پزیشکی پێشمەرگەدۆست، دوکتور فرێدریک تیسۆ سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد.

یاری بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستان و دۆستی لە میژینەی دکتور قاسملووی نەمر، حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەسەرکردەوە. پێشنێوەڕۆی رۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، دوکتور فرێدریک تیسۆ پزیشک و دیپلۆماتی فەرانسەویی سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کردو لەلایەن رێبەرایەتی حیزب و کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبەوە، بە گەرمیی پێشوازی لێکرا.

لەو دیدارەدا کە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی حیزب بەڕێوەچوو، سەرەتا دوکتور تیسۆ دوای دەربڕینی خۆشحالی خۆی لەم دیدار و چاوپێکەوتنە، قسەکانی بە باس کردن لەسەر چۆنیەتی ئاشنا بوونی لە گەڵ گەلی کورد بەگشتیی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بزاڤی مافخوازانەی ئەو گەلە درێژە پێدا و لەم بارەوە دەور و رۆڵی دوکتور قاسملووی بەرز نرخاند.

دکتور تیسۆ بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەردەمی خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکرات و شۆڕشی بەربڵاوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵیک بیروڕای خۆی خستەبەرباس و، باسی لەوەکرد کە لە دەسپێکی ئاشنا بوونی لەگەڵ کوردانی رۆژهەڵات، ئێستاشی لەگەڵ بێ خۆی بە پاڵپشت و پشتیوانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان دەزانێ.

b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_fredrik_tisso1.jpgناوبراو لەم بارەوە گێرایەوە؛ تەنانەت لە بنەماڵەکەی خۆم زۆرجار لێم دەپرسن کە بۆ هێندە کوردت خۆش ئەوێ، منیش دەڵێم بە خۆشویستنی کورد لە دایکبووم و بێ گومان دۆستایەتیم لە گەڵ قاسملووی شەهید لەم بارەوە کارتێکەریی هەبووە.

دوکتور فرێدریک تیسۆ لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا کۆمەڵێک بیرەوەری ناخۆش و خۆشی خۆی لە سەردەمێک گێڕاویەوە کە وەکوو پزیشکێک لە تیمی پزیشکانی بێ‌سنوور لە کوردستان خزمەتگوزارییان دەکردو لەم بارەوە ڕایگەیاند کە هەمووکات خۆم بە پێشمەرگەی حیزب زانیوەو چەکی منیش زانستی پزیشکییەکەم بوو کە بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە شان بە شانی ئێوەی پێشمەرگە خزمتم بە کوردستان کردوە.
بەرێز دوکتور تیسۆ پاشان گوتی: “بەشداریی کردنی من لە خەباتی پرمەترسیی و مافخوازانەی کوردی رۆژهەڵات بە b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_fredrik_tisso2.jpgڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات تەنیا وەکوو پزیشکێک نەبوو بۆ چارەسەریی بریندارو نەخۆشەکان، بەڵکوو زۆرجار لە بوارەکانی دیکەش ئەوەی لە دەستم هاتبێ درێغیم نەکردوە، ناوبراو لەم بارەوە باسی لە چۆنیەتی هێنانی ڕادیۆ بۆ حیزب کرد کە ئەودەم کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ویستمان دەنگی کوردستانی ئێران بە گوێ دۆستان و دوژمنانیشی بگات.

لە بڕگەیەکی دیکە ئەو دیدارەدا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بەرێز مستەفا مەلوودی بە نوێنەرایەتیی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب بەخێرهاتنی بەرێز دکتور تیسۆی کردو رایگەیاند کە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هیچکات هەوڵ و ماندوو بوونی مرۆڤدۆستانەی ناوبراو لەبیر ناکەین و بە پێشمەرگەی حیزبی دەزانین.
پزیشکی پێشمەرگەخۆشەویست و دیپلۆماتی کوردویستی فەرانسەیی بەرێز فرێدریک تیسۆ لە کۆڕێکی گەرم و پێشمەرگانە کتێبی بیرەوەریەکانی خۆی پێشکەش بە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کرد. لە کۆتایی‌دا بەڕێز تیسۆ وڵامی پرسیار و تێبینی چەند کەس لە بەشداربوانی کۆڕەکەی دایەوە.

شایانی باسە، لەسەر داوای بەڕێز دوکتور تیسۆ، شاندێکی رێبەریی حدکا بە سەرپەرشتی بەڕێز حەسەن شەڕەفی، لەو دیدار و کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کردبوو.