ئیرادە و یەکڕیزی ژنان، زامنی گەیشتن بە ئامانجەکانیانە

دیمانە: شەونم هەمزەیی
پرسی ژنان لە ئێراندا بە گشتی و بە تایبەتی دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هەمیشە یەک لەو بابەتە گرینگ و هەستیارانە بووە کە هەم کۆمەڵگەی ئێران و هەم ناوەندەکانی سیاسی و مافی مرۆڤی لە دەرەوەی وڵاتیشی بە خۆوە سەرقاڵ کردوە.
ژنانی کورد بە پێناسەیەکی نوێ لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارن و سەرەڕای هێزمەندیی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاو سالاری و تێپه‌ڕ نه‌کردنی قۆناغی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی، بەڵام توانیویانە شوێن‌پەنجەیان بەسەر زۆر لە گۆڕانکارییەکانەوە دیار بێ. بۆ زیاتر باس لە بارودۆخی ئێستای ڕۆڵ و پێگەی ژنان و چەندی و چۆنیی بەشدارییان لە بزووتنەوەکاندا وتوێژێکمان لەگەڵ خاتوو “شلێر حەسەن‌پوور”، ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات پێک‌هێناوە.

با بەم پرسیارە دەست پێ‌ بکەین، دەور و ڕۆڵی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستاندا، چۆن هەڵ‌دەسنگێنن؟

پێشەکی سپاس بۆ ئێوە. بە پێی ھەموو لێ‌کۆڵینەوەکان و بڵاو کراوەکان بزووتنەوەی ژنان لە ئێران ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام سەرەڕای ئەو بەرەو پێش‌چوونە داخوازییەکانی ژنان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. چونکە بارودۆخەکان وەک یەک نین، بۆ نموونە ئەگەر داخوازیی ژنانی تاران ئازادکرانی دووچەرخەسواری بۆ ژنانە، داخوازیی ژنی بەلووچ لولەکێشیی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوەیە. لە شوێنێکی تر ڕەنگە داخوازییەکان زیاتر کۆمەڵایەتی بێ و لە شوێنێکی تریش سیاسی بێ.

لە کوردستان خەبات بۆ مافی نەتەوەیی و یەکسانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەدایە، بەداخەوە بە ھۆی پارچە پارچە بوونی نیشتمانی داگیرکراومان بارودۆخی ژنانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ژنانی فارس یا بڵێم وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر جیاوازە. ھەلومەرجی ئێمە وەک ژنانی کورد بە شێوەیەکە کە ھاوکات بۆ دوو پرسی گرینگ، یەکەم مافی نەتەوایەتی و دووھەم بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی لە خەبات و تێ‌کۆشان‌داین. لەو ڕێگەیەشدا تووشی زۆر نەھامەتی وەک دەربەدەری، زیندان، دەسبەسەر کران، ئێعدام و توندوتیژیی جنسی و ڕۆحی بووینەتەوە.

لە کوردستان خەبات بۆ مافی نەتەوەیی و یەکسانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەدایە، بەداخەوە بە ھۆی پارچە پارچە بوونی نیشتمانی داگیرکراومان بارودۆخی ژنانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ژنانی فارس یا بڵێم وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر جیاوازە. ھەلومەرجی ئێمە وەک ژنانی کورد بە شێوەیەکە کە ھاوکات بۆ دوو پرسی گرینگ، یەکەم مافی نەتەوایەتی و دووھەم بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی لە خەبات و تێ‌کۆشان‌داین. لەو ڕێگەیەشدا تووشی زۆر نەھامەتی وەک دەربەدەری، زیندان، دەسبەسەر کران، ئێعدام و توندوتیژیی جنسی و ڕۆحی بووینەتەوە.

لە کوردستان كەم‌تر بنەماڵەیەک ھەیە کە دوای هاتنە سەر کاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بە بەھانەی جۆراوجۆر تووشی ئازار لە شێوەی زیندان، ئێعدام، کوژران و دەربەدەری نەبووبن، بەڵام بەو حاڵەش ژنانی ئازار چێشتووی کوڕ یا مێرد کوژراو و ئێعدام‌کراو قەت سەریان لەبەر زۆرداری و داگیرکاریی ڕێژیمی ئێران دانەنواندوە و ھەمیشە لە مەیداندا بوون.

