رێگا درووسته‌که کامه‌یه؟! سمایل شه‌ره‌فی
که باس له ئێستای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرێ، هه‌موو دان به‌وه‌دا ده‌نێن که به پرۆسه‌ی گۆڕانکاری‌یه‌کی قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ که دوو ده‌یه‌یه ده‌ستی پێ کردوه.
له‌م پرۆسه‌ی گۆڕانکاری‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک دیارده‌و ده‌رهاویشتەی فۆڕمی و ماهه‌وی خۆ ده‌رده‌خه‌ن که به بێ هه‌ست پێ‌کردنیان و خوێندنه‌وه‌و له کۆتایی‌دا مودیرییه‌ت کردنیان، قسه‌کردن له‌م گۆڕانکاری‌یه ته‌نیا خولانه‌وه‌ی له نێو بازنه‌یه‌کی ته‌سک‌دا لێ‌ده‌که‌وێته‌وه. ته‌نیا دیتنی گۆڕانکاری‌یه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان به بێ هه‌ست پێکردن به ده‌رهاوێشته‌کانی ئه‌م گۆڕانکاریانه‌و، له هه‌موو گرینگتر تێنه‌گه‌یشتن له هۆکاره‌کان، ناتوانرێ ببێته هۆی دیتنی راستی‌یه‌کان و دانانی نه‌خشه رێگایه‌کی دروست.
به هۆی ژێر ده‌سته بوون و نه‌بوونی بنیات و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی ته‌حقیقی و قه‌ده‌غه‌بوونی هێزه سیاسی‌یه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له گۆڕانکاری‌یه کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری و چینایه‌تی و کولتووری‌یه‌کان که بێ‌گومان ناتوانێ دابڕاو له گۆڕانکاری‌یه سه‌رانسه‌ری‌یه‌کانی ئێران بێت، تا راده‌یه‌کی زۆر دژوار و چه‌توونه. به‌تایبه‌ت بۆ هێزه سیاسی‌یه‌کان که ئامانجی سه‌رکیی ئه‌م نووسینه زیاتر پێوه‌ندی به ئه‌وان و هه‌ڵوێست و ره‌فتاری خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌یه، زۆر ئاسان نیه. به‌ڵام له هه‌مان کات‌دا هه‌م گرینگ و هه‌م پێویسته که هێزه سیاسی‌یه‌کان به هه‌ر جۆرێک بۆیان ده‌ڕه‌خسێ، گۆڕانکاری‌یه‌کان ببینن و وێڕای خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه لایه‌نه، بۆ مودیرییه‌تکردنی ده‌رهاوێشته‌ی گۆڕانه‌کان نه‌خشه رێگای دروست و وڵامده‌ریان هه‌بێت.
مادام بۆ هێزه سیاسی‌یه‌کان ده‌ست نادات به هۆی قه‌ده‌غه‌بوونی چالاکیی ئازاد‌و راسته‌وخۆیان له نزیکه‌وه دیارده ئه‌رێنی و نه‌رێنی‌یه‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵگە ببینن و هه‌ست پێ بکه‌ن، پێویسته وردتر له جموجۆڵ و هه‌ڵوێست و ره‌فتاری کۆمه‌ڵگە به‌رانبه‌ر به پرسه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگە بڕوانن. له‌م مه‌جاله‌دا ئه‌گه‌ر به نموونه باس له رێوره‌سمه نورۆزی‌یه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له شار‌و ناوچه‌کانی کوردستان وه‌ک نموونه‌یه‌ک له ره‌فتاری خه‌ڵک له بۆنه‌یه‌کی دیاریکراودا بکه‌ین، پێویست بوو که به گرینگی‌یه‌وه لێی بڕوانین و هه‌ر له‌م رێگاوه هه‌ست به گۆڕانکاری‌یه‌کان بکه‌ین و دیارده‌و ده‌رهاویشته کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و کولتوری‌یه‌کان ببینین و به خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقعبینانه بیر له نه‌خشه رێگایه‌کی دروست و وڵامده‌ر بکه‌ینه‌وه که له ئاکام‌دا بتوانێ مودیرییه‌تی ره‌فتاری کۆمه‌ڵگە بکات.
