفۆرم و قانوونی هیچ وڵاتێکی ئەمڕۆی سەر گۆی زەمین کە پایبەند بە ئەخلاق و پڕێنسیپی ئینسانی بن، ناگونجێ!

زمان یاساخ کردن، ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌ سازکردن له‌ سه‌ر ڕێگای گه‌شه‌ی زمان، تێگه‌یشتنی ئه‌وڕۆیی نییه‌! ئه‌وانه‌ی زمان و بوونی که‌سان و نه‌ته‌وه‌ی جگه‌ له‌ خۆیان، ناڕه‌سمی، که‌م نڕخ، بێبایه‌خ سه‌یر ده‌که‌ن و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ زمانی میلله‌تانی تر به‌ زاراوه‌ و بن زاراوه‌ی زمانی خۆیان، له‌ رێگای درۆ و چه‌واشه‌کاری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌رگی درۆیینی زانستی به‌ به‌ردا ده‌که‌ن، به‌ پێی یاسا و ڕێسای باوه‌ڕپێکراو، له‌ ڕیزی تاوانباران، ده‌ژمێردرێن!

ئه‌مڕۆ به‌ ده‌گمه‌ن وڵات له‌ جیهان هه‌یه‌، پشت ئه‌ستوور به‌ قانوون و رێسای ڕه‌سمی وڵاته‌که‌ی، فه‌رمانی زیندانیکردنی مرۆڤ، به‌ تاوانی فێرکردنی زمانی دایک ده‌ربکات، جگه‌ له‌ یەک وڵات. لەم وڵاتە به‌ ناوی خودا و ئیسلام ده‌ست ده‌بڕن، ژن به‌ زیندوویی له‌ چاڵ ده‌نێنن، خه‌ڵک له‌ سه‌ر شه‌قام هه‌ڵده‌واسن، ئینسان له‌ چیا و شاخه‌کان بار له‌ کۆڵ ڕاو ده‌که‌ن. ئه‌م وڵاته،‌ هه‌مان وڵاته‌ که‌ شاره‌کانی یۆنانی ئاگرده‌دا، هه‌مان وڵاته‌ که‌ چاوی ئینسانی ده‌ردێنا و مرۆڤی بە زیندووی که‌وڵ ده‌کرد و قورقوشمی داخی لە گەرووی نەیارانی خۆی دەکرد. ئەوان لە کەتیبە کۆنەکانیان، باسیان لە ڕەوشت و ئاکاری خۆیان دژ بەوانی تر کردووە و ئەم ڕابووردوەی خۆیان به‌ شارستانیه‌تی‌ چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ بە خەڵکی جیهان فرۆشتووه‌!

ئه‌وان‌ پڕ به‌ مێژوویان ئاکاری نامرۆڤانه‌یان‌ دژ به‌ مرۆڤی کورد و وڵاته‌که‌ی ئه‌نجام داوه‌. ویستوویانە و دەیانەوێ ئەو نەتەوەیە لە ناوخۆیاندا بتاوێننەوە، یان لە ناوی بەرن. ئه‌وان توانیان کورد به‌ره‌و ئێرانی بوون بکێشن، که‌ خۆ دیتنه‌وه‌یە له‌ ناو زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و کیانی فارس. کورد هه‌یه‌ خۆی مێژووی خۆی چه‌واشه‌کارانه‌ نووسیوه‌ته‌وه‌، خۆی بە ئێرانی ڕەسەن بەوان فرۆشتووە، خۆی منداڵه‌که‌ی خۆی ئاسیمیله‌ کردووە!

لەم وڵاتە حکوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن و ئاڵترناتیڤه‌کان، به یه‌ک‌ زمان، به‌ یه‌ک فه‌رهه‌نگ و بە پێی یەک ئیدئۆلۆژی دەدوێن، ئیدئۆلۆژی یەک ڕەچەڵەک، یەک خودا، یەک ئایین، یەک وڵات، یەک نەتەوە. چ ئه‌و که‌سه‌ی په‌ت ده‌خاته‌ ملی حه‌بسکراو، چ ئه‌و که‌سه‌ی حکووم بۆ زیندان و ئیعدام ده‌رده‌کات، چ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی زانست هاواری نه‌مانی ئه‌وانی تر ده‌کا و چ ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ خۆیان بادەدەن. هەموو بە یەک زمان دەدوێن، زمانی توواندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر! ئه‌وان له‌ هه‌مووشتێکی نوێ و کۆنی جیهان که‌ڵک وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گۆڕ و ناشارستانی و نادێموکرات بمێنن. ئه‌وان لە هەر بەرگ و جامەیەکدا، بە ڕێگای باپیرانیاندا دەڕۆن!

