خەرمانەی “کورد و هەستی نەتەوایەتی” جەماڵ عەڵیاڵی

چڕوپڕ بوونی هێرشەکانی داگیرکەر لە لایەک و لاوازبوونی هەڵوێستی پشتیوانی لە لایەکیترەوە ئەو پرسیارە دەخوڵقێنێ کە ئایا هەستی نەتەوەیی کورد، تێڕای پێداویستییەکانی هەنووکەیی دەکات؟

ئەگەر پرسیارەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئاراستە بکەێن، پێویستە بوێژین ئایا پڕۆسەی بەنەتەوە بوونی کورد کۆتایی پێهاتوە؟ زۆر بە زەقی: ئایا کورد نەتەوەیە؟ پرسیارەکە گڕگرە و رەنگە بەو هۆیەوە خەڵکێک خۆی لێ بوێرن بەڵام پێویستە بخرێتە بەرباس بۆئەوەی کە بەرپێی هەنگاوەکانی ئێستا و داهاتوو، پتەو ببێت. نووسەری ئەو بابەتە “دوور و درێژە” دەخوازێ بۆچوونی خۆی لە مەر کاکڵی پرسیاری لەو شێوازە، شی کاتەوە. بەو هیوایەی کە بابەتەکە کۆمەڵێک پرسیاریتر لای خۆێنەر بخووڵقێنێ و رەنگە ببێتە بە کەرەستەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتر لەمەر “ئاستەم بوونی” دۆخی هەنووکەیی و پێداویستییەکانی ئەو دۆخە. پێشەکی گۆێچکەیەکی بچووک لە مینیاتووری ڕەشی کوردستان.
داعەش و داگیرکەر لە گشت لایەکەوە سەرقاڵی گەمارۆی کوردستانن. جیهانی دەوڵەمەند بە گشتی لە سەیراندایە و چاوی لە ڕووداوەکان زەق بۆتەوە، نەکا پشکی وان کەم کاتەوە! دەسەڵاتی بێ بنەمای کوردی لە باشوور و بە تایبەت پارتی دێمۆکراتی کوردستان، سەرەڕای هاروگیفی سەربەخۆیی، خەریکە بە تەواوی دەکەوێتە باوەشی داگیرکەر. سازەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە داخەوە تەسلیمی دۆخی داگیرکەری ئێرانی بوونە، دەسپێشخەری و ئینیتیاتیڤیان بە تەواوی لە دەست داوە و لە بڕی هاوکاری و هەماهەنگی دژ بە ڕژێمی نامڕۆڤانەی ئێران بێدەنگیان هەڵبژاردووە، چەشنێک سۆفیگەری سیاسی کە لە کاتی ئاستەمدا جیگەی عەقل و لۆژیک دەگرێتەوە.
هەر دوو داگیرکەری تورک و ئێرانی هەتا دێت و خۆیان زیاتر تەیار دەکەن، مۆڵگەکانیان لە کوردوستان زیاتر دەکەن و ئاشکراتر لە جاران هاوکات دەگەڵ داعەش کوردستان دەکووتن و کۆرپەکانی لێ دەستێننن. هەر ئێستاکە هێرشێکی بەربڵاو لە سەر مێدیای ئازادی باکوور و ڕۆژهەڵات هەیە، مینای ئەو هێرشانە لە پچڕاندنی وەشانەکانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئازاد بەدی دەکرێ. لەو ناوەدا پشکی ڕۆژهەڵات زۆر گرانترە، بە هۆی ئەوە کە لە ئاکامی سیاسەتی دوور لە واقیع، بەشێک لە دەزگای ڕاگەیاندنی داخراوە. بە کوورتی، داگیرکەر و داعەش لە باری چەک و جبەخانەی دزەیی، مێدیایی، سایبیری و سوپایی زۆر لە کورد بە هێزترن. بە خەیاڵی خاویان لە ڕیگەی خستنە ڕووی ئاخرین گورزەکانیان، خەریکن تیری کۆتایی لە جەستەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەدەن. لە دۆخی لەو چەشنەدا، ورەی بەرز پێویستە بەڵام بەش ناکات.