به قسه‌کردن له نموونه‌یه‌کی به‌رچاوترو نزیکتر له ره‌فتاری خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به نیسبه‌ت پرسێکی سیاسی‌یه‌وه باس له چۆنیه‌تی ئیرائه‌دان یان پێشکه‌ش‌کردنی نه‌خشه‌رێگایه‌کی دروست بۆ ئاراسته‌کردنی هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگە به‌وره‌و ئامانجێکی دیاریکراو ده‌که‌ین. نموونه‌که هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری و شووراکانی شار‌و دێی 29ی بانه‌مه‌رێ ئه‌مساڵی ئێران و کوردستانه که شه‌ش لایه‌نی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان داوایان له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد که بایکۆتی بکه‌ن.
پڕشوبڵاوی هێزو لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و نه‌بوونی هاوهه‌ڵوێستی، یه‌ک له که‌مایه‌سی‌یه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورده له‌م به‌شه له نیشتمان. بۆیه هه‌ر کات که باس له هه‌ڵوێست و ره‌فتاری خه‌ڵک سه‌رباره‌ت به پرسێک ده‌کرێ که ئاکامه‌که‌ی به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی هێزه سیاسی‌یه‌کانه، ده‌ستبه‌جێ ئاماژه به نایه‌کگرتوویی ئه‌م حیزبانه ده‌کرێ و ده‌وترێ که ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان هاوهه‌ڵوێست بن، جوابی دڵخواز له خه‌ڵک وه‌رده‌گرن!
هه‌ر له سه‌ر ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه 6 لایه‌نی رۆژهەڵاتی کوردستان له به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌ش‌دا داوایان له خه‌ڵکی کوردستان کرد که هه‌ڵبژاردنه‌کانی 29ی بانه‌مه‌ڕ بایکۆت بکه‌ن و نه‌چنه سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان. به‌ڵام له راستی‌دا خه‌ڵک ئەو جۆرەی پێویست بوو بەدەم ئەم بانگەوازەوە نەهات و به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی حیزبه‌کان رێژه‌یه‌کی زیاتر لە چاوەڕوانی حیزبەکان له خه‌ڵکی کوردستان چوونه سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان!! به واتایه‌کی دیکه ره‌فتارو هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی کوردستان سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کان به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێست و داوای حیزبه‌کان بوو. دیارە بێ‌گومان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان نه [نا] وتن به حیزبه‌کانه و نه [ئا] وتن به نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانه.
بۆ تێگه‌یشتن له‌م هه‌ڵویست و ره‌فتاره‌ی خه‌ڵک، ده‌بێ هێزه‌سیاسی‌یه‌کان بۆ جارێکی دیکه‌یش پێکه‌وه دانیشن و ئازایانه، قسه له هۆکاره‌کان، گۆڕانکاری‌یه‌کان، که‌موکوڕی‌یه‌کان بکەن و به‌گشتی خه‌سارناسیی بارودۆخه‌که بکه‌ن. ئه‌م پێویستی‌یه ناتوانێ هه‌روا ئاسانیش بێت. خوێندنه‌وه‌و به‌خۆداچوونه‌وە قسه‌کردن له نه‌خشه رێگایه‌کی گونجاو و وڵامده‌ر، پێش هه‌موو شتێک پێویستی به ئازایه‌تی و داننان به واقعیه‌ت‌گه‌لێک هه‌یه که هێزه سیاسی‌یه‌کان ده‌بێ له خۆیانی نیشان بده‌ن. پێداگری له سه‌ر خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌کانی رابردوومان که ئاراسته‌کردنی ره‌فتاری خه‌ڵکی لێنه‌که‌وتوەته‌وه نه‌ته‌نیا ئیزنی دیتنی ئه‌و دیوی گۆڕانکاری‌یه‌کانمان پێ نادات به‌ڵکوو تووشی دیارده‌ی چه‌قبه‌ستوویی و خولانه‌وه له نێو بازنه‌یه‌کی پڕ له عه‌یب و عارمان ده‌کات که ئاکامه‌که‌ی ده‌توانێ ته‌نیا دابڕان له خه‌ڵک و ژینگه‌ی واقعیی سیاسیمان بێت. له‌وه‌ها حاڵه‌تێک‌دا هاوهه‌ڵوێستی و هه‌ڵوێستی هاوبه‌شی حیزبه‌کانیش نه ته‌نیا ناتوانێ هیچ ئاراسته‌یه‌کی ماناداری دڵخواز به ره‌فتاری خه‌ڵک ببه‌خشی، به‌ڵکوو خودی هاوهه‌ڵوێستی و یه‌ک‌گوتاریش ده‌بێته بابه‌تێکی رووت و بێ‌ناوه‌رۆکی داماڵدراو له هه‌ر بایه‌خ و به‌هایه‌ک و، له‌وس دێته به‌رچاو.
