وەرزی نوێی تیرۆری ئێران لە هەرێمی كوردستان. هاوار بازیان

20 ساڵ بوو رێكەوتنێكی ” شاراوە” لە نێوان هێزە كوردییەكانی نەیاری دەسەڵاتی ئێران و حكوومەتی تاراندا هەبووە لەسەر ئەساسی “كپكردنی چەكەكانی شۆڕش”ی كوردان و “بێدەنگكردنی چەكەكانی تیرۆر”ی ئێران. هەرێمی كوردستانیش وەك هێڵی سێیەمی ئەو سێ گۆشە سیاسییە ئەركی ناوەندگیری و راگرتنی رێكەوتنەكەی دەگێڕا، بەڵام لەناكاو هەموو شتێك گۆڕا و كوردەكان دەستیان بۆ چەك بردەوە و لایەنی جمهوری ئیسلامیش بەناوی وەڵامدانەوە گورزی وەشاند و لایەنی هەرێمیش تا ئێستە راشكاو نییە. بەڵام بەڕاستی ئەو گۆڕانكارییانە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێن؟ ئایا دووبارەبوونەوەی ساڵانی 1992-1998 و هێرشە جۆراوجۆرەكانی ئێران بۆ سەر هێزە رۆژهەڵاتییەكانی نیشتەجێی باشوور دیسان دەستپێدەكەنەوە؟ ئاخۆ حكوومەتی هەرێم لەنێوان رۆژهەڵاتییەكان و ئێرانییەكاندا دەبی چی بكا؟

