ڕاگەیاندنی ناوەندی هاشتاگ ٤ کورد (4kurd)

٤١ ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای سەرکوت و تیرۆر و تاڵان، دەسکەوتێکی بۆ نەتەوەکانی بندەستی ئێران بە گشتی و نەتەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی نەبووە. ماشێنی کوشتاری دیسان کەوتووەتەوە گەڕ و تەنافی داری بۆ لاوانی کورد وەک هەمیشە ئامادە و زیندانەکانی پڕن لە ڕۆڵە ئەمەگناسەکانی کورد.لەم نێوەدا بە هۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی بایکۆتی ڕاگەیاندن بووەتەوە و ئاژانسە جیهانی و دەزگا خەبەرییەکانی جیهانیش ڕێگای چالاکییەکان لەم بەشەی نیشتمان پێ نادرێ. کوردی ڕۆژهەڵاتیش خۆی لە لایەکەوە لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی پرۆفیشناڵ بێ بەشە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی کۆدەنگی و هەماهەنگی لە نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی دەرەوە و دیاسپۆرای کوردی، ئەگەر هەوڵێکیش بۆ بە جیهانی کردنی دۆخی کوردی ڕۆژهەڵات دەدرێ، ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە.لە دۆخێکی وادا، وەک ژمارەیەک چالاکی ڕۆژهەڵات، بڕیارمان دا بە پشت بەستن بە نەتەوەی خۆمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بۆ دەنگدانەوە و لەقاودانی سیاسەتی پاوانخوازانەی ڕژێمی ئێران و پاکتاو کردنی کوردی ڕۆژهەڵات، لە ژێر ناوی “4kurd#” کۆ ببینەوە و لە گۆڕەپانی سۆسیال میدیا و هەروەها بە شێوەی مەیدانی چالاکی بنوێنین و سەرنجی بیروڕای جیهانی بەرەو مەزلوومییەتی کوردی ڕۆژهەڵات ڕابکێشین. بێگومان ئەم ناوەندە کە لە ئەندامانی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کەسایەتیی سەربەخۆی دەرەوەی حیزبەکان پێکهاتووە، هیچ سنوورێکی ئایدۆلۆژیکی و سیاسیی نییە و خۆبەخشانە بۆ مافە پێشێلکراوەکانی کوردی ڕۆژهەڵات و پشتیوانی کردن لە کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵات تێدەکۆشێت. ئامانجمان پێکهێنانی هەماهەنگی و کۆدەنگییە لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەیاندنی دەنگی کوردی ڕۆژهەڵات بە گوێی جیهانە.ئێوەش وەرنە ڕیزمان و دەنگی حەقخوازانەی کوردی ڕۆژهەڵات بن.