وه‌رگرتنی زمان له‌ ئینسان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک و به‌ ناوی هه‌ر ئایین و ئیدئۆلۆژی و له‌ژێر هه‌ر تێگه‌یشتن و بڕوبیانویه‌ک، جنایه‌ته‌ و به‌ پێی یاسا و ڕێسای سه‌رده‌م له‌ ژێرپێنانی مافی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤه‌. حکوومه‌تی ئیسلامی که‌ زیاتر له‌ چل ساڵه‌ به‌ ناوی خودا و ئایین موژده‌ی ڕزگاری ئینسان و موژده‌ی یه‌کسانی و به‌رابه‌ری نێوان موسڵمانان جاڕ ده‌دات، بۆی ئاسایی و قانوونییه‌، زمانی ئینسانه‌کانی تر یاساخ بکات، بۆی ئاساییه‌ ڕێگریی له‌ زمان بکات. بۆی ئاساییه‌ خه‌ڵک له‌ مافەکانی بێ به‌ری بکات و له‌ زیندان تووندیان ‌کات و به‌ره‌و په‌تی سێداره‌یان به‌رێت؟

حکوومه‌تی ئیسلامی زمانی نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌ زمان نازانێ و زمانی فارسی به‌ سه‌ر خه‌ڵکانی نە فارسدا سه‌پاندووه‌ و فێربوونی زمانی خه‌ڵکانی تری یاساخ کردووه‌. دەزگای قەزا و داد و عەداڵەت، کە کراوەتە لقێک لە دەزگاکانی ئەمنیەتی و مافیا( سیاسی-نیزامی- ئابووری- ئیدئۆلۆژیک)، بە پێی فەرمانی شاراوە، بڕیار له‌ سه‌ر خه‌ڵک ده‌رده‌که‌ن.

قازییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، فێرکردنی زمانی کوردی، وەک دژایەتی” ئەمنیەتی نەتەوەیی” خۆیان دەبینن و حووکمی دە ساڵ زیندان دەردەکەن، هەر وەک چۆن دە ساڵ زندانیان بە تاوانی پارێزگاریی لە “مافی مرۆڤ” بە سەر سەدیق کەبوودوەندا داسەپاند، هەر وەک چۆن حکوومی سێدارەیان بە سەر فەرزادی دەرسوێژدا داسەپاند، هەروەک چۆن لە درێژەی حکوومەتیان هەزاران هەزار کەسیان بێ سووچ، بە بیانووی “تهدید ملی، مفسد سەر ئەرز” لە ژیان بێ بەش کرد.

ئەم تێگەیشتنە فێربوونی زمانی کوردی و کوردبوون بە “تهدید” دژ بە کیانی خۆی دەزانێ. گەر منداڵی کورد داوای مافی خۆی بکات، خۆشەویستی بۆ دار و شاخ و بەردی وڵاتەکەی بنوێنێ، حکوومەت و دەزگاکانی ئەمنیەتی و سیخوری و داد، بە “تهدید” دژ بە خۆیان وەری دەگرن و لە کاتالۆگی ئەواندا منداڵی کورد ئەو کاتە ئازیز دەبێت، کەخۆشەویستی و داوا لە خۆیدا بکوژێ و خۆی لەوان و زمان و مێژوو و کیانیاندا ببینێتەوە!

سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی لە سەرەتا هەتا بەمڕۆ، توواندنەوەی فیزیکی و گۆڕینی ناسنامە و پەروەردەکردن و بە ئێرانیکردنی کورد لە کوردستان بووە. بە بۆمباران، وێرانکردن، ڕاونان، چۆڵکردنی گوندەکان، کووشتن، مەحروومکردن دەستیان پێکرد و لە هەمان کات بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و لە ژێر سایەی خۆیاندا پەروەردە و پەروار کران. ئەو که‌سانه‌ و منداڵ و نەوەکانیان، لە درێژەدا بوون بە دەست و چاو و گوێ و تەنانەت سەری حکوومەت لە کوردستان و ناو سیستەم. بەشێکی زۆر لەو کەسانە دەور و ڕۆڵی خۆیان لە هەموو ئاست و لە هەر بوارێکدا دەگێڕن و لە ناو و دەرەوەی حکوومەت کورسی و شوێنی خۆیان هەیە. هێندێک لەوانە وەک سەردەمی ڕەزاشا دەوری تئۆریسین دەگێڕن و لە هەمان کات بە شارەزایی تەواو کاری ڕێکخستن ئەنجام دەدەن، ئەم کەسانە لە ناو کورد لە دێرزەمانەوە لە بەرگی جیاوازدا هەبوون، جار ناسراون و جار نەناسراو ماونه‌ته‌وه‌!