هه‌ڵوێستی هاوبه‌شی 6 حیزبی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له پێوه‌ندی له گه‌ڵ بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان که نه‌یتوانی ئاراسته‌یه‌کی دڵخواز به هه‌ڵوێست و ره‌فتاری خه‌ڵک به نیسبه‌ت پرسێکی دیاریکراوه‌وه ببه‌خشێ، ده‌کرێ وه‌ک نموونه‌یه‌کی به‌رچاو بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ئیدیعایه‌ی سه‌ره‌وه سه‌یری بکرێ. راسته ئه‌وان له ده‌ربڕین و داواکاری‌دا هاوهه‌ڵویست بوون، به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌و ناسینی ره‌فتاری خه‌ڵک و ئاڵۆگۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵگەدا خاوه‌نی تێگه‌یشتنی دروستی هاوبه‌ش نه‌بوون. ته‌نانه‌ت به جۆرێکی دیکه ده‌کرێ بڵێین به سه‌رنجدان به هه‌ڵوێستی خه‌ڵک له چه‌ند هه‌ڵبژاردنی رابردوودا‌و هاوکاتبوونی هه‌ڵبژاردنی شووراکان له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری، هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌که ده‌یانزانی که خه‌ڵکێکی زۆر به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن!، به‌ڵام دیسانیش هه‌ر رێکاری “بایکۆت”یان پێشنیار کرد! به واتایه‌کی دیکه ده‌کرێ بڵێین هاوهه‌ڵوێستی‌یه‌که بۆ ئاراسته به‌خشین به ره‌فتاری خه‌ڵک نه‌بوو، به‌ڵکو ته‌نیا بۆ ده‌ربڕینی هاوهه‌ڵوێستی بوو! هاوهه‌ڵوێستی‌یه‌ک که لاقی له سه‌ر زه‌وی نه‌بوو.
غایبوونی واقعبینی له سه‌ر ئاڵۆگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانی چینه‌کانی کۆمه‌ڵگە و، له هه‌موو گرینگتر هه‌ڵوێست و ره‌فتاری خه‌ڵک به نیسبه‌ت پرسێکی وه‌ک هه‌ڵبژاردن به‌ته‌واوه‌تی به ناوه‌رۆکی هه‌ڵویسته هاوبه‌شه‌که‌وه دیار بوو. بۆیه وه‌ک ده‌بینین ناوه‌رۆکی به‌یاننامه هاوبه‌شه‌که خاڵی بوو له هه‌ر جۆره ته‌حلیل و رێکارێک بۆ بایکۆتێکی ئەکتیڤ و چالاک.