بڵا مینایەک لە ژیانی ماسیان لە ناو بەحردا وەبیر خۆمان بێنینەوە. هێندێک چەشنە ماسی هەیە کە بە ڕەوەی چەند ملیۆنی دەژی. ئەوانە هەرکات تووشی بوونەوەری ڕاوچی دەبن، بە کۆمەڵێکی زۆر مەزن، وەکوو یەک جەستە دەجووڵێنەوە بۆ ئەوەی کە زیانی کەمتریان بەرکەوێ و لە کۆتاییدا تاکی زیاتریان لە هێرشەکە ڕزگاری بێت، ئەو شێوازە لە خۆپاراستن بۆ ئەو ماسیە بچکۆلانە زۆر کاریگەرە. لە دۆخی هەنووکەیی کوردستاندا، تاکی کورد لە گورزی داگیرکەر ڕزگاری نایەت، سازەی کوردی بە تەنیا، وەکوو تاکی داماوە وپاراستنی خۆی بۆ زەحمەتە مەگەر بە کۆمەڵ. ئەو بە کۆمەڵ بوونە، وەکوو ماسیەکانی ناو بەحر تەنیا بە یێکێتی نەتەویی جێ بە جێ دەبێت. لە وبارە ئاڵۆزە و مەترسیدارەی زاڵ بە سەر کوردستاندا، کاتێک کە بە کردەوە، داگیرکەر و داعەش ڕاساونە سەر کوردستان، سازەی سیاسی کوردی بێدەنگە و فززەی لێنایەت. وردە بەیان و بەلاخ تێڕا ناکات، پێویست بە هێزی نەتەوەیی هەیە.
لەناو ئەو دۆخە تووندە دایە کە دووبارە هەر وەکوو سات و کاتی هێرشەکەی سەر کۆبانی، ئەو کاتەی شەڕی تووندی تێدا دەگەڕا، پرسیارێک دەخوڵقێ کە ئایە هەستی نەتەوایەتی لە ناو نەتەوەی کورددا هەیە؟ یاخود ئەو هەستە کپ کراوە؟ وڵامی ئەو پرسیارە لای مێژووی داهاتوویە نەک نووسەری ئەو بابەتە بەڵام، نووسەر بە پاڵپشتی دێمۆکراسییەوە، وەکوو هەر تاکێکی کورد مافی دەربڕینی بیروڕای خۆی هەیە.
ئەگەر نەتەوەی کورد هەستی نەتەوایەتی نەبێ، هەبوونی نەتەوەی کورد دەچێتە ژێر پرسیار. ئەو ئەگەرە زۆر وەڕاست ناچێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە گشت لایەنێکی سیاسی پانتای کوردستان، باس لە نەتەوەی کورد دەکات هەرچەند لە باری زانستییەوە پێویستە شۆێن بۆ “بەهەڵە چوونی گشت لایەنێک” بهێڵینەوە. لە لایەکیترەوە زۆرینەی فاکتەرکانی حاکم بە سەر کوردستان لە هەر چوارپارچەکەدا وەکوو بنەمای “نەتەوە بوون” لە گشت بوارەکاندا، کەم و زۆر هاوشێوازی یەکترن، کەواتە دەکرێ ئەو بژاردەیە بە نەبوو لە قەڵەم بدەین.
