تێرۆری ١٧ی جۆزەردان له تاران و چەند سەرنجێک. عبدالله حسن زاده

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٧ی ژوئەنی ٢٠١٧ی زایینی دوو کردەوەی تیڕۆریستی لەتاران، یەکیان لە باڵەخانەی مەجلیس و یەکیان لە

مەزارگەی ئایەتوڵڵا خومەینی ڕوویان دا. بەپێی دوایین ئامارەکان لەو دوو کردەوە دژی ئینسانی‌یەدا بێجگە لە تیڕۆریستەکان ١٧هاونیشمانمان بوونە قوربانی و ٤٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرلەوەی ڕێکخراوی تیڕۆریستیی (داعش) بەرپرسایەتیی ئەو جینایەتە وەئەستۆ بگرێ چاوەدێرانی سیاسی بۆچوونی جۆراوجۆریان لەسەر دەربڕی. بەتایبەتی پێش ڕاگەیاندنی ئاکامەکان و ئاماری قوربانی¬یەکان، هێندێ کەس ئەویان بە سیناریۆ یان بە ململانەی نێوان قۆڵەکانی نێو دەسەڵاتی فەرمانڕەوا زانی، بەشێکی دیکە ئەوکارەیان دایە پاڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک کە زۆر زوو بێ¬ئاگایی خۆی لەوکارەساتە دەربڕی، هێندێک بەکاری توندڕەوە ئیسلامی-یەکانی سەر بە مەزهەبی سوننی¬یان زانی و کاربەدەست و دەمڕاستەکانی ڕێژیمش وەک هەمیشە قامکیان بۆ لای عامیلی دەرەکی ڕاکێشا و ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی¬یان تۆمەتبار کرد.
لەپێشەوە پێم¬خۆشە بڵێم خۆم و هاوسەنگەرەکانم لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان¬دا و لەوەش زیاتر هەموو تێکۆشەرانی بەرپرس و وشیاری ڕێگای ڕزگاری لە کوردستان لە کۆنەوە تیڕۆریزممان لە هەموو شکڵ و شێوەیەک¬دا، هەرکاتێک و لەهەرکوێ، بەدەستی هەر کەسێک و بەدژی هەرکەس، بەکردەوەیەکی نائەخلاقی و دژی ئینسانی زانیوە و مەحکووممان کردوە. بۆیە کردەوە تیڕۆریستی¬یەکانی ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی تارانیش هەروەک ئەو کردەوە تیڕۆریستی¬یانە کە کۆماری ئیسلامی بەدژی خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی بەڕێوەی بردوون مەحکووم دەکەین.
جێگای سەرنج ئەوەیە دەزگا ئەمنیەتی¬یەکانی ڕێژیم کە لە یەکێک لە حەساسترین ناوەندەکان¬دا گۆڵێکی وا گەورەیان لێ¬کراوە، ئێستا بۆ قەرەبووکردنەوەی بێ¬کیفایەتیی خۆیان کەوتوونەتە چاووڕاو و وا نیشان دەدەن کە لەکۆنەوە عامیلانی ئەو جینایەتەیان ناسیوە و بەتەواوی دەگەڵ کارنامە و ڕابردووی ئەوان ئاشنان. ئێستا بەو هەموو “زانیاری”!¬یەوە کە بوویانە چۆنە هێشتوویانە دەستی تیڕۆر بگاتە ئەو شوێنە حەساسانە؟ هیچ خۆیان ناچار بە وەڵامدانەوە نازانن.
لەمانە گرنگتر، هەروەک لە دەورانی خومەینی¬دا شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێڕاقیان بە نیعمەتی خوا زانی و بەبیانووی شەڕەوە هەرچی تاوان و جینایەت بوو دەرهەقی جودابیرانیان کرد، ئێستاش ئەو ڕووداوە (حەقیقەتەکەی هەرچی بێ) بۆوان بۆتە دەرفەتێکی تەڵایی. فەزای هەمیشە ئەمنیەتیی ئێرانیان هێندەی دیکە ئەمنیەتی کردوە و بەپێی سەرچاوەکان هەرئێستا خەڵکێکی زۆریان بە تۆمەتی “هاودەستی” دەگەڵ تیڕۆریستەکان خستۆتە سیاچاڵەکانەوە. قسەی کاربەدەستان (هەرکامیان دێتە گۆ) بۆنی خوێنی لێ¬دێ و بەئاشکرا لێی دەخوێندرێتەوە کە بەرنامەی سەرکوتێکی بەربەرینیان بەدەستەوەیە.