له سۆنگه‌ی هه‌موو ئه‌م که‌مایه‌سی و که‌موکوڕیانه‌وه که به خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوێست و رێکاره‌کانی خه‌باتی حیزبه‌کانه‌وه دیاره، پیویسته روانینمان بۆ جۆری سیاسه‌ت‌کردن له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ک رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێکۆشان بۆ وه‌دیهاتنی ماف و ئازادی‌یه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بگۆڕین. ئه‌م گۆڕانه ده‌بێ خاوه‌ن دوو تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی له مێژینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردی له رۆژهه‌ڵات تێ‌دا ره‌چاو بکرێ: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که له ئێستراتێژی‌دا پڕنسیپه مافخوازانه‌و شۆڕشگێڕانه‌کانی خه‌باتمان وه‌ک خۆی بپارێزین و، دووهه‌م ئه‌وه‌یکه له تاکتیکه‌کانی خه‌باتمان‌دا نه‌خشه رێگای تێکۆشانمان کراوه و به‌رفراوان و فره‌ره‌هه‌ند بێت.
ئەوەی پێویستە هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دەبێ تاکتیک و ئێستراتێژیی‌یەکان وردتر لێک جیا بکەنەوە و به‌رانبه‌ر به تاکتیکه‌کان نە‌چنه قاوخێکی ئوسولگه‌رای‌یه‌وه‌و چاویان به‌رایی دیتنی رێکاری جۆراوجۆری تیكۆشان بدات و چه‌قبه‌ستووانه‌و مه‌زهه‌بیانه په‌رژینێک له بایه‌خه [باو] و سوواوه‌کان به‌ده‌وری خۆیان دا نە‌کێشن. له‌وه‌ها حاڵه‌تێک‌دا حیزب و رێکخراوی سیاسی توانایی ده‌رک‌کردن و بینی پتانسێل و زه‌ریفیه‌ته جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگەی زیاتر دەبێ و ته‌نیا خۆی نا‌بینێ و پێی وانابێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێ درووسته‌و ده‌بێ کۆمه‌ڵگە به پانه‌وه ته‌به‌عییه‌تی لێ بکات.
بۆ تێگه‌یشتن له زه‌رفییه‌ت و پتانسیێله مرۆیی و فکری و چینایه‌تی‌یه‌کانی کۆمه‌ڵگە، پیویسته هێزه سیاسی‌یه‌کان به ئه‌قڵییه‌تی مودیرییه‌ت‌کردنه‌وه نه‌ک به‌ته‌نیا خۆ به رێبه‌ر زانین، سه‌رله نوێ خه‌ڵک بخوێننه‌وه. به‌و مانایه که هه‌وڵ بده‌ن سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و گوتاریان خه‌ڵک‌مێحوه‌ر بێت. به‌رچاوترین که‌مایه‌سی‌یه‌ک که ئه‌مڕۆژانه به خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوێست و گوتاری حیزبه‌کانه‌وه دیاره، غایب‌بوونی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه به هه‌موو ئه‌و دیارده‌و ده‌رهاویشته کۆمه‌ڵایه‌تی‌یانه‌وه که به جموجۆڵ و چالاکیی خه‌ڵک له هه‌موو بواره‌کانی مه‌ده‌نی، سیاسی، ژینگه‌پارێزی، کولتووری و فه‌رهه‌نگی و…..هتددا ناسراوه.
گۆڕانکاری‌یه‌کانی ناوچه‌که و وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر هه‌ر له رووخانی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان و ئاکامی نادڵخوازی شۆڕشه‌کانه‌وه بگره تا شه‌ڕی ناوخۆیی و کوژرانی به سه‌دان هه‌زار که‌س له خه‌ڵک و ئاواره‌بوونی به سه‌دان هه‌زار که‌سی دیکه‌و وێرانکاری‌یه‌کانی ده‌ره‌نجامی شه‌ڕ له وڵاتانی دوور‌و نزیکی ئێران و، ته‌نانه‌ت دۆخی ناله‌باری سیاسیی هه‌رێمی باشووری کوردستان، بێ‌گومان شوێنه‌واری له سه‌ر ره‌فتاره سیاسی‌یه‌کانی خه‌ڵک بۆ جۆر و شێوازی رووبه‌رووبوونه‌وه له گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بیرکردنه‌وه له ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ر بژارده‌یه‌کی خه‌بات دژ به‌م ده‌سه‌ڵاته داناوه. شوێنه‌وارێک که له‌وانه‌یه زۆریش به دڵخوازی هێزه سیاسی‌یه‌کان و چالاکانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌بێت. به‌ڵام ده‌بێ وه‌ک واقعیه‌تێک قبووڵی بکه‌ین و به سه‌رنجدان به وه‌زعییه‌تی مه‌جوود، نه‌خشه رێگایه‌کی گونجاو و وڵامده‌ر – نه‌ک خه‌یاڵی – بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌و مودیرییه‌تکردنی ره‌فتاری خه‌ڵک بۆ هێنانه ئارای ویست‌وداخوازی‌یه جۆراوجۆره‌کانی به پێی مه‌جال و ده‌رفه‌ته‌کان و رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی مه‌ده‌نی(بۆ قۆناغی ئێستا) دژ به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌رۆی کۆماری ئیسلامی، دابندرێت.