ئەگەر هەستی نەتەوایەتی هەبێ ئەوسا پرسیارێکیتر دەخوڵقێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا “نەتەوە” واتایەکیتری پێ بڕاوە؟ نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە لە سەدەی ڕابووردوودا واتای گەلێک بابەت گۆڕانکاری بەسەرا هاتووە بەڵام زۆر دەگمەنە پێوەندی ناوبەین هەستی نەتەوایەتی و واتای نەتەوە گۆڕانکاری بەسەرا هاتبێ. هۆکارەکەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری لەو شێوازە پێویستی بە ئاڵوگۆڕ لە بنەمای کۆمەڵگادا هەیە، گۆڕانکاری لە گشت بوارێکدا. بە چەشنێک کە کۆمەڵگای کوردەواری هەنگاو بە هەنگاو لە کۆمەڵگای سەرمایەداری نزیک بکاتەوە. ئاڵوگۆڕی لەو چەشنە، پێوەندی تاک دەگەڵ کەرەستەی بەرهەم هێنان و “کەرەستەی ڕابواردن” بەرەو پێش؟ دەگۆڕێ. لە کوردستانی ئەمڕۆدا چ ئاڵوگۆڕێکی بەرەو پێش لە سەر پێوەندی تاک دەگەڵ کەرەستەی بەرهەم هێنان و کەرەستەی ڕابواردن پێک نەهاتووە. بە پێچەوانە پێوەندی تاک دەگەڵ کەرەستەی بەرهەم هێنان و کەرەستەی ڕابواردن بەرەو پاش وەرچەرخاوە! سەیرە؟!! کەواتە، بە کوورتی دەتوانین بوێژین کە واتای نەتەوە لە ماوەی سەدەی بووریدا، گۆرانکاری بەسەرا نەهاتووە. ئەی بۆچی لەو دۆخە دژوارەدا کە داگیرکەرانی کوردستان تەنگیان بە کورد و گشتی دانیشتوانی کۆمەڵگاکەی هەڵچنیوە، تەنانەت لەو بارودۆخە ئاستەمەدا، ئەو یێکگرتووییەی کە بارتەقای هاوکێشەکانی سیاسی ناوچەکە بکات لەناو هێزەکانی کوردا نیە؟
بڵا، لە ڕوانگەیەکیترەوە، تۆزێکیتر لە سەر بابەتەکە بدوێین. زۆر جار دەبیسین و دەخۆێنینەوە کە زاناکانی عەرەب و توورک و فارس دەڵێن: “هۆزەکانی کورد، عەشیرەتەکانی کورد، تایفەکانی کورد، ئیلەکانی کورد و خێڵەکانی کورد… بە هاسانی و بە خیرایی فریو دەدرێت…” لەو کاتانەدا، هەڵوێستی تاکی کورد جگە لە تووڕەیی و چەند وشەی ناشیرین، چیتر نیە. هەرگیز ئەو پرسیارەمان لە خۆمان نەکردووە کە بۆچێ وا دەڵێن؟ ئەوە برینی زۆر خەڵکان دەکولێنێتەوە بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو وتەی زاناکانی داگیرکەر بێ بنەما نیە. زۆرینەی تاکی کورد بە ڕووناکبیرەوە، نەیتوانیوە بیرمەندیی خۆی بخاتە قۆناخێکی زانستییانە و تەنانەت هەر بە ساکارییەوە لە چوارچێوەی تەسکی ناوچەییدا ماوەتەوە. بەرچاوترین مینای دڵتەزێنی ئەو ڕوانگەیە، تێرۆری دوو سیکرێتێری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات بوو کە یەک بە دوای یەک دا جێ بە جی کرا بێ ئەوەی کە تەنیا دێڕێک لە وانەی دڵتەزێنی یەکەم بقۆزێتەوە!