لە تئۆری، تێگەیشتن، سیاسەت و بەرنامەی حکوومەتی ئیسلامی-دا، ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، گەشەساندن و گەشپێدان، پێشکەوتنی خەڵک و وکۆمەڵگا و هەر وەها بە ڕەسمی ناسینی نەتەوەیەک بە ناوی کورد، جێگای نەبۆته‌وه‌ و بە پێی هەموو بەڵگەکان، بەرنامەڕێژی، ئامار و کردەوەیان، کۆلێکتیوێک بە ناوی کوردستان کە چەند”ئوستان” لە خۆ دەگرێ، بە عەمد و بە پێی پلان ڕەسمیەتی نەبووە. دەیان نموونە هەیە کە بودجە، پرۆژە بە ناوی ئوستانەکانی کوردنشین وەرگیراوە و لە دەرەوەی کوردستان جێبەجێ کراوە. بوودجەی ساڵانە و پێنجساڵانەی هەموو ئوستانەکانی کوردنشین لە هیچ بوارێکی سەنعەتی، کۆمەڵایەتی، ئامووزشی، فەرهەنگی، هونەریی، عومرانی، بنیاتنان، ئابووریی، لە گەڵ ئوستانگه‌لی وەک ئیسفەهان، فارس، خوراسان، تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات به‌راوه‌رد ناکرێ. گەلێک لەو پرۆژانەی کە لە بواری فەرهەنگ، زمان، هونەر لە لایەن موستەشارەکانی هەمەڕەنگی حکوومەت لە کوردستان بە ناوی نوێنەر، ئوستاندار و فەرماندار و شاردار و شوڕا و رییسی فڵان شوێن و فڵانە ناوەند و شیرکەت و دامودەزگا و تاکە کەس لە ماوەی چل و یەکساڵ پروپاگەندەیان بۆ کراوە، یان هیچکات تەواو نەبوون، یان هەر لە سەرەتاوە پرۆژەکە لە سەر کاغەز بووە، وێنەی لەو چەشنە لە نێوان زانستگای کوردستان و ئوستانداری کوردستان لە ساڵانی پێشوو هەبووە، هەروەها زانستگاکانی شارەکانی کوردنشینی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلام تێکه‌ڵ مامه‌ڵاتی له‌و چه‌شنه‌ بوون.

حکوومەتی ئیسلامی سەرجەم دەزگای تەبلیغاتی، مێدیا، سیستەمی”ئاموزش و پەرورش”، ئیرشاد و سەرجام دامودەزگای نیزامی و ئەمنیەتی خۆی بۆ کۆنترۆڵی مێشک و زمان و بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری مرۆڤی کورد بەکارهێناوه‌. شانۆ، سینەما، مێدیا، کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەویزیۆن و هەرچی هەیە لە ژێر کۆنترۆڵ دایە و هونەرمەند، نووسەر، فەرهەنگساز، پسپۆڕی ئەم بوار و ئەو بوار خۆیان ڕاهێناوە، کە چۆن بنووسن، چۆن قسە بکەن، چۆن بەرهەمی هونەریان بە پێی نۆڕمەکانی دەزگاکانی کۆنترۆڵ و سانسۆر و ناوەندەکانی ئەمنیەتی جێبەجێ بکەن! لە جیاتی گۆڕینی بارودۆخ، بەرهەم و کەسەکان گۆڕدراون!

لە وڵاتێکدا کە بەرهەمی فیلم، شانۆ، کتێبی هاوەردە لە دەرەوە، دوور لە هەر پڕێنسیپک تێک دەدرێ، دەبێ چۆن مامەڵە لە گەڵ زمانی نەتەوەیەکی وەک کورد بکرێ، کە سەرجەم حکوومەت و دەزگاکانی لە خۆیانی نازانن و بەردەوام دژ بە هەموو پێکاتەکانی بوون و پلان و بەرنامەیان له‌ دژی دارشتووه‌.

زمان کە سەرەکیترین سیمای کەسایەتی کەسەکانە، لە دێرزەمانەوە ڕووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە بووە و بە حکوومەتی ئیسلامی دەستی پێنەکراوە، بەڵام لە حکوومەتی ئەواندا سەرەڕای ئیزنی چاپی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە، بەردەوام ناوچەیی مامەڵەی لە گەڵ کراوە، ئەوەش هەمان سیاستە کە لە حکوومەتی پەهلەویی بۆ حکوومەتی ئیسلامی بەجێ ماوە. زمانی کوردی تەنیا له‌ بازنه‌ی جوغرافیای ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی گردوکۆ ناکرێ و به‌ چه‌ند که‌س له‌ ژێر چاوه‌دێریی دەزگای ئه‌منیه‌تی حکوومه‌تی ئیسلامی “چاکه‌” به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێ. زمانی ٥٠ میلیۆن کورد له‌ کۆڕێکی چه‌ند که‌سیدا جامه‌ی ستاندارد ناکرێته‌ به‌ری. ئەوەی حکوومەتی ئیسلامی و حکوومه‌ته‌کانی به‌ر له‌وان بە سەر زمانی کوردیان هێنا، ئیسلام و عەڕەب بە سەر زمانی فارسیان هێنا و ٢٠٠ ساڵ نەیانهێشت زمان و پێنووسیان بە فارسی بگەڕێ، ئەوان دەبوو دەرس لەو مێژووە و مێژووی خۆیان وه‌رگرن. کارەساتێ کە ئیسلام و عەڕەب بەسەر ئەوانی هێنا، ئەوان بە سەر کورد و ئەوانی تریان هێنا!