“زارا محەممەدی”، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی نۆژین و مامۆستای قوتاب‌خانە، نموونەیەک لەو ژنە ئازا و تێ‌کۆشەرانەیە کە تەنیا لەبەر ئەوەی زمانی دایکی فێری منداڵان کردوە، دە ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاوە.

كەوایە ژنان لە کوردستان و بە گشتی لە ئێران چالاکن، بەڵام بە ھۆی ئەوەی یاسا گۆڕەپانی سیاسی و ئابووریی پێ تەنگ کردوون زۆری پێ‌ دەچێ تا بە ئامانجەکانیان بگەن.

ژنان ئەمڕۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغێکی گرینگ لە گەشە و پێشکەوتن‌‌دان، لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارن، هۆکاری ئەو لە مەیداندا بوونەی ژنان بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا ئەو بزووتنەوە ئێعترازییانە گۆڕان لە دۆخی ژنان و بزاوتی ماف‌خوازیی ئەواندا پێک دێنی؟

سەرەتا و دەستپێکی خەباتی ژنان لە ئێران بۆ سەدەیەک لەمەو بەر دەگەڕێتەوە و ھێندێ پرسی سیاسی لە ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخێ ژنان ھەبووە کە ھێندێک جار بووەتە ھۆی پێش‌کەوتنی ژنان و جارجارەش بە پێچەوانە ڕەوتی خەباتی ژنانی دوا خستوە.

بۆ نموونە بە زۆر لا بردنی پەچە و ڕووبەند، ھەڵ‌وەشاندنەوە و تێک‌دانی ھێندێ داب‌ونەریتی ئیسلامی لە کاتی حوکمڕانیی ڕەزاشادا و، دواتریش لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران ژنان کێشەی تری یاسایی و سیاسی و کولتوورییان هاتە بەر دەم.

حکوومەتی خومەینی لەژێر بنەمای ئیسلامی شیعە (اثنا عشری) بە بەھانەی گەڕاندنەوەی عیفەت و حەیا بۆ ژنانی ئێران جیا لە سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملی، ھەموو ڕێگەیەکی بۆ سەپاندنی یاساکانی دژبە مافی ژنان خۆش کرد و بۆ ماویەک ئەو ڕەوتەی ڕاگرت، بەڵام ھەموو ئەو بەربەستانە نەبوونە ھۆی ڕاوەستانی ئەو شەپۆلە و ژنان بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان لە هەموو دەرفەتێک کەلکیان وەرگرتوە.

دیارە ژنی کوردیش ھەروا دەستەوەستان نەبووە، بەشێک لە ژنانی کورد وێڕای پیاوان دژبە داگیرکاری و زوڵمی کۆماری ئیسلامی لە نێو حیزبە سیاسییەکان دەستیان بە خەبات و تێکۆشان کردوە، ھەرچەندە ڕێژەی ئەو ژنانە کەم بوون بەڵام بەو حاڵەش ئەگەر بگەڕێینەوە ئەو سەردەمە -واتە چوار دەیە پێش لە ئێستا- تێک‌شکاندنی نەریتی کۆن و داسەپاو، ڕچەشکێنییەک بوو. دیارە ئەگەر ڕاستگۆ بم حیزبی ئێمە بۆ ئەو بەشە زۆر موحافیزەکار بووە.

ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان، ھۆی لە مەیداندا بوونی ژنان لە ڕاستییدا بەشێکی بۆ پەروەردە و خۆ پێ‌گەیاندنی ژنان و بەشێکیشی بۆ ھاتنی ئینترنێت و بە تایبەتی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە. لەو نێوەشدا ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە.

