بەڕێوەچوونی کۆڕیادی شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی کۆڕیادێک لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر کە بەبەشداریی زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەڕێوەچوو، یاد و بیرەوەریی شەهیدانی مووشەکبارانی

“قەڵای دێموکرات”ی بەرز ڕاگرت.

ئەم کۆڕیادە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٧ (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨) بەبەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەدان کەس لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌وان و کارناسی بیانی بەڕێوە چوو، و بەشدارانی کۆڕیادەکە لە ڕێوڕەسمێکی شایاندا ڕێزیان لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ئەم ڕووداوە تاڵ و دڵتەزێنە گرت.

ڕێوڕەسمەکە که له‌لایه‌ن هاوڕێیان عه‌لی بداغی و به‌‌یان چووکه‌لییه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، بە سروودی “ئەی شەهیدان” لەلایەن کۆرسی کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕاگرتنی چه‌ند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر مۆمی یادەوەریی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵای دێموکڕات داگیرسێندران.

لە بڕگەی سەرەتای کۆڕیادەکەدا دوکتور ئاسۆ حەسەن زادە، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ناوی لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆڕیادی شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانانه‌وه وتەی کردنەوەی کۆڕیادەکەی پێشکێش کرد. ناوبراو له وته‌که‌یدا باسی ئه‌وه‌ی کرد که سه‌رباری ئه‌و زه‌بره که له‌ موشه‌کبارانه‌که‌دا له حیزبی دێموکڕات درا ئه‌و حیزبه هه‌ر به پێوه‌یه و شه‌هیدانیش هه‌تا سه‌ر له‌نێومان ده‌مێننه‌وه. ئینجا وێڕای ئاماژه به سروشتی دژبه‌یه‌کی خه‌باتی حیزبی دێموکڕات و ماهیه‌تی کۆماری ئیسلامی، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پشتیوانیی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی له خه‌باتی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و یه‌كگرتوویی زیاتری هه‌موو کورد به‌دژی مه‌یدانداری و ده‌ستدرێژییه‌کانی کۆماری ئیسلامی کرد.

ئینجا وتاری ‌حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیە‌وه لەلایەن کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە خوێندرایەوە. سکرتێری گشتیی حیزب له وتاره‌که‌یدا وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی به‌ستێن و هۆکار و ده‌ره‌نجامه‌کانی مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکڕات، ڕه‌هه‌‌نده جۆربه‌جۆره‌كانی هه‌لومه‌رجی پاش ئه‌م موشه‌کبارانه‌ی له‌به‌ر ڕووناکایی ڕوانین و سیاسه‌ته‌كانی حیزبی دێـموکڕاته‌وه خسته ڕوو. به‌‌‌شێك له ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌م وتاره بریتی بوون له نیاز و ئامانجی کۆماری ئیسلامی له هێرشی مووشه‌کی بۆسەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاردانەوە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەو هێرشە، تێکۆشانی به‌گوڕ و تینی تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکرات لەدوای مووشەکبارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب، هەڵسەنگاندنی حیزبی دێموکرات بۆ بارودۆخی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری دووپاتبوونەوەی ئەم هێرشانە به دژی حیزبی دێموکرات و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیونی کوردی ڕێژیم و، چاوەڕوانییەکان لە کۆمەڵگەی جیهانی، ده‌وڵه‌تی عێڕاق و حکومه‌تی هەرێمی کوردستان بۆ بەربەست دانان لەبەردەم سیاسەتی تێرۆر و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی به‌دژی نه‌یارانی له‌سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان.

بە دوای وتاری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان فیلمێکی دێکیومێنتی لەبارەی وردەکاری و کاردانه‌وه‌كانی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان پیشان درا.

ئینجا هه‌ریه‌ک له دوکتور مەحموود عوسمان، کەسایەتیی سیاسیی دیاری باشووری کوردستان، دوکتور کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان و به‌ڕێز ئۆمێد خۆشناو، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دێموکراتی کوردستان لە پارلمانی کوردستان وتاریان پێشکێش کرد و لە باسەکانیاندا وێڕای مەحکومکردنی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ناوچە بەتایبەت هێرشیی مووشەکیی ڕێژیم بۆسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خاکی هەرێمدا، پێیان لەسەر پێویستیی هاوڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کورد و هەڵوێستی شێلگیر و لێبڕاوانەی هەموو لایەک لەهەمبەر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له سه‌رده‌می ئێستاوه به‌ره‌وڕووی جێگه و پێگه و ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌بنه‌وه داگرت.

ئینجا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن کاک حوسێن نازدار، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حدکاوه خوێندرایه‌وه و دواتر پەیامی بنەماڵەی شەهیدانی پەلامارە مووشەکییەکەی ١٧ی خەرمانان لەلایەن خاتوو سۆرەییا پەیڕەوان، هاوسەری شەهید هاشم عەزیزی پێشکه‌ش کرا و دواتر کۆڕی هونه‌ری هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان سروودێکیان به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان ئه‌نوه‌ر و کوردستان عه‌زیزیان پێشکه‌ش کرد.

ڤیدیۆی بیوگرافیی شەهیدانی١٧ی خەرمانان و خوێندنەوەی پەخشانە شێعرێک لەلایەن خاتوو خەدیجە مەعزوور، سیمای خۆشەویستی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەم کۆڕیادە بوون.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کە لە ڕووداوی هێرشە مووشەکییەکەدا خاتوو سۆیلا قادری، سکرتێری ڕێکخراوەکە و خاتوو نەسرین حەداد، سکرتێری پێشووتری ڕێکخراوەکەی لەدەست دابوو؛ لەلایەن خاتوو شلێر مەحموودی، سکرتێری نوێی یەکیەتیی ژنان خوێندرایەوە. ناوبراو ئینجا داوای له کاک مەنسوور خوسرەوی، هاوسەری شەهید سۆهه‌یلا و کاک مستەفا حەکیمزادە، خزمی نیزیکی خاتوو نەسرین کرد که پەردە لەسه‌ر تابڵۆی ئه‌‌و دوو سکرتێره شه‌هیده‌ی یه‌كیه‌تیی ژنانی دێموکڕات لابده‌ن.

سروودی “تۆڵەی شەهید” بە دەنگی خاتوو سابات و خاتوو ساوێن، دوو خوشکە هونەرمەندی دەنگخۆش؛ خوێندنەوەی هۆزانێکی حەماسیی ڕەسووڵ سوڵتانی و دوو مەقام و لاواندنەوە بە دەنگی ئازیتا و ئاسۆ مۆئمێنی؛ بڕگەکانی کۆتایی ئەم کۆڕیادە بوون.

لە پەراوێزی کۆڕیادەکەشدا پیشانگایەک لە ئاسەواری مووشەکبارانەکەی “قەڵای دێموکرات” و هەروەها پیشانگایەکی فۆتۆگرافیک لەلایەن هونەرمەندان بەیان سۆهرابی، شۆڕش ئاهی و ئۆمید ڕەحمانی کرابۆوە کە سەرنجی بەشدارانی کۆڕیادەکەی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو.

شایانی باسە ئەم حیزب و لایەنانەش پەیامی هاوخەمییان بۆ کۆڕیادەکە ناردبوو کە لەکاتی بەڕێوەچوونی یادەکەدا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا:

یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پارتی یەکیەتیی دێموکراتی (پەیەدە)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان، یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی ڕۆژاوا، بەرەی دێموکراسیی گەل، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، شووڕای پەنابەرە سیاسییە ئێرانییەکان لە سلێمانی.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت