سپاس و پێزانین بۆ ئەندامان و دڵسۆزانی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

تێکۆشەرانی نێو ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزب!
خەڵکی هۆگری پێشمەرگە و خوازیاری شەکانەوەی ئالای کوردستان!
نزیکبوونەوەی٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ڕۆژی ئاڵای کوردستان، جارێکی دیکە بۆوە بە هاندەری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی شەپۆلێک چالاکیی تایبەت بەم دوو بۆنەیە ئەنجام بدەن.
بۆ دوو حەوتوو دەچێ کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ئیلامەوە تا پارێزگەی ورمێ، بووە بە مەیدانی چالاکی نواندنی دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان . شارو گوند‌و ڕێگاوبانەکان بە هیممەت‌و باوەڕی خەباتکارانە‌و نەتەوەیی هۆگرانی ناوی پێشمەرگە‌و ئالای کوردستان، بە دروشمی شۆڕشگێرانەو تراکتەکانی پێوەندیدار بە پێشمەرگە‌و ئاڵای کوردستان نەخشێندران.
چالاکی نواندنی دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات‌و هۆگرانی ئاڵای کوردستان‌و هیزی پێشمەرگە، لە هەلومەرجێک دا بوو کە لە هێندێک شارو ناوچە، جارێکی دیکە پۆل پۆل لاوانی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و رەوانەی زیندان دەکران. جگە لەمەش وەک هەموو جارێ کە بۆنە حیزبی‌و نەتەوەییەکان نزیک دەبنەوە، سوپای پاسداران‌و بەسیج‌و دەستوپێوەندە بەکرێگیراوەکانیان، هێزو ئیمکاناتی بەرێنی خۆیان بۆ پێشگیری لەم جۆرە چالاکیانە خستبووە حاڵەتی ئامادە باش. لە گەڵ هەمووی ئەو زەبروزەنگ و هەڕەشە و چنگ‌و دەدان نیشاندانەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دیسانیش ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دروشم‌و سروود‌و تراکت‌و پوستێری تایبەت بە ئاڵا و پێشمەرگە، گەشایەوە.
بە دڵنیایەوە، هاوکاریی خەڵک لە گەڵ تێکۆشەرانی گۆڕەپانی خەباتی نهێنی‌و پێشوازیی ئەوان لەو چالاکیانە، هەم دڵگەرمی‌و هاندانێکی بە نرخ بووە بۆ ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب، هەم ڕێخۆشکەر بووە بۆ سەرکەوتنی ئەو جۆرە چالاکیانە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕێز لە شەونخوونی‌و هەڵسووڕانی نەترسانە‌و ماندوویی‌و سەرما نەناسانەی ئەندامان ‌و لایەنگرانی حیزب لە پێشوازی ٢٦ی سەرماوەز دا دەگرێ‌و دەستخۆش و ماندوونەبوونیان لێ دەکا. سپاسی خەڵکی وشیارو بە هەڵویستی شاروگوندەکانی کوردستانیش دەکەین کە پشتیوان‌و هاوکار‌و هاندەری ڕۆلەکانیان لە هەڵمەتی تەبلیغاتیی تایبەت بەم یادە دا، بوون.
بەرینی‌و سەرکەوتوو بوونی چالاکییەکان، هەڵگری ئەو پەیامە گرنگەیە کە زەبر‌و زەنگ‌و دڕندەیی دەزگا ئەمنیەتی‌و سەرکوتکەرەکان بە هەر ڕادەیەکیش بێ، ناتوانێ ڕێ لە چالاکیی دلسۆزان‌و تێکۆشەرانی دیموکرات بگرێ، هەر وەک ناتوانێ ببێتە کۆسپ لە سەر ڕێی خۆشەویستیی ڕوو لە گەشەی هێزی پێشمەرگە‌و ئاڵای کوردستان لە دڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا.
دەستتان خۆش‌و سەرتان هەمیشە بەرز، دڵسۆزان و هۆگرانی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە!
بەو هیوایەی بەهاوخەباتی‌و هاوپیوندیی تێکۆشەران‌و خەباتکارانی هەموو بوارەکان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازادی ئالای کوردستان و ڕۆلە پێشمەرگەکانیان بگرنەوە ئامێز.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
١٧ی دیسامبری ٢٠١٦
٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