لە سەر بە ئامانج گەیشتنی ژنان دەبێ بڵێم ھیچ شتێک نامومکین نییە، بەڵام تا ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە یاسای حکوومەتی کۆماری ئیسلامییدا پێک نەیە بە زەحمەتی دەبینم، بە تایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستای کوردستان و بەگشتی ئێران کە بە پێی ئەو ئامارانەی ڕۆژنامەکان لە نێوخۆی ئێران بڵاویان کردوەتەوە زیاتر لە ٣٥ لەسەدی خەڵکی ئێران، لەژێر ھێڵی ھەژارییدا دەژین -کە بەدڵنیاییەوە دەبێ زیاتر لەو ئامارە بێ-؛ لە وەھا بارودۆخێکدا مەگەر تەکانێکی جەماوەری ڕوو بدا و ببێتە ھۆی ئاڵوگۆڕ لە ئێران بێجگە لەوە بە ئەستەمی دەبینم، بەڵام بەو حاڵەش نابێ ژنان دەست‌ هەڵ‌گری مافەکانیان بن.

هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێز ‌و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان ڕێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به ‌ناوی جۆراوجۆر پێک‌ هێناوە، ئایا ئه‌و ڕێکخراوانه ‌تا چ ڕاده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی بیروڕای گشتی یان ڕێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان ‌که‌ داکۆکی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن، بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان یان ئه‌و زوڵمانەی ‌ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ ڕاکێشن؟

چ ڕێکخراوەی ژنان، چ حیزبێکی سیاسی بەبێ بوونی پێگەیەکی فکری و پێێشکەوتوو و بەبێ بوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و خزمەت‌گوزاری و گەشەکردن و خزمەتی باش بە ھاووڵاتیان و کۆمەڵگەکەی و، بەبێ پرۆسەی بەردەوام بۆ ئاڵوگۆڕ و بەبێ بوونی تێ‌ڕوانینێک بۆ داهاتوو ناتوانێ هەتا سەر لە مەیداندا بمێنێتەوە. بۆیە دەبێ بەردەوام پرۆسەی خۆ نوێ‌کردنەوە ھەبێ بۆ ئەوەی لە کێبەرکێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەجێ نەمێنێ.

من پێشتریش باسی ئەوەم کردوە وەک خۆم پێک‌ھێنانی ئەو ھەموو رێکخراوانە بە تایبەتی رێکخراوەکانی ژنانم پێ باش نییە، چونکە دەبنە ھۆی پارچە پارچە بوون و لە کۆتاییدا بە فیڕۆ چوونی وزە و تواناکان.

بە حوکمی ئەوەی من دەمێکە لە کوردستان دوورم، باس لە کوردستان ناکەم چون وێ‌دەچێ ئەو زانیارییانەی من لە سەر کوردستان ھەمن زۆر ڕێک نەبن.

بۆیە ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد بە نموونە دێنمەوە، لە ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵ لێرە لەگەڵ ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان زۆر ڕێکخراوەی دیکەش پێک‌ ھاتن، بەڵام ھیچیان نەیان‌توانی تا سەر لە کار و تێکۆشان بەردەوام بن، بۆیە ئەو ھەڵ‌وەشانەوە یا لە مەیداندا نەبوونە دەبێتە ھۆی دڵ‌ساردیی ئەندامەکانیان، بە چەشنێک کە تەنانەت متمانە بە ڕێکخراوەکانی تریش ناکەنەوە و لە ئاکامدا دەبێتە ھۆی ناچالاک بوونی کۆمەڵێک لە ژنانی بە توانا کە ئەوە ھەم خەسارێکە ھەم جێگەی داخە.

لە سەر ئەوە کە ئەو ڕێکخراوانە چەندە توانیویانە سەرنجی بیرو ڕای گشتی بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان یان ئه‌و زوڵمانەی ‌لە ژنی کورد ده‌کرێ ڕاکێشن، دەبێ بڵێم بە گشتی ئێمەی کورد ئەو بەشەمان لاوازە، بەڵام با من پرسیارێک بکەم مەگەر لە ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتدا ناخوێندرێتەوە و ناگوترێ کە لە ئێران بە گشتی مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێ؟ تا ئێستا بەرامبەر بەو پێشێل‌کارییانە چ کارێک بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کراوە؟

بە باوەڕی من گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ژنان و متمانە دروست‌کردن لە نێو خۆمان چارەسازترە تا چاوەڕوان بین بزانین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی چییمان بۆ دەکەن. بەکورتی هەر جارێ پێشینیان گوتوویانە، جگە لە نینۆکەکانی دەستی خۆم ھیچ دەستێک ناتوانێ پشتی من بخورێنێ.

