هۆکارەکانی کوشتن و ئازاردانی ژنان لە کۆماری ئیسلامی دا

تا ژن ئازاد نەبێ کۆمەڵگا ئازاد نابێ…
مرۆڤ کە پێ دەنێتە سەر ئەم زەویە رۆژێکیش دێ کە دەبێ بە جێی بێڵێ. مردن حەقە و کەس ناتوانێ لێی ڕاکا، بەڵام لەوەتا ژیانی مرۆڤایەتی هەیە قیزەوەن ترین شێوازی مردن، مردنێک بوە کە مڕۆڤ بە ئەنقەست بەرامبەر بە یەکتری ئەنجامی داوە.
کۆمەڵگا بەردەوام بۆ لە ناوبردنی ئەو دیاردەیە کاری کردوە و لە زۆربەی وەڵاتان تا ڕادەیەکی باش بەرەو پێش چوونی بە خۆوە بینیوە، بەڵام ئایا هۆکار چیە کە تا ئێستاش لە کۆماری ئیسلامی ئێڕان دا هەر بوونی بە رێژەیەکی بەڕچاو ماوە کە ئێمە بەردەوام گوێبیستی هەواڵی کوشتنی ژنان دەبین لە کۆمەڵگا دا.
شەڕەف
بە سادەترین شێوە دەکرێ باس لەوە بکەین کە کوشتن بە هۆکاری وشەیەکی بێ بنەمای بە ناوی شەرەفەوە جۆرێکە لە توندوتیژی کە هم پیاوان و هم ژنان دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی ئامار زیاتر لە 90٪ ژنان دەگرێتەوە کە بە ناوی شەرەفەوە دەبنە قووربانی.
ئەم توندوو تیژیانە بە دڕێژایی مێژوو لە زۆربەی کۆمەڵگا جیاوازەکانی جیهان دا، بە تایبەتی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان دا هەبوون، بەڵام بە تێپەربوونی کات و بەرەوپێش چوونی ئاستی رووناکبیری لە چەند کۆمەڵگایەک دا ئەو دیاردەیەش کەمتر بۆتەوە. بەداخەوە تا ئێستاش لە کۆماری ئیسڵامی ئەو ڕێژەیە لە ئاستێکی بەرز دایە، هۆکاری ئەوەش دەگەرێتەوە سەر کاریگەری یاسا دواکەوتووەکانی ئیسلام لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک کە ژن بە رەگەزێکی کەمتر لە پیاوان لە کۆمەڵگا دا چاو لێ دەکرێ.
کولتوور
مڕۆڤ لە هەر شوێنێ لە دایک بێ بیهەوێ یان نەیهەوێ هەلگری کولتووری ئەو کۆمەڵگایەیە
.
مڕۆڤ خاوەن بیر و هزرە، هەر بۆیەش دەتوانێ بڕیار بۆ باش بوونی ژیانی خۆی بدا و دەشتوانێ گۆڕانکاری لە کولتووری خویدا پێک بێنێ، بەڵام دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسڵامی بەهۆی یەکەم کاریگەری یاسا کۆن و دواکەوتوەکانی ئیسلام و نەبوونی ئازادی لە مێدیا و کێشەی تێکەڵ نەبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی وڵاتان، دووهەم زەختی ئابووری و نەبوونی کەرەستەکانی رێ خۆشکەر بۆ گۆڕانکاری بنەرەتی لە کۆمەڵگا دا بە ئاسانی ناتوانن ئەو کارە بکەن و لە لایەن دەسەڵاتەوە بە شێوازی جۆراوجۆر سەڕکۆنە دەکرێن کە لەو نێوانەش دا ژنان گەورەترین زیان دەبینن. دیاردەی ژن بەژنە وبەزۆری بەمێرد دان و چەندژنە و زۆر یەک لەوانە هۆکارەکەی دەکرێ بگەرێتەوە سەر کولتورێکی سەقەت لە ژێر یاسایەکی دواکەوتوو و قێزەونی ئیسلامی.
یاسا
یاسا بناغەی شێوازی بەیەکەوە ژیانە لە کۆمەڵگا دا و مڕۆڤیش ناتوانێ بە بێ هەبوونی یاسا ژیانێکی ئاڕامی هەبێ. بەڵام ئایا یاسا لە کۆماری ئیسلامی دا چۆنە کە کوشتنی ژنان هەر بەردەوامە لە ناو خەلک دا.
لە زۆربەی دیاردەکانی کوشتنی ژنان دا کەسی بکوژ دوای دەست بە سەرکردنی بە هۆی نەبونی یاسایێکی باش زو ئازاد دەکرێ کە ئەگەر بێتو ئەو پڕوسەیە بەرامبەر پیاو بکرێ کەسی بکوژ کە ژن بێ قەساس دەکرێ و یاسا ئەو دەرفەتەی داوەتە پیاوان کە درێژە بەو تاوان قیزەوەنەیان بدەن .
ئێران یەکێک لەو وەڵاتانەیە کە پەیماننامەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی واژۆ کردوە بەڵام بە هۆی نەبوونی سیستێمێکی باش تا ئێستاش ئێمە دادپەروەری و دانی مافی تەواو لە یاساکانی دا بەرامبەر بە ژنان نابینین.
