هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی ئێران، لە سەرەتاوە تا کۆتایی. عەلی بداغی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 29ی بانەمەڕی ئەمساڵ‌دا و لە یەک کاتدا هەڵبژاردنەکانی خولی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری و خولی پێنجەمی شوڕای ئیسلامیی شار و گوندەکانی بەڕێوە برد.

ناونووسی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ڕۆژانی ٢٢ هەتا ٢٦ی خاکەلێوەدا کرا و لە ماوەی ئەو ٥ ڕۆژەدا ١٦٣٦ کەس ناونووسییان کرد کە ١٣٧ کەس لەوان ژن و ١٤٩٩ کەسیان پیاو بوون، بەڵام شووڕای نیگابان پاش 5 ڕۆژ و دوای تاوتوێی پەروەندەی ئەو ١٦٣٦ کەسە، لە نێویان‌دا تەنیا ٦ کەسی بە شیاوی ئەوە زانی کە لەگەڵ یەکتر بکەونە ڕکەبەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری.
لە ڕەوتی دیاریکردنی سەڵاحییەتی ئەوانەش‌دا کە بۆ شوڕای ئیسلامیی شار و گوندەکان ناویان نووسیبوو، سەڵاحییەتی ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەس ڕەد کرایەوە.
حەسەن ڕوحانی، محەممەد باقر قالیباف، ئیبراهیم ڕەئیسی، مستەفا میرسەلیم، ئیسحاق جەهانگیری و مستەفا هاشمی‌تەبا ئەو 6 کەسە بوون کە لە قۆناغی یەکەمی بانگەشەکان‌دا ڕکەبەریی یەکتریان دەکرد، بەڵام چەند ڕۆژ پێش هەڵبژاردن ئیسحاق جەهانگیری لە بەرژەوەندیی حەسەن ڕوحانی‌دا و، محەممەد باقر قالیباف لە بەرژەوەندیی ئیبڕاهیم ڕەئیسی‌دا کشانەوە.
خاڵی جێی سەرنج لە ڕەدی سەڵاحییەتەکانی ئەمجارە لە لایەن شوڕای نیگابان متمانەنەدان بە زۆر وەزیر و گزیر و کاربەدەستی پلەبەرزی حاکمییەت بوو کە دەتوانین وەک گرینگترینیان ئاماژە بە مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران؛ حەمید بەقایی، جێگری سەرۆک کۆماری پێشوو؛ حەمیدڕەزا حاجی بابایی، وەزیری پەروەردەی دەوڵەتی پێشوو؛ سادق خەلیلیان، وەزیری کشتوکاڵ؛ عەلیڕەزا زاکانی، نوێنەری پێشوی مەجلیس؛ مەسعوود زەریفبافان، سەرۆکی بنیاتی شەهیدی کۆماری ئیسلامی؛ محەممەد غەرەزی، کاندیدیدای سەرۆک کۆماریی خولی پێشوو بکەین. هەروەها ئەمجارەشیان هیچ ژنێک بە شیاوی ئەوە نەزاندرا کە بێتە نێو هەڤڕکێی هەڵبژاردنەوە هەتا پیاوانە!بوونی هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا جارێکی دیکەش بە زەقی خۆ بنوێنێ و ئەو بێ‌مافییە پیشان بدا کە ژنان لە ئێران تەنیا دەتوانن هەڵبژێرن، نەک هەڵبژێردرێن.
یەک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە ئەو باس و بابەتانە بوون کە لە سێ دیبەیتەکەی کاندیداکان لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی‌دا هاتنەگۆڕێ. سەرەتا بڕیاڕ وابوو کە دیبەیتەکان تۆمارکراون بن، بەڵام دوای کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری خەڵک دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ناچاربوو ڕاستەوخۆ دیبەیتەکان بگوازێتەوە. ئەگەرچی بەو حاڵەش رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چوارچێوەیەکی زۆر دیاریکراوی بۆ باس و مناقشەکانی نێو دیبەیتەکە دیاری کردبوو، بەڵام کاندیداکان بۆ ڕاکێشانی زیاتری خەڵک بۆ لای خۆیان زۆرترین ئیفشاگەرییان لە دژی یەکتر کرد.
