پێگەی ژن لە خەباتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

فەریبا ڕەشیدی

ئا: فەریبا ڕەشیدی
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە تێگەیشتن لە مێژووی خەباتی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەبێ تێگەیشتن لە

ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەم خەباتە دوورودرێژەدا تێگەیشتنێکی ناتەواوە. بۆیە کاتێک باسی خەبات و ڕۆڵی ژنان دەکەین ئەم ڕاستییەمان لەبەرچاوە کە ئەم دوو باسە، لێک گرێدراون. واتە خەبات بۆ ڕزگاریی کورد لە ژێر دەستەیی هاوشان لەگەڵ خەبات بۆ گشتگیرکردنی بەها دێموکراتیکەکان و یەک لەوان جێگیرکردنی چەمکی ئازادیی ژن لە جەرگەی خەباتەکە دایە. ئەمە بەو واتایەیە کە پرسی ئازادی و یەکسانیی ژن یەکێک لە ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی خەباتی نەتەوەیی کورد بووە. بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر ئەم بابەتە ڕای بەڕێزان دوکتور کوێستان گادانی، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها خاتوو شنۆ مێهرپەروەر، چالاکی سیاسی و شارەزای بواری ئافرەتان وەردەگرین.

ژنان لە کوردستانی ئێران لە کەیەوە دەستیان پێکرد و هاتنە نێو بزاوتی سیاسی و مەدەنی و کاری ڕێکخراوەیی؟ خاتوو شنۆ مێهرپەروەر لەبارەی سەردەمی بەشداریی ژنان لە خەباتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەڵێ: “گەلی کورد بە درێژایی مێژوو بە تایبەتی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی خەباتی کردووە و تێ کۆشاوە. لەو شۆڕشانەدا ڕۆڵ و پێگەی ژنان لاواز بووە و جێ پەنجەیان دیار نەبووە. بەڵام بۆ یەکەم جار کە ژنان توانییان لە ماڵ بێنەدەر و لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیەکدا خۆیان سازمان بدەن و ویستەکانی خۆیان بێننە بەرباس، لە سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستاندا بوو. هەرچەند چالاکییەکانیان سنووردار بوو، بەڵام هەنگاوێکی گەورە بوو که هاوێشترا و ئەمە دەستپێکی خەباتی ژنان بووە بە شێوەیەکی رێکخراو”.
د.کوێستان گادانیش لەبارەی ئەوەی کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ژنان لە چ قۆناغ و سەردەمێکەوە بەشداریی شۆڕشیان کرد؟ دەڵێ: “ژنان لە هەموو قۆناغەکان لەگەڵدا بوون بەڵام بەهۆی جێگە و پیگەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بەشێوەی بەرچاو و کاریگەر کە شیاوی تێکۆشانی ژنان بووە ڕەنگدانەوەی بەشدارییان کەمتر بووە لە پیاوەکان و بۆیان نەگونجاوە لە هەموو کات و ساتێکدا بە بەردەوامی و بە شیوەی ئاشکرا شانبەشانی پیاوان دیار بن. بۆیە دەتوانین بلێن کە رەنگدانەوەی بەشداریی چالاکانەی ژنان لە قۆناغیکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە لە شۆرشدا جیاوازی هەبووە؛ بەڵام وەک بەشداریکردن ئەگەر بەهەر هۆکارێک ڕێژەشیان کەم بووبێ هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لەگەڵدا بوون”.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە خەباتی نەتەوەیی لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بەڕێزیان دەڵێ: “لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا، بە داب و نەریتی تایبەتیی کوردەواری کە شوێکاری مەزهەب و کولتووری وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی بەتۆخی بەسەردا زاڵ بووە، سرووشتیە کە پیاوان دەرفەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و فەرهەنگیان زیاتر دەبێ تا ژنانی نێو کۆمەڵگە. کاتێک کە پیاوان دارێژەر و دامەزرێنەری ڕێکخراو و حیزبێک دەبن و هەموو بیروڕایەک بە بۆچوونی پیاوانە دێتەسەر کاغەز و دادەڕێژرێ، پرسی ژنان و یەکسانیخوازی دەکەوێتە دوای پرسی سیاسی و نەتەوەیی.