دین
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسڵامی یەکێک لەو دەسەڵاتدارە توند و تیژ و خوێن ڕێژانەن کە ئیسلامیان کردۆتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و خستنە ژێر رکێفی خەلکی. بە درێژایی مێژوو هەر وڵاتێک یاسای بنەڕەتی خۆی لە ژێر مەزهەب، بە تایبەتی یاسای ئیسلامی دانابێ هیچ کات رەنگی دێمۆکراسی و ئارامی بەخۆیەوە نەدیوە. لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی دا کاتێک ژن وەکوو دایک، کە هێمای خۆشەویستی و پاکیە وەکوو ئاژەڵێک هەڵس و کەوتی لەگەڵ دەکرێ، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بین کە بناغەی کۆمەڵگا سست و لاواز بێت. ژن یان دایک یەکەم مامۆستای مناڵانە، ئەگەر دایکێک کە بەهۆی ئیسلامەوە چەوسابێتەوە و مافەکانی پێشێل کرابێ، بێگومان ناتوانێ مامۆستای ئەلف و بێی ئازادی و دێمۆکراسی بێت بۆ مناڵەکانی. ئەو کۆمەڵگایەش کە ئەو مناڵانەی تێدا گەورە دەبن دیسان ئەو شێوە ژیانە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان دووپات دەکەنەوە.
هیچ کات ئیسلام ناتوانێ چاکسازی لە رەوتی ژیان لە کۆمەڵگا دا پێک بێنێ. یاسایەکی کۆنی هەزار و چەنسەد ساڵەی بیابانەکانی عەرەب ناتوانێ لەگەڵ دێمۆکراسی سەردەم بێتەوە. یاسایەکی کە لە بنەرەت را بە گەندەڵی پێک هاتوە ناتوانێ گۆڕانکاری جوان و رێک و پێک کە پڕ بە پێستی داخوازیەکانی سەردەم بێ پێک بێنێ. هەر بۆیە ئەگەر کۆمەڵگایەک چاوەڕێی ئازادی بێت کە هەموو چین و توێژەکان لەوێ دا بتوانن ژیانێکی بەرابەریان هەبێ، ژن بتوانێ ئازادی هەبێ لە بڕیار، رادەربڕین، کار و پێکهێنانی بنەماڵە دا، دەبێ پێش هەموو شتێک دیاردەی قێزەونی یاسائیسلامیەکان هەم لە وڵات و هەم بشگرە لە مێشک دا پاک کرێتەوە.

جیاوازی رەگەز
هاتنە سەر دونیای بوونەوەرەکان لەسەر گۆی زەوی، بە پێی دیالکتیکی سروشتی دیاردەیەکە کە لە سەرەتای دەسپێکی ژیانەوە وەکوو رەگەزی نێرینە و مێیینە بونی هەبوە و وەکوو یاسایەکی سروشتی دیار و بەرچاوە. چۆنیەتی رەگەزیش شتێک نیە کە مرۆڤ بە هەڵبژاردەی خۆی بێ، ئەوە ئەسڵێکە و مرۆڤەکان دەبێ لەگەڵ ئەو یاسا سروشتیە بچنە پێشەوە. هەڵبەت ئەوەش نابێ لەبیر بکرێ کە لە سروشتی ئینسان دا دوو رەگەزە، یان بە واتای کوردی نێرەمووکیش هەن کە دەبێ مافیان بپارێزرێت و وەکوو مرۆڤێک رێزیان لێ بگیردرێ. ئەو کەسانە بەو شێوازە سروشتیەی خۆیان کە هەیانە بگرە زیاتریش لە ژنان لە پەراوێز خراون و دوور کراونەوە و لە سەرەتایی ترین مافەکانی خۆیان بێ بەشن.
هەر لە کۆنەوە ئێمە زۆر جار بیستومانە و بینیومانە کە دایکان و باوکان بە هاتنە دونیای منالەکانیان لە ڕەگەزی مێیینە دا خۆشحال نەدەبوون و بەردەوام حەزیان دەکرد کوریان هەبێ، ئەو نەریتە ناشیرینە هەبوە و زۆر جار ژن کە نەیتوانیوە منال لە ڕەگەزی نێرینە بێنێتە سەر دونیا تەڵاق دراوە.
جیاوازی ڕەگەز بەردەوام وایکردوە کە پیاوان زاڵ بن و ژن لە روی ناچاریەوە مەجبور بوە گوێگری پیاو بێت.
بە هۆی ئەو یاسا دژە مرۆڤانەی کە لە کۆماری ئیسلامی دا هەن کە ڕێگری دەکەن لە بەرەوپێشچوونی ئاستی روناکبیری، ئێستاکە رەوتی گەیشتن بە دێمۆکراسی و ژیانێکی ئەمن بەداخەوە زۆر لە گەشە دا نیە، ئێمەش وەکوو تاک تاکی خەڵکی هەر یەکەمان بە نۆبەی خۆمان دەبێ ئەرکی بەرهەڵستکاری لە دژی ئەو یاسا و دەسەڵاتداریە دواکەوتووە وە ئەستۆ بگرین و ڕێگای گەیشتن بە مافەکانی خۆمان و داهاتووی نەوەکانمان بەرەو گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد لە چوارچێوەی حکومەتێکی دێمۆکراسی خۆش بکەین. لەگەڵ پیاوانیش، باڵی دووهەمی کۆمەڵگاش کە ژنان بن، بە تێکڕایی بۆ وەدیهێنانی مافە رەواکانمان دەبێ تێکۆشان بکەین. ژنانیش بۆ وەرگرتنی مافی خۆیان دەبێ بێنە ناو مەیدانی خەباتەوە و بە دژی ئەو یاسا دژە مرۆڤایەتیە بوەستن.