حەوتوویەک پێش هەڵبژاردن عەلی خامنەیی، ڕێبەڕی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران کە نەیتوانی ترسی خۆی لە پرسی نەتەوەکان، جوغرافیا و پێکهاتەی فرەچەشنیی ئێران ئەویش لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا بشارێتەوە، شەش پاڵێواراوەکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی وریا کردەوە کە لە دوایین دیبەیت‌دا کەمتر پرسی هەستیاری کۆمەڵگا بورووژێنن و زیاتر لە سەر پرسی ئابووری بدوێن، دەنا بە زللە لێیان دەدرێ. ئەو بەڕێزانەش ئەوەندەی بۆیان کرا گەندەڵی و قەیرانە ئابوورییەکانی ئێرانیان لە هەڵلادا، ئەویش هەر کام بە مەبەستی پاکانە بۆ خۆیان و تاوانبار پیشاندنی ئەوانی دی.
گەندەڵیی ئابووری، پەروەندەسازی، ڕانت‌خۆری، بنیاتە زەبەلاحە سەربازییەکانی خاوەن قازانج لە قاچاغی کاڵا، مووچەی فیڕعەونیی کاربەدەستان، بازرگانیکردنی وەزیرەکان، بوونی ١٤٤ ئیسکەلە و بەندەری سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و زۆر بابەتی دیکە چەند تەوەرێک بوون کە پاڵیوراوەکان لەسەری ڕۆیشتن و پەردەیان لەسەر ڕاستییەکان لادا، ڕاستییە تاڵەکان کە ئابڕوو و شەڕەفیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەهێشت.
خاڵی جێی سەرنج ئەوە بوو کە ئەو جەنابانە حاشایان لە هیچ کام لەو دیاردە و پەتایانە نەکرد، تەنیا ئەوە نەبێ کە هەر کام لەوان تاوانەکانیان لە خۆیان دادەماڵی و بە ئەستۆی ئەوانی دیکەیان دادێنا.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا 6 حیزبی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاوهەڵوێست و لە بەیاننامەیەکی هاوبەش‌دا هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد.
ئەو شەش لایەنە سیاسییە ڕایانگەیاند ئه‌وه‌ی به‌ناوی هه‌ڵبژاردن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئێسلامی ئێران‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، به‌ هیچ پێوه‌رێكی دیموكراتیك و ئه‌وڕۆیی ناکرێ ناوی هه‌ڵبژاردنی ئازادی له‌سه‌ر بێ و له‌بارودۆخێكدا كه‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كانی نه‌یاری رێژیم قه‌ده‌غه‌ كراون، ڕاده‌ربرینی ئازاد له‌هه‌موو ئێران تاوانه‌ و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ره‌تاییترین مافی نه‌ته‌وایه‌تی و ئێنسانی خۆیان بێبه‌ش كراو‌ن، ئه‌م به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ واتای بێ مافكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیانه ‌و یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی دڕێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی و نیزامی سه‌ره‌ڕۆ و داپلۆسێنه‌ره‌ له‌ئێران.
هەڵبژاردنی خولی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری و پێنجەمین دەورەی شوڕای ئیسلامیی شار و گوندەکان لە ئێران لە نەبوونی چاوەدێریی هیچ لایەنێکی نێونەتەوەیی‌دا ڕۆژی 29ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو و دواتر ڕاگەیەندرا کە حەسەن ڕوحانی بۆ جارێکی دیکەش وەک سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردراوەتەوە و لە شار و گوندەکانیش شوڕای ئیسلامی بۆ کاروباری تایبەت بە خۆیان هەڵبژێردراون.