خەباتی کوردان بەگشتی لەسەر کۆڵەکەی ڕزگاری نەتەوەیی دامەزراوە و هیندێک ئیستاش لەو باوەڕەدان کە ئەگەر ڕزگاریی نەتەوەیی بە دەست بێنین، زۆر بە ئاسانی مافی یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکرێ. بۆیە ژنانی بەشدار لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە سەرەتاکانەوە زیاتر لە فیکری دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی دابوون و ئەگەر ڕۆڵ و نەخشیان هەبووبێ کە بەدڵنیایەوە کاریگەریی زۆریان لە سەر شۆڕش هەبووە، زیاتر لە پیناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی خەباتی نەتەوەییدا بووە. لێرەدا ئەولەوییەتی یەکەم کە ڕزگاری نەتەوەیی بووە مەجالی بە ژنانی کورد نەدەدا کە باسی مافی یەکسانیی خۆیان بکەن، بۆیە تەواوی وزەی خۆیان بۆ خەباتی نەتەوەیی تەرخان دەکرد و بگرە بەشیکیان لە نێو حیزبدا بە ئەرک جێبەجیکردن و تێکۆشانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کاریان دەکرد بۆ خەباتی نەتەوەیی و هیندێکشیان لە رێگای ئەندامەتی لە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ژێر سیاسەتی حیزب بەڵام تارادەیەک دەست وبال کراوەدا لە بەرێوبەریی ئەم ڕێکخراوەیەدا بۆ مافی یەکسانیی خۆیان هەوڵیان داوە. کەواتە دەتوانین بڵێن ژنانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوتەریب بەشداری و کاریگەریی خۆیان لەسەر خەباتی نەتەوەیی و یەکسانی خوازی کردوە و هەبووە بەڵام بە فوکوسێکی زیاتر و ڕەنگدانەوەی زیاتریان لە ئاستی خەباتی نەتەوەیدا هەبووە. دیارە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم خەباتە زیاتر بەرەو بالانسکردنی خەباتی یەکسانیخوازی و نەتەوەیی هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و ڕەنگدانەوەی خۆشی لە نێو حیزب و لە دەرەوی حیزبدا دیارە. دیارە ئەو ڕەنگدانەوەیە کەمە بەڵام هاوتەریبیی نێوان خەباتی نەتەوەیی و یەکسانیخوازی بێ ئاکام نەبووە و لە درێژخایەندا وەک بنەما و ژێرخانێکی پتەو بۆ نەهادینەکردنی کۆمەلگەیەکی دێموکراتێک بەرز دەنرخیندرێ”.
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ژنان بۆچی ئەم ئەولەوییەتەیان بۆ خۆیان داناوە و بۆچی ئەمەیان وەک شوناس بۆ خۆیان هەڵبژاردووە؟ خاتوو شنۆ مێهرپەروەر دەڵێ: “کورد لە مێژە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیدا خەبات دەکا و قوربانیی زۆریشی بۆ داوە.ڕێ داگیرکەرەکانی کوردستانیش بە توندترین شێوە وەڵامی داخوازییەکانی کوردیان داوەتەوە و مافە ئینسانی و سروشتییەکانی کوردیان پێشێل کردووە و وەک هاووڵاتی دەرەجە دوو و خوارتریش سەیر کراوە، دیارە ئەم ناعەداڵەتییانە تەنیا ڕووی لە پیاوان نییە و ژنانیش دەگرێتەوە. کەوابوو دەستەبەرکردنی مافە ئینسانی و بەرحەقەکانی کورد ئەرکی تاک بەتاکی کوردە بە ژن و پیاو. بەڵام لێرەدا ژنان جگە لە زەوتکرانی مافە نەتەوایەتییەکانیان لەلایەن ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگەیشدا دەچەوسێنەوە. کەوابوو ئەرکی ژنان زۆر قورسە. لەلایەک خەبات بۆ مافە نەتەوایەتییەکەی و لەلایەکی دیکەشەوە دەرباز بوون لە ئاستەنگەکانی بەردەمی لە کۆمەلگە”.