ئه‌و ترس وه‌حشه‌ته‌ی بۆ خه‌ڵکیان ساز کردووه‌، ترس و وه‌حشه‌تی ناوخۆیانه‌ که‌ ده‌ریده‌خه‌ن و هێدی هێدی لێیان ده‌بێت به‌ کابووس. سه‌ڵاله‌ی به‌ر له‌ ئەوانیش تووشی ئه‌و کابووسه‌ هاتن، ئه‌وان ڕۆیشتوون و مناڵی کورد به‌رده‌وام زۆرتر له‌ جاری جاران به‌ زمانی کوردی ده‌نووسن و ده‌خوێنن. ئه‌مجاره‌ ڕۆڵه‌ی کورد به‌ پێنووسه‌کانیان لە گەڵیان ڕووبەڕوو دەبن. ئه‌وانه‌ش که‌ له‌ ئێوه‌ ده‌ترسن و ده‌نگ هه‌ڵنابڕن و داوای مافی خۆیان ناکه‌ن و خۆیان کلا ڕاده‌گرن، هه‌ر وه‌ک ئێوه‌ن، ته‌وفیریان نییه‌.

مناڵانی کورد، پێویسیتیان به‌و مامۆستایانه‌ نییه‌، که‌ داموده‌زگاکانی ئێوه‌، بڕوانامه‌یان پێده‌به‌خشن. دەرسوێژانی زمانی کوردی بڕوانامه‌ له‌ ده‌زگاکانی ئەمنیەتی، نیزامی، ئیدئۆلۆژیک، سیخوڕیی وه‌رناگرن! دەزگاکانی ئەمنیەتی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک سەڵاحیەتی زانستییان نییە، ستاندارد بۆ زمانی کوردی دیاریی بکەن. مەشرووعیەت لە لای دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی نییە! هەر کات زانستگای سەربەخۆ، پشت ئەستوور بە زانست، دوور لە ئیدئۆلۆژی- دەزگاکانی ئەمنیەتی- نیزامی- سیخوڕیی، سیاسی دامەزرا، دەرسوێژ، بە مەیلەوە پشت بە زانستی زانستگاکان ئەبەستن.

ناوه‌نده‌کانی فه‌رهه‌نگی و ده‌رسوێژه‌کانی زمانی کوردی تاوانبار نیین، ئێوه‌ تاوانبارن که‌ قانوونی ده‌ستنووسی خۆتان ژێرپێ ناوە و ئه‌رکی ئێوه‌ که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و که‌س و ناوه‌ندانه‌ که‌ کاری نه‌که‌رده‌ی ئێوه‌ ده‌که‌ن. زانستگا و وه‌زارتخانه‌کانی ئێوه‌ تاوانبارن که‌ به‌ ئه‌رکی خۆیان هه‌ڵناستن و به‌رد ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ڕێگای ئه‌و که‌س و ناوه‌ندانه‌ که‌ کاری نه‌کرده‌ی ئێوه‌ ده‌که‌ن. داموده‌زگاکانی ئه‌منیه‌تی و نیزامی و سیخوڕیی و ئیدئۆلۆژیک و ئایینی ئێوه‌ تاوانبارن که‌ هه‌ر جولەیەکی مرۆڤی کورد له‌ کۆڵبه‌ره‌وه‌ هه‌تا ده‌رسوێژی زمان، گۆرانیبێژ، نووسه‌ر،شاعیر، پەیکەرساز، کارمه‌ند بە چاوی ئه‌منیه‌تی سه‌یر ده‌که‌ن و کوردستانتان کردۆته‌ پادگان و مۆڵگەی شەڕخوازی خۆتان. ئێوه‌ تاوانبارن که‌ هه‌ر که‌س جگه‌ له‌ خۆتان به‌ تاوانبار ده‌زانن. ئێوه‌ن که‌ فه‌زای ئه‌و وڵاته‌تان کردۆته‌ ئه‌منیه‌تی و له‌ هه‌ر سووچێک ده‌سته‌ی گشتاپۆتان به‌ڕێوه‌یه‌.

به‌شکم له‌ زمانی ئه‌م نووسینه‌، که‌ زمانی کوردییه،‌ تێبگه‌ن!

برایم فه‌ڕشی

ئاگۆستی 2020