ڕەنگە کەسانێک بوێژن کە هۆکاری ئەو ئاکارە دەگەڕێتەوە سەر “هۆزەکانی کورد، عەشیرەتەکانی کورد، تایفەکانی کورد، ئیلەکانی کورد و خێڵەکانی کورد…”. تاکی کورد ئەوەندە گۆێ لەو وتارە چەوتانە بووە کە دەگەڵی “ڕا”هاتوە و فێری بووە! ئەو وتەیە ڕەنگە زۆر بەتاڵ نەبێت بەڵام ناکرێ بە متمانەوە پشتی پێ ببەستین. بە بڕوای نووسەر، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستییانە هەنگاو بە هەنگاو ڕووداوەکان بەرەو ڕابوردوو شی بکەینەوە ئەوکات ڕیشە و بنچینەی هۆکارەکان دەدۆزینەوە. لە هەر ڕووداو و پڕۆسەیەکدا هەردەم شۆێنەواری لۆژیک زۆر بە ئاشکرایی دیارە، هەر ئەو شۆێنەوارانەن کە دەبێت هۆکاری لە قاودانی ڕیشەی بنچینەیی هۆکاری سەرەکی. لێرەدا بۆ هەڵسان بەو ئەرکە، پسپۆر و زانا پێویستە، پسپۆر و زانای ڕاهاتوو بە شیوازی زانستییانە! ئەگەر نەتەوەی کورد خاوەنی ئەو کەرەستەیە بێت ئەوا ڕۆژێک دادێ کە ئەو شێوازە هەڵسەنگاندنەش دەخرێتە بەر چاوی کۆمەڵگا، بلا باس لە سەر ئەو خاڵە گرینگە بۆ داهاتوو جێ بهێڵین.بە بڕوای نووسەر، دووپات و سێ پات و هەزار پات بوونەوەی وتاری “هۆزەکانی کورد، عەشیرەتەکانی کورد، تایفەکانی کورد، ئیلەکانی کورد و خێڵەکانی کورد…” بە داخەوە شۆێنەواری لە سەر مێشک و هزری کۆمەڵگا داناوە، تاوانباری ڕاستەقینەش ڕووناکبیری کوردە بە نووسەرەوە (لە سەر ئیزنی خۆێنەری بەرێز، نووسەر خۆی بە ڕووناکبیر لە قەڵەم دەدات). ئاکامی ئەو فەرهەنگە بۆتە بە مۆتەیەک بە ناوی خودموختاری بۆ کوردستان و دێمۆکراسی بۆ داگیرکەر! هەر کام لە لایەکەوە! خافڵ لەوە کە ئەگەر دگیرکەر خوازیاری دێمۆکراسی بێت، کورد پێویستی بە خۆپارستن و شەڕ نیە، ئەوە باسێکی ترە.
لە بڕی خودموختاری، سەرخۆبوون، فیدرالی و کۆنفیدرالی، کورد هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە دەیتوانی باس لە وڵاتە داگیرکراوەکەی بکا و بۆ ڕزگاری نیشتمان لە ژێر چەنگی داگیرکەر تێبکۆشێ، ئایا لەوە خراپتر بەسەری دەهات کە ئێستا دێت؟ نووسەر بە بوێریەوە دەتوانێ بڵێت کە تەنیا داگیرکەر و دۆستانی ئەو، وڵامی ئەرێنی بۆ ئەو پرسیارە دەدەنەوە! ئەی نەتاندیت کە هەر ڕۆژی یەکەم داعەش هاتە ئاراوە، لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، بە ڕۆژی ڕووناک بە سواری مۆتۆرسیکلێت و بە ئاڵای داعەش لە شارەکاندا خۆپێشاندانیان کرد؟ ئەوە داگیرکەر بوو کە بە شۆێن چاوترسێنی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات بوو! ئێستاش درەنگ نەبوە! وەرن با گشتمان، سەرەڕای جیاوازی لە بیروڕادا، سنوورە دەسکردەکان ڕاکەین. بێگومان ڕاکردنی سنوورە دەسکردەکان لە رێگەی مێشک و هزر و جەستەی تاکی کورد تێدەپەڕێ ئینجا دەشت و کێوەکان دەگرێتەوە.
ئەگەر نەتەوەی کورد لەو دۆخە شازەدا نەتوانێ ریزەکانی خۆی رێکبخات ئەوا دەرفەتێکی مێژوویی لە دەست ئەدات و جگە لە تاکی کورد کەس بەرپرسیار نابێت، ئەگەر لە تاکی کورد پرسیار بکەی، ئەوسا تاوانەکە دەخاتە سەر شانی ڕووناکبیر و سازەکانی سیاسی. یێکێتی نەتەوەیی پێداویستێکی هەرە گرینگی هەنووکەییە! پێکی بێنن بە هەر بایخێکی بێت! ئەگینا دەیدۆڕێنین و لەو دۆڕاندنەدا کەس بێ بەش نابێت.
جەماڵی عەڵیاڵی