گرینگی‌دان به تێکۆشانی چالاکانی ناوخۆی وڵات به سیاسی، مه‌ده‌نی ژینگه‌پارێزی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و، خۆرێکخستنه‌وه‌ی هێزه سیاسی‌یه‌کان له چوارچێوه‌ی گوتار‌و دیسکۆرسێکی موباره‌زاتیی تا راده‌یه‌ک لێک نزیک و، به گشتی لێک گرێ‌دانی خه‌باتی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات که زۆر جار به خه‌باتی (شار‌و شاخ) ناوی ده‌هێندرێ، ده‌توانێ ئه‌و نه‌خشه رێگا درووست و وڵامده‌ره بێت که هه‌موومان له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی وڵات به‌دوای‌دا ده‌گه‌ڕێین.
له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه هه‌یه، ده‌کرێ بڵێین له مێژه ئه‌م رێچکه‌یه‌ی له سیاسه‌ت و تێکۆشانی‌دا گرتوەته به‌ر. گرینگی‌دان به چالاکیی تێکۆشه‌رانی ناوخۆی وڵات و دروشم و سیاسه‌تی “که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌کان” بۆ ئه‌م حیزبه، به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچوونێکی وردی مه‌سئولانه‌ی واقعبینانه‌یه که له فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناوخۆی ئێران و کوردستان کردوویه‌تی. حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌چاوی رێزه‌وه روانیویه‌تیه تێکۆشانی خه‌ڵک له ناوخۆی وڵات و هه‌میشه ویستویه‌تی به‌دوور له شانتاژ و خۆدوورخسته‌نه‌وه له حاشاکردن له واقعیه‌ته تاڵه‌کانیش، به گۆتارێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه قامک له سه‌ر که‌مایه‌سی‌یه‌کان دابنێ و بیر له چاره‌سه‌ره گونجاوه‌کان بکاته‌وه.
له سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هێزه‌کانی دیکه‌ی رؤژهه‌ڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات هه‌میشه به مه‌سئولییه‌ته‌وه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه زۆر جاران ره‌خنه‌یشی هاتوەته‌وه سه‌ر به‌ڵام بێ‌به‌زه‌ییانه‌و ئازایانه وێڕای ره‌خنه له خۆگرتن، هه‌وڵی چه‌سپاندنی گوتارێکی ئه‌مڕۆژیانه‌ی نزیک له واقعیه‌ته‌کان گرتوەته به‌ر و له هه‌مان کات‌دا، له پێناو یه‌کریزی و هاوگوتاری و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش، ئاماده‌بووه که زۆر جار له خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوێست و بۆچوونه تایبه‌تی‌یه‌کانی خۆی‌دا گوزه‌شت بکات. که ده‌کرێ وه‌ک به‌رچاوترین و نزیک‌ترین نموونه ئاماژه به هه‌ڵوێستی 6 لایه‌نه‌که‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له مه‌ڕ بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 29ی بانه‌مه‌ڕ بکه‌ین. هه‌ر له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا له گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوێستێکی جیاوازی به نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنی شووراکانه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام ئاماده‌بوو له پێناو هاوهه‌ڵوێستی‌دا واز له‌م جیاوازی‌یه‌ی خۆی بێنێ.