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ بەم بابەتەدا د.کوێستان گادانی ڕای وایە “لە مێژە بیستوومانە کە کۆمەڵگەیەک سەرکەوتوو و پیشکەوتووە کە دانیشتووانی ئەم کۆمەلگەیە ڕازی و خۆشحاڵ بن و لە مافەکانیان بێبەش نەکرێن. کۆمەلگە لە ژن و پیاو پێک دێ و پێکهێنەری ئەم کۆمەڵگەیە دەبێ باڵانسی ئەم یەکسانییە بپارێزێ و هەست بە بەرپرسایەتی لە ئاست پیشکەوتنی کۆمەڵگەکەیدا بکا. هەر دووک ڕەگەز هەوڵی پێشخستنی ئەم کۆمەڵگەیەیان لە سەر شانە، کەواتە پیش ئەوەی باسی هۆکاری بەشداریی ژنان لە خەباتی نەتەوەییدا بکەین با باس لە ئەرکی ژنان بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و مافی تاکایەتیی خۆیان بکەین. مادام ئەمن تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەم کەواتە دەبێ بە ئەرکی خۆمی بزانم و تێ بکۆشم بۆ دەستەبەرکردنی ڕزگاری و ئازادی و مافی خۆم لەم کۆمەڵگەیەدا. لە ڕوانگەی منەوە یەکەم هۆکاری بەشداریی ژنان لە خەباتی نەتەوەیی ئەرکی ئەم ژنەیە کە دەبێ بەبێ دوودڵی، شان بە شانی ڕەگەزی دیکە بۆ نەهادینەکردنی کۆمەڵگەیەکی پر لە ئاسوودەیی و خۆشبژیوی هەوڵ بدا و مافی خۆی بۆ خۆی وەرگرێ نەک ئەوەی چاوەڕێ بێت کەسێکی دیکە مافی بۆ وەرگرێ. دووهەم هۆکار دەتوانێ ئەوە بێت کە بەشیک لە ژنان لەو بروایەدا بن کە دوای گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی، مافی یەکسانیشان دابین دەکرێ، کە چارەی مافە یەکسانییەکەی گرێدراوە بە دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکەی، کە ئەم ڕوانگەیە جیاوازە لە تاک بۆ تاکێکی دیکەی ژن. سێهەم دەتوانێ بەشداری لە خەباتی نەتەوەیی لە سەرەتاوە تەواو بە دڵخوازیی خۆی نەبێ و هەڵبژاردەی خۆی نەبێ. لەوانەیە ئەو کە لە کۆمەڵگەی داخراو و داگیرکراو بە نۆرم و یاسا و ڕێسای تایبەت وەزاڵەهاتووە و بۆ دەربازبوون رێکخراو و حیزبێک بە تەنیا رێگاچارەی خۆی دەبینێتەوە. ئەوەش کە ژنان ڕوو لە حیزبی دێموکرات دەکەن بۆ جێگەی بەرزی ئەم حیزبە لە خەباتی نەتەوایەتی و گوتار و بەرنامە پێشکەتووخوازانەکەی ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە.
لێرەدا دەگەینە ئەم پرسیارە کە لەنێو ڕێزی حیزبە سیاسییەکاندا هەتا چەندە بواری ڕێکخستن و هەڵبژاردن بۆ بەشداریی ژنان لە خەباتی نەتەوەییدا ڕەخساوە؟ د.کوێستان گادانی بەمجۆرە وەڵام دەداتەوە “لەنێو حیزبی دێموکراتدا جیاوازییەک بۆ ئەندامەتی و بۆ تیکۆشان و هەڵسووڕان لەنێو ژنان و پیاواندا نییە. ئەم هەڵبژاردنە بە ئیختیاری تاکی کۆمەڵگەیە کە ئەم حیزبە بۆ کار و تێکۆشان هەڵدەبژێرێ یان حیزب و رێکخراوەیەکی دی. دیارە لە دە ساڵی ڕابردووشدا بۆ ئەوەی رێژەی ژنان لە ناوەندی بریارداندا زۆرتر بێ لە کاتی هەلبژاردنی ڕێبەری یان بەشداری ژنان لە کۆنفراس و کۆنگرەکاندا لە میکانیزمی تەبعیزی موسبەت یان هەمان سیستمی کۆتا کەلکمان وەرگرتووە کە دیارە هەم بە باش و هەم بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لێک دراوەتەوە. بۆیە هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە مەجال بۆ ژن و پیاو وەک یەکە و ڕەنگبێ لە زۆر شوێن و بۆنە تەنانەت مەجال بۆ دەرکەوتن و خۆ پێگەیاندنی ژنان زیاتر بووبێ”.