بیرهێنانێكی كورت
لایەنی ئێرانی هەر لە سەرەتای گۆڕانكارییەكانەوە بە نیگەرانی و زمانی هەڕەشەوە هاتە مەیدان. بەتایبەت پاش راگەیاندنی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و چوونەوە سەر سنووری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە جەژنی نەورۆزی رابردوو كە تێیدا سكرتێری ئەو حیزبە بە ئاشكرا بانگەشەی “راسان” دژی جمهوری ئیسلامی كرد. دواتر لەسەر دەستی هەردوو لایەنی دیموكرات (حدكا و حدك) چەندین شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێران لەناو كوردستانی ئێراندا رووی دا كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە شەهید بوون و قۆناخی نوێی هەڵسانەوەی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەرامبەر جمهوری ئیسلامی هاتە راگەیاندن.
ئێران، سەرەتا و تا ئێستەش هەوڵی داوە بەڕوالەت وا پیشان بدا كە “كێشەیەك لە ئارادا نییە” و ئەوەی هەیە “تەنیا چەند چەكداری لایەنگری سعوودیە و پارتی دیموكراتن” كە لەسەر راسپاردەی “سعوودیە” خەریكن “ئاسایشی ئێران دەشێوێنن”. شتێك كە بەرپرسانی ئێرانی خۆیان بڕوایان پێ نییە و باشتر لە هەمووان مێژوو و خواست و پێگەی حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و سەرجەم هێزەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان دەزانن و لێدوانەكانیان تەنیا شەڕی راگەیاندن بوو تا تەقینەوەكەی هەفتەی رابردوو (2016.12.21)ی بەردەم بارەگای سەرەكیی حیزبی دیموكرات لە كۆیە كە 7 شەهیدی لێكەوتەوە و دۆخەكەی تەواو شێواند و چەند پەیامی ترسناكی لەخۆ گرتبوو:
1. ئێران كە سەرقاڵی شەڕەكانی تری وەك مووسڵ، سووریا و یەمەن و بەشێك لە ئەفریقایە، هەرگیز پێیوانەبوو لەوكاتەدا بەرەیەكی كۆنی شەڕی بۆ زیندوو دەبێتەوە كە ئەویش كوردانی ئێرانن. هەربۆیە زیاتر لە هەمیشە وەك “سەرئێشەیەكی درووستكراو”ی دوژمنانی گەورەی خۆی لە ناوچەكە سەیریان دەكا و بەنیازە بە تووندترین شێوە وەڵامی ئەو كوردانە بداتەوە و مەسەلەكە زۆر گەورەتر لە تەنیا “خەبات بۆ مافی كورد لە ئێران” دەیبینێ. شەڕ و ناكۆكییەك كە بێگومان هەرێمی كوردستان و كورد بەگشتی تێیدا بێ زیان نابی.
2. لە قۆناخی یەكەمدا بەرپرسانی باڵای ئێرانی هەڕەشەی گەورەیان وەك “لێدانی بنكەكان” و “تیرۆركردنی رێبەران”ی دیموكراتیان كردووە و بەئاشكرا باسیان دەكرد، ئەو هەڕەشانە مایەی مەترسی و نیگەرانین كاتێك كوردانی رۆژهەڵات رووداوەكانی هێرش و تۆپباران و سەدان تیرۆر و كوژرانی پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی خۆیان وەبیر دێتەوە كە لەنێوان ساڵانی 1992-1999 لەسەر دەستی مۆرەكانی ئەمنیی ئێرانی لە باشووری كوردستان تووشی هاتن و دواتریش هیچ كام لە سكاڵا و لێژنەكانی نزم و باڵا نەیانتوانی كەس تاوانبار بكەن!
3. ئاماژەكان وا دەردەخەن كە بەرپرسانی ئێرانی بەنیازن شەڕێكی تایبەت دژی دیموكراتەكان دەست پێبكەنەوە. شەڕێك كە لەسەر ئەساسی تیرۆركردن و تۆقاندنی كوردانی ئێرانی و فشارهێنانی هەرێمی-سیاسی و ئەمنی دەبی و مەبەستی سەرەكیش ئەوەیە كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەرفەتی خۆ رێكخستنەوە و دانانی پلانی چالاكیی چەكدارییان دژی ئێران نەبی.
4. تیرۆر هەمیشە چەكی یەكەمی جمهوری ئیسلامی بووە و بەرامبەر نەیارانی پەنای بۆ بردووە. كوردانی ئێران ئەزموونێكی پڕ لە ناخۆشییان لەگەڵ تیرۆرەكانی دەسەڵاتی ناوەندا هەیە. هەر لە تیرۆركرانی رێبەرانی ئەو حیزبە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تاران تا دەگاتە جۆرەها شێوازی تیرۆر و كوژران بە تەقینەوە و ژەهراوی بوون و كوشتن و رفاندن و ئەشكەنجەدان. بەپێی ئامارێكی رەسمی، تەنیا لەماوەی چەند ساڵی نیشتەجێبوونی دیموكرات و كەمپەكانی لە هەرێمی كوردستاندا 217 حاڵەتی تیرۆركردنی كادر و ئەندامی دیموكرات لە باشووری كوردستان تۆمار كراوە كە بە وردەكاریی تەواو لەبەردەستدا هەیە و سەرجەمیان ئێران و مۆرەكانی لە هەرێم ئەنجامیان داوە.
5. ئەزموونی رابردووی نێوان دیموكرات و ئێران پەیامێكی تاڵمان پێدەدات كە بریتییە لەوەی دەستپێكی جووڵەی دیموكرات و هێزەكانی رۆژهەڵاتی دژی ئێران بە گشتی، پاساوی ئەوە بە لایەنی ئێرانی دەدات كە بەناوی “پاراستنی بەرژەوەندییەكانی باڵا” دەست بۆ تیرۆر و كوشتنی نەیارانیان لە هەرێمی كوردستان ببەنەوە. دۆخێك كە ساڵانی سەرەتای پەڕیوەبوونی دیموكرات و كۆمەڵە بۆ باشووری كوردستان رۆژانە شاهیدی دەبووین. دەستپێكی جووڵەی دیموكراتەكان، لایەنی ئێرانی هان دەدا تا دیسان دەست بە چالاكیی تیرۆریستی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە و بەجۆرێكی پیشان بدات ئەوەی روو دەدا، تەنیا دیموكراتەكان و كوردانی ئێرانی لێ بەرپرسن! لایەنی ئێرانی بەنیازە هێزی تیرۆری خۆی بسەپێنێ بەسەر هێزێكی سیاسی كە 71 ساڵە داوای مافەكانی لە دەسەڵاتەكانی ئێرانی دەكا، بەڵام هەمیشە وەڵامەكەی هەر بە تیرۆر و كوشتن دراوەتەوە.
6. ناكۆكیی لایەنەكانی باشووری كوردستان، خاڵێكی بەهێزە بۆ جمهوری ئیسلامی تا نیگەران نەبی لەوەی هەرجۆرە رەفتارێكی تیرۆر و كوشتنی لە باشوور تووشی شەرمەزاری یان مەحكوومكردنێكی كاریگەر و بەهێز ببیتەوە. هەروەك چۆن ساڵانی 1995-2000یش هێزە ئەمنییەكانی ئێرانی سوودی زۆریان لە دۆخی سیاسیی باشوور و دواتر شەڕی ناخۆیی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات بینی و جگە لەوەی نائارامییەكانیان وەك دەرفەت بەكار هێنا، كەمتریش تووشی مەحكوومبوون دەبوونەوە. هەرچەندە بەداخەوە ئێستاش ئەو دوو هێزەی هەرێمی كوردستان بەرامبەر ئێران راشكاو و بوێر نین، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەو كۆبوونەوە بەربڵاوەكەی هێزە كوردستانییەكان بكەین كە رۆژانی پاش تەقینەوەكەی بەردەم بارەگای دیموكرات لەسەر بانگهێشتنی حیزبی دیموكرات بەڕێوە چوو، بەڵام هیچ كام لە حیزبەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەشدارییان نەكرد كە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بەڵگەكانی تێوەگلانی ئێران و شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییە. (ئەو 3 لایەنە سەرەكییەكەی باشوور پێشتر بە نووسراو و بەیاننامە مەحكوومی هێرشەكەیان كردبوو)
بەكورتی
ئێران بەرنامەیەكی مەترسیداری تیرۆریستی بەدەستەوەیە و پێویستە بەردەوام چاوەڕێی كردەی تری دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە باشوور بین، بەتایبەت كە تاران خەریكە بەناوی بەرپەرچدانەوەی دوژمن، پاساوی كارە تیرۆریستییەكانی بهێنێتەوە و هاوكات نەیارانی خۆی تیرۆر بكا و زەمینەی ئەوە خۆش بكا وەك چۆن لە رێگەی هێزەكانی سەر بە سوپای قودس توانی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵق بە “مایەی ئاژاوە و ئاڵۆزی” بە عێراقییەكان پیشان بدا و لە كەمپی ئەشرەف و دەوروبەری بەغدا دەریان بكا، هێزە كوردە نەیارەكانیشی تووشی ئەو چارەنووسە بكا، ئەگەرچی بەراوردی موجاهیدین لە عێراق و دیموكرات لەسەر خاكی كوردستان جیاوازییان زۆرە، بەڵام رەنگە نامومكین نەبی.
سەرچاوەكان:

بەیاننامە لە بارەی: تەقینەوە تیرۆریستیەکەی شەوی ١ی بەفرانبار‌و پەیام‌و ‌شوێنەوارەکانی

یەلدای خوێناویی دێموکرات، حیزبەکانی چوارپارچەی کوردستانی لەدەوری یەک کۆکردەوە