ئێوە وەک ئەندامێکی چالاک لە ڕێکخراوی “یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان” کە لە دەرەوەی وڵات چالاکی دەکەن، تا چەند توانیوتانە کار لە سەر پرس و بابەتەکانی ژنان بکەن و بتوانن ببن بە دەنگی ژنانی زوڵم‌لێ‌کراوی کورد و بە تایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات لەم وڵاتانەدا؟

پێم‌خۆشە ئەوە بە ڕوونی بۆ ئێوە و بۆ خوێنەرانتان باس بکەم کە کار و چالاکیی ئێمە لێرە لە وڵاتی سوئێد دوو بەشە.

بەشێکی پێوەندیی چڕ لەگەڵ ناوەندی یەکیەتیی ژنان لە کوردستانە و بەشێکی زۆری پێوەندیی بە شوێنی نیشتەجێ‌ بوونمان واتە وڵاتی سوئێدوە ھەیە.

ھەروەک لەسەرەوە باسم کرد کاری ئێمە بە پێی پڕۆژە دەچێتە پێش کە چەندین پێوەر لە خۆ دەگرێ، وەک دانی زانیاری لە مەڕ مافی یەکسانی، مافی تاک و ھەروەھا پەروردە وەک پەروەردەی منداڵ، ژینگە، سڵامەتی و خۆپاراستن و لەو ساڵانەی دواییدا زانیاری لە سەر ھێمۆ و بای سێکشوێل و بە تایبەتی ئاشنا کردنی ئەندامانمان بە یاسا و ڕێساکانی وڵاتی سوئێد وەک یاساکانی پەروەردەی منداڵ -کە بە بڕوای من یەک لە ھەرە گرنگ‌ترین بابەتەکانە-، یا یاسای کار و زۆر شتی دیکەی تریش.

ئێمە وەک بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ئەرکی ئەوەمان دەکەوێتە ئەستۆ کە لە ڕێگەی پێک‌ھێنانی کۆڕ و سێمینار ئەو زانیارییانە بە ئەندامەکانمان بگەیەنین و لە ڕێگەی مێدیا گشتییەکانیش بەگوێی ھەموو ئۆگرانی بگەیەنین، کە بە خۆشییەوە بە ھەوڵ و تێکۆشانی ھەموو لایەک و بە تایبەتی ئەندامانی دڵ‌سۆزی ڕێکخراوەکەمان تا ئێستا لەو بوارەدا زۆر سەرکەوتوو بووین.

ئەوە کە چەندە توانیومانە دەنگی ژنانی زوڵم لێ‌کراو بین، بەڕاستی وڵام دانەوە بەو پرسیارە بۆ من کەمێک زەحمەتە. دیارە ئەگەر بەگشتی بڵێم پێوەندیی ھەیە بە شوێنی ژیان و بە سەربەخۆ بوونی تاک لە ھەموو بوارەکانەوە. بەداخەوە ھەل‌ومەرجی ژنان لە کوردستان و بە تایبەتی ئەو ژنانەی خۆیان بەرپرسایەتیی قورسی ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆیە و ھیچ ھەلی کار کردن و ھیچ ناوەندێک نییە بۆ ھاوکاری‌کردنیان لەگەڵ ئێمە کە لە دەرەوە دەژیین زۆر جیاوازە. بڕوا ناکەم ئەو ژنانەی ھەژاری تەنگی پێ ‌ھەڵ‌چنیون و بۆ بژیوی ژیان ئامادەن دووگیان بن و منداڵی نێو سکیان پێش‌فرۆش بکەن، بیر لە ماف و تەنانەت بیر لە ڕزگاریی خۆیشیان بکەنەوە. بۆیە ئەرکی ئێمە بە هۆشیار کردن و ڕاچڵەکاندنی کۆمەڵگەی خۆمانە بە گشتی و ئامادەکاری بۆ پێک‌ھێنانی ئاڵوگۆڕ.

لە ڕاستییدا ڕایەڵەی نێوان ئێمە و نێوخۆ -ڕۆژھەڵاتی کوردستان- لاوازە کە دەبێ کاری لەسەر بکرێ. با ئەوەش زیاد بکەم، ئێمە بەردەوام لە ھەوڵ و تێکۆشان‌داین. لێرە ھەر جارێ کە دانیشتمان لەگەڵ ڕێکخراوە سوئێدییەکان یا پارلمانتارەکان ھەبووە یا ھەیە بەشێک لە باسەکان تەرخان دەکرێن بۆ پێشێل‌کردنی مافی ژنان و بە گشتی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەڵام ھەر وەک گوتم باش‌ترین کار گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵکی خۆمانە.

زۆر جار دەگوترێ ژنان بە پێی پێویست و بارتەقای ئەم زوڵمەی لێیان دەکرێ و ئەو مافانەی لێیان زەوت کراوە لە مەیداندا نین، یان بە پێی پێویست نەیان‌توانیوە دەنگی ئەو ژنە زوڵم ‌لێ‌کراوانە بن کە ساڵانێکە لە بەندیی‌خانەکان‌دان و مافەکانیان پێشێل دەکرێ؟ ئایا ئەم تێ‌ڕوانینە لە جێی خۆی‌دایە؟

ئێمە باس لە ژنانی ئێران یا باش‌تر بڵێم باس لە ژنانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە جیا لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ھەموو مافەکانی لێ زەوت کردوون، بەستراوە بە داب و نەریتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانن. شکاندنی ئەو نەریتانە لەسەر ژن زۆر گران دەکەوێ. لە ئەگەری سەربزێویی ژن، لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە بەر غەزەبی خێزان و بنەماڵەی خۆی و دواجار کۆمەڵگە و لە کۆتاییدا تەریک کەوتنەوەی.

سەربەخۆیی ئابووریی ژن و ئیرادەی بە کۆیلە نەبوون، خۆی بوێریی دەوێ کە وەک گوتم بە داخەوە لە بارودۆخی ئێستادا کە ھەژاری و بێ‌كاری باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە ژنان کەم‌تر بیر لە ویست و داوکاری و مافەکانی خۆیان دەکەنەوە.

ژنان لە ڕێگەی مێدیا لە ھەوڵی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان‌دان، بەڵام بە گشتی دەستیان لە دەسەڵات و گۆڕینی یاسا بە قازانجی خۆیان کورتە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست لە کەس ناپارێزێ، ھەر لە چالاکانی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤەوە بگرە تا ئەو وەکیلە گیراوانەی کە بە سەر کەیسی کەسانی سیاسییەوەن؛ “نێرگس محەممەدی”، وتەبێژ و جێگری بەرپرسی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤ و “نەسرین ستوودە” نموونەی ھەرە بەرچاون.

وەک دوا پرسیار، کۆسپی بەردەم بەرەو پێش‌چوونی زیاتری بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و کوردستاندا چییە و چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەوانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟

یەکەم کۆسپی بەرەو پێش‌چوونی بزووتنەوەی ژنان یاسای ئێرانە کە دژی ژنە. دووھەم، پەرتەوازە بوونمان، نەبوونى ئاراستە و گوتارێکى یەکگرتوو، کە زۆر جار گوتوومە لێرەش ھەر ئەوە دووپات دەکەمەوە، ژنان دەبێ دژبەو ڕێژیمە سەرکوت‌کەرە بوەستنەوە و هاوکات ڕوو بە ڕووی ئەو سوننەتە کۆنەپەرستانە و دژەژنە کە لە نێو کۆمەڵگەدا زاڵە و، ڕیشەکەشی بۆ دەسەڵاتی پیاو سالار دەگەڕێتەوە -کە زۆر جار ژنان خۆیان پشتیوانی ئەو لێ‌دوانە سوننەتییانەن-، ببنەوە و ڕیگە خۆش‌کەر بن بۆ داهاتوویەکی گەشتر بە قازانجی ژنان.