کۆچی دوایی کاک حوسێن حوسێن‌زادە ناسراو بە حوسێن مەمەند یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ۱٦ـ۱۲ـ۲٠۱٦ کاک حوسێن مەمەند خەڵکی گوندی گەرۆری پێشمەرگەپەروەر لە تەمەنی ٦۳ ساڵی دا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

شایانی باسەکە کاک حوسێن مەمەند وەک کەسێکی خۆشناو و جێی باوەری خەڵکی ناوچە و وەک کەسێکی خەمخۆر بە گەل و نیشتمان جێگەی لە دڵی هەموو لایەک دابوو. کاک حوسێن وەک زۆربەی هاوتەمەنیانی خۆی بەداخەوە رێگەی نەکەوتە قوتابخانە تاکوو فێری خوێندن و نووسین بێ و هەرەتی لاوەتی خۆی بە وەرزێری و مەرداری و کاسبی لە ناوچەدا تێپەر کرد.
دوای راپەرینی شۆرشی گەلانی ئێران و ئاشکرا بوونی کاری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک حوسێن خۆشەویستی حیزبی لە دڵ دا چەقەرە دەکا و دەبێتە یەکێک لە هاوکارە نزیکەکانی کادر و پێشمەرگەکانی حدک لە ناوچەی نەڵێن گەورکی رەبەت و دواتر وێرای چەند کەس لە کورەکانی گوندی گەرۆر رێگای پێشمەرگایەتی دەگرنە بەر و ساڵانێک وەک پێشمەرگە لە لکی ۲ ی هێزی مینەشەم و دواتر هێزی زمزیران خزمەتی بە گەل و نیشتمان کرد.
کاک حوسێن لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا دەیان مەئموریەتی جۆراوجۆری حیزبی لە دژوارترین کاتەکان دا بە دڵ ئاواڵەیەوە و زۆر بوێرانە بەرێوەبردن و پێشمەرگەیەکی بەدەستەوە، بێ ئیدیعا و بەنەزم و دیسیپلین بوو. لە کاری حیزبی دا هەمیشە کەسێکی ئەرک وەخۆگر و هەڵسوور و چالاک بوو ، لە کۆڕی هاورێیانی دا کەسێکی خۆشەویست و لەبەردڵان و قسەخۆش بوو، رازێنەرەوەی مەجلیسی پێشمەرگانە بوو و بە دەنگی خۆی بە حەیران و لاوک و گۆرانی دڵی هەموو لایەکی خۆش دەکرد، لە دوای چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی بە هۆی نەخۆشی و بێ دەرەتانی لە سەر ئیزنی حیزب گەرایەوە نێوخۆی وڵات و لە نێوخۆش هەروا دڵگەرم و دڵ پر لە هیوا یارمەتی بە کادر و پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکرد.
بەداخەوە کاک حوسێن زیاتر نەژیا تاکوو ئازادی کوردستان بە چاوی خۆی ببینێ و بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆرای دڵ بە خەمی خزم و کەس و کاری بە خاکی نیشتمان ئەسپاردە کرا.
لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک حوسێن مەمەند و خەڵکی گەرۆری پێشمەرگەپەروەر و خزم و کەس و کاری و دۆست و هاورێیانی دەکەم.