ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە دۆخی خراپی زیندانیی ناوەندی میناب

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە زیندانی ناوەندیی میناب

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان گەیشتوە باس لە بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێو زیندانییانی بەندیخانەی ناوەندیی میناب دەکرێ. کە بەداخەوە بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر گیانی گشت زیندانییانی ئەو بەندیخانەیە، وەک باس دەکرێ هۆکاری سەرەکیی ئەو بڵاوبوونەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری دادستانی میناب بە گەڕانەوە و هەڵوەشاندنەوەی مەرەخەسیی ئەو زیندانییانەی لە دەرەوەی زیندان بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی ناوەندیی میناب، باس لە دۆخی نالەباری تووشبووان بە ویرووسی کۆرۆنا دەکا، کە ئەوەندە تووشبوو هەیە تەنانەت هەموو ژوورەکانی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە پڕن لەو کەسانە و، بەشی زۆریان تەندروستییان زۆر خراپە و چوونەتە حاڵەتی کۆماوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە بەرپرسان و ئیدارەی زیندان بە بەهانەی ئەوەی کە نەخۆشخانەکانی شاری میناب ویرووسی کۆرۆنایان تێدا بڵاو بۆتەوە، لە ناردنی ئەو تووشبوووانە بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان خۆ دەپارێزن. بە سەرنج‌دانێکی گشتی بە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە سەراسەری ئێران کە بۆتە هۆی گیان لەدەست‌دانی هەزاران کەس بە هۆکاری گرینگی نەدان و دابین نەکردنی کەل و پەلی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان و کەرەسەی خۆپارێزی بۆ هاووڵاتییان ئەوەمان بە باشی بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییانی بە لاوە گرینگ نییە و ئەوە بۆ بەندیخانەکانی ئێران بە چەند قات دروسترە.

وەک ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەک پێشتریش باسمان لە دۆخی نالەباری بەندیخانەکانی ئێران کردوە و، ناوەندەکانی مافی مرۆڤمان لێ ئاگادار کردۆتەوە؛ جارێکی دیکە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتیی جیهان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکەین، لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکارییانەی کۆماری ئیسلامی بێ‌دەنگ نەبن و پێش بەو کارەساتە مرۆییە بگرن کە لە بەندیخانەکانی ئێران لە ئارادایە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٦ـی پووشپەڕی ٢٧٢٠ـی کوردی