خاتوو شنۆ مێهرپەروریش لەو بارەوە دەڵێ: “دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧هەتاوی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی ژنان دەستی پێکرد بەتایبەتی لە کوردستان. ڕێکخراوکانی ژنان چالاک کرانەوە و توانییان تا ڕادەیەکی باش لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرن. ژنان نەک هەر لە ڕێکخراوە سینفییەکان بەڵکوو لە ڕێکخراوە سیاسییەکانیشدا خۆیان سازمان دا و بەشداریی چالاکانەیان لە گەمە سیاسی، کولتوری و … کردووە و هەروەها بەشدارییان لە خەباتی چەکداریدا بووە و شانبەشان پیاوان بەرگرییان لە کوردستان کردووە و لەو پێناوەدا شەهیدی زۆریان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە و شەهید سۆیلا قادری و نەسرین حەداد تازەترینی ئەو شەهیدانەن.
ئەمجارە دێینە سەر ئەوە کە ژنان چەندە توانیویانە کاریگەریی خۆیان دابنێن؟ د.کوێستان گادانی ڕای وایە: “بۆ هەڵسەنگاندنی هەر کاریگەرییەک دەبێ شیوەی کارکردن، رێژەی کارگێرانەکە بەپێی هەلومەرجی دیاریکراو هەڵسەنگێندرێ. ئەگەر ئێمە بێین مێژووی 73 ساڵ تەمەنی حیزبی دێموکرات چاو لێ بکەین و کاریگەریی ژنان لە مێژوویەدا جێ بکەینەوە، دڵنیام هەڵسەنگاندنێکی باشمان نەکردووە؛ یان باشترە بڵێم ناعادیلانە ڕەنگدانەوەکانمان کاڵ کردووەتەوە. هەموومان دەزانین کە لە دوای ٧٣ ساڵ خەبات چاوەڕوانییەکی زیاتر لە ڕەنگدانەوەی سیاسیی حیزب بە گشتی دەکرێ. خۆ ئەگەر هەر بەو ڕوانینەوە هەڵسەنگاندن بۆ چالاکی و کاریگەریی ژنان لە نێو حیزبی دێموکرات و خەباتی نەتەوەیی بکەن بە پێی هەلومەرج و بارودۆخی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا زۆر ناحەقیمان کردووە. بەپێی ڕێژەی بەشداری، مەجالی بەشداری و مەیدانی مانۆڕدان و کارکردن و هەروەها فاکتەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی نێو حیزب، هاوکات زاڵبوونی هیندێک خاڵی لاوازی داب و نەریت و کولتوورمان کە بەداخەوە گوێزراونەوە بۆ نێو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانیش، بە هەموو ئەم موشکیلاتانە ئەمن پێم وایە ژنان بێ تەئسیر نەبوون لە خەباتی نەتەوەییدا و بگرە بە هەڵکشانی تەمەنی حیزبی دێموکرات ژن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بە باوەربەخۆبوون و خۆ پێگەیاندن توانیویەتی کاریگەریی ئەرینی لە سەر نەوەی دوای خۆی هەبێت و ئاسۆی بەشداریی زیاتر و کاریگەری زیاتری ژنان لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دیارتر لە جاران دەبیندرێ. لە ڕوانگەی منەوە خەباتی نەتەوەیەک بە کۆی خەباتەکەی پیناسە دەکرێ کە فرە ڕەهەندییە و خۆی لە بوارەکانی خەباتی چەکداری، یەکسانیخوازی، دیپلۆماسی و مەدنیدا و هتد دەبینێتەوە و هیچ کام لەوان بەتەنیا ناتوانن گشتیگر بن و لەو دۆخەدا زیاتر هەست بە کاریگەریی بەشداریی ژنان دەکرێ. لە ئێستادا بڕوانە خەباتی مەدەنی و بەشداریی ژنان، بڕوانە خەباتی یەکسانیخوازی و بەشداریی