تەنانەت “ڕێبەری نیزام”یش کەمی نەهێنا و ڕوو بە خوێندکارانی زانستگە بەڕاشکاوی فەرمانی سەرکوتی سەرەڕۆیانەی جودابیرانی دەرکرد. خامەنەیی داوا لە خوێندکاران ناکا ئەگەر کاربەدەستان کاری ناڕەوایان کرد یان ئەرکی خۆیان بەجێ نەگەیاند، لێیان وەدەنگ بێن، بەڵکوو دەڵێ ئەگەر ئەوانیش فەرمانیان پێ¬نەدان بۆخۆتان دەسبەکار بن و ئەوەی گومانی دژبەریی ڕێژیمی لێ¬بکرێ سەرکوتی بکەن.
مەسەلەیەکی گرنگ و جێگای تێڕامان ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامی دەیەوێ کردەوەی دژی ئینسانیی تیڕۆری ١٧ی جۆزەردانیش بکاتە بیانوویەک بۆ سەرکوتی زیاتری کورد و داخوازە ڕەواکانی. لەمێژساڵە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ئەوپیلانەی بەدەستەوەیە کە سروشتێکی شەڕی فیرقەیی بەسەر بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتیی خەڵکی کوردستان¬دا بسەپێنێ، بەڵام ئەو پیلانە هەمیشە بەسیاسەتی دروست و وشیاریی هێزە سیاسی¬یەکانی کورد بەتایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پووچەڵ کراوەتەوە و بەرپەرچ دراوەتەوە.
ئێستا کە بەداخەوە دەرکەوتوە بەڕێوەبەرانی کردەوەی تیڕۆریستیی ١٧ی جۆزەردان کوردن و خەڵکی ناوچەیەکی سوننی¬نشینی کوردستانن، ڕێژیم و بەرنامەڕێژەکانی هەوڵ دەدەن لەو ڕووداوە دژی ئەخلاقی¬یە بەقازانجی پیلانە لەمێژینەکەیان کەلک وەربگرن و ناکۆکی¬یەکی قووڵ بخەنە نێوان پەیڕەوانی هەردوو مەهەبی تەسەننون و تەشەییوع. ئەوان لەو ڕێگایەوە هەم دەیانەوێ ڕێزی یەکگرتووی کوردەکان تێک¬بدەن و هەم هەول دەدەن هەستی دوژمنایەتی لە شیعەمەزهەبە غەیرە کوردەکان¬دا بەرامبەر بە کورد نێڵ بدەن. بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کورد لە ئێران هیچ¬وەخت تێکەڵ بە ململانەی فیرقەیی نەبووە و ئازادیخوازانی وشیاری کوردستان هەمیشە ئاگاداری ئەو ڕاستی¬یە بوون کە نەک-هەر ئامانجەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەدژی یەکترنین، بەڵکوو هەر کوردەکە خۆی تێکەڵێکە لە پەیڕەوانی هەردوو مەزهەبی تەسەننون و تەشەییوع و ئایین و مەزهەبەکانی دیکە.
بەوپێیە دڵنیاین کە تێکۆشەرانی کورد ئەمجارەش ناکەونە داوی پیلانی تازەی ڕێژیم و برایەتی و هاوسەنگەریی خۆیان و هەموو هاونیشتمانەکانیان وەک گلێنەی چاو دەپارێزن. لە دوا مانگەکانی دەسەڵاتی پاشایەتییش¬دا بەکرێگیراوانی دەربار ئەو هەوڵە ناموبارەکەیان دا، بەڵام هەمووان بەم دروشمە وەڵامیان دایەوە کە: “شیعە سنی نداریم از پهلوی بیزاریم”. ئێستا ڕێبوارانی ڕێی ئازادی چی لە جێگای “پهلوی”یەکە دادەنێن؟ بۆخۆیان سەرپشکن.