ژنان، بڕوانە گەشەی خۆپێگەیاندن و پلەی خوێندەواریی ئاکادیمیکی ژنان، بڕوانە بەشداریی ژنان لە مەیدانی شۆڕش و ناوەندی سیاسی و بەرێوبەریی و بریارداندا… کۆی هەموو ئەوانە بە ئێمە دەڵێ کە بە کردنەوەی دەرگای خەباتی فرەڕەهەندیی حیزبی دێموکرات بە ڕووی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا، کاریگەریی و چالاکی و بەشداریی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژە لە گەشە و پەرەسەندنی زیاتر دایە. نموونەی هەر زیندووش کە ڕووداوە خوێناوییەکەی 17ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات و شەهید بوونی چاردە کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەودا دوو خاتوونی رێبەری شەهیدمان بوونە سیمبولی بەرخۆدان و لە شەقامەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا بە بەرزکردنەوەی وێنەکانیان پەیمانی هاوخەباتی لەگەڵیان نوێ کرایەوە. دیارە ئەم خاڵەش نابێ لە بیر بکرێ کە بەهۆی دوور بوون لە زید، پرش و بڵاوی ژنانی خەباتگێر و دژواریی بە ئۆرگانیزەکردنی ژنان، ڕەنگبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و هەمەلایەنە بۆ خەباتی ژنان سەخت بێ، بەڵام ئەمە هیچ لە بەشداری، تێکۆشان، شەهیدبوون و کاریگەرییان لەسەر خەباتی نەتەوەیی و یەکسانیخوازی کەم ناکاتەوە هەر وەک هەمیشە تێکۆشان و کارتێکەرییان دەبێ جێگای ڕێز و پێزانین بێ.
دوا مژار بۆ تاوتێی ئەم بابەتە دۆخی ئێستای ژنانی کۆمەڵگە و چۆنیەتیی لەسەرهەستبوونی ئەوانە بەنیسبەت مافەکانیان. خاتوو شنۆ مێهرپەروەر لەو بارەوە دەڵێ “لەئێستادا ڕەوشی کۆمەڵگە و بارودۆخی ژنان زۆر گۆڕدراوە، ژنانی کورد زیاتر لە جاران بە مافەکانی خۆیان ئاشنان و لە هەموو رێگایەکی مومکین هەوڵ دەدەن خۆیان وەک تاکێکی زیندوو و چالاک بسەلمێنن. دیارە ئەزموونی چل ساڵ خەباتی سیاسی و کاری ڕێکخراوەیی ئەم دواییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ وەک کاریگەریی حیزبەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەروەها کاریگەریی ڕاگەیاندنەکان پێگەی ژنانی بەهێزتر کردووە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە لە کوردستان شاهیدی چەندی حەرەکەتی بەرینی جەماوەری دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووین بە تایبەتی مانگرتنەکانی ئەم دواییانە دەرکەوت کە ڕۆڵی ژنان ئەگەر لە پیاوان زیاتر نەبووبێ کەمتریش نەبووە. ئەمە نیشاندەری گەشەی پێگەی ژنانە بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی خۆیان و نەتەوەکەیان”. زۆر گۆڕانکاریش لە نێو بنەماڵە و هەناوی کۆمەڵگەدا پێک هاتووە کە دەکرێ بڵێین بەرهەمی خەباتی ڕوو لە گەشەی ژنان بووە. لەو گۆرانکارییە چاوەڕوانکراوانەدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ڕوو دەدەن، دڵنیام ژنان دەبنە داینەمۆی گۆڕانکارییەکان”.

سەرچاوە: ماڵپەری کوردستان و کورد

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت